سێرجیۆ ڕامۆس

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-06-04-17:06:00 - کۆدی بابەت: 8894
سێرجیۆ ڕامۆس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سێرجیۆ ڕامۆس گاریسیا (بە ئینگلیزی: Sergio Ramos Garicia, بە عەرەبی: سیرجیو راموس). یاریزانی پیشەگەری هێڵی بەرگری یانەی پاریس سەینت جێرمانی فەڕەنسی و هەڵبژاردەی ئیسپانیایە. لە ٣٠\٣\١٩٨٦ لە شاری کاماسی وڵاتی ئیسپانیا لەدایکبووە. بە یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی مێژووی تۆپی پێ دادەنرێت.

زانیاری گشتی

ناوی تەواوەتی سێرجیۆ ڕامۆس گاریسیا
ناوی کورتکراوە ڕامۆس
بەرواری لەدایکبوون ٣٠\٣\١٩٨٦
شوێنی لەدایکبوون کاماس، ئیسپانیا
باڵا ١٨٤ سانتیمەتر
شوێنی یاریکردن دڵی بەرگری، باڵی ڕاستی بەرگری

مێژووی یاریکردن لەگەڵ یانە

سیڤلیە

ڕامۆس سەرەتاکانی ژیانی وەرزشی لە تەمەنی ٦ ساڵیدا لە یانەی کاماس بۆ منداڵان دەستپێکرد. پاشان پەیوەندی کرد بە یانەی سیڤلیەوە و لە ١\٢\٢٠٠٦ یەکەم یاری فەرمی خۆی لەگەڵ یانەی سیڤلیە لە خوولی ژمارە یەکی ئیسپانیادا ئەنجامدا.

گواستنەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید

ڕامۆس لە ساڵی ٢٠٠٥ بە بڕی ٢٧ ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە کرد. لە سەرەتادا لە دڵی بەرگریدا یاری دەکرد پاشان لە وەرزی ٢٠٠٧-٢٠٠٨ کاتێک کریستۆف مێتزێڵدەر و پیپی پەیوەندییان بە یانەکەوە کرد ڕامۆس وەکوو باڵی ڕاستی بەرگری یاری دەکرد، سەرەڕای ئەوەی بەرگریکار بوو بەڵام توانای گۆڵ دروست کردن و گۆڵ تۆمارکردنی هەبوو. لە وەرزی ٢٠٠٩-٢٠١٠ ڕامۆس گەڕایەوە دڵی بەرگری و ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد. بە درێژایی وەرزەکانی ٢٠١٠-٢٠٢١ توانیویەتی ٤ نازناوی خوولی ژمارە یەکی ئیسپانی (لالیگا) و چوار نازناوی خوولی یانە پاڵەوانەکان لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدریددا بەدەستبهێنێت و مێژوویەک بۆ خۆی تۆماربکات. لەبیرنەکراوترین گۆڵ لەلایەن ڕامۆسەوە تۆمارکرابێت لە یاری کۆتایی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ٢٠١٣-٢٠١٤ بوو، کاتێک یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید بە گۆڵێک لە پێش یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە بوون بەڵام لە خوولەکی ٩٣ سێرجیۆ ڕامۆس ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە و پاشان لە کاتی زیادکراودا ڕیاڵ مەدرید ٣ گۆڵی تری تۆماکرد نازناوەکەی بەدەستهێنا. بە یەکێک لە ئەفسانەکانی یانەی ڕیاڵ مەدرید دادەنرا.

گواستنەوە بۆ پاریس سەینت جێرمان

ڕامۆس لە ٨\٧\٢٠٢١ بە گرێبەستێکی ٢ ساڵی پەیوەندی بە یانەی پاریس سەینت جێرمانی فەڕەنسییەوە کرد. لە کاتی پشکنینی پزیشکی بۆ یانەی پاریس پزیشکەکان ڕایانگەیاند کە ڕامۆس سەرەڕای ئەوەی تەمەنی ٣٥ ساڵە توانای یاریکردنی وەکوو یاریزانێکی ٢٥ ساڵ هەیە. لە ٢٤\١١\٢٠٢١ یەکەم یاری خۆی بۆ یانەی پاریس ئەنجامدا.

مێژووی یاریکردن لەگەڵ هەڵبژاردە

لە ساڵی ٢٠٠٤ ڕامۆس یاریزانێکی سەرەکی پێکهاتەی خوار ١٩ ساڵانی هەڵبژاردەکەی بوو. ڕامۆس خوولەک بە خوولەکی جامی جیهانیی ٢٠١٠ وەکوو باڵی ڕاستی بەرگری کردن یاری کرد کە تیایدا هەڵبژاردەی ئیسپانیا توانی ببێت بە پاڵەوانی جامەکە و نازناوەکە بەدەستبهێنێت. ڕامۆس بە تێکڕای ٩.٧٩ بەرزترین تێکڕای سەرانسەری پاڵەوانێتییەکەی هەبوو. لە جامی یۆرۆی ٢٠١٢ ڕامۆس گەڕایەوە دڵی بەرگری و لە هەموو یارییەکانی ئیسپانیا وەکوو یاریزانی سەرەکی پێکهاتەی هەڵبژاردەکەی بەژداربوو، کە تیایدا ئیسپانیا توانی نازناوەکە بەدەستبهێنێت. لە جامی جیهانیی ٢٠١٤ و دوای ئەوەی چیتر ئیکەر کاسیاس وەکوو گۆڵپارێزی سەرەکی یاری نەدەکرد، ڕامۆس وەکوو کاپتنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەستنیشانکرا. لە جامی یۆرۆی ٢٠١٦ و جامی جیهانی ٢٠١٨ وەکوو یاریزانی سەرەکی هەڵبژاردەکەی بەردەوام بوو. ڕامۆس لە جامی یۆرۆی ٢٠٢٠ بەهۆی پێکانەوە لە پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەکەیدا نەبوو.

شێوازی یاریکردن

خێرایی، توانای جەستەیی، توانای لێدانی سەر، توانای لێسەندی تۆپ و پاسدانی ڕێک، هەموو هۆکارن بۆ ئەوەی کە ڕامۆس بەرگریکارێکی تەواوەتییە. سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ماوەی یاریکردنی لە دڵی بەرگریدا یاری کردووە بەڵام کاتێک لە باڵی ڕاستی بەرگریدا بووە، توانایەکی بەرزی گۆڵ دروستکردن و گۆڵ تۆمارکردنی هەبووە. ڕامۆس بە یەکێک لەو یاریزانانە دادەنرێت کە سەرکردەیەکی زۆر باشە و لە ژێر فشاردا پشتی پێ دەبەسترێت. بە یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی مێژوو دادەنرێت.

ژیانی تایبەتی

ڕامۆس لە ساڵی ٢٠١٢ لەگەڵ پێشکەشکار پیلار ڕوبیۆ پەیوەندی خۆشەویستی پێکهێناوە و خاوەنی ٤ کوڕن. ڕامۆس بە کەسێکی خێزانی دادەنرێت و دەوترێت کە بە گشتی زۆر نزیکە لە خێزانەکەیەوە.


سەرچاوەکان



472 بینین