لیڤای ئاکرمان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-03-13:55:00 - کۆدی بابەت: 9667
لیڤای ئاکرمان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لیڤای ئاکرمان یاخود لیڤای ئاکەرمان (بە ئینگلیزی: Levi Ackermann، بە عەرەبی: ليفاي أكرمان) کەسایەتییەکی نێو زنجیرەئەنیمیی هێرش بۆ سەر زەبەلاحەکانە و ئەفسەرێکی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانە لەناو گەلەی هەواڵگری (Scout Regiment)، بەهێزترین سەربازی مرۆڤایەتییە و سەر بە هۆزی ئاکرمانەکانە. 

ژیان

لیڤای کوڕی کوچێل ئاکرمانە کە لەشفرۆشێکە و لە ژێرزەمین کاردەکات و لەلایەن یەکێک لە کڕیارەکانەوە دووگیان دەکرێت. ڕۆژێک کێنی ئاکرمان، برا گەورەکەی کوچێل، هاتە شارەکە بۆ ئەوەی بیبینێت بەڵام بۆی دەرکەوت کە مردووە. لەوێدا لیڤاییەکی منداڵ و خراپەکاری بینی کە لەبەردەم جێگەی دایکیدا دانیشتبوو. بڕیاری دا لیڤای بە شێوەیەک بەخێو بکات کە تەنیا ئاگاداری بێت و دڵنیابێتەوە کە دەتوانێت خۆی بپارێزێت: فێری لێهاتوویی چەقۆ و چۆنێتی پێکەوەبوون لەگەڵ خەڵک و ڕەفتاری توندوتیژی کرد. هەروەها لیڤای فێری بەکارهێنانی هێزی ناوەوەی خۆی بوو، کە وەک ئەندامێکی بنەماڵەی ئاکرمان خاوەنی بوو چونکە ئاکرمانەکان خاوەنی هێزێکی جیاوازن.

ڕۆژێک لە شارە ژێر زەوییەکە لیڤای دەستی بە شەڕێک کرد کە بە ئاسانی سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لەو ساتەدا کێنی بڕیاریدا بەجێی بهێڵێت. لە کۆتاییدا لیڤای بە کڵێسای فورلان ئاشنا بوو. فورلان بڕیاریدا هێزی لیڤای تاقی بکاتەوە بە ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک چەقۆکێش شەڕ بکات. پلانی فورلان ئەوە بوو کە بزانێت لیڤای شایەنی ئەوەیە لە گرووپە چەقۆکێشەکەی بێت یان نا، سەری سوڕما کە بینی لیڤای بە تەنیا لە هەموویانی داوە، بۆیە دەبنە هاوڕێ و و دواجار پێکەوە دەستیان کرد بە دروستکردنی باندێک.

دوای ئەوەی یەکێک دزییەک دەکەن، فۆرلان ویستی پارەکە لەنێوان ئەندامەکان دابەش بکات، دەیزانی "یان" بەدەست پێکانێکی قاچییەوە دەناڵێنێت و پێویستی بە پارەی زیادە دەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت دەرمان بکڕێت، بۆیە بڕێکی زیاتری پێدا لەچاو ئەوانی تردا. لیڤای هەست بەمە دەکات و لێی دەپرسێت، بەڵام کاتێک فۆرلان دەیەوێت بۆی ڕوون بکاتەوە بۆچی بەوشێوەیە کچێک دێتە ماڵەکەیانەوە کە چەند کەسێک شوێنی کەوتوون، لیڤای کچەکە منداڵەکە دەپارێزێت و لەگەڵ خۆیاندا دەیهێڵێتەوە. لەوێوە کچەکە کە ناوی ئیزابێلە دەبێتە ئەندامێکی باندەکە و فێری ئامێری سێ ڕەهەندی دەبێت.

ناسینی ئێروین

کەسێک لەبارەی کارێکەوە لە لیڤای و فۆرلان و ئیزابێل نزیک دەبێتەوە. داوای ئەوەیان لێ دەکات پەڕاوێک لە گەلەی هەواڵگری بدزن و بۆی ببەن، لە ئاکامی ئەوەشدا ئەو مافی ئەوەیان پێ دەدات لەسەر زەوی بژین و لە ناوچەی ژێرزەمین بێنە دەرەوە، هەروەها چارەسەری "یان"ـی هاوڕێیان دەکات. بۆ ئەم کارەش خۆیان ئامادە دەکەن. دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی دزیکردنەکە، کۆمەڵێک پۆلیسی سەربازی ئاسایی دەکەونە شوێنیان، بەڵام بەهۆی لێهاتوویی لیڤای و هاوڕێکانی ونیان دەکەن، بەڵام چەند کەسێکی تر شوێنیان کەوتوون کە جلوبەرگەکانیاندا دیارە ئەندامی گەلەی هەواڵگریین و زۆر لێهاتوون لە بەکارهێنانی ئامێری سێ ڕەهەندی. 

لە ئەنجامدا دەتوانن سێیەکە دەستگیر بکەن، ئێروین لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکات سەبارەت بەوەی کە ئامێری سێ ڕەهەندییان لەکوێوە وەرگرتووە. پاشان ئێروین گرێبەستێک پێشکەش بە لیڤای دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندی بە گەلەی هەواڵگرییەوە بکات، ئەوکات لەسەر تاوانەکانی تۆمەتبار ناکرێت بەڵام ئەگەر لیڤای ڕەتی بکاتەوە، ئەوا ڕادەستی پۆلیسی سەربازی دەکرێنەوە، بۆیە لیڤای ڕازی دەبێت. 

لەوێ بڕیار دەدەن ئەو بەڵگەنامەیە بدزن کە بەڵێنیان پێ درابوو لەسەری، بۆ گەشتێکی پشکنین گەلەکە دەچێتە دەرەوە و سێیەکەش لەگەڵیان دەڕۆن، دوای ماوەیەکی کەم، بارانبارینی زۆر دەست پێ دەکات و بینینی سەربازەکانی سنووردار دەکات. لیڤای تێدەگات ئەمە باشترین دەرفەتە بۆ کوشتنی ئێروین و بەدەستهێنانی بەڵگەنامەکە بەبێ ئەوەی ببینرێت. بە فۆرلان و ئیزابێل دەڵێت کە لە دوای بمێننەوە بۆ ئەوەی گەلەکە هەست بە جووڵانی هەرسێیان نەکات. 

بۆ ماوەیەک دەڕوات و دەبینێت کۆمەڵێک تەرمی زۆر کەوتوون، لە نێویاندا سەری ئیزابێل و جەستەی نیوەخوراوی فۆرلان دەدۆزێتەوە کە لەلایەن زەبەلاحێکەوە دەخورێت، لیڤای بە دڕندانەترین شێوە زەبەلاحەکە پارچە پارچە دەکات. دواتر ئێروین دێتە لای و لیڤای هێرش دەکاتە سەری. بەڵام ئێروین پێی دەڵێت کە دەمێکە نیازی ئەو دەزانێت و بەڵگەنامە ڕاستەقینەکەی ناردووە بۆ فەرماندەی گشتی.

ئەمەش لیڤای سەرسام دەکات؛ تێدەگات چی لەدەست داوە و پێش دەستپێکردنی کارەکە کۆتایی هاتووە. ئێروین پێی دەڵێت پەشیمان نەبێتەوە لە هەڵبژاردنەکانی، چونکە گەر وابێت چیتر ناتوانێت هیچ بڕیارێک بدات. بۆیە لیڤای بڕیار دەدات بۆ هەمیشە لە گەلەی هەواڵگری بمێنێتەوە و خزمەتی ئێروین بکات بەهۆی ئەوەی کەسێکی زیرەک و دانایە و ئامانجگەلێکی زۆری لە ژیاندا هەیە. 

ڕووخسار

لیڤای قژێکی ڕەشی کورت و ڕێکی هەیە کە بە ژێربڕینێک ستایلی بۆ کراوە، هەروەها چاوی شین و تەسک و ترسناکە و بازنەی ڕەش لە ژێریاندا هەیە، و دەموچاوێکی گەنجی فریودەرانەی هەیە. باڵای زۆر کورتە و خاوەنی کەسایەتیەکی تووڕە و بێدەنگ و وردە و زۆرینەی سەربازەکان لە گەلەی هەواڵگری و یەکەکانی تری سوپا ڕێزێکی تایبەتی لێ دەگرن و سڵی لێ دەکەنەوە. زۆرترین جار بە جلوبەرگی تایبەتی گەلەی هەواڵگرییەوە دەردەکەوێت، لە ژێرەوە کراسێکی خۆڵەمێشی سووکی قۆپچەداری لەبەرە، لە سەری ئەوەوە عەبایەکی سەوزی لەبەرە کە هێمای باڵەکانی ئازادی لەسەرە.

سپۆیڵ: بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لەکاتی ڕووبەڕووبونەوەیەکدا بریندار دەبێت و دوو پەنجەی دەقرتێت و بڕینێکی گەورە لەسەر ڕووخساری دروست دەبێت کە چاوێکی نابینا دەکات

کەسایەتی

لیڤای لەلایەن ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی نزیک دەیناسن بە "پاککەرەوە" ناو دەبرێت، چونکە ئەو پێی باشە ژینگەکەی و خۆی پاکوخاوێن و بێ پەڵە بێت. ئەو ڕقی لەوەیە خۆی یان ئامێرەکانی پیس بێت و بەو شێوەیە ناسراوە کە تیغە خوێناوییەکانی دەسڕێتەوە تەنانەت کاتێکیش کە لە جەنگدایە. 

کەسێکە بە دەگمەن هەست و سۆز نیشان دەدات، کاریگەرییەکی سارد بە کەسانی تر دەبەخشێت. شێوازی قسەکردنی مەیلی ئەوەی تێدا دەبینرێت کە دەیەوێت بێدەنگ بێت و قسەکانی وەک سووکایەتی دەردەکەون، زۆرجار لێدوانەکانی درشت یان بە شێوەیەک لە شێوەکان نەگونجاون. زۆر ڕقی لەوەیە فرمان لە کەسێکی ترەوە وەربگرێت، بەڵام دوای ئەوەی فەرماندە ئێروین سمیس دەناسێت ڕێزێکی زۆری لێ دەگرێت و هەموو فرمانەکانی جێبەجێ دەکات. لە هیچ شوێنێک گرنگی بە کەسانی دەوروبەری نادات و ئەو قسەی دەیەوێت دەیکات، لە دادگای ئێرێن، سووکایەتی بە بازرگانەکان کرد بە ناوی "بەراز" ناوی بردن و بە پۆلیسی سەربازی گوت کە ئەوان ئەوەندە لێهاتوو نین مامەڵە لەگەڵ ئێرێن بکەن.

هەرچەندە بە دەگمەن نیشانی دەدات، بەڵام لیڤای کەسێکی بەڕەوشت و هاوسۆزە. یەکێک لە تایبەتمەندییە دیاریکەرەکانی ئەو ئەو بەها گەورەیەیە کە دەیخاتە سەر پاراستنی ژیانی مرۆڤ: ئەمە بە تایبەتی کاتێک دەردەکەوێت کە بۆی دەردەکەوێت زەبەلاحەکان پێشتر مرۆڤ بوون و زۆرێکی لێ کوشتوون، ئەو بیرکردنەوە کە ئەو هەموو ئەم ماوەیە بەبێ ئەوەی بزانێت مرۆڤی کوشتووە، زۆر ناڕەحەتی دەکات. ڕقی لە شەڕ و زیانی ناپێویستە و بە سەربازەکانی دەڵێت تەنیا خۆیان بپارێزن. 

بەهۆی پیشە مەترسیدارەکەیان و بەها کەسییەکانییەوە، زۆر گرنگی بە خۆشگوزەرانیی ژێردەستەکانی دەدات. کاتێک فەرمانی پێدرا کە زوو پاشەکشە بکات بۆ دیواری ڕۆز، لیڤای بە شێوەیەکی دیار دڵتەنگ بوو کە زۆرێک لە سەربازەکانی لە ئەرکێکی بێ ئەنجامدا مردبوون. 

لە کاتێکدا لیڤای دڵسۆزی و هاوسۆزی بۆ هاوڕێکانی نیشان دەدات، بەڵام هیچ بەزەیییەک بەرانبەر بە زەبەلاح و دژمنەکان نیشان نادات، بەبێ جیاوازی بە بێباکییەکی ئاشکرا سەریان دەبڕێت. لیڤای شێوەیەک لە شێوەکانی ڕەفتاری سادیستیانەی هەیە، بۆ نموونە کاتێک زەبەلاحی مێینە گیرا، لیڤای پێی وت کە چێژ لە سەیرکردنی ئازارەکانی وەردەگرێت.

زانیاریی ورد

  • ناوەکەی لە بنەڕەتدا عیبرییە، و بە واتای "لکێنراو" یان "پەیوەستبوون" دێت.
  • بۆ ناوی لە کەسێکەوە وەرگیراوە لە فیلمی دیکۆمێنتاریی ئەمریکی Jesus Camp.
  • تەمەنی لیڤای یەکێکە لەو چەند نهێنییەی کە ئیسایاما لە چاوپێکەوتنەکانیدا ئاماژەی پێکردووە. جارێک ڕایگەیاندبوو کە لیڤای پیرە و تەمەنی لە ٣٠ زیاترە. 
  • لیڤای حەزێکی زۆری لە چای ڕەشە. تەنانەت ئیسایاما لە کۆنگرەیەکدا دەڵێت لیڤای ویستوویەتی چایخانەیەک بکاتەوە.
  • تەنیا بۆ ماوەی دوو بۆ سێ کاتژمێر دەخەوێت لە شەو و ڕۆژێکدا. جلوبەرگەکانی ناگۆڕێت و لەجێی ئەوەی شوێنی خەوی تایبەتی هەبێت لەسەر کورسییەک یان شوێنێکی دانیشتن دەخەوێت.
  • بەهۆی ئەوەی ساڵانێکی زۆر لە ناوچەی ژێرزەمیندا ژیاوە کە ناوچەیەکی پیسە و پڕە لە کوشتن و بڕین و تاوان، هەمیشە حەزی کردووە ماڵێکی خاوێنی هەبێت، ئەمەش هۆکارێکە بۆ خۆشەویستیی ئەو بۆ پاکوخاوێنی.


سەرچاوەکان



839 بینین