پشکنینی (CRP)

له‌لایه‌ن: - سارا محێدین سارا محێدین - به‌روار: 2022-06-09-19:40:00 - کۆدی بابەت: 8953
پشکنینی (CRP)

ناوه‌ڕۆك

پشکنینی (CRP) چییە؟

پشکنینی پڕۆتینی بەرپەرچدەرەوی-C (بە ئینگلیزی: C-reactive protein) ڕێژەی (CRP) دەپێوێت لە خوێندا. (CRP) پڕۆتینێکە کە لەلایەن جگەرەوە بەرهەم دێت. جگەر وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هەوکردن دەیڕژێنێتە نێو تەوژمی خوێنەوە. هەوکردن شێوازی جەستەی تۆیە بۆ پاراستنی شانەکانی ئەگەر برینداربوویت یاخود تووشی هۆکارێکی نەخۆشی بوویتەوە.

کاتێک جەستەت بەرەنگاری هۆکارێکی نەخۆشی دەبێتەوە (وەکوو ڤایرۆس، بەکتریا یان ماددە کیمیاییە ژەهراوییەکان) یان تووشی برینێک دەبیت، ئەمە سیستمی بەرگریت چالاک دەکات. سیستمی بەرگریشت یەکەمین وەڵامدەرەوەکانی خۆی دەنێرێت: خانە هەوکردن و سایتۆکینەکان.

ئەم خانانە وەڵامێکی هەوکردنانە دەدەنەوە تاوەکوو تەڵە بۆ بەکتریا و هۆکارەکانی تری نەخۆشی بنێنەوە یان دەست بە ساڕێژکردنەوەی شانە بریندارەکان بکەن. ئەنجامەکە لەوانەیە ئازار، ئاوسان، شین بوونەوە یان سووربوونەوە بێت. هەورکردن کار لەسەر ئەو سیستەمانەی لەشیش دەکات کە تۆ ناتوانیت بیانبینیت، بەنموونە جومگەکان. هەندێک نەخۆشی خۆییەبەرگری و نەخۆشی درێژخایەنیش دەتوانن ببنە هۆی هەوکردن.

بەشێوەیەکی سروشتی، ئەم پڕۆتینە بەڕێژەیەکی کەم بوونی هەیە لە خوێندا. بەرزی ڕێژەکەی ڕەنگە نیشانەی تووشبوون بەهۆکارێکی نەخۆشی یاخود نەخۆشی تر بێت.

ئەم پشکنینە بۆچی بەکاردێت؟

پشکنینی (CRP) دەتوانرێت بۆ دۆزینەوە و چاودێریکردنی ئەو حاڵەتانە بەکاربهێنرێت کە دەبنە هۆی هەوکردن، کە ئەوانیش بریتیین لە:

  • تووشبوونی بەکتریایی، وەکوو بۆگەنبوونی خوێن (sepsis) کە حاڵەتێکی تووند و هەندێکجاریش بکوژە.
  • توشبوونی کەڕوویی
  • نەخۆشییەکانی هەوکردنی ڕیخۆڵە
  • نەخۆشییە خۆییەبەرگرییەکان، وەکوو گورگە (lupus) یاخود ڕۆماتیزمی جوومگەکان
  • نەخۆشی هەوکردنی مۆخ و ئێسک

چی کاتێک پشکنینی (CRP) پێویستە؟

ئەگەر نیشانەکانی تووشبوونێکی تووندی بەکتریاییت تێدابێت، ئەوا ڕەنگە پێویستت بەم پشکنینە هەبێت. نیشانەکانیش ئەمانەن:

ئەگەر تۆ پێشتر تووشی هۆکارێکی نەخۆشی بووبیت و دەستنیشانکرابێت یاخود نەخۆشییەکی درێژخایەنت هەبێت، دەتوانرێت ئەم پشکنینە بۆ چاودێریکردنی چارەسەرەکانت بەکاربهێنرێت. ئاستی (CRP) بەگوێرەی ڕێژەی ئەو هەوکردنەی کە هەتە کەم دەبێتەوە و زیاد دەکات. ئەگەر ئاستی (CRP) لە لەشتدا داببەزێت، ئەوە نیشانەی ئەوەیە چارەسەرەکانت بۆ هەوکردنەکەت کاریگەرییان هەیە و باش کاری خۆیان دەکەن.

چۆن پشکنینەکە ئەنجام دەدرێت؟

کارمەندی تاقیگە نموونەیەکی خوێن لەڕێگەی دەرزییەکی بچووکەوە لە دەمارێکی قۆڵت وەردەگرێت. دوای ئەوەی دەرزییەکە کرایە قۆڵەوە، بڕێکی کەمی خوێن کۆدەکرێتەوە و دەکرێتە تیووبی تایبەتەوە. لەوانەیە هەست بە ئازارێکی کەم بکەیت کاتێک دەرزییەکە دەکرێتە قۆڵەوە یان دەردەهێنرێت. ئەم پڕۆسەیە بەگشتی کەمتر لە پێنج خولەک دەخایەنێت.

ئایا هیچ ئامادەکارییەکت بۆ پشکنینەکە پێویستە؟

هیچ ئامادەکارییەکی تایبەتت بۆ پشکنینی (CRP) پێویست نییە.

ئەو شتانەی کاریگەری لەسەر ئەنجامی (CRP) دەکەن

  • دەرمان: ئەو دەرمانانەی هەوکردن لە لەشدا کەم دەکەنەوە، وەکوو ئەو دەرمانانەی ئاستی کۆلیستڕۆڵ دادەبەزێنن (statin) و دەرمانە دژەهەوکردنە نا-سترۆیدییەکان (NSAIDs) ـی وەکوو (ئەسپرین و ئایبیپڕۆفین و ناپڕۆکسین و هتد) یش ڕەنگە ئاستی (CRP) داببەزێنن.
  • برینداربوون و تووشبوونی لاوەکی: ئەم حاڵەتانە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کاتی ئاستی (CRP) بەرز بکەنەوە.
  • حاڵەتە درێژخایەنەکان: ئەو حاڵەتانەی کە دەبنە هۆی هەوکردنی درێژخایەن، لەوانەش نەخۆشییە خۆییەبەرگرییەکان، ڕەنگە هۆکارەکانی تری بەرزبوونەوەی (CRP) ـی بشارنەوە لەوانەش تووشبوونە لاوەکییەکان.
  • ئاستی ئیسترۆجین: ئەو دەرمان و چارەسەرانەی لە ئیسترۆجین دروستکراون وەکوو حەپی ڕێگریكردنی منداڵبوون و دەرمانەکانی جێگرەوەی هۆڕمۆن ئاستی (CRP) بەرز دەکەنەوە.
  • دووگیانی: دووگیانی دەتوانێت ئاستی (CRP) بەرز بکاتەوە، بەتایبەت لە قۆناغەکانی کۆتاییدا.

بەهەرحاڵ، بێ گوێدانە هەر فاکتەرێکی تری دەرەکی، ڕێژەیەکی بەرزتر لە 10 (mg/L)ـی (CRP) بەگشتی ئاماژەیە بۆ بوونی هەوکردنێکی شاراوە.

ئەنجامەکان چی واتایەکیان هەیە؟

کاتێک (CRP) بەڕێژەیەکی کەم یاخود مامناوەندی بەرز دەبێتەوە لێکدانەوەی دژوارە. حاڵەتگەلێکی زۆر هەن کە دەتوانن بەڕێژەی کەم ئاستی (CRP) بەرز بکەنەوە. بۆیە هیچ ڕێگایەک نییە بتوانیت تەنیا بە ڕوانین لە ئاستی ئەم پشكنینە بگەیت بە دەرەنجامێک.

سەرەڕای ئەمەش، ڕێژەی ئاسایی پشکنینەکە لە تاقیگەیەک بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت. ئەگەر ئەنجامەکانت ڕێژیەکی بەرزی (CRP) دەردەخات، ئەمە لەوانەیە بەو واتایەبێت کە تۆ جۆرێک لە هەوکردنت لە لەشتدا هەیە. پشکنینی (CRP) هۆکار یان شوێنی هەوکردنەکە باس ناکات. بۆیە ئەگەر ئەنجامەکانت ئاسایی نین، پزیشکەکەت ڕەنگە داوای پشکنینی زیاترت لێ بکات بۆئەوەی بزانێت هۆکاری هەوکردنەکەت چییە.

ڕێژەیەکی بەرزتر لە ئاسایی (CRP) مەرج نییە بەو واتایەبێت کە تۆ حاڵەتێکی تەندروستیت هەیە کە پێویستی بە چارەسەرە. هۆکاری تریش هەن کە دەتوانن ڕێژەی (CRP)ـت بەرز بکەنەوە. جگەرەکێشان، قەڵەوی یان کەمی جووڵە لەو هۆکارانەن.

ئەگەر پرسیارت لەبارەی ئەنجامەکانتەوە هەیە، قسە لەگەڵ پزیشکەکەت بکە.

هیچ شتێکی تر هەیە کە پێویست بکات دەربارەی ئەم پشکنینە بیزانیت؟

پشکنینی (CRP) هەنێکجار لەگەڵ (high-sensivity (hs) CRP) تێکەڵ دەکرێت. ئەگەرچی هەردووکیان ڕێژەی (CRP) دەپێون، بەڵام بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتی جیاواز بەکاردەهێنرێن. (hs-CRP) لە (CRP) ستاندارد هەستیارترە و ڕێژەی زۆر نزمتری (CRP) دەپێوێت. ئەم پشکنینە بۆ زانینی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ بەکاردێت.


سەرچاوەکان



1714 بینین