کۆئەندامەکانی لەشی مرۆڤ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-10-23:39:00 - کۆدی بابەت: 11270
کۆئەندامەکانی لەشی مرۆڤ

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

کۆئەندامەکانی لەشی مرۆڤ (بە ئینگلیزی: Body systems، بە عەرەبی: نظام الجسم), کۆئەندامەکانی جەستە کۆمەڵێک ئەندامن کە پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی یەکێک یان زیاتر لە ئەرکەکانی لەش. لەشی مرۆڤ ئامێرێکی بایۆلۆجییە کە لە کۆمەڵە ئەندامێک پێکهاتووە. کۆئەندامەکان هەموویان پێکەوە کار دەکەن بۆ بەرهەمهێنان و بەردەوامیدان بە ژیان. هەندێک جار لە کاتی خوێندنەوە دەربارەی خانە و گەردە بچووکترەکانی تری جەستە کۆئەندامە گرنگەکانی جەستە فەرامۆشەکەین، وەک ئەوەی لە تاو بینینی دارەکان دارستانەکە فەرامۆشبکەین. بەڵام بێگومان کۆئەندامەکان گەورەترین ئاستی ڕێکخستی جەستەن، هەروەها جەستەی مرۆڤ لە یانزە کۆئەندام پێکدێت.

کۆئەندامەکانی لەش و فرمانەکانیان

 

پەیکەرە کۆئەندام

پاڵپشتی میکانیکی، هەڵوێست و جووڵە دابین دەکات.

کۆئەندامی ماسولکە

لە هەموو ماسولکەکانی لەش پێکدێن و یارمەتی جووڵەی جەستە دەدەن.

دڵە لوولە کۆئەندام

ئەرکی گواستنەوەی ئۆکسجین و خۆراک و هۆرمۆنەکان لە سەرانسەری جەستە و لەناوبردنی پاشەڕۆی زیندەچالاکی خانەیی بەجێدەگەیەنێت.

بەرگرییە کۆئەندام

لابردنی شلەی زیادەی لیمڤ، بەرگریکردن و پاراستی لەش.

کۆئەندامی هەناسە

ئاڵوگۆڕی ئۆکسجین و دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە نێوان لەش و هەوادا ئەنجامدەدات لەگەڵ ڕێکخستنی هاوسەنگی ترش و تفت.

کۆئەندامی دەمار

دەستپێکردن و ڕێکخستنی ئەرکە گرنگەکانی جەستە، ڕێکخستنی هەستەکان و جووڵەی جەستەیی.

کۆئەندامی هەرس

هەرسکردنی میکانیکی و کیمیایی خۆراک بە مەبەستی هەڵمژینیان بۆ ناو لەش و بەکارهێنانیان وەک وزە.

کۆئەندامی میز

ڕێکخستنی قەبارەی خوێن و نەهێشتنی ئاوێتەی ناپێویست و پاشماوەکان بە بەرهەمهێنان و دەرکردنی میز.

کوێرە ڕژێنە کۆئەندام

بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکان بۆ ڕێکخستنی کاری جۆراوجۆری جەستەیی (بۆ نموونە سووڕی مانگانە، ئاستی شەکر، هتد).

کۆئەندامی زاوزێ


بەرهەمهێنانی خانەی زاوزێی نێرە مێیە، بەشداریکردن لە پرۆسەی زاوزێ و زۆربوون.

پۆشەرە کۆئەندام

پاراستنی جەستەیی ڕووی لەش، پێشوازی هەستیاری و ڕاگەیاندنە دەرەکییەکان، پێکهێنانی ڤیتامین.

پەیکەرە کۆئەندام

پەیکەرە کۆئەندام (Skeletal system) لە ئێسک و کڕکڕاگە پێکهاتووە. دوو بەشی ئێسک هەیە، تەوەرە و پەلەکان. ئێسکی تەوەرە یاخود تەوەرە پەیکەر پێکهاتووە لە ئێسکەکانی سەر و قۆڵ. ئێسکی پەلەکان یاخود پەلە پەیکەر پێکهاتووه لە ئێسکەکانی پەلەکانی باڵ و قاچەکان، هەروەها پشتگیری لە ئەندامەکانی ناو سینگ و حەوز دەکەن و دەیانپارێزن.

ئێسکە سەرەکییەکانی لەشی مرۆڤ

٢٠٦ ئێسک لە لەشی مرۆڤێکی پێگەیشتوودا هەیە. ئەو شوێنەی کە دوو ئێسک بەیەکەوە جێگیر دەکرێن تیایدا پێی دەوترێت جومگە. جومگەکان پاڵپشتی دەکرێن لەلایەن  کرکڕاگە و بەهێز دەکرێن بە بەستەرەکان. ئەرکەکانی پەیکەرە کۆئەندام بریتین لە پاڵپشتی میکانیکی، جووڵە، پاراستن، بەرهەمهێنانی خانەی خوێن، هەڵگرتنی کالسیۆم و ڕێکخستنی ناوەکی.

پێکهاتەکانی

پێکهاتەکانی پەیکەرە کۆئەندام دەگۆڕدرێن لەگەڵ کرداری ئەو بەشەی لەش کە پشتگیری دەکەن. بەم شێوەیە، ئەناتۆمی ئێسکەکان، جومگەکان و بەستەرەکان بە شێوەیەکی تۆپۆگرافی توێژینەوە دەکرێت، وەک ئێسکەکانی سەر و مل، سنگ، سک، بەشی سەرەوە و خوارەوە.

کۆئەندامی ماسولکە

کۆئەندامی ماسولکە (Muscular system) پێکدێت لە هەموو ماسولکەکانی لەش.

جۆرەکانی

سێ جۆری ماسولکە هەیە، دڵە لوولە ماسولکە، پەیکەرە ماسولکە و لووسە ماسولکە. لووسە ماسولکە لەناو دیواری بۆرییەکانی خوێن و ئەندامە بەتاڵەکانی وەک گەدە و ڕیخۆڵەدا دەدۆزرێنەوە. خانەکانی دڵە لوولە ماسولکە ماسولکەکانی دڵ پێکدەهێنن. ماسولکەکانی پەیکەر ئێسکەکان دەبەستنەوە بە ئێسکەکانی دیکەی لەش. لە نێوان ئەم سێ ماسولکەیە تەنها پەیکەرە ماسولکەیە دەتوانرێت بە هۆشیارییەوە واتا خۆویستانە کۆنترۆڵ بکرێت و توانای بەرهەمهێنانی جووڵەی جەستەمان پێ دەبەخشێت، لە کاتێکدا کرداری دوو جۆرەکەی دیکەی ماسولکەکان بە سیستەمی دەماری خۆنەویستانە ڕێکدەخرێت و بەتەواوی بێئاگایانەیە.

شێوەی ماسولکە شانەکان

لە ڕووی شانەزانییەوە پەیکەرە ماسولکە و دڵە لوولە ماسولکە  ڕیشاڵەکانیان بە شێوەیەکی دووبارەبوونەوە ڕێکدەخرێن کە ڕوخسارێکی هێڵی دەدات، لەبەر ئەوە پێی دەوترێت ماسولکەی ڕیزکراو یاخود هێڵی.

دڵە لوولە کۆئەندام

کۆئەندامی دڵ (Cardiovascular system) پێکدێت لە دڵ و سیستەمی سووڕانەوەی لوولەکانی خوێن. دڵ لە چوار ژوور پێکهاتووە، دوو گوێچکەڵە و دوو سکۆڵە. خوێن دەچێتە ناو دڵەوە لە ژوورەکانی سەرەوەی دڵ لە بەشی ڕاست و چەپەوە (گوێچکەڵەی ڕاست و گوێچکەڵەی چەپ)، هەروەها لە ڕێگەی ژوورەکانی بەشی خوارەوە لە ڕاست و چەپەوە دەچێتە دەرەوە. دەمەوانەکانی دڵ ڕێگری لە ڕۆیشتنی خوێن دەکەن.

کارکردنی

دڵ وەک پەمپێکی دوو ڕێگا کار دەکات لای ڕاستی دڵ خوێنی کەم ئۆکسجین یاخود پیسبوو پاڵ دەنێت بۆ سووڕانەوەی لە سییەکان و دواتر لەوێدا تێر ئۆکسجین دەکرێتەوە. لە کاتێکدا لای چەپی دڵ لە هەمان کاتدا خوێنی تێر ئۆکسجین پاڵ دەنێت بۆ سووڕانەوەی بە تەواوی جەستەدا و دابەشی دەکات بۆ شانەکانی پەراوێز. پاڵنانی ئاسایی خوێن یان لێدانی دڵ کۆنترۆڵ دەکرێت لەلایەن سیستەمی گواستنەوەی دڵ.

پێکهاتەکانی دڵە لوولە کۆئەندام

سیستەمی سووڕانەوەی خوێن هەروەها پێی دەوترێت سیستەمی خوێنبەرەکان، پێکهاتووە لە خوێنبەرەکان، خوێنهێنەرەکان و موولولەکان. هەموو ئەمانە تۆڕێکی بەردەوام لە بۆرییەکان پێکدێنن کە کار دەکەن بۆ هەڵگرتنی خوێن بە دەوری جەستەدا. خوێن دڵ بەجێدەهێڵێت لە ڕێگەی خوێنبەرەکانەوە، ئەمانە بەرە بەرە قەبارەیان کەم دەبێتەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بن وەک بۆرییە بچووکەکانی خوێنبەرەکان کە پێیان دەوترێت خوێنبەرۆکەکان. ئاڵوگۆڕی گاز و خۆراک لە ڕێگەی دیوارەکانی موولولەکانەوە ڕوودەدات.
خوێن خوێنهێنەرە بچووکەکان کە پێیان دەگوترێت خوێنهێنەرۆکەکان بەجێدەهێڵن و هەنگاو بە هەنگاو زیاد دەکەن لە ڕێگایان بۆ دڵ تا وەکو دەگاتە خوێنهێنەرەکان. جیاوازیەکی دیاریکراوی شانەیی هەیە لە نێوان خوێنبەرەکان و خوێنهێنەرەکان، بەڵام جیاوازی کرداری سەرەکییان ڕەنگدانەوەی ئەو ئاڕاستەیەیە کە خوێنیان تێدا دەگوازێتەوە، خوێنبەرەکان خوێن لە دڵەوە دەگوازنەوە بۆ جەستە، لە کاتێکدا خوێنهێنەرەکان خوێن لە جەستەوە دەگوازنەوە بۆ دڵ. 

سووڕەکانی خوێن

سێ سووڕی جیاوازی خوێن هەیە، ئەو خوێنەی کە خوێن لە نێوان دڵ و سییەکاندا دەگوازێتەوە پێشی دەوترێت سییە سووڕ. خوێنبەری کۆرۆنەری کە خوێن بۆ ماسولکەکانی دڵ دابین دەکات. هەرورها کۆئەندامە سووڕ خوێن لە دڵەوە دەگوازێتەوە بۆ بەشەکانی تری لەش.
خوێنبەرە سەرەکییەکان لەناو دڵە لوولە کۆئەندام بریتین لە شا خوێنبەر و لقەکانی، لە کاتێکدا نوێنەرە سەرەکییەکانی خوێنهێنەرەکان سییە خوێنهێنەر و لقەکانیەتی.

ئەرکەکانی

ئەرکە سەرەکییەکانی دڵە لوولە کۆئەندام گواستنەوەی ئۆکسجین و خۆراک و هۆڕمۆنەکانە لە تەواوی جەستە و بە هۆی خوێنەوە دەگرێتەوە، هەروەها نەهێشتنی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و پاشەڕۆی تری زیندەچالاکییەکانی جەستە.

بەرگرییە کۆئەندام

کۆئەندامی بەرگری (Immune system) بریتییە لە تۆڕێک لە بۆرییەکانی لیمڤ کە شلەی زیادەی شانەیی (لیمڤ) لە بەشی شلەی نێوان خانەکانەوە دەردەچێت و فلتەری دەکەن بەناو لیمڤە گرێکان و دەیخەنە بەردەم لیمڤەخانەکان (خڕۆکە سپییەکانی خوێن) لە سیستەمی بەرگری و شلەکە دەگەڕێننەوە بۆ دڵە لوولە کۆئەندام. بەرگرییە کۆئەندام پێکدێت لە لیمڤ، لیمڤە لوولەکان، لیمڤە خانەکان، لیمفە گرێکان و ئەندامەکانی لیمڤ.

کارکردنی

کارەکانی لیمڤە کۆئەندام بریتییە لە لابردنی ژەهر و پاشماوەکانی لەش، دووبارە گەڕانەوەی پڕۆتین و بەرگریکردن و پاراستنی لەش لە وردە زیندەوەر و هەوکردنەکان.

کۆئەندامی هەناسە

کۆئەندامی هەناسە (Respiratory system) لە چەند ئەندامێک پێکهاتووە، لووت، گەروو، بۆڕی هەوا، بۆڕێچکەکانی هەوا، دوو لقە بۆڕی هەوا، سیکڵدانۆچکەکانی هەوا و سییەکان. کونی لووت و گەروو بەیەکەوە پێیان دەوترێت کۆئەندامی هەناسەی سەرەوە، لە کاتێکدا کە ئەندامەکانی ماونەتەوە بەشی خوارەوەی کۆئەندامی هەناسە پێکدێن.

کارکردنی

ئەندامەکانی کۆئەندامی هەناسەدان جگە لە سیکڵدانۆچکەکان کاردەکەن بۆ گواستنەوەی هەوا بۆ ناو سییەکان بە یارمەتی ماسولکەکانی هەناسەدان (بە شێوەیەکی سەرەکی ماسولکەکانی هەناسەدان و ماسولکەکانی نێوان سییەکان). کاتێک هەوا لە سییەکاندا دەبێت، دەچێتە ناو سیکلدانۆچکەکان (شوێنی ئاڵوگۆڕی گاز) و کارلێک دەکات لەگەڵ خوێن کە دەگوازرێتەوە لەلایەن سییە سووڕەوە. لێرەدا دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە خوێن لادەبرێت و ئۆکسجین دەگەڕێتەوە بۆ خوێن. بەم شێوەیە کاری سەرەکی کۆئەندامی هەناسەدان بریتییە لە هێنانی ئۆکسجین بۆ ناو لەش و دەرکردنی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن.

دەمارە کۆئەندام

کۆئەندامی دەمار (Nervous system) کۆنترۆڵی چۆنیەتی کارلێککردن و وەڵامدانەوەی ژینگە دەکات بە کۆنترۆڵکردنی کرداری ئەندامەکان لە کۆئەندامەکانی تری جەستە. ئەندامەکانی کۆئەندامی دەمار مێشک و دڕکە پەتک و ئەندامە هەستییەکانن. ئەمانە بە دەمارە خانەکانەوە بەستراونەتەوە، هەروەها کار دەکەن بۆ گواستنەوەی ئاماژە دەمارییەکان بە دەوری جەستەدا. 

دابەشبوونی دەمارە کۆئەندام

لە ڕووی مۆرفۆلۆجی (شێوە) و تۆپۆگرافییەوە، کۆئەندامی دەمار دابەشکراوە بۆ ناوەندە کۆئەندامی دەمار (CNS) و چێوە کۆئەندامی دەمار (PNS).
لە ڕووی کردارییەوە، کۆئەندامی دەمار وەک دوو بەش ڕەچاو دەکرێت، سیستەمی سۆماتیکی یاخود لەشە کۆئەندام (SNS) یان سیستەمی دەماری خۆبەخش و سیستەمی دەماری خۆبەڕێوەبردن واتا خۆییە کۆئەندامی دەمار (ANS).

ناوەندە کۆئەندامی دەمار

پێناسەی ناوەندە کۆئەندامی دەمار ئەوەیە کە زانیاری لە ژینگەی جەستەوە وەردەگرێت و ڕێنمایی دروست دەکات، بەم شێوەیە کۆنترۆڵی هەموو چالاکییەکانی لەشی مرۆڤ دەکات. ئەم زانیاریە دوو ڕێگایان هەیە یان دێنە ناوە یانیش دەچنە دەرەوە کە ئەم گواستنەوەیەش لە ڕێی چێوە کۆئەندامەوە دەکەن.

چێوە کۆئەندامی دەمار

چێوە کۆئەندامی دەمار پێناسەکەی ئەوەیە کە زانیاری لە ناوەندە کۆئەندامەوە وەردەگرێت بۆ شانە ئامانجەکان و هەروەها لە شانەی ئامانجەوە بۆ ناوەندە کۆئەندامیان دەنێرێت. چێوە کۆئەندام لە دەمار و گرێکان پێکهاتووە. ئەو دەمارانەی کە زانیاری لە ئەندامەکانی هەستییەوە هەڵدەگرن (بۆ نموونە چاو، زمان، پەردەی لووت، گوێ، پێست) بۆ ناوەندە کۆئەندامی دەماری دەنێرن پێیان دەوترێت ڕیشاڵە دەمارییە هەستییەکان. ئەو ڕیشاڵانەی کە زانیاری لە ناوەندە کۆئەندامی دەمار هەڵدەگرن و بۆ ماسولکە و ڕژێنەکانی جەستەی دەگوازنەوە پێیان  دەگوترێت ڕیشاڵە دەمارە جوڵەییەکان. لەشە کۆئەندامی دەمار و خۆییە کۆئەندامی دەمار دابەشبوونی چێوە کۆئەندامی دەمارن، لەگەڵ ئەو زانیارییانەی کە لە ڕێگەی دەمارەکانی مێشک و پشتەوە دەگوازرێنەوە. 

کۆئەندامی هەرس

کرداری کۆئەندامی هەرس (Digestive system) بریتییە لە بچووکردنەوە خۆراک و گەردەکانی بۆ ئاوێتەی بچووکتر و بچووکتر، تا ئەو کاتەی دەتوانرێت هەڵمژرێت لەلایەن لەشەوە و وەک وزە بەکاربهێنرێت. کۆئەندامەکە پێکهاتووە لە زنجیرەیەک لە ئەندامەکانی ڕێڕەوی هەرس و ئەندامی گەدە.
ئەندامەکانی کۆئەندامی هەرس لە دەمەوە بۆ قوڕگ، گەدە، ڕیخۆڵە باریکە، ڕیخۆڵە ئەستوورە، ڕێکە و کۆم. ئەندامەکانی تری ڕێڕەوی هەرس کە یارمەتیدەرن لە هەرسکردنی خۆراک بە شێوەیەکی میکانیکی و کیمیایی، ئەمانەن زمان، لیکە ڕژێن، پەنکریاس، جگەر و زراو.

کۆئەندامی میز

کۆئەندامی میز (Urinary system) بریتییە لەو کۆمەڵە ئەندامەی پاککردنەوەی لەش دەکەن. کە میز بەرهەم دەهێنن و دەری دەکەنە دەرەوەی لەش.   پێکدێت لە گورچیلەکان، میزەڕۆ، میزڵدان. گورچیلەکان ئەندامی شێوە لۆبیاین کە بە شێوەیەکی دواکەوتوو دانراون. گورچیلەکان خوێنێکی دەوڵەمەندیان هەیە کە لەلایەن خوێنبەری گورچیلەوە دابین دەکرێت. نیفرۆنەکان لەناو گورچیلەکان ئەو خوێنە پاڵاوتە دەکەن کە بەناو تۆڕی موولوولەیی (glomerulus) تێدەپەڕێت. دواتر پاڵاوتەی خوێن تێدەپەڕێت بەناو زنجیرەیەک بۆری و کۆکردنەوەی جۆگەکان، لە کۆتاییدا کۆتا پاڵاوتە زۆر دروست دەکات. تایبەتمەندییەکانی کۆئەندامی میز بریتین لە نەهێشتنی پاشەڕۆی لەش، ڕێکخستنی قەبارەی خوێن و پەستانی خوێن، ڕێکخستنی ئاستی ئەلیکترۆلیت و pHی خوێن.

کوێرە ڕژێنە کۆئەندام

کوێرە ڕژێنە کۆئەندام (Endocrine system) کۆکراوەیەکە لە ئەندامە تایبەتەکان (ڕژێنەکان) کە لە تەواوی جەستەدا بڵاوبوونەتەوە و کار بۆ بەرهەمهێنانی هۆرمۆن دەکەن. ئەو هۆڕمۆنانەی کە لەلایەن کوێرە ڕژێنە کۆئەندامەوە بەرهەم دەهێنرێن کار دەکەن بۆ ڕێکخستنی جۆراوجۆری کردارە جەستەییەکان، وەک سایرۆیدی سیانی کە زیندەچالاکی ڕێکدەخات، یان ئیسترۆجین و پرۆجێسترۆن کە سووڕی مانگانە ڕێکدەخەن. ڕژێنە ناوەکییەکان ڕاستەوخۆ هۆڕمۆنەکان دەردەدەن بۆ ناو خوێن بۆ ڕێکخستنی کرداری ئەندامە ئامانجە دوورەکان. 

کۆئەندامی زاوزێ

کۆئەندامی زاوزێ (Reproductive system)  لە چەند ئەندامی سێکسی ناوخۆیی و دەرەکی پێکدێت کە پێکەوە کار دەکەن بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی زاوزێکردن و زۆربوون. بە پێچەوانەی کۆئەندامەکانی دیکەی لەش، کۆئەندامی زاوزێ جیاوازی گەورەی هەیە لە نێوان ڕەگەزەکان. ئەندامە دەرەکییەکانی ڕەگەزی مێینە ئەندامەکانی ڕێڕەوی زێن، ئەندامە سێکسییە ناوخۆییەکانیش بریتین لە هێلکەدان، جۆگەی ڤاڵوب. مناڵدان و دامەنی ئافرەت. کە چوونەژوورەوەی تۆو و پاراستن بۆ مناڵدانی ئافرەت دابیندەکەن، هەروەها گەرمی و شێی گونجاو دابیندەکەن کە یارمەتی کرداری سێکسی و زاوزێکردن دەدات. ئەندامە دەرەکییەکانی ڕەگەزی نێرینە گوونەکان و چووکە، لە کاتێکدا ئەندامە ناوەکییەکانی پرۆستات، تۆوەڕێ و جۆگەکانە. کە ڕۆڵیان هەیە لە بەرهەمهێنانی تۆو و خەزنکردنیدا.  

پۆشەرە کۆئەندام

پۆشەرە کۆئەندام (Integumentary system) بریتییە لە کۆمەڵە ئەندامێک کە داپۆشینی دەرەکیی لەش پێکدەهێت. ئەم کۆئەندامە پێست و قژ و ڕژێنی ئارەق و وەرگری هەستی و نینۆکەکان دەگرێتەوە. ئەرکی داپۆشینی جەستەیە هەروەها زانیارییە هەستییەکان لە ژینگەی دەرەوە وەردەگرێت و دەیگەیەنێت بە کۆئەندامی دەمار.


سەرچاوەکان



4408 بینین