شەو دێ لە عومرم کەم دەبێ، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟  - شێخ ئەحمەدی کۆر 

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-06-05-23:50:00 - کۆدی بابەت: 8910
شەو دێ لە عومرم کەم دەبێ، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟  - شێخ ئەحمەدی کۆر 

ناوه‌ڕۆك

شەو دێ لە عومرم کەم دەبێ، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟

شاعیر: شێخ ئەحمەدی کۆر 

بەرهەم: دیوانی شێخ ئەحمەدی کۆر 

هۆنراوە: شەو دێ لە عومرم کەم دەبێ، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

شەو دێ لە عومرم کەم دەبێ، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 
ڕۆژ دێ لە عومرم کەم دەبێ، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

دنیا بەوەندە مەکر و فەن، ڕۆح خۆشەویستە دەر بەدەن
هیجرەت دەکاتن ئەز بەدەن، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

هەر کەس کە بیبێتن کەماڵ، دنیای وا پووچ و بەتاڵ
نەیکا دەبێ قەت‌قەت خەیاڵ، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

منداڵ و خزم و دایک و باب، دەمرن ئیدی نادەن جەواب
بۆ تۆ بەسە هێندە خیتاب، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

دنیا بۆ کەس ناچێتە سەر، بێ‌ئیعتیبارە و بێ‌هونەر
دەمرن فەقیر و موعتەبەر، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

خاکین دەبێ ببین بە خاک، دانیشتووین بێ خۆف و باک
مەعلوومە هەر دەبین هیلاک، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

بەو خوایە پێت دەڵێم فەقیر، ئەتۆ خودا مەکە لە بیر
وەختێ دەبێ بکەویە گیر، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

داییم لە دوام شەقیه ئەجەل، ئەو توند و تیژ من کوێر و شەل
دەمخاتە ناو داوی ئەمەل، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

غەڕڕە مەبە غەڕڕە مەبە، چی فەرموو حەق تۆش هەر وەبە
ڕابرد چی دەسگا و دەبدەبە، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

چەند هاتن و چوون سوڵتان و شا، مردن، لە تەختی بوون جودا
واحید دەمێنێ هەر خودا، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

ماڵ و خێزان و دەوڵەتم، لەحزێکی نادەن مۆڵەتم
لێم تێک دەدەن جێ و حورمەتم، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

لەو قەبرەدا تاریک و قووڵ، دادەنیشن مات و مەلوول
ناکرێین عیلاج بە زێڕ و پووڵ، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

لەو قەبرەدا تەنیا نەفەس، بۆ کەس نییە فەریاد ڕەس
چاکە بکەین تەرکی هەوەس، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

غەمگینی دڵم چاترە، بە زاهیر نەفسم کافرە
لێم دەمڕن دۆست و برا، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

ئەوجار وەرە سەیری مەزار، مردن فەقیران و هەژار
کەوتوون تێیدا چەندین هەزار، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

قەت نوێژ و ڕۆژوو ناگری، بۆ کاری دنیا حازری
پێت وایە قەت‌قەت نامری، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

'ئەحمەد' بەس کە لە خەبەران، سینەت خەزێنەی گەوهەران
نەسیحەتە بۆ برادەران، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ 

ئەی 'ئەحمەدی کۆر'ی فەقیر، بە دەستی نەفس بووی ئەسیر
جەهەننەمت کردوە لەبیر، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟


سەرچاوەکان



318 بینین