خۆپاراستن لە هێرشی سەگ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-05-27-22:11:00 - کۆدی بابەت: 8811
خۆپاراستن لە هێرشی سەگ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەگ لەگەڵ ئەوەی ئاژەڵێکی بەوەفایە لە هەمان کاتتدا ئاژەڵێکی دڕندەشە، دەتوانێت زیان بە مرۆڤ بگەیەنێت و ببێتە هۆی برینداربوون و  مردنی. ڕۆژانە لە کاتی چوونە دەرەوە بۆ شوێنە چۆڵ و دەشتاییەکان لەوانەیە ڕووبەڕووی هێرشی سەگ ببیتەوە، پەلامارت بدات و زیانت پێ بگەیەنێت.
تەنها لە ئەمریکا ساڵانە نزیکەی پێنج ملیۆن کەس دووچاری هێرشی سەگ دەبنەوە، لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە ڕۆژانە ١٠٠٠ کەس بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە دەبردرێنە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، زۆرینەی ئەم کەسانەش منداڵن و نیوەیشیان لەلایەن سەگەکەوە قەپ لە ڕووخساریان گیراوە.

زمانی جەستەی سەگ

ئەو سەگانەی کە یاریت لەگەڵ دەکەن و وەک هاوڕێ دەتبینن، چاوەکانیان میهرەبانە و  خۆیانت پێوە دەنووسێنن و کلکیان دەجوڵێنن. 
سەگە ترسنۆکەکان کلکیان لەنێوان ڕانەکانیاندا دەشارنەوە و بە چاوێکی تیژەوە سەیرت دەکەن. ئەو سەگانەی کە پەلامار دەدەن کلکێکی شێواو و گوێی قووت و درێژیان هەیە، و چاویان گەورەیە و تووڕە دەردەکەون. هەروەها ئەگەر سەگەکە گوێی بۆ دواوە بوو و بە خێرایی بەرەو ڕووت هات ئەوە نیازی هێرشکردنی هەیە.

هۆکاری وەڕینی سەگ

سەگ ئاژەڵێکی بەوەفایە و کاتێک لەژێر دەسەڵاتی مرۆڤێکدا دەبێت و ڕادەهێنرێت، بە هەموو هێزییەوە پارێزگاری لێ دەکات، و هەموو ئاژەڵەکانیش هەستی بەرگریکردن و پاراستنیان هەیە بەتایبەت سەگ، بۆیە کاتێک کەسێکی نەناسراو دەبینن دەست دەکەن بە وەڕین و پاراستنی ئەو ناوچەیە.
یاخود دەترسن لەوەی ئەو کەسە هێرش بکاتە سەریان و زیانیان پێ بگەیەنێت بۆیە ئەمان دەستپێشخەری دەکەن و هێرش دەکەن.

کەی سەگ هێرش دەکات؟

سەگ کاتێک هێرش دەکات کە بوروژێنرێت و هان بدرێت، سەرەتا بە ڕاکردن دەست پێ دەکات و دواتر دەست دەکات بە وەستان و وەڕینێکی زۆر و ئەگەر بگاتە کۆتا سنووری توڕەیی دەست دەکات بە هێرش کردن و پەلاماردان، نابێت بەهیچ شێوەیەک کارێک بکەیت کە سەگێک هان بدەیت، سەرەتا نابێت چاو ببڕیتە چاوی و سەیری بکەیت یاخود دەستی بۆ ڕابوەشێنیت و گاڵتەی پێ بکەیت.

خۆپاراستن لە هێرشی سەگ لە شوێنی داخراودا

بەگشتی ئەم حاڵەتە کاتێک ڕوودەدات کە سەگەکە هی خۆت بێت یاخود هی کەسێکی نزیکت بێت، لە خانوویەک یان باخێکدا هێرش دەکاتە سەرت، لەم کاتەدا پێویستە چەند خاڵێک جێبەجێ بکەیت:

  • ئەگەر توانیت ڕابکە ناو ژوورێکی تر و دەرگا لەسەر خۆت دابخە
  • ئەگەر ژووری تری لێ نییە، یاخود ناتوانیت بچیتە ژووری ترەوە دەتوانیت هەر شتێک وەک، کورسی، مێز، سەرین و دۆشەک، یاخود هەر شتێکی تر لە نێوان خۆت و سەگەکەدا وەک قەڵغانێک دابنێت. 
  • لە کاتێکدا ئەمەش دەکەیت هەوڵبدە داوای یارمەتی بکەیت

خۆپاراستن لە سەگ لە شوێنی کراوەدا

ئەگەر سەگێک لە شوێنێکی کراوەدایە و خاوەنەکەی لەگەڵدایە داوا بکە لە خاوەنەکەی کە لێتی دووربخاتەوە، یاخود ئەگەر بە تەنها بوو و هەوڵبدە بچیتە ماڵێک یان باخچە و ناو ئۆتۆمبێل، بەڵام ئەگەر شوێنێکی چۆڵ بوو نەتوانی بچیتە هیچ جێگایەک ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکە:

ئارامی خۆت بپارێزە

یەکەمین هەنگاو کاتێک سەگێک دەبینیت ئەوەیە کە ئارام بیت و خۆت کۆنتڕۆڵ بکەیت، نەک تەنها سەگ بەڵکوو زۆرینەی ئاژەڵەکان دەتوانن هەست بە ترسی مرۆڤەکان بکەن و پێی بزانن، ئەگەر کاتێک سەگێک دەبینیت و دەلەرزیت و ترسێکی زۆر داتدەگرێت، ئەمە زیاتر سەگەکە هان دەدات تاکوو هێرش بکاتە سەرت. هەروەها جووڵەی زیادەی وەک خۆشڵەژاندن و هاوار و قیژە هۆکارێکە تاکوو سەگەکە هێرشت بۆ بهێنێت.

گوێی پێ مەدە

کاتێک بەلای سەگێکدا دەڕۆیت وا پیشان بدە کە نەتدیووە، تاکوو دەتوانیت لە شوێنێکەوە بڕۆ لە سەرو ئاستی سەگەکەوە بیت، هەروەها دەستەکانت لە نزیک جەستەت دابنێ و جووڵەی زیادە مەکە و سەیری مەکە و بەشێوەیەک بڕۆ وەک بڵێیت نەتبینیبێت، ئەمە وادەکات حەزی سەگ کەم ببێتەوە بۆ هێرشکردن.

چاو مەبڕە چاوی 

هەرگیز بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەیری ناو چاوی سەگ مەکە، بەمە سەگەکە دڵنیادەبێتەوە لەوەی کە هیچ زیانێکت بۆی نییە.

ڕامەکە

هەرچەندە زۆر قوورسە بزانیت سەگێک دەیەوێت هێرشت بۆ بهێنێت و ڕانەکەیت، بەڵام کۆنتڕۆڵکردنی خود و زاڵبوون بەسەر ترسەکەتدا وادەکات باشتر بڕیار بدەیت، ڕاکردن هیچ سوودێکی نابێت ئەگەر زۆریش خێرابیت و تەنانەت پایسکیلیشت پێ بێت، چونکە سەگەکان زۆر خێراترن لەوەی بیری لێ دەکەیتەوە.

هەوڵبدە مێشکیان پەرتەوازە بکەیت

دوای ئەوەی زاڵ بوویت بەسەر ترسەکەتدا و هەموو ئەو کارانەی پێویست بوو ئەنجامی بدەیت ئەنجامتدا، واباشترە ڕێگایەک بدۆزیتەوە تاکوو بەتەواوی چارەسەری بکەیت.
باشترین کاریش ئەوەیە مێشکی سەگەکە پەرتەوازە بکەیت، و وابکەیت ئاگای لە تۆ نەمێنێت، هەر شتێک کە لەلاتدایە بە میهرەبانییەوە بۆی هەڵبدە و بەڵام ئاگاداربە لەو کاتەدا زۆر نزیکی مەبەرەوە.

چی بکرێت کاتێک سەگ هێرشی هێنا؟

قسەی لەگەڵدا بکە

کاتێک هەموو کارێکت کردووە و بەڵام سەگەکە هێرشت بۆ دەهێنێت، یاخود لەو سەگانەیە کە ڕاستەوخۆ تۆ دەبینێت هێرش دەهێنێت و مۆڵەتی ئەوەت پێ نادات هیچ هەنگاوێک جێبەجێ بکەیت، واباشترە قسەی لەگەڵدا بکەیت.
کاتێک سەگەکە زۆر نزیکە لێتەوە و بۆ هێرش هاتووە بە دەنگێکی بەرز و بە ئەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە داوای لێ بکە تاکوو دوووربکەوێتەوە لێت و هێرشت بۆ نەهێنێت، لە هەمان کاتتدا بە هیچ شێوەیەک ڕاستەوخۆ سەیری ناوچاوی مەکە.
تەنانەت دەتوانیت بەو دەنگە بەرزەی کە داوای لێ دەکەیت وازت لێ بهێنێت، داوای هاوکاریش بکەیت تاکوو کەسێک دەنگت ببیستێت، بەڵام بە شێوەی قیژە و هاوارکردن نەبێت.
هەروەها ئەگەر هەر شتێکت لایە بتوانیت بیدەیت لە سەگەکە ئەوا لێی بدە بە توندی، دووربکەوە لەوەی بیکێشیت بەسەریدا چونکە سەری سەگ شوێنێکی زۆر بەهێزە و بە لێدانی هیچ زیانێکی پێ ناگات و تەنها تووڕەتری دەکات.

ئاگاداری بەشە گرنگەکانی جەستەت بە

کاتێک بارودۆخەکە زۆر تێک دەچێت و ناتوانیت بەهیچ شێوەیەک شکست بە سەگەکە بهێنیت، پارێزگاری بکە لە جەستەت و تاکوو دەتوانیت بەرگریی بکە لە ئەندامە گرنگەکانت وەک، ڕووخسار، قوڕگ، سەر سنگت.
بۆ پارێزگاری لەم بەشانەی جەستەت دەست و پێی خۆت کۆبکەرەوە، دووربکەوە لە خلۆردان و هاوارکردن.

واز لە سەگەکە بهێنە

ئەگەر بەم ڕێگایانە توانیت وابکەیت سەگەکە هیچ زیانێکت پێ نەگەیەنێت، و توانیت بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەیت و زانیت کە سەگەکە توانا و چێژی جارانی نەماوە بۆت و وردە وردە دەبێت بیر لە ڕۆشتن بکەیتەوە و بە ئارامی لەوێدا بڕۆ.

لە کێشی خۆت یارمەتی وەربگرە

ئەوەندە پشتت بە جەستە و پێیەکانت ببەستە کە سەگەکە بەهۆی کێشی زۆرییەوە نەتوانێت لێت بباتەوە و لە دواوە بۆی بڕۆ، سەگەکان شەڕکەرێکی زۆر باشن بەڵام ئەقڵیان نییە و هونەری شەڕکردن نازانن، دەکرێت بە هونەری شەڕکردن پشتی سەگەکە بدەیت لە زەوی، و لەم کاتەدا ئەگەر دەتوانیت بە هەموو هێزت ملی سەگەکە بگرە و بیخنکێنە یاخود ئێسەکەکانی بشکێنە تاکوو هێزی کەمتر بکات.

پاراستنی منداڵ لە هێرشی سەگ

کاتێک سەگێک هێرش دەکاتە سەر منداڵێک، هەوڵبدە منداڵەکە تێبگەیەنیت کە ئەم خاڵانە ئەنجام بدات:

  • بە منداڵەکە بڵێ ڕێک بوەستێت و نەجووڵێت و سەیری سەگەکە نەکات.
  • تاکوو دەتوانیت دەنگە دەنگ دروست بکە تاکوو سەگەکە مێشکی پەرتەوازە ببێت، ئەگەر لە ماڵەوەیت بە مەنجەڵ و دەرگا و کەلوپەلەکان دەنگە دەنگ دروست بکە.
  • بەربەستێک دروست بکە لە نێوان منداڵ و سەگەکەدا بە هەر شتێک بێت، و ئەگەر بەتانی لێیە بیدە بەسەر سەگەکەدا و لەم کاتەدا تاکوو دەتوانیت منداڵەکە دووربخەرەوە.
  • هەرگیز منداڵەکە بەرز مەکەرەوە بۆ سەر سەرت چونکە ئەمە سەرنجڕاکێشە لای سەگ و زیاتر هەوڵی هێرش کردنی بۆ دەدات.


سەرچاوەکان



984 بینین