ڤاڵڤێردی

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-05-24-14:47:00 - کۆدی بابەت: 8768
ڤاڵڤێردی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فێدێریکۆ سانتیاگۆ ڤاڵڤێردی دیپێتا (بە ئینگلیزی: Federico Santiago Valverde Dipetta, بە عەرەبی: فيدريكو فالفيردي). یاریزانی پیشەگەری یانەی ڕیاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی ئۆرۆگوایە. یاریزانی هێڵی ناوەندە و زیاتر بە یاریزانێکی ناوەندی هێرشبردن ناودەبرێت. لە ٢٢\٧\١٩٩٨ لە شاری مۆنتیڤیدیۆی وڵاتی ئۆرۆگوای لەدایکبووە.

زانیاری گشتی

ناوی تەواوەتی فێدریکۆ ڤاڵڤێردی
ناوی کورتکراوە ڤاڵڤێردی
بەرواری لەدایکبوون ٢٢\٧\١٩٩٨
شوێنی لەدایکبوون مۆنتیڤیدیۆ، ئۆرۆگوای
باڵا ١٨٢ سانتیمەتر
شوێنی یاریکردن ناوەند  
   
   

ژیانی وەرزشی لەگەڵ یانە

پێناڕۆڵ

ڤاڵڤێردی زۆربەی ساڵەکانی منداڵی لەگەڵ یانەی منداڵانی پێناڕۆڵ بەسەربرد و لە وەرزی ٢٠١٥ - ٢٠١٦ یەکەم گرێبەستی فەرمی ژیانی لەگەڵ یانەی پێناڕۆڵ بەست. لەگەڵ ئەوەی تەمەنی کەمبوو، ئاستێکی بەرزی پێشکەش دەکرد ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەرنجی یانەکانی ئارسیناڵ، بەرشەلۆنە، چێڵسی و ڕیاڵ مەدرید ڕابکێشێت. 

ڕیاڵ مەدرید

لە ساڵی ٢٠١٦ پەیوەندی بە ڕیزەکانی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ژمارە دووەوە کرد. لە وەرزی ٢٠١٦ - ٢٠١٧ بەژداری زۆربەی یارییەکانی یانەکەی کرد. و توانی وەکوو یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی یانەی ژمارەی دووی ڕیاڵ مەدرید دەربکەوێت.
لە ساڵی ٢٠١٧ بە گرێبەستێکی یەک ساڵی پەیوەندی کرد بە ڕیزەکانی یانەی دیپۆرتیڤۆ دێ لا کۆرونای ئیسپانییەوە و وەرزێکی لەو یانەدا بەسەربرد.
لە ٢٠١٨ و دوای ئەوەی گرێبەستە کاتییەکەی تەواوبوو گەڕایەوە ڕیاڵ مەدرید و بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە وەکوو یاریزانی یانەی ژمارە یەکی ڕیاڵ دەستنیشانکرا.
لە ٢٠١٩ و لە ساتی گەڕانەوەی زینەدین زیدان وەکوو ڕاهێنەری یانە شاهانەییەکە، ڤاڵڤێردی وەکوو یاریزانێکی گرنگی یانەکە دەستنیشانکرا و لە زۆربەی یارییەکانی ئەو وەرزەدا بەژداربوو. لە ١٢\١\٢٠٢٠ و لە یارییەکەیاندا بەرامبەر یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید توانی بە لێدانێک لە پشتەوە یاریزانی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید ئەلڤێرۆ مۆراتا بوەستێنێت و لە گۆڵێکی خاوێن بێبەشی بکات. سەرەڕای ئەوەی بەهۆی ئەم لێدانەوە لە یاریەکە دوورخرایەوە بەڵام وەکوو باشترین یاریزانی یارییەکە دیاریکرا و لە دوای یارییەکە دیێگۆ سیمیۆنی ڕاهێنەری یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید وتی: ئەو لێدانە گرنگترین جووڵەی یارییەکە بوو.
بۆ وەرزی ٢٠٢٠ - ٢٠٢١ لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید بەردەوام بوو و توانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و ببێت بە دووەم یاریزانی ئۆرۆگوای کە لە کلاسیکۆی ئیسپانیادا بتوانێت گۆڵ تۆمار بکات.
لە ٢٤\٨\٢٠٢١ گرێبەستەکەی تا ساڵی ٢٠٢٧ لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدرید درێژ کردەوە.

ژیانی وەرزشی لەگەڵ هەڵبژاردە

لە جامی جیهانیی ٢٠١٧ بۆ خوار تەمەن ٢٠ ساڵان ڤاڵڤێردی توانی خەڵاتی تۆپی زیوی بەدەست بهێنێت.
لە ٢٠١٩ ڕاهێنەری ئۆرۆگوای ئۆسکار تابارێز ڤاڵڤێردی وەکوو یەکێک لە ٢٣ یاریزانە سەرەکییەکان دەستنیشانکرد. لە جامی کوپا ئەمریکای ٢٠١٩ بەژداری زۆربەی یارییەکانی هەڵبژاردەکەی کرد. بەهەمان شێوە وەکوو یەکێک لە ٢٣ یاریزانە سەرەکییکەی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای بۆ جامی کۆپا ئەمریکای ٢٠٢١ دەستنیشانکرا.

ژیانی تایبەتی

ڤاڵڤێردی لەگەڵ پێشکەشکاری ئەرجەنتنی مینا بۆنینۆ لە پەیوەندیدایە. لە ٢٠\٢\٢٠٢٠ بوونە خاوەنی کوڕێک.

شێوازی یاریکردن

ڤاڵڤێردی بە شێوەیەکی سەرەکی وەکوو یاریزانی ناوەند دەردەکەوێت بەڵام هەندێک کات وەکوو هێرشبەریی ناوەند یاری دەکات. خێرایی، توانای جووڵە، هەل دروست کردن و توانای شووت لێدان لە دەرەوەی ناوچەی سزا وای لێ دەکەن یاریزانێکی ناوەندی تەواوەتی بێت.

پوختە

ڤاڵڤێردی یاریزانێکی پیشەگەریی ناوەندی یانەی ڕیاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی ئۆرۆگوایە. لە ساڵی ١٩٩٨ لە شاری مۆنتیڤیدیۆی وڵاتی ئۆرۆگوای لەدایکبووە. سەرەتاکانی ژیانی وەرزشی لە یانەی پێناڕۆڵ بەسەربردووە پاشان پەیوەندی کردووە بە ڕیزەکانی یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە و بە یاریزانێکی گرنگی هێڵی ناوەندی یانەکە دادەنرێت.


سەرچاوەکان



1195 بینین