بیردۆزی هەڵبژاردنی ویلیام گلاسەر

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-07-22-21:07:00 - کۆدی بابەت: 9491
بیردۆزی هەڵبژاردنی ویلیام گلاسەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بیردۆزی هەڵبژاردن (بە ئینگلیزی: Choice Theory، بە عەرەبی: نظرية الاختيار) لەلایەن دەروونناس ویلیام گلاسەر (William Glasser)ـرەوە لە ساڵی ١٩٩٨ـدا نووسراوە و گەشەی سەندووە، ئەم بیردۆزە باس لەوە دەکات هەرچییەک مرۆڤ دەیکات ڕەفتارە، هاوکات هەر ڕەفتارێک مرۆڤ پێی هەڵدەستێت خواستی خۆی لەسەرە و خۆی هەڵیدەبژێرێت.
گرنگترین بیرۆکەی بیردۆزی هەڵبژاردن دەڵێت: “مرۆڤ تەنیا دەتوانێت ڕەفتارەکانی خۆی جڵەوگیر بکات نەک ڕەفتارەکانی کەسانی تر.”
هەروەها گلاسەر پێی وایە ئەگەر مرۆڤ بیرکردنەوەکانی ڕێکبخات دەتوانێت کاردانەوەکانی بەرانبەر ڕووداوەکان بگۆڕێت و بوەستێت لە لۆمەکردن و سەرزەنشتکردنی کەسانی تر و لەجێی لۆمەکردن و تاوان خستنە سەرشانی ئەوانی تر بەهۆی هەستکردن بە هەر هەستێکی نەرێنی، بۆ نموونە وەک تووڕەیی، خەمباربوون، گریان چەندانی تر. دەتوانێت بیرکردنەوەکانی بگۆڕێت و خۆی بە بەرپرسی هەموو ڕەفتارەکانی بزانێت و ئەوکات باشتر دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ خۆیدا بکات و ڕێگر بێت لەوەی هەستی نەرێنی و خراپ بە خۆی ببەخشێت.

بیردۆزی هەڵبژاردن و پێداویستییە بۆماوەییەکانی مرۆڤ

گلاسەر لە بیردۆزی هەڵبژاردندا ئاماژە بەوە دەکات هەر ڕەفتارێک کە مرۆڤ دەیکات بەهۆی پێداویستییەکی بۆماوەییەوەیە دەیکات کە پێویستی پێیەتی. هاوکات هەموو پێداویستییە بۆماوەییەکانی مرۆڤی دابەشکردووە بۆ پێنج دانە، ئەوانیش بریتین لە:

  • پێویستی بۆ مانەوە (Survival) بۆ نموونە وەکوو خواردن، جل و بەرگ، شوێنی مانەوە، هەناسەدان و هەبوونی پارێزراوی و ئاساییش.
  • پێویستی ئازادبوون (Freedom)
  • پێویستی بۆ خۆشیی بینین (Fun)
  • پێویستی بەهێزبوون (Power)
  • پێویستی خۆشەویستی، خۆشەویستیی سێکس و هەبوونی پەیوەستی (Love, Loving sex and Belonging).

ئەم پێداویستییانەی مرۆڤ لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر دەگۆڕێت.

تایبەتمەندیی پێداویستییە بۆماوەییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ

  1. گشتیین.
  2. زگماکین.
  3. تێکهەڵکێشن و پەیوەندییان پێکەوە هەیە.
  4. بە پێی کات و ساتی خۆیان تێردەکرێن.
  5. هەریەکەیان لەگەڵ ئەوی تریان کێبەرکێ دەکات.

ڕەفتارەکان لە بیردۆزی هەڵبژاردندا

بیردۆزی هەڵبژاردن ئاماژە بەوە دەکات هەر ڕەفتارێک مرۆڤ دەیکات بۆ بەدیهێنانی یەکێک یان زیاتر لە پێنج پێداویستییە سەرەتاییە بۆماوەییەکانی دەیکات و مەبەستدارە چونکە دەیەوێت بگات بە یەکێک لە پێنج پێداویستییەکەی، هەروەها ڕەفتارەکانی مرۆڤی بۆ چوار پێکهاتە دابەشکردووە کە بریتین لە (کردار، بیرکردنەوە، هەستکردن و لایەنی فیزیۆلۆجی).
هاوکات ئەو ڕاستییە ڕوون دەکاتەوە کە هەموو ڕەفتارەکانی مرۆڤ لە ناخەوە هاندەدرێن و کارتێکەرە دەرەکییەکان وەک ڕەفتاری مرۆڤەکانی تر، کاریگەرییان لەسەر مرۆڤ نییە بەڵکوو مرۆڤ خۆی بڕیاردەدات لەسەر ئەوەی کاریگەری لەسەری هەبێت یان نا. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە مرۆڤەکان خۆیان بەرپرسیارن لە ڕەفتارەکانیان و پێویستە ئەو بەرپرسیارییەتییە هەڵبگرن.

مرۆڤەکان دەتوانن کام لەمانە (کردارەکانیان، هەستەکانیان، بیکردنەوەیان، لایەنی فیزیۆلۆجیان) جڵەوگیر بکەن؟

بەگوێرەی بیردۆزەکەی گلاسەر مرۆڤەکان خۆیان ڕەفتارەکانیان هەڵدەبژێرن (ڕەفتارەکان هەموو کردار و هەست و بیرکردنەوە و جووڵەیەکی جەستەیی دەگرێتەوە کە مرۆڤ دەیکات) هەربۆیە یەکەمین شت مرۆڤ توانای جڵەوگیرکردنی هەبێت بریتییە لە کردارەکانی، لە پاش کردارەکان، دووەم ئاسانترین ڕەفتار بۆ جڵەوگیرکردن بریتییە لە بیرکردنەوەکان و دواتر هەستەکان و لایەنی جەستەیی یان فیزیۆلۆجی.

١٠ وتەی بنچینەیی و بەڵگەنەویست کە بیردۆزی هەڵبژاردن جەختی لەسەر دەکاتەوە

  1. ڕابردوو پەیوەندییەکی زۆری بەوەوە هەیە کە ئێمە کێین، بەڵام ناتوانێت ئێمە وەک و بەندکراوێک بگرێت.
  2. مرۆڤەکان تەنیا دەتوانن ڕەفتارەکانی خۆیان جڵەوگیر بکەن.
  3. هەر مرۆڤێک بەلایەنی کەمەوە دەبێت یەک پەیوەندیی چێژبەخش و سەقامگیری لە ژیانیدا هەبێت.
  4. هەرچییەک لە مرۆڤەکانی ترەوە پێمان دەگات لە ڕووی ڕەفتار و هەستەوە، هەموویان زانیاریین و مرۆڤ خۆی بڕیار دەدات کە ئایا کاریگەربێت پێیان یان نا.
  5. هەموو کێشە گەورە و نەبڕاوەکانی دەروونناسی، کێشەی پەیوەندییەکانە.
  6. ئێمەی مرۆڤ بەهۆی پێنج پێویستییی بۆماوەیییەوە ڕەفتار دەکەین.
  7. ئێمەی مرۆڤ پێداویستییەکانمان تێردەکەین بەهۆی هەبوونی جیهانێکی خوازراوی تایبەت بە خۆمان.
  8. هەموو ڕەفتارێک لە چوار پێکهاتە پێکدێت ئەوانیش: کردار، هەستکردن، بیرکردنەوە و لایەنی فیزیۆلۆجی.
  9. دانپێدانان بەوەی کە هەر مرۆڤێک خۆی ڕەفتارەکانی جڵەوگیر دەکات، ئازادیمان بۆ فەراهەم دەکات.
  10. ئێمەی مرۆڤ جڵەوگیرکردنێکی ڕاستەوخۆمان تەنیا بەسەر زیادەڕەوی کردنمان لە کردارەکانمان و بیرکردنەوەدا هەیە، بەڵام دەشتوانین بە ناڕاستەوخۆیی بەهۆی جڵەوگیرکردنی بیرکردنەوەکانمان، جڵەوگیری هەستەکانمان و لایەنی فیزیۆلۆجیمان بکەین.

جیهانی خوازراو (Quality World) یان ئەو شتانەی مرۆڤ دەیەوێت بەپێی بیردۆزی هەڵبژاردن

بیردۆزی هەڵبژاردنی ویلیام گلاسەر جیهانی خوازراوی مرۆڤەکان کە ناوی ناوە (ئەلبوومی وێنە تایبەتییەکان) کە پڕە لەو شتانەی مرۆڤ دەیەوێت، وەک بەشێک لە جیهانی ڕاستیی مرۆڤەکان دادەنێت، ئەم جیهانە تایبەتەی هەر مرۆڤێک تایبەتە و تێیدا هەموو ئەو کەس و شت و شوێن و باوەڕانەی تێدایە کە بۆی گرنگن و خوازراون و بایەخیان پێدەدات.
گلاسەر باوەڕی وایە هەر یەکێک لەو شتانەی لەناو جیهانی خوازراوی مرۆڤەکاندا هەن، وایان لێدەکەن هەست بە باشی بکەن و بەلایەنی کەمەوە یەکێک لە پێنج پێداویستییەکەیان بۆ فەراهەم بکەن. جیهانی خوازراوی هەر مرۆڤێک لە یەکێکی تر جیاوازە تەنانەت ئەگەر لە هەمان ماڵیشدا بن و شتێکی گشتی و پێوەردار نییە کە بۆ هەموو مرۆڤەکان هەمان شت بێت، بەڵکوو تایبەتە و باوەڕ و ژیانی کەسەکە دیاری دەکات چی لەناو ئەو جیهانەیدا هەبێت.

وێنە و شتە خوازراوەکانی ناو جیهانی خوازراوی مرۆڤەکان چەند تایبەتمەندییەکی هەیە کە بریتین لە:

  1. هەر یەکێکیان دەبنە هۆی گەیشتن بە یەکێک یان زیاتر لە پێداویستییە بۆماوەییەکانی مرۆڤ.
  2. دەگۆڕێن و بە شتانی تر شوێنیان دەگیرێتەوە.
  3. تایبەتن.
  4. هەمیشە لە ململانێدان و ئەگەر پێداویستییە بۆماوەییەکانی مرۆڤ پڕ نەکەنەوە ئەوکات لە جیهانی خوازراوی مرۆڤەکەدا کاڵ دەبنەوە تا وای لێدێت لەو جیهانە دێنە دەرەوە.
  5. بەپێی ڕادەی هەبوونی سۆز و خۆشەویستی و پەیوەستبوون پێیانەوە، پلەبەند کراون.
  6. بەپێی ڕادەی خواستی هەبوون و بەدەستهێنانیان لە جیهانی مرۆڤەکاندا پلەبەند کراون.

جیهانی هەستپێکراو (The perceived world) و سیستمی لێکدانەوەی هەستەکان (The perceptual system)

گلاسەری پزیشک ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە مرۆڤ بەهۆی ئەندامەکانی هەستپێکردنییەوە دەتوانێت ئەزموونی ژیانی ڕاستەقینەی بکات و بەرکەوتەی لەگەڵی هەبێت، بەو واتایەی هەر زانیارییەک کە لە جیهانی دەرەکیدا ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە سەرەتا بەرکەوتەی لەگەڵ ئەندامەکانی هەستکردندا دەبێت کە ئەوانیش پێکهاتوون لە: (چاوەکان، گوێیەکان، لووت، دەم و پێست) پاشان، ئەم هەستکردنانە بەناو سیستمی لێکدانەوەی هەستەکان لە مێشکدا دەڕۆن پاشان و بە فلتەری هەموو زانیارییەکاندا تێدەپەڕن کە پێکهاتووە لە هەموو ئەو شتانەی مرۆڤەکە دەیزانێت و ئەزموونی کردوون لە ژیانیدا، بەوهۆیەوە هەرکاتێک ڕووبەڕووی زانیارییەکی نوێ (کارتێکەرێکی دەرەکی) دەبێتەوە سێ هەڵبژاردەی دەبێت: یان زانیارییەکە فەرامۆش دەکات یان هەست دەکات ئەو زانیارییە واتادارە بەڵام پێویستی بە لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەی زیاترە لەسەری یانیش بڕیاردەدات لەسەر ئەوەی زانیارییەکە واتادارە و لە فلتەری بەهاکانی خۆی دەدات.

ئەو زانیارییانەی بە فلتەری بەهاکاندا تێپەڕدەبن ئەم سێ بەهایەیان پێ دەدرێت:

  • زانیارییە خۆش و چێژبەخشەکان دەچنە قاڵبی بەهای ئەرێنی.
  • زانیارییە ناخۆشەکان دەچنە قاڵبی بەهای نەرێنی.
  • ئەو زانیارییانەی دەکەونە ئەو نێوەندەوە بە بێلایەن هەژماردەکرێن.
  • ئەم پڕۆسەیە بە تەواوی تایبەتە بە کەسەکانەوە و لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت.

تایبەتمەندییەکانی جیهانی هەستپێکراو یان بەدەستهێنراو

جیهانی هەستپێکراوی یان بەدەستهێنراوی هەر مرۆڤێک بریتییە لە حەقیقەتی کەسەکە لەبەر ئەوەی لەو شتانە پێکدێت هەستی پێدەکات و چەند تایبەتمەندییەکی هەیە کە بریتین لە:

  1. کەسەکە خۆی حەقیقەتی دیاری دەکات لەسەر بنەمای کولتوور، پەروەردە، ئەزموون، ڕەگەز و تەمەن.
  2. تایبەتە بە هەرتاکێک.
  3. حەقیقەتی هەر مرۆڤێک ڕووبەڕووی گۆڕانی بەردەوام دەبێتەوە بەهۆی هەبوونی زانیاری نوێ، ئەزموونی نوێ و هەستکردنی نوێ.
  4. زۆرجار حەقیقەتی مرۆڤەکان نادروستە (بەڵام بە دروست دەبینرێت).

شوێنی بەراوردکردن (The comparing place) بەپێی بیردۆزی هەڵبژاردن

هەرکاتێک جیهانی خوازراو (ئەو شتەی مرۆڤ دەیەوێت) لەگەڵ جیهانی هەستپێکراو یان بەدەستهێنراو (ئەوەی مرۆڤ بەدەستی دەهێنێت) هاوتابوون ئەوا مرۆڤەکە هەست بەباشبوون دەکات، بەڵام ئەگەر ئەوەی مرۆڤ بەدەستی دەهێنێت جیاوازبێت لەوەی دەیەوێت ئەوکات بەپێی ئاستی بەهێزی و و تووندی خواستی مرۆڤەکە بۆ ئەو شتەی خواستی لەسەرییەتی، هەست بە بێتاقەتی دەکات و ئەو هەستی بێتاقەتییە وەک هاندەرێک کاردەکات تاوەکوو وا لە مرۆڤەکە بکات هەوڵبدات بۆ بەدەستهێنانی زیاتر لەوەی بەدەستی هێناوە.
گلاسەر شوێنی بەراوردکردنی لەلای مرۆڤ بە کۆمەڵێک تەرازوو چواندووە و ئاماژە بەوە دەکات هەرکاتێک تەرازووەکە هاوسەنگ بێت بەو واتایەی ئەوەی کە مرۆڤەکە دەیەوێت ئەوەبێت کە خاوەنییەتی و بەدەستی هێناوە، ئەوا بەردەوام دەبێت لەو ڕەفتار و کارانەی کردوویەتی و هەرکاتێک تەرازووەکە ناهاوسەنگ بوو هەست بە بێزاری و بێتاقەتی دەکات و هاندەدرێیت تاوەکوو ڕەفتار و کرداری جیاواز بکات لەپێناو بەدەستهێنانی ئەنجامی جیاواز.


سەرچاوەکان

267 بینین