ناوهڕۆك
ژیاننامە
موخلیس(بە ئینگلیزی: Mukhlis) نازناوی شاعیری کورد مەلا خەلیل کوڕی ڕەسووڵ کوڕی مستەفا. خەڵکی دەوروبەری ھەولێر و لە عەشیرەتی سنجاوی بووە، ھۆنراوەکانی بە کوردیی ناوەندین و تا ئێستا دیوانەکەی چاپ نەکراوە، خەلیل لە ساڵی ١٩١٠ لە ھەواری گوندی شۆڕەزەرتکەی ناوچەی دەشتی کەندێناوەی ھەولێر لەدایکبووە. لە تەمەنی پێنج ساڵیدا باوکی مردووە، دایکی پەروەردەی کردووە، سەرەتای خوێندنی لای مامی بووە لە گوندی دووسەرە، لە پاشان قۆناغی فەقێیەتی لە زۆر شوێن بردووەتە سەر. لە ساڵانی ١٩٣٢ – ١٩٤٣ لە گوندی کەنداڵ نزیک مەخموور و گوندی سوورێژەی سەر بە قوشتەپەیە و گوندی پیرداود خوێندوویەتی. لە دواییدا لە قۆناغی موستەعیدیدا لای مەلا شێخ جەلالی بەرزنجی کانی کوردەیی لە گوندی ترپەسپیان لە خوێندن بەدەوام بووە. ماوەیەکیش لە گوندی چەغەمیرەی ناوچەی کەندێناوە بووە، پاشان خۆی گەیاندووەتە لای مەلا ساڵحی گۆزەپانکە لە ھەولێر و لە ساڵانی ١٩٤٣ – ١٩٤٤ لای ئەو خوێندوویەتی و مۆڵەتی مەلایەتی لێ وەرگرتووە.
لە سەرەتای شیعر نووسینیدا نازناوی (وافی) بووە، لە ھەندێ بەرھەمیدا بەکاری ھێناوە تا ساڵی ١٩٤٣. لە ساڵی ١٩٤٤ نازناوی (موخلیس)ی بۆ خۆی ھەڵبژاردووە و بووە بەسۆفیی نەقشبەندی و تەریقەتی لەسەر دەستی شێخ مستەفای ھەرشەمی نەقشبەندی وەرگرتووە.
لە دوای مۆڵەت وەرگرتنی مەلایەتی لە ھەولێر گەڕاوەتەوە گوندی دووسەرە و لە جێی مامی بووە بەمەلای گوند، فەتاح ئاغای دزەیی چاودێری باشی موخلیس و حوجرە و قوتابییانی قوتابخانەی کردووە.
لە ساڵی ١٩٥٢ لە ماڵ زویر دەبێ، بەبێ ئەوەی کەس بزانێ لە گوند دەچێتە دەرەوە و چەند مانگێک لە قزرابات و کفری دەمێنێتەوە و لە دواییدا دەگەڕێتەوە زێدی خۆی.
لە ساڵی ١٩٦٤ گوندی دووسەرە بەجێ دێڵێ و ڕوو دەکاتە ھەولێر، ماوەیەک مەلایەتی دەکات، زۆری پێ ناچێ بار دەکاتە فەلووجە و دەبێتە مەلا لە مزگەوتی گەورەی شار و زانستی ژیربێژی (مەنتیق – لۆجیک) دەڵێتەوە. لەو ماوەیەدا خولیای گەشتی سووریا و حیجاز دەکەوێتە سەری، بەڵام زوو پەشیمان دەبێتەوە. ئیتر ناچار دەبێ ڕوو دەکاتە ھەولێر و لەوێوە دەگەڕێتەوە دووسەرە و خەریکی مەلایەتی دەبێ تا ساڵی ١٩٧٥. لەو ساڵەدا بەیەکجاری ئەو ئاوایییە بەجێ دێڵێ و ڕوو دەکاتە شەقڵاوە و لە خانەقای شێخ مستەفای ھەرشەمی نەقشبەندیدا ژیانی ئاییندەی دەباتە سەر.
ھۆنراوە
دەستنووسی دیوانی شیعری موخلیس لای کەسوکاری و ئیبراھیم ئەحمەد شوانی پارێزراوە، ھەروەھا نامەی ماجستێری ئەو لە بابەت ژیان و ھۆنراوەی ئەو شاعیرە بوو (١٩٨٩)، ئەمەش تا ئێستا چاپ نەکراوە. جگە لە شیعر، موخلیس نامەی شیعری ھەیە وەکو «مەولوودنامەی کوردی» لە ساڵی ١٩٦٨ لە ھەولێر چاپ کراوە. نامەیەکی شیعری دیکەی ھەیە بەناوی «ھیجرەتنامەی کوردی» ئەمەیان ھێشتا ھەر دەستنووسە.
کۆچی دوایی
خەلیل بەشێکی زۆری ژیانی لە شەقڵاوە بەنەخۆشی بەڕێ دەکات. کە نەخۆشی تەنگی پێ ھەڵدەچنێت و دەیگوازنەوە نەخۆشخانەی ھەولێر. مەرگ بەھێزتر دەبێ و لە ڕۆژی ٥ی حوزەیرانی ١٩٨٥ کۆچی دوایی دەکات، و تەرمەکەی دەبەنە گوندی پیرداود لە گۆڕستانی ئەوێ بەخاکی دەسپێرن.
نموونەی ھۆنراوە
گەر گوڵی من بولبولم، وەر ئاتەشی پەروانەمە | خۆ ئەگەر لەیلای منیش مەجنوونی ئەو چاوانەمە | |
لێم گەڕێ با بێم تەماشای باغەکەت کەم پڕ بە چاو | چەند دەمێکە ئارەزووی ئەو سێو و ئەو خۆخانەمە | |
ڕۆژی ئیحسان و خەڵات بەخشینە ئەوڕۆ جەژنەیە | وەک ھەتیو ھاتومە دەرگا، چاوەڕێی جەژنانەمە | |
شار بە شار و دێ بە دێ کوچە بە کوچە دەربەدەر | ڕۆژ و شەو دێم و دەچم وەک تەیری بێ ھێلانەمە | |
موخلیسی بێکەس شەھیدی عیشقە دەستی لێ مەدەن | خوونی گەش بۆ ڕۆژی دەعوا شاھید و نیشانەمە |