پشکنینی ئەنزیمی ئەمایڵەیز

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-07-13-17:53:00 - کۆدی بابەت: 9387
پشکنینی ئەنزیمی ئەمایڵەیز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی ئەنزیمی ئەمایڵەیز (بە ئینگلیزی: Amylase test) ڕێگەیەکە بڕی ئەنزیمی ئەمایڵەیز لە خوێن یان میزدا دەپێوێت، بۆ دیاریکردنی کێشەکانی پەنکریاس و هەندێک کێشەی تر بەکاردێت. ئەمایڵەیز ئەنزیمێکە لەلایەن پەنکریاس و لیکەڕژێنەکانەوە دەردەدرێت، یارمەتی تێکشکاندنی کاربۆهیدرات دەدات. بەشێوەیەکی ئاسایی بڕێکی کەم ئەنزیمی ئەمایڵەیز لە خوێن و میزدا هەیە، بەڵام کاتێک بڕەکەی بەشێوەیەکی نائاسایی بەرز دەبێتەوە ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەی تەندروستی. بەشێوەیەکی سەرەکی پێوانی بڕی ئەمایڵەیز لە خوێن یان لە میزدا بۆ دەستنیشانکردنی کێشەی پەنکریاس وەک هەوکردنی پەنکریاس بەکاردێت، بەڵام هەندێک کاتیش بۆ دەستنیشانکردنی کێشەی تر وەک کێشەی لیکەڕژێنەکان و کۆئەندامی هەرس کە کار دەکەنە سەر بڕی ئەنزیمی ئەمایڵەیز بەکاردێت. بڕی ئەنزیمی ئەمایڵەیز سەرەتا لە خوێندا بەرز دەبێتەوە و دواتر لە میزدا ڕێژەکەی دەگۆڕێت، لەبەر ئەوە پشکنینی ئەنزیمی ئەمایڵەیز لە ڕێگەی میزەوە دوای یان لەگەڵ  پشکنینی ئەنزیمەکە لە ڕێگەی خوێنەوە ئەنجام دەدرێت.

ئەم پشکنینە کەی ئەنجام دەدرێت؟

لە کاتی بوونی ئەم نیشانانە لە نەخۆشدا پزیشک داوای ئەنجامدانی پشکنینی ئەنزیمی ئەمایڵەیز دەکات:

  • ئازار لە بەشی سەرەوەی سک، و ڕەنگە پشتیش بگرێتەوە یان دوای نانخواردن ئازارەکە خراپتر ببێت.
  • نەمانی ئارەزووی خواردن
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە
  • تا
  • خێرابوونی لێدانی دڵ
  • زەردوویی

 هەروەها لە کاتی بوونی ئەم حاڵەتانەشدا پشکنینی ئەنزیمی ئەمایڵەیز ئەنجام دەدرێت:

24 کاتژمێر پێش ئەنجامدانی ئەم پشکنینە نابێت کحول و هەندێک دەرمانی وەک ئەسپرین بەکاربهێنرێت، یان ئەگەر بەکارهێنرابێت پێویستە پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە  پزیشک ئاگادار بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەم دەرمانانە کاریگەرییان لەسەر ڕێژەی ئەنزیمی ئەمایڵەیز دەبێت.

ڕێژەی ئاسایی ئەمایڵەیز

  • ڕێژەی ئاسایی ئەم ئەنزیمە لە خوێندا بریتییە لە 13-35 U/L
  • لە میزدا بریتییە لە  17-744 U/L

ڕێژەی نائاسایی

بەرزیی ڕێژەی ئەمایڵەیز

دەکرێت بەرزیی ڕێژەی ئەمایڵەیز بەهۆی ئەم هۆکارانەوە بێت:

  • هەوکردنی پەنکریاسی درێژخایەن یان کورتخایەن: هەوکردنی پەنکریاسی درێژخایەن یان کورتخایەن ڕوودەدات کاتێک ئەو ئەنزیمانەی یارمەتی تێکشکاندنی خواردن لە ڕیخۆڵەدا دەدەن هێرش دەکەنە سەر شانەکانی پەنکریاس و تێکی دەشکێنن. هەوکردنی پەنکریاسی کورتخایەن لە ناکاو ڕوودەدات و ماوەیەکی کەم بەردەوام دەبێت. هەوکردنی پەنکریاسی درێژخایەن بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت و بەپێی کات نەخۆشییەکە بەرەو خراپ بوون دەچێت.
  • هەوکردنی تورەگەی زراو: بە زۆری بەهۆی دروستبوونی بەردی زراو ڕوودەدات و هەندێک کاتیش بەهۆی بوونی لوو و هەوکردنی پەنکریاسەوە ڕوودەدات.
  • دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان: حاڵەتێکە کە کۆرپەلە یان هێلکەی پیتراو لەناو جۆگەی هێلکەداندا گەشە دەکات لەجیاتی گەشەکردنی لە منداڵداندا.
  • برینی گەدە: حاڵەتێکە تیایدا ناوپۆشی گەدە یان ناوپۆشی ڕیخۆڵە تووشی هەوکردن دەبێت و برین دروست دەبێت کاتێک برینەکە هەموو شانەکانی گەدە دەگرێتەوە پێی دەگوترێت کونبوون، ئەمە حاڵەتێکی بەپەلەیە و پێویستی بە  چارەسەری بەپەلە هەیە.
  • هەندێک حاڵەتی تر وەک: ڕشانەوە، زۆر بەکارهێنانی کحول، هەوکردنی لیکەڕژێنەکان، گیرانی ڕیخۆڵە، شێرپەنجەی سییەکان، شێرپەنجەی هێلکەدان و نەخۆشیی ملەخڕە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەنزیمی ئەمایڵەیز.

هەندێک ڕێنمایی بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی ئەنزیمی ئەمایڵەیز:

  • خۆت بە دوور بگرە لە خواردنەوە کحولییەکان
  • ڕۆژانە بڕی پێویست لە ئاو بخۆرەوە تاوەکوو جەستەت وشک نەبێتەوە، وشک نەبوونەوەی جەستە یارمەتی زوو چاکبوونەوەی پەنکریاس دەدات.
  • خواردنی تەندروست بخۆ، لەژێر چاودێری پزیشکدا شێوازی خواردنەکانت بگۆڕە.

نزمیی ڕێژەی ئەمایڵەیز

کەمی ڕێژەی ئەمایڵەیز ڕەنگە نیشانە بێت بۆ ئەم حاڵەتانە:

  • ژەهراویبوونی خوێن لەماوەی دووگیانیدا: نەخۆشییەکە تێیدا دایکی دووگیان لە ماوەی دووگیانیدا پەستانی خوێنی بەرزدەبێتەوە، هەندێک کاتیش دایکەکان لە دوای لەدایکبوونی منداڵەکەیان دووچاری ئەم حاڵەتە دەبنەوە.
  • نەخۆشیی گورچیلە

ئەم ڕێگایانە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئەنزیمی ئەمایڵەیز:

  • ئەنجامدانی ڕاهێنانی زیاتر: 54 توێژینەوە دەریان خستووە ئەنجامدانی ڕاهێنانی زۆر و تەندروست یارمەتی بەرز کردنەوەی ئاستی ئەنزیمی ئەمایڵەیز دەدات.
  • کەمکردنەوەی کێش
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان: کەسانی جگەرەکێش بە بەراورد بەو کەسانەی جگەرە ناکێشن ڕێژەی ئەنزیمی ئەمایڵەیزیان زیاترە.
  • خۆت لە خواردنی درەنگانی شەو بە دوور بگرە: ئەم کردارە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئەنزیمی ئەمایڵەیز.


سەرچاوەکان



477 بینین