سوینی تۆد (٢٠٠٧)

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فواد - به‌روار: 2022-05-13-14:13:00 - کۆدی بابەت: 8630
سوینی تۆد (٢٠٠٧)

ناوه‌ڕۆك

 

سەرەتا

فیلمی سوینی تۆد سەرتاشە ئەهریمەنەکەی شەقامی فلیت (بە ئینگلیزی: Sweeney todd: the demon barber of fleet street) لە ژانەری ترسناک، مۆسیقی، دراما و هەست بزوێنە لەلایەن دەرهێنەری ئەمریکی تیم بێرتنەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە. یەکەم نمایشی لە ڕێکەوتی سێی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٧ بووە، کاتی فیلمەکە یەک کاتژمێر و ٥٦ خولەکە.

چیرۆک

چیرۆکە ئەفسانەییەکەی سەرتاشێک دەگێڕێتەوە بە ناوی بێنجامین بارکەر کە لە دەورووبەری ساڵانی ١٨٤٠ لە دوای تۆمەتبارکردنێکی ناڕەوا دەگەڕێتەوە بۆ شاری لەندەن لەژێر ناوی سوینی تۆد. سوینی تۆد سوورە لەسەر ئەوەی تۆڵەی ژنەکەی بکاتەوە کە دەستدرێژی کراوەتە سەر و کوژراوە، هەروەها دەیەوێت دووبارە دەست بکاتەوە بە کاری سەرتاشی بە هاوبەشی کرێگرتەکەی بە ناوی خاتوو لاڤێت.
کەسایەتی سوینی تۆد لە چیرۆکی (زنجیری مروارییەکان) وەرگیراوە، کە چیرۆکێکی زنجیرەیی بووە و هەفتانە لەماوەی زستانی 1847-1846 بڵاوکراوەتەوە، واتە کەسایەتی سوینی تۆد ڕاستەقینە نەبووە. لە ساڵی ١٩٧٣ چیرۆکەکە کراوە بە شانۆییەک بە بێ مۆسیقا، هەروەها لە هەمان ساڵیشدا ستیفن ساندهایم وەشانی مۆسیقی شانۆییەکەی نووسی و ئامادەی کرد بۆ نمایش. بۆ ماوەی چوار دەیە و لەنێوان ساڵانی ١٩٢٦-٢٠٠٧ شانۆییەکە پێنج فیلمی لەسەر بەرهەم هاتووە، کە یەکێکیان فیلمەکەی تیم بێرتنە، واتە چیرۆکی فیلمەکە ڕەسەن نییە و وەرگیراوی شانۆییە مۆسیقییەکەیە، کە تاڕادەیەک ئەرکێکی قورس بووە بۆ ئەکتەرەکان چونکە ٪٨٠ـی فیلمەکە گۆرانی وتنە و تەنها ٪٢٠ـی قسەکردن و گفتوگۆی نێوان کەسایەتییەکانە.

ئەکتەرەکان

  • جۆنی دیپ بە کەسایەتی سوینی تۆد
  • هێلینا بانەم کارتەر بە کەسایەتی خاتوو لاڤێت
  • ئاڵن ڕیکمن بە کەسایەتی دادوەر تێرپن
  • تیمسی سپاڵ بە کەسایەتی بیدڵ بامفۆرد
  • .ساشا بارن کۆهن بە کەسایەتی ئەدۆلفۆ پیرێلی

تێچوو و داهات

لەسەرەتادا و لەکاتی ڕیکلامکردن بۆ فیلمەکە ئاماژە بەوە نەدرا کە جۆری فیلمەکە مۆسیقییە، ئەمەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆری کردەوە، لە بەریتانیا کۆمەڵێک لە بینەران هۆڵی سینەماکەیان بەجێهێشت کاتێک زانییان فیلمەکە مۆسیقییە. سەرەڕای ئەمانەش لە ڕێکەوتی ٢١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٧ لە ١،٢٤٩ هۆڵی سینەمایی ئەمریکا نمایشی دەستی پێکرد و توانی لە یەکەم هەفتەدا بە نزیکەیی نۆ ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە. داهاتی کۆتاییشی بە ١٥٢،٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت لە کاتێکدا تێچووەکەی بریتییە لە ٥٠ ملیۆن دۆلار.

خەڵات

ساندهایمی نووسەری شانۆییەکەی لە سەرەتاوە نیگەران بوو سەبارەت بە کارەکەی تیم بێرتن بەڵام ئەنجام و ڕەخنەکان تووشی سەرسوڕمانی کرد. فیلمەکە کەوتە بەر لێشاوی پێداچوونەوەی ئەرێنیانە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە سەبارەت بە نواندن، دیزاینی جلوبەرگ و بەرهەم هێنان. لە پێگەی تەماتە ڕزیوەکان نمرەی ٪٨٦ـی پێدراوە و لە پێگەی IMDBیش نمرەی ٧.٧/١٠ـی وەرگرتووە.
براوەی خەڵاتێکی ئۆسکار و دوو گۆڵدن گڵۆبە، لە پاڵ ئەوانەشدا ٣٢ خەڵاتی تری بردووەتەوە و بۆ ٧٧ خەڵاتی تریش پاڵێوراوە.

چەند زانیارییەک

- ساندهایمی نووسەری وەشانە شانۆییە مۆسیقییەکە سەرەڕای ئەوەی خۆشی ڕەزامەندی دەربڕی بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە بەبەکارهێنانی وەشانەکەی ئەو، بەڵام هەر نیگەران بوو سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەکتەرەکان. تیم بێرتن خۆی جۆنی دێپی هەڵبژارد بۆ ڕۆڵی سوینی تۆد لەکاتێکدا پێشتر کەس گوێی لە دێپ نەبووبوو گۆرانی بڵێت، هەتا دوای ئامادەکردنی جلوبەرگ و کەرەستەکان جۆنی دێپ گرتەیەکی خۆی بۆ بێرتن و بەرهەمهێنەران نارد لەکاتی گۆرانی وتندا و بەوشێوەیە دەرهێنەر و بەرهەمهێنەران قایل بوون.

- ئەم وەشانەی سوینی تۆد کە لەلایەن تیم بێرتنەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە تاکە وەشانە کە ساندهایم بە دڵی بووبێت و چێژی لێ وەرگرتبێت.

- چیرۆکی کەسایەتی سوینی تۆد لە ڕاستییەوە وەرنەگیراوە، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە هەبوونی کەسێک بەناوی سوینی تۆد و تاوانەکانی بسەلمێنێت.

- لە زۆربەی وڵاتان فیلمەکە بۆ تەمەنی سەروو ١٨ ساڵ دەبێت بەهۆی هەبوونی دیمەنی تووند و خوێناوی.

- سەرەڕای ئەو کارە نایابەی تیم بێرتن بۆ فیلمەکەی کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا خۆی ڕقی لە ژانەری مۆسیقییە و تا ئێستاش لە بواری دەرهێناندا تەنها ئەم فیلمەی هەیە کە ژانەرەکەی مۆسیقی بێت.


سەرچاوەکان



501 بینین