دادوەر

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-17-23:05:00 - کۆدی بابەت: 9062
دادوەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دادوەر یان دادگەر یاخود قازی (بە عەرەبی: قاضي، بە ئینگلیزی: Judge) بریتییە لەو کەسەی کە بەرزترین پلەی باڵای دادگای هەیە. بەپێی یاسا و دەستووری وڵات بڕیار لەسەر تۆمەتباران دەردەکات، بەپێی ئەو بەڵگانەی خراونەتەڕوو بێتاوانی یاخود تاوانباریی تۆمەتباران پەسەند دەکات، کڕۆکی پیشەی دادوەر بریتییە لە هەڵسەنگاندنی تاوانەکان و دەرکردنی بڕیارێکی دادپەروەرانە لەبارەیانەوە.
لە سەردەمە کۆنەکانی مێژوودا دەرکردنی بڕیارەکانی دادگا لە ڕێگەی دەنگدانی کۆمەڵێک کەسەوە ئەنجام دەدرا، شاری ئەسینای پایتەختی یۆنان یەکەم شوێن بوو کە کەسێکی وەکوو داوەر بۆ دەرکردنی بڕیارەکانی دادگا هەڵبژارد.
لە سەدەی دوازدەیەم ئینگلتەرایش لە چەند بابەتێکی هەستیاردا کەسێک وەکوو دادوەر بڕیارەکانی دەردەکرد، ڕووسیا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانە بوو کە لە دادگاکانیدا شوێنێکی تایبەتی بۆ دادوەر دروستکرد و دەسەڵاتی ڕەهای پێ بەخشین.

ئەرک و بەرپرسیارێتی دادوەر

ـ لە ڕێگەی ئەنجامدانی دادوەرییەکی دادپەروەرانە، دادوەر دیاریکردنی تاوانبار و دەرکردنی بڕیاری دروست لە ئەستۆ دەگرێت
ـ هەر بڕیارێکی دەرکراو لە ڕێگەی پشت بەستن بە دەستوور و یاساکانی وڵاتەوە دەردەکرێت، نابێت یاسا پێشێڵ بکرێت
ـ هەڵسەنگاندنی تاوانەکان و دیاریکردنی بڕیارەکان بە دروستی و لۆجیکانە، دوور لە هەست و سۆزی کەسی
ـ پێویستە دادوەر بێ لایەنی خۆی بپارێزێت و سەر بە هیچ لایەن و حیزبێکی دیاریکراو نەبێت

تایبەتمەندییەکانی دادوەرێکی سەرکەوتوو

ـ خاوەن کەسایەتی و کاریزمایەکی بەهێز
ـ دادپەروەری و یەکسانی بپارێزێت
ـ توانای مامەڵەکردنی گونجاوی هەبێت لە کاتە سەخت و دژوارەکان
ـ وردبینی و گرنگیدان بە وردەکارییەکان
ـ  شیکردنەوە و لێکدانەوە و گرنگیدان بە بەڵگەی تاوانەکان
ـ دادوەر بەرپرسی تەواوی هەر بڕیارێکە کە دەریدەکات، بۆیە پێویستە زۆر بە ئاگا و لێهاتووییەوە بڕیارەکانی دەربکات
ـ لێبووردەیی، لۆجیکی بوون، ئارامگری، گوێگرێکی ورد، هێمنی و لەسەرخۆیی لە گرنگترین تایبەمەندییە کەسێتییەکانی دادوەرن

ساڵەکانی خوێندن و پلەبەندیی پیشەیی

پلەبەندی پیشەیی و ئەزموون و بڕوانامەکان لە وڵاتێک و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت، ئەو دادوەرانەی کە تەنها پلەی خوێندنی بەکالۆریۆسیان هەیە، پێویستە بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ ئەزموونی پیشەی پارێزەریان کردبێت.
پێویسته ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەیان هەبێت کە دادوەریی تێدا دەکەن، هەندێک وڵات تەمەنێکی دیاریکراو بۆ پیشەی دادوەریی هەڵدەبژێرن و لە هەندێک شوێن پێویستە دادوەر تەمەنی لە 30 ساڵ کەمتر نەبێت.
هاوکات نابێت دادوەر هیچ پێشینەیەکی تاوان و سەرپێچی یاسایی هەبێت و پێویستە ناوبانگی باش بێت.
دامەزراندنی دادوەران  بەپێی یاسای پەیمانگای دادوەریی هەرێمی کوردستان ـ عێراق، ژمارە 7ـی ساڵی 2009 ماددەی بیستەم ئاماژەی بەوە داوە کە هیچ دادوەرێک یان جێگرێکی داواکاری گشتی دانامەزرێت مەگەر لە پەیمانگایەکی بەرزتر یان هەر پەیمانگایەکی قەزایی هاوشانیدا لە عێراق دەرچوبێت.

مەرجەکانی بوون بە قوتابی لە پەیمانگای دادوەری لە هەرێمی کوردستان

1ـ پێویستە خاوەن ڕەگەزنامەی عێراقی بێت.
2ـ هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی بە نووسین و خوێندن بە ڕەوانی بزانێت.
3ـ پێویستە ڕەوشت و ناوبانگی باش بێت و بە تاوانی دەستە ئەنقەستی و سیاسی یان بە تاوانی ئابڕووبەر حووکم نەدرابێت و پێشینەی تاوانی نەبێت.
4ـ دەبێت لە هەر نەخۆشی و کەمئەندامییەک سەلامەت بێت کە ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ئیشەکەی دەکەن.
5ـ پێویستە لە زانکۆیەکی عێراقی یان لە زانکۆیەکی باوەڕپێکراو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری یاسا بەدەستهێنا بێت، بە مەرجێک خوێندن لەو زانکۆیە باوەڕپێکراو بێت، کۆنمرەکانی لە باشە کەمتر نەخەمڵێنرێت.
6ـ تەمەنی لە چل ساڵ زیاتر نەبێت.
7ـ دەبێت بۆ ماوەی هەشت ساڵ بە کردار لە دەزگاکانی وەزارەتی داد یان لە ئەنجوومەنی دادوەری یاخود دادگاکانی پەیوەست بەوان کاری کردبێت، هەروەها بۆ ماوەی هەشت ساڵ ئەزموونی پارێزەرێتی کردبێت یان پیشەیەکی یاسایی هەبووبێت لە فەرمانگەکانی بەڕێوەبەرایەتی یاساییەکانی وەزارەت و دەزگا حکوومییەکان، بە مەرجێک بۆ هەر ساڵێک بێنج داوای یاسایی وەرگرتبێت و کاری لەسەر کردبێت، ئەوەی بڕوانامەی ماستەری لە یاسا هەبێت دوو ساڵی لە ماوەی ئەم ئەزموونە بۆ کەم دەکرێتەوە، هەروەها ئەوەی بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا هەبێت ئەوا ماوەی پێنج ساڵی بۆ کەم دەکرێتەوە، بەر لە وەرگرتنی بڕوانامەکان بێت یان پاش وەرگرتنی جیاوازی نییە.
8ـ پێویستە کەسێکی حیزبی نەبێت یان سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی دیاریکراو نەبێت، ئەگەر سەر بە لایەنی حیزبی بوو ئەوا پێویستە کاتێک بۆ پەیمانگاکە پێشکەش دەکات پەیوەندی بە حیزبەکەوە بپچڕێنێت.

9ـ پێویستە لە تاقیکردنەوەی بە نووسین و بە زارەکی لەو یاسایانە سەرکەوتوو بێت کە ئەنجوومەنی پەیمانگاکە بڕیاری لەسەر دەدات.
10ـ پێویستە لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا کە ئەنجوومەنی پەیمانگاکە لەگەڵی ئەنجامی دەدات سەرکەوتوو بێت.


سەرچاوەکان



1960 بینین