پاستای سەوزەوات

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-08-22-21:19:00 - کۆدی بابەت: 9952
پاستای سەوزەوات

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پاستای سەوزەوات (بە ئینگلیزی: Vegetable pasta)، (بە عەرەبی: باستا خضار) جۆرێکی تری پاستایە، کە هیچ جۆرە گۆشتێکی تێدا بەکارناهێنرێت. دەکرێت تەندروسترین جۆری پاستا بێت، چونکە زۆرترین پێکهاتەکانی سەوزەواتە. سەوزەکانیش سوودێکی زۆریان بۆ جەستە هەیە. هەروەها شێوازی ئامادەکردنی لە هەموو جۆرەکانی تری پاستا ئاسانترە.

کەرەستەکان

  1. یەک کیسە پاستا
  2. کەرەوز ٢٠ گرام
  3. تەماتەی بچووک پێنج دانە
  4. پیازێکی گەورە
  5. گێزەرێکی مامناوەند
  6. زەڕات ٣٠ گرام
  7. بەزالیا ٣٠ گرام
  8. قارچک ٥٠ گرام
  9. پەنیری گودا بەپێی خواستی خۆت
  10. بیبەری سەوز، سوور، زەرد یەکی دانەیەکی بچووک
  11. خوێ، زەیت، بیبەری توونی کوتراو بەپێی پێویست
  12. تۆزی تەماتەی وشککراو بەپێی پێویست

شێوازی دروستکردن

  1. سەرەتا پاستاکە دەکەیتە مەنجەڵێک ئاوی گەرمەوە، تاکوو نەرم ببێتەوە، پاشان دەست دەکەیت بە لەتکردنی کەرەستەکانی تر.
  2. پیازەکە بە ئەڵقەیی لەت دەکەیت، لەناو زەیتەکەدا سووری دەکەیتەوە. پاش ئەوەی قارچکەکانت بە تەنکی بڕی تێکەڵی پیازەکەی دەکەیت و پێویستە پێکەوە سوور ببنەوە.
  3. پاشان هەموو بیبەرەکان و گێزەرەکە و کەرەوزەکە، بە قاشی زۆر باریکی درێژ لەت دەکەیت. تێکەڵی پیاز و قارچکەکەی دەکەیت، پاشان تەماتە بچووکەکان دەکەیت بە دوو بەشەوە و تێکەڵی دەکەیت.
  4. دوای ئەوەی هەموویان پێکەوە سووربوونەوە، زەڕات و بەزالیاکەی تێ دەکەیت لەگەڵ خوێ و بیبەرە توونەکەدا. پاشان تۆزی تەماتە وشککراوەکە دەکەیت بە سەریاندا و سەری دەنێیتەوە تاکوو چەند خولەکێکی تر هەموو کەرەستەکان بەباشی تێکەڵ ببن.
  5. پاشان پاستاکە دوای نەرمبوونەوەی تێکەڵ بە هەموو ئەم کەرەستانە دەکەیت، و پەنیرەکە دەکەیت بەسەریدا، بۆ ماوەی پێنج خولەکێک لەسەر ئاگرێکی کز دایدەنێیت تاکوو پەنیرەکەش بتوێتەوە، پاشان پێشکەش دەکرێت.


سەرچاوەکان



303 بینین