پارتی دیموکراتی ئەمریکی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-25-15:36:00 - کۆدی بابەت: 9540
پارتی دیموکراتی ئەمریکی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حیزبی دیموکرات (بە ئینگلیزی: Democratic Party، بە عەرەبی: الحزب الديمقراطي) یەکێکە لە دوو پارتە سیاسییە گەورەکانی ئەمریکا شانبەشانی حیزبی کۆماری. پارتی دیموکراتی ئێستا سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پارتی کۆماری دیموکراتی تۆماس جێفرسۆن و جەیمس مادیسۆن، لە دەوروبەری ساڵی ١٨٢٨ لەلایەن لایەنگرانی ئەندرۆ جاکسۆنەوە دامەزراوە، بەمەش بووە بە کۆنترین پارتی سیاسی لە جیهاندا.

پێش ساڵی ١٨٦٠، حیزبەکە لایەنگری چەمکی حکوومەت و سەروەری دەوڵەتی تایبەت بوو، لە هەمان کاتدا دژی بیرۆکەی بانکی نیشتمانی و باجی بەرز بوو. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا بەردەوام بوو لە دژایەتیکردنی باجی بەرز و گفتوگۆی تاڵی ناوخۆیی سەبارەت بە ستانداردی زێڕ.

ئەم حیزبە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا دەستی کرد بە پشتیوانی کردنی چاکسازییە پێشکەوتنخوازەکان و دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم. لە سەردەمی فرانکلین ڕۆزڤێڵت و هاوپەیمانی نیو دیل لە ساڵانی ١٨٣٠ـەوە، حیزبی دیموکرات پەرەی بە بەرنامەیەکی لیبڕاڵی کۆمەڵایەتی دا. حیزب تا سەدەی بیستەم دوو باڵی هەبوو، یەکێکیان کۆنەپەرست و لایەنگری بازرگانی و ئەوی تریان پۆپۆلیستێکی کۆنەپەرست لە باشوور؛ بەڵام لە دوای ڕێککەوتنی نوێ، باڵی کۆنەپەرستی حیزبەکە بە نزیکەیی تەواو نەماوە تەنیا بەشێکی کەم نەبێت لە باشوور. هاوپەیمانی نیو دیل یان ڕێککەوتنی نوێ لە ساڵانی ١٩٣٢-١٩٦٤ لەلایەن دەنگدەرانی بە ڕەچەڵەک ئەورووپی و کاسۆلیکییەکانەوە پشتگیرییەکی گەورەی لێ دەکرا.

لەگەڵ تێپەڕاندنی یاسای مافی مەدەنی ساڵی ١٩٦٤ و یاسای مافی دەنگدانی ساڵی ١٩٦٥، بناغە بنەڕەتییەکانی ئەو دوو پارتە گۆڕا، ویلایەتەکانی باشوور زیاتر متمانەیان بە سیاسەتی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان بوو و ویلایەتەکانی باکووریش پاڵپشتی دیموکراتەکانیان دەکرد. پارتی دیموکرات مەیلی پشتگیریکردنی لەو کەسانە هەیە کە لە ناوچە شارییەکان دەژین، لەگەڵ ژنان، دەرچووانی کۆلێج و نەوەی هەزارە و کەمینە ڕەگەزی و ئایینییەکان و سێکسییەکان.

فەلسەفەی نیولیبراڵی حیزبی دیموکرات چەمکەکانی ئازادی مەدەنی و یەکسانیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ پشتیوانی لە ئابوورییەکی تێکەڵاو تێکەڵ دەکات. لە کۆنگرێسدا حیزب باڵی کۆنەپەرست و پێشکەوتنخواز و ناوەندخوازی هەیە. چاکسازی لە حوکمڕانی کۆمپانیاکان، پاراستنی ژینگە، سەندیکای کرێکاری ڕێکخراو، پاراستن و فراوانکردنی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان، کرێی خوێندنی زانکۆی گونجاو، دەستەبەرکردنی چاودێری تەندروستیی گشتگیر، دەرفەتی یەکسان، یاسای پاراستنی بەکاربەر، ناوەڕۆکی کارنامەی ئابووری حیزبن. لە پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا، بانگەشە بۆ چاکسازیی دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، مافی هاوڕەگەزخوازان، دادپەروەریی تاوانکاری، چاکسازی لە سیاسەتی کۆچبەری، یاسای توندتری چەکهەڵگرتن، مافی لەباربردن و یاساییکردنی ماریوانا دەکات. 

شازدە سەرۆکی ئەمریکا سەر بە دیموکراتەکان بوون، یەکەمیان ئەندرۆ جاکسۆن بوو کە حەڤدەهەمین سەرۆک بوو کە لە ساڵی ١٨٢٩ تا ١٨٣٧ فەرمانڕەوایی کرد. دوایینیان جۆ بایدن کە ٤٦هەمین سەرۆکی مێژووی ئەو وڵاتەیە و لە ساڵی ٢٠٢١ دەستبەکاربوو.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ـەوە، ئەم پارتە خاوەنی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، هەروەها زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ٢٣ پارێزگاری ویلایەتەکان، ١٨ ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانانی ویلایەتەکان و ١٥ ئەندامی تریفێکتای ویلایەتەکان. سەرۆکانی دیموکراتەکان لە کۆی ٩ دادوەری ئێستا سێ کەسیان بۆ دادگای باڵای ئەمریکا دەستنیشان کردووە.

مێژوو

کاربەدەستانی حیزبی دیموکرات زۆرجار سەرچاوەی ئەم حیزبە بە ئیلهامبەخشی پارتی کۆماری دیموکراتەوە دەبەستنەوە، کە لە ساڵی ١٧٩٢ لەلایەن تۆماس جێفرسۆن و جەیمس مادیسۆن و نەیارانی کاریگەری تری ئەندامانی پارتی فیدرالیستەوە دامەزراوە. ئەم پارتە ئیلهامبەخشی حیزبە ڕاستڕەو و کۆمارییەکانی هاوچەرخ بووە. لە بەرەی ڕێکخراوەییدا، لە ڕاستیدا پارتی دیموکراتی هاوچەرخ لە ساڵانی ١٨٣٠ بە هەڵبژاردنی ئەندرۆ جاکسۆن سەریهەڵدا.

لە دوای کاندیدکردنی ویلیام جینینگز برایان لە ساڵی ١٨٩٦، تەواوی پارتەکە لە پرسە ئابوورییەکاندا، پەیوەندییان بە باڵی چەپی پارتی کۆمارییەوە کردووە. دیموکراتەکان لە ساڵی ١٩٨٤ـەوە زیاتر لیبڕاڵی بوون لەسەر مافە مەدەنییەکان، هەرچەندە کۆمەڵە کۆنەپەرستەکان لە باشوور کە دژیان بوون تا شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بەردەوام بوون.

سەدەی بیست و یەکەم

لە دوای هێرشە تیرۆریستییەکانی ساڵی ٢٠٠١ بۆ سەر ناوەندی بازرگانی جیهانی و پنتاگۆن و هەروەها پەرەسەندنی نیگەرانی لە گەرمبوونی جیهان، بەشێک لە پرسە سەرەکییەکانی ئەو حیزبە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا بریتی بوون لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، فراوانبوونی دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی، و مافەکانی کرێکاران و پاراستنی ژینگە. دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٦ کۆنترۆڵی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانیان گرتەوە، باراک ئۆباما پاڵێوراوی دیموکراتەکان لە ساڵی ٢٠٠٨ هەڵبژێردرا و بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەفریقایی ئەمریکا. لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئۆبامادا، پارتەکە کۆمەڵێک چاکسازی ئەنجام دا، وەک پاکێجی هاندانی ئابووری، پڕۆژە یاساکانی چاکسازی دارایی دۆد و فرانک و پڕۆژە یاسای ئۆباما کەیر.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠دا پارتی دیموکرات کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران و زۆرینەی خۆی لە ئەنجوومەنی یاسادانانی ویلایەتەکان و پارێزگارەکانی ویلایەتەکان لەدەستدا. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٢دا باراک ئۆباما دووبارە هەڵبژێردرایەوە، بەڵام پارتەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە کەمینە مایەوە و لە ساڵی ٢٠١٤دا کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی پیرانی لەدەستدا.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٦ هەڵبژێردرا، پارتی دیموکرات بوو بە حیزبی ئۆپۆزسیۆن و پۆستی سەرۆکایەتی و ئەنجوومەنی پیرانیشی بەدەستەوە نەما، بەڵام دوای هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی ٢٠١٨، زۆرینەی دەنگەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران وەرگرتەوە. دیموکراتەکان زۆر ڕەخنەیان لە سەرۆک ترەمپ گرت، بە تایبەت سیاسەتەکانی سەبارەت بە کۆچ و چاودێریی تەندروستی و لەباربردنی منداڵ، هەروەها وەڵامدانەوەی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی توێژینەوەی پیو، دیموکراتەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ٢٠١٢ زیاتر عەلمانی و لیبڕاڵتر بوون لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە. بە پشتبەستن بە ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٤، کۆمپانیای گالۆپ بۆی دەرکەوتووە کە ٣٠٪ی ئەمریکییەکان خۆیان بە دیموکرات و ٢٣٪ وەک کۆماری و ٤٥٪ وەک سەربەخۆ دەناسێنن.

لە هەمان ڕاپرسیدا، ڕاپرسییەک لە دەنگدەرانی تۆمارکراو دەریخست کە ٤٧% خۆیان وەک دیموکرات دەناسێنن یان مەیلیان بەرەو حیزبەکە هەیە. هەمان ڕاپرسی دەریخستووە کە ٤٠%ی دەنگدەرانی تۆمارکراو خۆیان وەک کۆماری دەبینن یان مەیلیان بەرەو پارتی کۆماری هەیە.

ئایدۆلۆجیا

حیزبی دیموکرات لە دامەزرانیدا پشتگیری لە فەلسەفەی چاکسازی کشتوکاڵی و بزووتنەوەی دیموکراسی جاکسۆنی کرد کە سەرۆک ئەندرۆ جاکسۆن سەرۆکایەتی دەکرد، کە نوێنەرایەتی جووتیاران و بەرژەوەندییەکانی گوندەکان و دیموکراتە نەریتییەکانی جێفرسۆنی دەکرد. لە ساڵانی ١٨٩٠ـەوە، بە تایبەت لە دەوڵەتەکانی باکوور، حیزب دەستی کرد بە لایەنگری هەڵوێستی لیبراڵی زیاتر. ڕاپرسییەکانی پێشنیاری دەنگدەران، پشتگیرییەکی بەرفراوانیان بۆ حیزبی دیموکرات لە سەرانسەری هەموو دیمۆگرافیای کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و ئابووریدا کۆکردەوە.

بە درێژایی مێژوو ئەم حیزبە بەهۆی دژایەتیکردنی بازرگانی و دارایی ڕێکنەخراو و وەستان لە بەرژەوەندیی باجی داهاتی پێشکەوتنخوازانە، نوێنەرایەتی جوتیاران و کرێکاران و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی کردووە. لە بەرەی سیاسەتی دەرەوەدا، ئینتەرناسیۆنالیزم (لەوانەش دەستێوەردانخوازی) لە ساڵی ١٩١٣ـەوە تا ناوەڕاستی شەستەکان بابەتێکی باڵادەست بووە تێیدا.

ئەم حیزبە لە ساڵانی ١٩٣٠ دەستی پێکرد بۆ پێشخستنی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان کە ئامانجی لەپێشینەیان هەژاران بوو. پارتەکە باڵێکی کۆنەپەرستی دارایی و لایەنگری بازرگانی هەبوو، کە گرۆڤەر کلیڤلاند و ئەل سمیس نوێنەرایەتییان دەکرد، هەروەها باڵێکی کۆنەپەرستی باشووری هەبوو کە دوای ئەوەی سەرۆک لیندۆن جۆنسۆن پشتگیری لە یاسای مافە مەدەنییەکانی ساڵی ١٩٦٤ کرد بچووک بووەوە.

ژینگە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بووەتە پێکهاتەیەکی سەرەکی حیزب. حیزبی دیموکراتی سەدەی ٢١ تا ڕادەیەکی زۆر لە هاوپەیمانییەک لە ناوەندگەراکان، لیبراڵەکان و پێشکەوتنخوازەکان پێکهاتووە، کە سەریەککەوتنێکی بەرچاو لە نێوان ئەو سێ گرووپەدا هەیە. زانایانی سیاسی، پێیان وایە حیزبی دیموکرات لەڕووی ئایدۆلۆجیاوە کەمتر یەکگرتووە لە چاو حیزبی کۆماریخواز، بەهۆی هەمەجۆریی فراوانتری هاوپەیمانییەکان بە بەراورد بە حیزبی کۆماری.

حیزبی دیموکرات پێشتر لە باشووری خۆرهەڵاتی ئەمریکا باڵادەست بوو، بەڵام لەم سەردەمەدا لە باکووری ڕۆژهەڵات (ئەتڵەسی ناوەڕاست و نیو ئینگلاند) و ناوچەی دەریاچە گەورەکان و کەناری ڕۆژاوا (لەوانەش هاوای) بەهێزترینە، کاریگەرییەکی بەرفراوانی لە شارە گەورەکانیشدا هەیە.

سەرۆکەکان

کۆی گشتیی ئەو سەرۆکانەی ئەمریکا کە سەر به‌ پارتی دیموکرات بوون ١٦ کەسن.

  ناو ویلایەت دەستپێکی سەرۆکایەتی کۆتاییی سەرۆکایەتی
٧ ئەندرۆ جاکسۆن تێنسی ٤ ئازاری ١٨٢٩ ٤ ئازاری ١٨٣٧
٨ مارتن ڤان بورێن نیو یۆرک ٤ ئازاری ١٨٣٧ ٤ ئازاری ١٨٤١
١١ جەیمس بوک تێنسی ٤ ئازاری ١٨٤٥ ٤ ئازاری ١٨٤٩
١٤ فرانکلین پیرس نیو هامپشایر ٤ ئازاری ١٨٥٣ ٤ ئازاری ١٨٥٧
١٥ جەیمس بوکانان پێنسیلڤانیا ٤ ئازاری ١٨٥٧ ٤ ئازاری ١٨٦١
١٧ ئەندرۆ جۆنسۆن تێنسی ١٥ نیسانی ١٨٦٥ ٤ ئازاری ١٨٦٩
٢٢ گرۆڤەر کلیڤلاند نیو یۆرک ٤ ئازاری ١٨٨٥ ٤ ئازاری ١٨٨٩
٢٤ ٤ ئازاری ١٨٩٣ ٤ ئازاری ١٨٩٧
٢٨ وودرۆ ویلسۆن نیو جێرسی ٤ ئازاری ١٩١٣ ٤ ئازاری ١٩٢١
٣٢ فرانکلین ڕۆزڤێڵت نیو یۆرک ٤ ئازاری ١٩٣٣ ١٢ نیسانی ١٩٤٥
٣٣ هاری ترومان میسۆری ١٢ نیسانی ١٩٤٥ ٢٠ کانوونی دووەمی ١٩٥٣
٣٥ جۆن کێنێدی ماساشوستس ٢٠ کانوونی دووەمی ١٩٦١ ٢٢ تشرینی دووەمی ١٩٦٣
٣٦ لیندۆن جۆنسۆن تێکساس ٢٢ تشرینی دووەمی ١٩٦٣ ٢٠ کانوونی دووەمی ١٩٦٩
٣٩ جیمی کارتەر جۆرجیا ٢٠ کانوونی دووەمی ١٩٧٧ ٢٠ کانوونی دووەمی ١٩٨١
٤٢ بیل کلینتۆن ئارکانساس ٢٠ کانوونی دووەمی ١٩٩٣ ٢٠ کانوونی دووەمی ٢٠٠١
٤٤ باراک ئۆباما ئیلینۆیس ٢٠ کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ ٢٠ کانوونی دووەمی ٢٠١٧
٤٦ جۆ بایدن دێلاوێر ٢٠ کانوونی دووەمی ٢٠٢١  


سەرچاوەکان



444 بینین