دڵم وەک هێلانەی باڵندەی ئازاره - جەلال مەلەکشا

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-29-23:02:00 - کۆدی بابەت: 9227
دڵم وەک هێلانەی باڵندەی ئازاره - جەلال مەلەکشا

ناوه‌ڕۆك

دڵم وەک هێلانەی باڵندەی ئازاره

شاعیر: جەلال مەلەکشا

بەرهەم: شیعرەکان

هۆنراوە: دڵم وەک هێلانەی باڵندەی ئازاره

دڵم وەک هێلانەی باڵندەی ئازاره
تیایا هەر ناڵه و جریوه و هاواره

دڵم وەک شمشاڵی شوانێکی بێ ناوه
له چیای خەمێکی گەردەنکەش گیرساوه

ئەم دڵه، ئەم پله گۆشته پڕ له رازه
نازانم بۆ لەگەڵ شادیا ناسازه

خەم نەبێ دنیایەک ناتوانێ بیدوێنێ
پاوانه و غەریبه شەقڵەکەی ناشکێنێ

ئەم دڵه، ئەم کۆنه شمشاڵه پڕسۆزه
هێلانەی خەماژۆی عەشقێکی پیرۆزه

گیرۆدەی ئەوینه لێگەڕێن با تەنیا
پڕ بکات له هاوار سەرانسەر ئەم دنیا

ئەم دله ئەونده کەوتوته بەر پەلار
کون کونه به نیشی خەنجەری رۆزگار

به قامکی خەم نەبی هەرگیز ئەم شمشاڵه
بەستەیەک نابێژی ناخرۆشێ به ناڵه


سەرچاوەکان



495 بینین