چەند ڕێگایەک بۆ نەهێشتنی هەستی شەرمکردن 

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-05-16-20:40:00 - کۆدی بابەت: 8671
چەند ڕێگایەک بۆ نەهێشتنی هەستی شەرمکردن 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شەرمکردن هەندێک جار هەستێکی خراپە و ترسێکە هەندێک کەس هەیانە لە کاتی ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ کەسانی تردا، زۆرینەی کەسە شەرمنەکان لە ناخی دڵییانەوە حەز دەکەن کە پەیوەندی لەگەڵ خەڵکیدا دروست بکەن، بەڵام ناتوانن و شەرم دەکەن و نازانن چۆن پەیوەندی دروست بکەن.
تەنها شتێک کە کەسە شەرمنەکان پشتی پێ دەبەستن بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە بۆ دروستکردنی پەیوەندی، چونکە لە پشتی مۆبایلێکەوە باشتر دەتوانن و بەبێ شەرم قسە بکەن و هەستەکانی خۆیان دەرببڕن.

تایبەتمەندیی کەسانی شەرمن

ئەو کەسانەی شەرمنن تەواوی ژیانیان بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن کە بتوانن خۆیان ڕزگار بکەن لە بینینی خەڵک، و تێکەڵی و چوونە ناو کۆمەڵ، کاتێک دەگەن بە خەڵکی وابیردەکەنەوە خەڵکی بە خراپە بیرییان لێ دەکاتەوە و دەترسن لەوەی بڕیاری هەڵەیان لەسەر بدرێت.
بە قوورسی دەتوانن هاوڕێی نوێ بگرن و زۆر کەم قسە دەکەن و ئەمەش وادەکات هەندێک لە خەڵکی وابیربکەنەوە کە کەسانێکی لەخۆبایین، هەموو ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ کەمی متمانە بەخۆبوون، تاکوو متمانە بەخۆبوونت زیاد بکات هەستی شەرمکردنت کەمتر دەبێتەوە.

چۆن هەستی شەرمکردن نەهێڵیت؟

لە خاڵی بچووکەوە دەست پێ بکە

ئەگەر دەترسیت لە چوونە ناو کۆمەڵ و قسەکردن لەگەڵ خەڵکیدا، دەتوانیت لە خاڵی بچووکەوە دەست پێ بکەیت، سەرەتا بڕۆ ئەو شوێنانەی کە قەرەباڵغییەکی سنوورداریان هەیە، وەک مارکێت و مۆزەخانەکان، پاشان بە زەردەخەنەکردن دەست پێ بکە و سڵاو بکە.
لە هەر کاتژمێرێکدا زەردەخەنە بکە بە ڕووی کەسێکدا و پاشان سڵاوی لێ بکە، پاشان بکەوەرە گفوگۆکردن و یاخود یارمەتی ئەو کەسانە بدە کە لەو جێگایانەدان، وردە وردە بەردەوامبە لەسەر ئەم ڕێگایانە تاکوو ئەنجامێکی زۆر باشت دەست دەکەوێت.

ڕاهێنان بکە

کاتێک دەچیتە کۆبوونەوەیەک پێش ئەوە لە ماڵەوە ڕاهێنان بکە لەسەر ئەو شتانەی بڕیارە لەوێ قسەی لەسەر بکرێت، یاخود لەوێدا پرسیارێک بکە وەڵامەکەی درێژە بکێشێت بۆ ئەوەی بتوانیت درێژە بدەیت بە گفتوگۆکە.

خەڵکی تەنها چاویان لەسەر تۆ نییە

کەسە شەرمنەکان وادەزانن کاتێک دەچنە دەرەوە هەموو خەڵکی سەیریان دەکات و تەنها سەرنجیان لەسەر ئەمە، بەڵام ئەوەندەی خۆت چاوت لەسەر خۆتە هیچ کەسێک چاوی لەسەرت نییە و گرنگیت پێ نادات، بۆیە قسەکردن و ڕەفتارکردنت بەئاسایی وەربگرە، تاکوو خەڵکیش بە ئاسایی وەریبگرن.

ستایشی خاڵە باشەکانت بکە

کاتێک لە کۆبوونەوەیەکدا دەتوانیت سڵاو لە چەند کەسێک بکەیت یان گفتوگۆ بکەیت، زۆر بە گرنگی وەربگرە، لەسەر ئەمە زۆر ستایشی خۆت بکە و گرنگی پێ بدە.
دوورکەوە لە بیرکردنەوە لەوەی نەتوانیووە زۆر باش بیت و تەنها کەمێک بووە، ئەمە زیاتر شەرمنت دەکات، هەمیشە لایەنە باشەکەی ببینە تاکوو بتوانیت زیاتر سەرکەوتووبیت.

چاوەڕوانی زۆرت نەبێت

کاتێک دەچیتە ناو کۆمەڵێک کەسەوە چاوەڕێی ئەوە مەکە لە کاتی قسەکردندا بەهیچ شێوەیەک هەڵە نەکەیت، یاخود چاوەڕێ مەکە هەموو کەسێک ڕاوبۆچوونی تۆیان بەدڵ بێت و گرنگی پێ بدەن، لەبەر ئەمانە سەرزەنشتی خۆت مەکە، چونکە ئەگەریش چەند کەسێکی کامڵ بیت هەمیشە کەسانێک هەن تۆیان پێ باش نەبێت و ڕەخنەت لێ‌بگرن، ئەمەش زۆر ئاساییە.


سەرچاوەکان



1047 بینین