ئامادەکردنی برنجی دەنک خڕ

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-07-15-10:58:00 - کۆدی بابەت: 9408
ئامادەکردنی برنجی دەنک خڕ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

برنجی دەنک خڕ تامێکی خۆشی ھەیە، بەڵام لەکاتی ئامادەکردنیدا دەبێت پێوانەی برنج و ئاوەکە بزانرێت تاکوو جوان دەربچێت، چونکە ھەندێکجار برنجی دەنک خڕ لە کاتی لێنانیدا بڵ یان ڕەق و نەکوڵاو دەردەچێت.

پێداویستییەکانی

  • پێنج پەرداخ برنجی دەنک خڕ
  • پێنج پەرداخ و نیو ئاو
  • ڕۆن
  • خوێ
  • سەلکێک پیازی جنراو
  • لەتکە نۆک
  • کشمیش و بادەم و ماکەرۆنی بۆ ڕازاندنەوەی

ئامادەکردنەکەی

لەتکە نۆکەکە تێکەڵی برنجەکە بکە و جوان بیشۆرەوە، پاشان ڕۆنەکە دەخرێت مەنجەڵێکەوە و لەسەر ئاگر دادەنرێت پیازە جنراوەکەی تێدەکرێت تا کەمێک سووردەبێتەوە، ئاو و خوێکە بکەرە ناوی، کە ئاوەکە کوڵا برنجەکەی تێبکە، بەڵام سەری مەنجەڵەکە دامەپۆشە تا ئاوەکە ھەڵدەچنێت.

کە ئاوەکەی ھەڵچنی تێکی بدە و بە پارچە پەڕۆیەک یان نایلۆنێک یان نانێک بخەرە سەر برنجەکە تا جوان دەمبکێشێت، سەری مەنجەڵەکە داپۆشە و ئاگرەکەی بۆ کزبکە، دوای ٣٠ بۆ ٣٥ خولەک لەسەر ئاگر دایبگرە.

کشمیش و بادەم و ماکەرۆنیەکەی لە تاوەیەکدا بۆ سووربکەرەوە، لە کۆتایدا برنجەکە بخەرە دەفرێکەوە و بە کشمیش و بادەم و ماکەرۆنییە سورەکراوەکە بیڕازێنەوە یان کەرەستەی تر بە ئارەزووی خۆت تێکەڵی بکە و لەگەڵ شلەی فاسۆلیا پێشکەشی بکە.


سەرچاوەکان



428 بینین