خەوتن لەسەر سک

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-08-24-20:35:00 - کۆدی بابەت: 9990
خەوتن لەسەر سک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خەوتن لەسەر سک (بە ئینگلیزی: Sleeping on your stomach، بە عەرەبی: النوم على البطن)، خەو بەشێکی گرنگی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ دەگرێتەوە، هەروەک چۆن خواردن و خواردنەوە گرنگە بۆ زیندوومانەوە و بەردەوامی، بە هەمان شێوە خەوتنیش گرنگە بۆ مانەوە لە ژیان. بوونی خەوێکی باش و ئارام کاریگەری دەبێت لەسەر بەڕێکردنی کارەکانی ڕۆژانە و باری دەروونی مرۆڤ، لەگەڵ ئەوەشدا باری خەوتن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە باشێتی خەودا.
خەوتن لەسەر سک یان خەوتن بە دەمدا دەتوانێت کاریگەری هەبێت لە کەمکردنەوەی پرخەکردن و هەناسەتوندی لە کاتی خەودا، بەڵام دەکرێت تووشی ئازاری مل و پشتت بکات.

کاریگەری لەسەر بڕبڕەی پشت

زۆربەی ئەو کەسانەی لەسەر سک دەخەون ئەزموونی چەند جۆرێکی جیاوازی ئازار دەکەن، کە دەکرێت ئەم ئازارە لە مل یان پشت یان جومگەکاندا بێت، هەروەها کاربکاتە سەر ماوەی خەوتنت. تاکوو ئازارت زیاتر بێت ئەگەری خەبەر بوونەوەت لە شەودا زیاتر دەبێت، بەمەش لە بەیانیاندا کەمتر هەست بە نوێبوونەوەی لەشت و پشوودانێکی پێویست دەکەیت، زیاتر هەست دەکەیت بەپێی پێویست نەخەوتوویت و پێویستت بە خەوی زیاترە.
خەوتن لەسەر سک دەبێتە هۆی پەستان خستنەسەر پشت و بڕبڕەی پشت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە زۆربەی کێشی لەشی مرۆڤ لە ناوەڕاستی لەشیدایە، لە ئەنجامدا قورست دەبێت کە لە کاتی خەوتندا بڕبڕەی پشت لە بارێکی گونجاودا بێت.
پەستان لەسەر بڕبڕەی پشت دەبێتە هۆی زیادکردنی پەستان لەسەر پێکهێنەرەکانی تری لەش، هەروەها چونکە بڕبڕەی پشت هێڵی دەمارەکانە، پەستان کەوتنە سەر بڕبڕەی پشت دەبێتە هۆی بوونی ئازار بە نزیکەیی لە هەموو لەشدا. 
دەکرێت لەگەڵ ئەوەشدا ئەزموونی تەزین و سڕبوونی لەشت بکەیت، بەشێوەیەک کە خەوتویت، بەڵام لەشت نائاسوودەیە و هەست بە سڕبوون و تەزینەکەی دەکەیت.

کاریگەری لەسەر مل

لە کاتێکدا کە لەسەر سک دەخەویت ناچاریت کە سەرت لەسەر لایەک دابنێیت تاکوو بتوانیت بە ئاسانی هەناسە بدەیت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سەر و بڕبڕەی پشتت ڕێکی یەکتر نەبن، لەوانەیە بەزوویی هەست بە ئەو زیانە نەکەیت کە بەر ملت دەکەوێت بەهۆی خەوتن لەسەر سکەوە، بەڵام بەپێی تێپەڕبوونی کات کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەردەکەون.
یەکێک لە کاریگەرییە نەرێنییەکان بریتییە لە زیانکەوتن بە پەپکەی بڕبڕەی مل، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە پەپکەی لینجی نێوان بڕبڕەی مل زیانی پێدەگات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە سووتانەوە و کزانەوەی دەمارەکانی مل.

خانمانی دووگیان 

خانمانی دووگیان لە کەسانی تر زیاتر پێویستیان بە بوونی خەوێکی باش و تەندروستە. پێویستە خانمانی دووگیان دووربن لە خەوتن لەسەر سک. لە کاتی خەوتن لەسەر سکدا زۆربەی کێشی لەش دەکەوێتە سەر بڕبڕەی پشت. بەمەش پەستان دەکەوێتە سەر کۆرپەلە.
زۆربەی توێژینەوەکان باسیان لەوە کردووە کە خەوتن لەسەر لای چەپ لەماوەی دووگیانیدا دەبێتە هۆی زیادبوونی وروژمی خوێنی تەندروست و دابینکردنی ڕێژەی ئۆکسجینی پێویست بۆ دایک و کۆرپەلەش.

ڕێنمایی

ئەگەر کەسێکیت کە سەرەڕای زانینی زیانەکان و کاریگەرییە لاوەکییەکان، لەگەڵ هەوڵدانی زۆر بۆ گۆڕینی باری خەوتنت، بەڵام لە هیچ بارێکی تری خەوتندا ئاسوودە نیت، ئەوا دەتوانیت ئەم چەند ڕێنماییە جێبەجێ بکەیت تاکوو دووربیت لە زیانە لاوەکییەکانی خەوتن لەسەر سک:

  1. با سەرینەکەت زۆر نزم (تەنک) بێت، یان سەرین بەکار مەهێنە، تاکوو سەرینەکەت تەختتر بێت کەمتر زیان بە ملت دەگات.
  2. سەرینێک بخە ژێر حەوزت، ئەمەش یارمەتی پشتت دەدات تاکوو لە بارێکی باشتردا بێت و پەستانی سەر بڕبڕەی پشتیشت کەم دەکاتەوە.
  3. لە بەیانیاندا کشان ئەنجام بدە، چەند خولەکێک ئەنجامدانی کشان یارمەتیدەرە بۆ ڕێککردنەوەی پشت و بە بەهێزی مانەوەی ماسولکەکان، دڵنیابە لەوەی پێش ئەنجامدانی کشان گەرم ببیت.


سەرچاوەکان



448 بینین