دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-23-00:33:00 - کۆدی بابەت: 9127
دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی (بە ئینگلیزی: Dlawer Ala'Aldeen، بە عەرەبی: دلاور علاءالدين) لە ساڵی ١٩٦٠ لە کۆیە لەدایکبووە، سەرۆکی ڕێکخراوی توێژینەوەیەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و پێشتر پرۆفیسۆر بوو لە بواری پزیشکی و تایبەتمەندێتی لە بواری نەخۆشیە بڵاوەکان و  مایکرۆبایۆلۆجی وەرگرتووە و سەرۆکی گرووپی (توێژینەوەی بەکتریۆلۆژی و بەرگریناسیی) لە زانکۆی نۆتینگھام بووە لە بەریتانیا. لە کابینەی شەشەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراقدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بوو. چەندین بڵاوکراوەی زانستی و توێژینەوەی بە زمانی کوردی و ئینگلیزی هەیە.

زانیاری گشتی

ناوی تەواو دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین
لەدایکبوون ٢٨ـی تشرینی دووەمی ساڵی١٩٦٠ لە کۆیە، هەولێر، عێراق
پیشە سەرۆکی ڕێکخراوی توێژینەوەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست (مێری)، پزیشک و پڕۆفیسۆر
کار وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
ئایین موسوڵمان
خوێندن زانکۆی لەندەن، کۆلێجی پزیشکی زانکۆی موستەنسریە لە بەغداد

ژیانی پیشەیی

لە دۆڵەسزە، پیرمام، دیبەگە و ھەولێر گەورە بووە و چووەتە بەرخوێندن. لە ئامادەیی کوردستان لە ھەولێر دەرچووە، کۆلیجی پزیشکی لە شاری بەغداد تەواوکردووە. لە ساڵی ١٩٨٤ چووەتە بەریتانیا، بۆ پەرەپێدان بە خوێندن و تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە بواری نەخۆشییە گوازراوەکاندا دەچێتە شاری لەندەن و هەر لەو شارەش نیشتەجێ دەبێت، بڕوانامەی دبلۆم و ماستەر و دکتۆرای لە زانستی مایکرۆبایۆلۆجی بەدەستهێناوە و دواتر ڕاھێنانی کلینیکی لە نەخۆشییە میکرۆبییەکان تەواو کردووە و لە ساڵی ١٩٩٢ لە کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی نۆتینگھامی بەریتانی بووەتە مامۆستا و لە نەخۆشخانەی زانکۆشدا کاری پزیشکی کردووە. شانبەشانی کاری پزیشکی و کاری مامۆستایەتی، توێزینەوەی زانستی لە بواری پەردەی مێشک و ژەھراوی بوونی خوێن ئەنجام داوە. لە ناوڕاستی ساڵانی نەوەدەکانەوە سەرپەرشتی گروپێکی توێژینەوە دەکات. بەھۆی چالاکی زانستی و توێژینەوەکانی، لە ساڵی ٢٠٠٢ پلەی پڕۆفیسۆری پێ بەخشرا. لە ئاستی بەریتانیا ڕۆڵی ستراتیژی لە چەندین بۆرد و لێژنەی باڵای سەرتاسەری بینیوە، بە تایبەتی لە چوارچێوەی کۆلێژی شاھانەی نەخۆشیناسیی و بۆردی توێژینەوەی پزیشکیی.

لۆبیکردن بۆ نەتەوەی کورد

لە دەرەوەی کاری پیشەیی بەشداری لە چالاکی لۆبی کردن کردووە بۆ بەرگریکردن لە مافی کورد. لە ساڵی ١٩٨٨ یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمیتەی زانستیی کوردی و بەریتانی بۆ داکۆکیکردن لە کورد، لە ساڵی ١٩٨٩ ڕۆڵی سەرەکی لە دامەزراندنی کۆمەڵەی زانایان و پزیشکانی کورد بینی، وەک سکرتێری ڕێکخراوەکە چالاکی لۆبی کردنی لە دژی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی و داکۆکی کردن لە مافی کورد لە نێو پەرلەمان و میدیای بەریتانیا ئەنجام دەدا. ساڵانە یەکێک بووە لە ڕێکخەرەکانی بیرەوەری ھەڵەبجە و ھاوکاری کردنی قوربانیەکانی چەکی کیمیایی. وەک چاودێر و بیرکەرەوەیەک لە سەر ئەو بابەتە ستراتیژیانە دەنووسێ کە پەیوەندییان بە ئاییندە و چارەنوسی گەلی کورد ھەیە. ھاوکات بەشداری لە چالاکییەکانی تری کۆمەڵگەی کوردی کردووە. لە سەرەتای نەوەدەکان یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی شیک بۆ ھاوکاری دەزگاکانی خوێندنی باڵا.

وەزیری خوێندنی باڵا

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٩ بە وەزیری خوێندنی باڵا بەشداری لە کابینەی شەشەمی حکوومەت بە سەرۆکایەتی دکتۆر بەرھەم ساڵح کرد، لە مانگی نیسانی ٢٠١٢ دەستی لە کار ھەڵگرت. لە ماوەی دوو ساڵی کابینەدا پڕۆسەیەکی گەورەی ڕیفۆرمی سیستمی خوێندنی باڵای دەست پێ کرد. ئامانجی سەرەکی ڕیفۆرمەکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زانکۆ و پەیمانگاکان بوو. ڕیفۆرمەکە چەندین تەوەر لەخۆی دەگرێ، لەوانە پڕۆسەی دڵنیایی جۆری و زانستخوازی بەردەوام و پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان، نوێکاری لە خوێندنی دکتۆرا، ناردنە دەرەوەی خوێندکاران بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، داڕشتنەوەی پەیکەری کارگێڕی زانکۆکان، دامەزراندن بە سی ڤی، متمانەبەخشین بە زانکۆ ئەھلیەکان، بە ئەلیکترۆنیکردنی پڕۆسەی پێشکەشکردنی زانکۆ، داھێنانی سیستمی سەلامەتی و تەندروستی، چەندین گۆڕانکاری تر.

سەرۆکی ڕێکخراوی مێری

لە ساڵی ٢٠١٤ بووە دامەزرێنەری ڕێکخراوی توێژینەوەیەی ڕۆژھەڵاتی ناوڕاست، کە تایبەتە بە توێژینەوە و خوێندنی ستراتیژی حوکمڕانی و سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئاسایشی نەتەوەیی. ڕێکخراوی مێریمی لە دوای یەک ساڵ لە دامەزراندنیەوە لە پلەبەندی جیھانیدا کە لەلایەن زانکۆی پێنسلڤانیا ئەنجام دەدرێت بووە یەکەمی عێراق و پلەی ٣٥ـی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ڕێکخراو ساڵانە دیداری مێری ئەنجام دەدات کە یەکێکە لە دیارترین کۆنفرانسەکانی کوردستان و عێراق کە سەرکردە بڕیاردەر و داڕێژەران تێیدا دیبەیتی کراوە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی ئاکادیمی و پسپۆڕ ئەنجام دەدەن. لە دیدارەکانی پێشوودا، سەرۆک کۆماری عێراق و سەروەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرکردە باڵاکانی عێراق و ھەرێم و پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشداربوون. مێری بڵاوکراوەی گرنگ بە ھەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو دەکاتەوە.

بڵاوکراوەکانی

دلاوەر عەلائەدین خاوەنی بڵاوکراوەیە لە بوارەکانی سیاسەت و زانستدا. وتاری ڕەخنەگرانە بڵاو دەکاتەوە. لە نێو بڵاوکراوەکانیدا سێ کتێبی بە زمانی کوردی ھەیە بە ناوی:

  • لۆبیکردن بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت (٢٠٠٧).
  • نیشتیمانسازیی و سیستەمی فەرمانڕەوایەتی خۆماڵی لە ھەرێمی کوردستان (٢٠١٣).
  • دەوڵەتسازی: نەخشەڕێگایەک بۆ سەروەرکردنی یاسا و بەدامەزراوەییکردن لە ھەرێمی کوردستان (٢٠١٨).


سەرچاوەکان



269 بینین