سمڵا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-14-22:21:00 - کۆدی بابەت: 9840
سمڵا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵی سمڵا یان گوڵی تولیپ (بە عەرەبی: زهرة التولیب، بە ئینگلیزی: Tulip، ناوی زانستی: Tulipa)، یەکێکە لە ئەو گوڵانەی کە بۆ بڕین و جوانکاری و فرۆشتن بەکاردێت، هەرچەندە لە ڕووی تەکنیکییەوە گوڵێکی هەمیشەییە و ساڵانە لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە، بەڵام زۆرینەی وڵاتەکان پەڕینی جیاوازیان بە گوڵەکە کردووە و جۆری دووڕەگیان بەرهەمهێناوە، لە ئەنجامدا تۆوەکەی لاوازبووە و زۆرینەی باخەوانەکان هەموو ساڵێک دەیچێنن.

هەندێک لە خەڵکی هەستیارییان هەیە بۆ تولیپ و لەنزیکی نامێننەوە، لە ڕابردوودا بەگوێرەی جێگەکان ئەم گوڵە وەک هێمای جیاواز ناوبراوە، بۆ نموونە عوسمانییەکان لە تورکیا وەک بەهەشتی سەر زەوی و شتێکی پیرۆز ناویان بردووە، بەڵام لە هۆڵەندا بەواتای تەمەنێکی زۆر کورتخایەن بووە، کە هۆڵەندا لە ئێستادا سەرەکیترین وڵاتی بەرهەمهێنەری سەلکی سمڵایە، ساڵانە سێ بلیۆن سەلک بەرهەمدەهێنێت و زۆرینەی هەناردەی دەرەوە دەکەن.  

شێوە و پێکهاتەی

گوڵی سمڵا گەڵای سەوزی هەیە لەگەڵ گوڵی ڕەنگ کاڵ، گوڵەکانی لە سەرەتا و ناوەڕاستی هاویندا دەردەکەون، شێوەکەی وەک پەرداخێکە لە سێ پەڕەی گوڵ و سێ کاسە پێکهاتووە، چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە و دەکرێت هەریەک لە مۆر، پەمەیی، زەرد، سوور و سپی بێت، قەبارەی ڕووەکەکە جیاوازە دەکرێت بچووک بێت و هەندێکی تری گەورەتر، کە بەرزییەکەی لە نێوان ١٥-٦٠ سانتیمەتر دەبێت، بەگشتی جۆرە کێوییەکان قەبارەیان بچووکترە.

هەر بنجێکی تولیپ یەک گوڵ یان دوو گوڵ دەگرێت لەگەڵ ٢-٦ گەڵای درێژەوەبوو و فراوان، گەڵاکان ڕەنگیان لە نێوان سەوز بۆ شینە، نابێت گەڵاکان لە گوڵەکە بکرێنەوە ئەگەر بمانەوێت ساڵی ئایندە گوڵبگرێتەوە، بەڵکو دەبێت چاوەڕێ بکرێت هەتاکوو گەڵاکان خۆیان زەرد دەبن و دەوەرن، دواتر گوڵەکە ببڕدرێت، جگە لە ئەمانەش سمڵا لە بنجەکەیدا سەلکێکی هەیە و لەگەڵ گەشەسەندنی گوڵەکەدا خۆی نوێ دەکاتەوە و دابەش دەبێت.  

سوودەکانی

  • بۆ جوانکاری ناوماڵ.
  • دروستکردنی بەرهەمەکانی جوانکاری پێست، بەتایبەتی بۆ پێستی وشک و هەستیار.
  • چارەسەرکردنی هەڵامەت و سەرمابوون.
  • کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە.
  • بەسوودە بۆ ئازاری لووت و سەرئێشە و تا.
  • دروستکردنی زەیت، کە دواتر بۆ مەبەستی جیاواز بەکاردێت.
  • دروستکردنی بۆن.
  • بۆ چارەسەکردنی شوێنی پێوەدانی مێرووەکان.
  • لابردنی نیشانەکانی هەستیاری وەک خوران و سووتانەوە و برینی پێست.

شێوازی چاندن و گرنگیپێدانی

کاتی چاندنی ئەم گوڵە لە پاییزدایە و بە شێوەی سەلک زیاد دەکرێت، کاتی چاندنیشی نابێت بگاتە سەرمای زستان، مەودای نێوان سەلکەکان لەنێوان ١٠-١٥ سانتیمەتر دەبێت، قووڵایی ٣٠-٣٨ سانتیمەتر لە خاک هەڵبکۆڵرێت و شیبکرێتەوە، بەشی سەرەوەی دەبێت ٥-١٠ سانتیمەتر بە سەماد دابپۆشرێت کە جۆرێک پەینی گژوگیایە، ئەم مەودا قووڵە بۆ ئەوەیە کە ئاو کەڵەکە نەبێت و بەئاسانی تێپەڕێت، پاشان سەلکەکە لە قووڵایی ١٥-٢٠ سانتیمەتردا دەچێنرێت، دوای چاندنیشی پێویستە ڕاستەوخۆ ئاو بدرێت.

ئەگەر باران ببارێت ئەوا پێویستی بە ئاودان نابێت بەڵام ئەگەر نەبارێت، دەبێت هەفتانە چاوەڕێ بکرێت خاکەکەی وشکبێتەوە پاشان ئاوی پێبدرێت، چونکە ئاودانی زۆر و تەڕبوونی خاکەکەی دەبێتە هۆی تووشبوونی بە نەخۆشی کەڕووەکان، چەکەرەکردنی گوڵەکە لە کۆتایی زستان بۆ سەرەتای بەهارە، ئەگەر کەشوهەوا بگۆڕێت و لە زستاندا ئاووهەوا مامناوەندبێت، ئەوا چەکەرەکردنی گوڵەکە کێشە دروستناکات، چونکە دەتوانێت لە هەبوونی کەشی سارددا گەشەی بوەستێنێت و لە ژیاندا بمێنێتەوە.  

جێگەکەی پێویستی بە خۆری زۆر نییە و تەنها ڕووناکی بەیانیانی پێویستە، واتە نابێت گەرمی زۆر و خۆری بەردەوامی هەبێت، هەروەها هەموو جۆرەکانی گوڵی سمڵا ئارەزووی شێ ناکەن و دەبێت خاکەکەیان وشک بێت، چونکە سمڵا گوڵێکی ناسکە دەبێت جۆرە بەرزەکانی لە مەترسی با و ڕەشەبا بپارێزرێت، جۆرە بچووکەکان ساڵانە خۆیان دەڕوێنەوە لەسەر هەمان بنجی ساڵی پێشوو، بەڵام گەورەکان پێویستییان بە دووبارە چاندنەوە دەبێت.  


سەرچاوەکان

76 بینین