لە فیراقی قادری وەستا خدر - شێخ ڕەزا

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-07-31-23:17:00 - کۆدی بابەت: 9636
لە فیراقی قادری وەستا خدر - شێخ ڕەزا

ناوه‌ڕۆك

لە فیراقی قادری وەستا خدر

شاعیر: شێخ ڕەزا

بەرهەم: دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی

هۆنراوە: لە فیراقی قادری وەستا خدر

بۆ نەسووتێ جگەر و بۆ چی نەبێ دڵ بە کەباب
بۆ چی نەڕوا لە تەنم ڕۆحی ڕەوان میسلی شەهاب

بۆ لە سەرچاوەیی چاو هەڵنەقوڵێ ڕەشحەیی خوێن
بۆچ لە فەووارەیی موژگان نەتکێ قەترەیی ئاب

بۆ لە بەر ناڵەی نەبێ حەڵقەیی حەڵقم بە سروود
بۆچ لە بەر گریە نەبێ چەشمەیی چەشمم بە سەراب

موئنیسی ڕۆژ و شەوم باعیسی ئارامی دڵم
ڕۆیی و من لە غەمی کەوتمە نێو بەحری عەزاب

بە وقووعی سەفەری قادری وەستا خدرم
خانەیی عەیشمی تاڵ کرد فەلەکی خانەخەراب

چەنگ و نەی لێ مەدە موتریب کە لەبەر فیرقەتی ئەو
ڕەنەکی ڕۆحە لە گوێم نەغمەیی ئاوازی ڕەباب

ساغەری مەی مەدە ساقی! کە لە بەر دوورییی ئەو
تاڵە وەک ژەهری هەلاهیل لە مەزاقم مەیی ناب

کاری کردن نەبوو ئەم کارە کە گەردوونی دەنی
کردی، ڕووی ڕەش بێ وەکو بەختی من و پەڕڕی غوراب

ئەی ڕەزا! ڕەنگە لە بەر فیرقەتی ئەو موئنیسە تۆ
قەت نەبی خاڵی وەکوو کوورە لە سۆزی تەب و تاب


سەرچاوەکان



545 بینین