گونجاوترین ڕەنگ بۆ پۆشاکی هاوین

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-13-14:38:00 - کۆدی بابەت: 9382
گونجاوترین ڕەنگ بۆ پۆشاکی هاوین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لە وەرزی هاویندا بەهۆی گەرمی هەواوە ئەو ڕەنگانەی کە یارمەتی هاوسەنگکردنی گەرمی لەش دەدەن گونجاوترن، ئەو ڕەنگانەش زۆربەیان ڕەنگی کراوە و ساردن. ئەو جلوبەرگانەی کە بۆ وەرزی هاوین گونجاون پێویستە فێنک بن و لە ماددەی تەنک دروست کرابن، لە هاویندا بەکارهێنانی جلوبەرگی ڕەنگ کاڵ و ڕۆشن گرنگە، چونکە کەمتر تیشکی خۆر هەڵدەمژێت و بەمەش کەسەکە فێنک دەبێتەوە.

لە هاویندا پۆشاکی ڕەنگی تۆخ لەبەر مەکەن

پۆشینی پۆشاکی تۆخ یان ڕەش لە هاویندا کاتێک خۆر دەدرەوشێتەوە راستەوخۆ تیشک و گەرمی خۆر هەڵدەمژێت بەو هۆیەشەوە زۆر گەرم دەبێت و دوای ماوەیەک هەست بە گەرمییەکی زۆر دەکەیت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بەزۆری خەڵک لە وەرزی گەرمی هاویندا جلوبەرگی کراوە و سپی لەبەر دەکەن. لەبەرکردنی پۆشاکی ڕەنگ کراوە، وا لە پێست دەکات هەناسە بدات و تازە دەبێتەوە، هەستی فێنک دروست دەکات.

ڕەنگە گەرمەکان کەمتر لەبەربکەن

ڕەنگەکانی وەکوو سوور، پرتەقاڵی و زەرد، لە پۆلی ڕەنگی گەرمدا جێگیرکراون، واتە ئەم ڕەنگانە هەستێکی گەرمی دەگەیەنن، بۆیە هەوڵبدە لە هاویندا ڕێژەی بەکارهێنانی ئەم ڕەنگانە کەم بکەیتەوە.
ئەگەر ئارەزووی ڕەنگی گەرم دەکەیت ڕەنگی نەرمتر بەکاربهێنە، بۆنموونە ئەگەر حەزت لە ڕەنگی زەردە، لەبری بەکارهێنانی ڕەنگی زەردی تۆخ، دەتوانیت ڕەنگی لیمۆیی بەکاربهێنیت، تا ڕەنگەکەی سووکتر بێت و لە سپی نزیکتر بێت، لە ڕووی ڕەنگ و ڕەنگدانەوەی تیشکی خۆرەوە فێنکتر دەبێت.

ڕەنگی سارد لەبیرمەکەن

بە پێچەوانەی ڕەنگە گەرمەکانەوە، ڕەنگی ساردیش هەیە، ئەم ڕەنگانەش وەکوو شین، پیرۆزەیی و سپی، بەپێچەوانەی ڕەنگە گەرمەکانەوە هەستی ساردی و ئارامی دەگەیەنن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئەم ڕەنگانە گونجاون بۆ وەرزی هاوین.

کاریگەری ڕەنگەکان لە وەرزی هاویندا

سپی

ڕەنگی سپی ڕەنگێکی ساردە و تیشکی خۆر دەداتەوە، ئەم ڕەنگە ڕەنگێکی پاک و خاوێنە و وادەکات هەست بە فێنکی بکەن.

سەوز

ڕەنگی سەوز یەکێکە لە ڕەنگە گونجاوەکان بۆ وەرزی هاوین کە ڕێکخستنی لەگەڵ ڕەنگەکانی تر زۆر ئاسانە، کاریگەرە لە فێنک ڕاگرتنی جەستە، ئەم ڕەنگە بیرهێنەرەوەی سروشتە وادەکات دەروون ئاسوودە بێت و متمانە بەخۆبوون زیاد دەکات.

شین

ڕەنگی شین یەکێکە لەو ڕەنگانەی کە بۆ وەرزی هاوین گونجاوە، چونکە هەستێکی زۆر فێنک بە مرۆڤ دەبەخشێت ڕەنگی شین ئارامکەرەوەیە و وادەکات جەستە ماددە کیمیاییە ئارامکەرەوەکان دەربدات.

مۆری کاڵ

ڕەنگی مۆری کاڵ ڕەنگێکی شیکە، کە بەهۆی تازەیی و سەرنجڕاکێشییەکەیەوە بە یەکێک لە ڕەنگە هاوینەکان دادەنرێت، ئەم ڕەنگە بە ئاسانی لەگەڵ ڕەنگەکانی تردا دەگونجێنرێت.

پەمەیی

ڕەنگی پەمەیی ڕەنگێکە کە خانمان خۆشیان دەوێت چونکە ڕەنگی پەمەیی هێمای بەهێزی و ڕەنگینی خانمانە دەتوانیت چێژ لە تەواوی هاوین وەربگریت بە لەبەرکردنی ئەم ڕەنگە.


سەرچاوەکان



691 بینین