بە خوڕ دیسان ڕژا فرمێسکی باران - بێخود

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2022-05-19-18:06:00 - کۆدی بابەت: 8707
بە خوڕ دیسان ڕژا فرمێسکی باران - بێخود

ناوه‌ڕۆك

بە خوڕ دیسان ڕژا فرمێسکی باران

شاعیر: بێخود

بەرهەم: دیوانی بێخود

ناوی شعر: بە خوڕ دیسان ڕژا فرمێسکی باران

بە خوڕ دیسان ڕژا فرمێسکی باران

لە هەوری چاوی سووری دوڕنیساران

تەمی ماتەم وڵاتی کوردی داگرت

لەپڕ وەک دووکەڵی ماکینە، شاران

زەمین بۆ قوڕ نەپێوێ وەک من و تۆ

زەمان بۆچی نەشێوێ چەشنی جاران

جەنابی حەپسە خان تەشریفی ڕۆیی

شکا پشتی فەقیران و هەژاران

ژن، ئەمما فی الحقیقة خادیمەی قەوم

کە یەعنی سەییدەی غیرەت شکاران

ڕەئیسە و خانەدانزادەی سەیادەت

ئەمیر و شای ژنانی بەختیاران

تەبیبەی دەردی بیمارانی برسی

کەرەمبەخشی برینی دڵفەگاران

مشوورخۆری گرۆهی ئادەمیزاد

لە منداڵ تا ئەگاتە دەسبەداران

لە کوورەی ئاگری غەمدا مەپرسن

لە سۆزی ئاه و ناڵەی بێقەراران

ئەشێ حەسرەتنوشینی شینی ئەو بن

مەلا و شێخ و گەدا تا تاجداران

فیداکاری غەریب و خۆوڵاتی

وەفاداری لەبار و نالەباران

بە خۆڕایی لەبەر پێیا نەکەوتوون

لە پیرێژن هەتا سیمین عوزاران

کە گوڵ ڕۆیی لە باخا بۆ نەناڵن

هەتا مردن هەزاران وەک هوزاران

بە میلادی، وەفاتی، گەر ئەپرسن

درێغ بۆ حەپسە خان تەئریخە، یاران

ئەگەر هیجریش ئەڵێن ئەو بوو مشوورخۆر

بە جیددی بۆ زەلیل و لەش بەباران

ئەتۆش بێخود بڵێ دایم ڕووەو بەیت

بە هاوین و بە زستان و بەهاران

خودا جێگەی بەهەشتی جاویدان کەی

بە جاهی جەددی خۆی و ئال و یاران


سەرچاوەکان



210 بینین