ساڵی فیل

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-07-08-15:54:00 - کۆدی بابەت: 9327
ساڵی فیل

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ساڵی فیل (بە عەرەبی: عام الفیل) ئەو ساڵەیە کە پێغەمبەر ﷺ تێیدا لەدایکبووە، نەتەوەی عەرەب ساڵی نێوان 570 بۆ571ـی زایینی بە ناوی فیلەوە ناوناوە و بووە بە پێوەر بۆ دیاریکردنی چەندین ڕووداوی گرنگ.
لەو ساڵەدا "ئەبوڕەهەی ئەشڕەمی حەبەشی" پاشای یەمەن بە سوپایەکی گەورەوە بە مەبەستی ڕووخاندنی کەعبەی پیرۆز هێرشی کردە سەر شاری مەککە، هۆکاری هێرشەکە بریتی بووە لەوەی کە ئەبوڕەهە لە ناوچەکەی خۆی بە مەبەستی ناچارکردنی عەرەبەکان بۆئەوەی سەردانی ناوچەکەی بکەن، کڵێسایەکی گەورەی بە شێوازێکی سەردەمییانە لە ناوچەی سەنعا لە یەمەن بە ناوی "قلیس" بنیاتناوە، بەڵام عەرەبەکان دەچوونە سەردانی کەعبە و کڵێساکەی ئەویان پشتگوێ خستبوو. بۆیە ئەویش بەهۆی ڕق و کینەی بەرامبەر ئەو شوێنە بڕیاریداوە هێرش بکاتە سەریان، پاشان خوای گەورە سزای دا و هێرشەکەی سەرکەوتوو نەبوو، بەپێی گێڕانەوەکانی پێغەمبەر ﷺ و ڕاڤەی قورئانی پیرۆز، خوای گەورە لە ڕێگەی جۆرە باڵندەیەکەوە بە ناوی "طير الأبابيل" بەردبارانیکردن و نەیانتوانی زیان بە کەعبە بگەیەنن.

هۆکاری ناونانی بە ساڵی فیل

دانیشتووانی نیمچەدوورگەی عەرەبی بەو ساڵەیان وتووە ساڵی فیل، چونکە سوپاکەی ئەبوڕەهەی ئەشرەم بە بەکارهێنانی فیلی زەبەلاح و گەورە هێرشیان کردووەتە سەر شاری مەککە، بەپێی هەندێک گێڕانەوە سوپاکەی ئەبوڕەهە هەشت هەزار کەس بوونە نزیکەی 9 بۆ 13 فیلی گەورە و بەهێز لەگەڵ سوپاکە بوونە.

سوڕەتی الفیل

لە قورئانی پیرۆز "سوڕەتی الفیل" چیرۆکی ساڵی فیل و سەرگوزشتەی فیل سوارەکانی باسکردووە. واتا و ڕاڤەی ئایەتەکانی بەم شێویەیە:

(أَلَمْ تَرَ كَيْفَ فَعَلَ رَبُّكَ بِأَصْحَابِ الْفِيلِ)
واتا: ئایا نەتزانی كە خوای پەروەردگارت چی بە خاوەن فیلەكان کرد؟ ئەوانەی هاتن بۆ وێرانكردنی كەعبەی پیرۆز.
(أَلَمْ يَجْعَلْ كَيْدَهُمْ فِي تَضْلِيلٍ)
واتا: ئایا سە‌ری لێ نە‌شێواندن و پیلان و نە‌خشە‌کانیانی پووچەڵ نە‌کردە‌وە‌؟
(وَأَرْسَلَ عَلَيْهِمْ طَيْرًا أَبَابِيلَ)
واتا: پۆل پۆل باڵندە‌ی ئەبابیلی نە‌ناردە‌ سە‌ریان؟
(تَرْمِيهِمْ بِحِجَارَةٍ مِنْ سِجِّيلٍ)
واتا: تا بە‌ وردە‌ زیخی گڵین (وە‌ك خشتی سوورە‌وە‌کراو) بە‌رد بارانیان بکە‌ن.
(فَجَعَلَهُمْ كَعَصْفٍ مَأْكُولٍ)
واتا: سە‌رە‌نجام وە‌کوو پووش و پە‌ڵاش و کای خووراوی لێکردن.


سەرچاوەکان



956 بینین