جۆرەکانی پاداشت و هاندانی گونجاو بۆ منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-21-17:47:00 - کۆدی بابەت: 9474
جۆرەکانی پاداشت و هاندانی گونجاو بۆ منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هاندان (بە ئینگلیزی: Encouragement، بە عەرەبی: التشجیع) ڕووداوێکە کە ڕاستەوخۆ دوای ئەنجامدانی ڕەفتارێکی گونجاو ڕوودەدات، دەبێتە هۆی دووبارەکردنەوەی ڕەفتارەکە، هاندان لە بابەتی فێربوون و پەروەردەدا وەکوو فاکتەری بنەڕەتی و پاڵنەرێک بۆ منداڵ سەیر دەکرێت، ئەزموونەکان دەریانخستووە کە ئەو منداڵانەی لە ناوپۆل و قوتابخانە بۆ وانەکان هاندەدرێن زیاتر یارمەتی خوێندکارانی تر دەدەن و سەرکەوتنیان لە فێربوون لە کەسانی تر زیاترە.
ڕۆڵی هاندان لە فێربووندا زۆر گرنگتر و کاریگەرترە لە ڕۆڵی سزادان، هه‌روه‌ها هاندان له‌ وانه‌یه‌كدا، جگە لەوەی ده‌بێته‌ هۆی گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی منداڵ له‌و وانه‌یەدا، به‌ڵام كاریگه‌ری گشتییەکەی ئه‌وه‌نده‌ فراوانه‌ كه‌ کار دەکاتە سەر وانه‌كانی تریش، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ منداڵ تێڕوانینێكی ئه‌رێنی هه‌یه‌ بۆ فێربوون.

پاداشت و شێوازی هاندانی منداڵ

لە ڕاستیدا پاداشت و هاندان فاکتەر یان هاندەرن بۆ بەهێزکردنی ڕەفتارێک لە مرۆڤدا، یەکێک لە ڕێگاکانی پەروەردەکردنی منداڵ، فێرکردن و ڕاستکردنەوەی ڕەفتارەکانی بریتییە لە سیستمی پاداشت، ئەمەش لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە پشتڕاستکراوەتەوە، بەشێوازی جیاواز دەتوانرێت منداڵان هانبدرێت بۆ دووبارەکردنەوەی ڕەفتارە خوازراوەکان یان گۆڕینی ڕەفتارە هەڵەکان، هاندان و پاداشتکردنی منداڵ کاریگەری زۆری هەیە لە بەهێزکردنی ڕەفتارە خوازراوەکان و زیادکردنی متمانە بەخۆبوونی.
زۆربەی دایکان و باوکان پێدانی پاداشت بە کڕینی شتێک دەزانن، لەکاتێکدا هاندانی منداڵەکە تەنها بەم شێوەیە ڕەنگە کاریگەری پێچەوانەی هەبێت، ئەگەر هاندانی منداڵ و پاداشتکردنی ڕەفتارەکانی بە شێوەیەکی دروست ئەنجام نەدرێت، دەتوانێت کاریگەری نەرێنی هەبێت وەکوو سزای جەستەیی.

جۆرەکانی پاداشت و شێوازەکانی هاندانی منداڵ

بەگشتی دەتوانرێت بە چوار شێوە هانی منداڵ بدرێت هەریەک لەم شێوازانە بەشێک لە پێداویستییەکانی منداڵ دابین دەکات، بۆ بەهێزکردنی ڕەفتاری منداڵ باشترە هەر چوار جۆری پاداشتەکە لە بارودۆخی جیاوازدا و بە شێوازێکی گونجاوی پەروەردەیی بەکاربهێنرێت.

پاداشت و هاندانی سۆزداری

منداڵ وەکوو هەموو مرۆڤێک پێویستی بە خۆشەویستی هەیە، بینینی ڕەفتارە باشەکانی منداڵ و گرنگیپێدانی یەکێکە لە پێداویستیەکانی، باوەشکردنی منداڵ، سەیرکردنی چاوەکانی، زەردەخەنەکردن، نازپێدان و ماچکردنی لە دیارترین ئەو ڕێگایانەن کە دایک و باوک سۆز و خۆشەویستی بە منداڵ دەدەن، هەندێک جار لەبەردەم خەڵکدا بۆ ئەوەی منداڵەکە ڕاستەوخۆ نەخەیتە ناوەندی سەرنجەوە، دەتوانیت بە چاوتروکاندنێک یان بەنهێنی زەردەخەنەکردن لە نێوانتاندا ڕەزامەندی و گرنگی پێبدەیت، دروستکردن و زیادکردنی متمانە بەخۆبوونی منداڵ بەتەواوی لەئەستۆی خێزانە و ئەگەر هەر زیانێک بە متمانە بەخۆبوونی بگات، بەزەحمەت دەتوانرێت قەرەبوو بکرێتەوە.

پاداشت و هاندانی زارەکی

پاداشتی زارەکی یەکێکە لە گرنگترین و کاریگەرترین جۆرەکانی هاندان، منداڵ یان مرۆڤ بەگشتی لە هەر تەمەنێکدا پێویستیان بە بیستنی ستایش و ڕەزامەندییە لە کەسانی ترەوە، ئەم حاڵەتە بەتایبەت لەبەرچاوی کەسانی تردا، یارمەتی زۆری متمانە بەخۆبوون و خۆبەگەورەزانینی منداڵ دەدات، وادەکات هەست بەنرخی خۆی بکات لەم جۆرە پاداشتەدا هەوڵبدەن ئەو ڕەفتارە ڕوونبکەنەوە کە دەبێتە هۆی پاداشتی زارەکی بۆ منداڵەکە، بەتەواوی وەسفی ڕەفتارەکە بکەن، ئاگاداربن قسەکردن لەگەڵ منداڵ بنەما و یاسای تایبەتی خۆی هەیە، کە دەبێت لەگەڵ تەمەنی منداڵەکەدا بگونجێت و لێی تێبگات، گرنگی بە بچوکترین هەوڵ و پێشکەوتنەکانی منداڵ بدەن و پاداشتی بدەنێ، تاکوو ئەو ڕەفتارە ببێتە خوو بۆ منداڵەکە، پاشان بەتێپەڕبوونی کات دەتوانن پاداشتی ئەو ڕەفتارە کەم بکەنەوە یان نەیهێڵن، چونکە ئەو ڕەفتارە لە منداڵەکەدا دامەزراوە و پێویستی بە بەهێزکردن نییە.

پاداشت و هاندانی ماددی

ئەم جۆرە پاداشتە ئەو شتانە دەگرێتەوە کە منداڵەکە ئارەزووی دەکات و هەمیشە چێژیان لێ وەردەگرێت، ئامڕازی یاری گونجاو بۆ منداڵ، ئامڕازی نووسین، جلوبەرگ، خواردن و پارە، لەم شێوازەی پاداشتەدا باشترە پاداشتەکە ئەو شتانە بێت کە منداڵەکە پێویستی پێیەتی.

پاداشت و هاندانی کات بەسەربردن یان چالاکی

دەتوانرێت چالاکی دڵخوازی منداڵەکە وەکوو پاداشتێک بەکاربهێنرێت، لەم حاڵەتەدا پێویستە ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە چالاکییەکان بۆ منداڵەکە خۆش بێت، نەک ئەو شتانەی کە دایک و باوک پێیان وایە خۆشن، بۆنموونە چوون بۆ پارک، یاریکردن بە یارییەکی دڵخواز یان خواردنی ساردەمەنی وەکوو هاندان بەکاربهێنرێت، هەروەها پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە هاندانی زۆر بۆ منداڵ دەتوانێت کاریگەری تێکدەرانەی لەسەر پەروەردەی منداڵ هەبێت.

ئەو خاڵانەی کە دەبێت لە شێوازەکانی جێبەجێکردنی هاندانی منداڵدا لەبەرچاو بگیرێن

  • ماوەی نێوان پێدانی پاداشتەکە و ڕەفتارە باشەکە دەبێت کورت بێت و لە هەمان کاتدا بێت.
  • تەنها ڕەفتارە ئەرێنییەکان هانبدرێن، ئەگەر منداڵەکە هەڵەیەک بکات و هێشتا پاداشت بکرێت، ئەوا کاردانەوەی دەبێت، هەندێک جار دایک و باوک بەبێ مەبەست ڕەفتارە نەخوازراوەکان بەهێز دەکەن، باشتر وایە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەکانی منداڵ زیاتر گرنگی بە کاردانەوەکانتان بدەن.
  • پابەندبوونی دایک و باوک بە سیستمی پاداشتکردن کاریگەری ئەم شێوازانە زیاد دەکات، بەگشتی دایک و باوک بەجێبەجێ نەکردنی خاڵە سەرەکییەکانی شێوازی پاداشت شکست دەهێنن.
  • لەبیرتان بێت پێویستییە سەرەتاییەکانی منداڵ وەکوو سۆز، خۆراک و هەستکردن بە ئاساییش دەبێت دابین بکرێن، مەرجدارکردنی هەر پێداویستییەکی منداڵەکە وا دەکات هەست بە نائارامی بکات.

سێ بنەمای گرنگ بۆ ئەوەی سیستمی پاداشت کاریگەرتر بێت

ڕێککەوتنی دایک و باوک لە پەروەردەکردنی منداڵ

بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باش لە پەروەردەکردنی منداڵ بەدەست بهێنرێت، باشترە دایک و باوک بگەنە خاڵێکی هاوبەش سەبارەت بە شێوازی پەروەردەکردنی منداڵ، لەیەک تێنەگەیشتنی دایک و باوک لە پرسێک و دەربڕینی لەبەردەم منداڵدا زیان بە سیستمی پەروەردەی منداڵەکە دەگەیەنێت، لەئەنجامدا ڕووبەڕووی سەرلێشێواوی دەبێتەوە، پێویستە دایک و باوک قسە و ڕەفتارەکانیان تەواوکەری یەکتر بن، بۆئەوەی منداڵەکە ڕووبەڕووی ململانێ نەبێتەوە.

پابەندبوون بە سیستمی هاندان یان پاداشتپێدان

بۆ ئەوەی ڕەفتاری ئەرێنی لە منداڵدا بچێنن، دەبێت هەمیشە دایک و باوک پابەند بن بە سیستمی پاداشتەوە.

ڕوونکردنەوە بۆ منداڵ

ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی سیستمی پاداشت بۆ منداڵ گرنگترین هۆکارە بۆ سەرکەوتنی پاداشتەکە، هەروەها ڕوونکردنەوەی ئەو ڕەفتارەی هاندراوە لای منداڵ.


سەرچاوەکان



704 بینین