پەیوەندی ژەهراوی

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-09-02-23:49:00 - کۆدی بابەت: 10128
پەیوەندی ژەهراوی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەیوەندی ژەهراوی (بە ئینگلیزی: Toxic relationship، بە عەرەبی: العلاقة السامة) جۆرێکە لە پەیوەندی کە تێیدا هەست بە ئازار و نائاسوودەیی و گوشار و خەمۆکی دەکرێت، ئەم پەیوەندییەش کاتێک ڕوودەدات کە تۆ دووچاری ئازاری سۆزداری و جەستەیی ببیتەوە.

نیشانەکان

ئەم نیشانانە دەری دەخەن کە تۆ لە پەیوەندییەکی هەڵەدایت:

  • نەبوونی پاڵپشتیکردن لەلایەن هاوبەشی ژیانتەوە: کەسەکان لە پەیوەندییە ئاساییەکاندا دڵخۆش دەبن بە سەرکەوتنی یەکتر، بەڵام کاتێک لە پەیوەندییەکی ژەهراویدایت ئەنجامدانی هەموو کارێک دەبێتە ڕکابەری، هەروەها بۆ سەرکەوتنەکانت هان نادرێیت و هەستی ئەرێنیبوون لەدەست دەدەیت و هەست دەکەیت کە خەون و ئارەزووەکانت گرنگ نین بەلای هاوبەشی ژیانتەوە، چونکە تەنیا گرنگی بەوە دەدەن کە خۆیان دەیەوێت.
  • مامەڵەکردنێکی ژەهراوی لەگەڵتدا: لەبری نەرم و نیانی و دڵسۆزی و ڕێزگرتن، گفتوگۆکان لە نێوانتاندا پڕن لە تانە و سەرکۆنەکردن و ڕەخنەگرتن و سوکایەتیپێکردن، دەشێت بۆ خۆلادان لە شەڕ و دەمەقاڵێ ئارەزوونەکردن بۆ قسەکردن و وەڵامنەدانەوەی پەیوەندی تەلەفۆنی ڕووبدات.
  • ئیرەییبردن: لە کاتی سەرکەوتن یاخود ئەنجامدانی هەر کارێکی تر هاوبەشەکەت ئیرەیی دەبات، بەڵام کاتێک دەگاتە گومانکردن و متمانە پێنەکردن پەیوەندییەکە بەتەواوی بەرەو لەناوچوون دەبات.
  • پرسیارکردنی شوێنت بەبەردەوامی و بێزارکردنت: کاتێک وەڵامی نامەکانییان بەخێرایی نادەیتەوە، هەروەها دەیەوێت بەپێی حەز و ئارەزووەکانی ئەو بجووڵێیتەوە و لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا بیت.
  • هەڵگرتنی کینە لە دڵ: لەوانەیە نەتوانیت بەئاسوودەیی گفتوگۆ لەگەڵ هاوبەشەکەت بکەیت دەربارەی ئەو شتانەی بێزارت دەکەن، چونکە بەخێرایی تووڕە دەبن و دڵیان دەشکێت، بەردەوام قسەکانت دژی خۆت بەکاردەهێننەوە.
  • ڕاستگۆ نەبوون: کاتێک دەکەویتە پەیوەندییەکی هەڵەوە ناچار دەبیت بەردەوام درۆ بکەیت، درۆکردن لە بینینی کەسێک و لەو شوێنەی کە لێیبوویت، چونکە توانای ڕوونکردنەوە نەماوە بەهۆی ئەوەی کە دەترسیت لە کاردانەوەی.
  • پشتگوێخستن: لەبیرکردنی بۆنەکان و بەهانەهێنانەوە بەبەردەوامی.
  • دەمەقاڵێی بەردەوام لەسەر خەرجکردنی پارە: هاوبەشیپێکردنی پارە لە نێوان خێزاندا واتای بەهێزی و یەکگرتووییە لە نێوانیاندا بەڵام لە پەیوەندی ژەهراوی ئەمە ڕوونادات.
  • پەستانی دەروونی: لەکاتی نەخۆشکەوتن یان لەدەستدانی کارەکەت یان هەرشتێکی تری هاوشێوە پەیوەندییەکە دووچاری شێواندن و کێشە دەبێتەوە، دەبێتە هۆی ماندووبوونی دەروون و جەستە و هەستکردن بە ناساغی لە جەستەدا.
  • پشتگوێخستنی پێویستییەکانت: ئەنجامدانی هەموو ویستەکانی هاوبەشەکەت و خۆبەختکردن بۆی تەنانەت ئەگەر دژی ئارەزووی خۆت بێت، ئەنجامدانی ئەمەش تەنیا بۆ پاراستنی ئارامی نێوانتانە.
  • لەدەستدانی پەیوەندییەکانی تر: وەستان و وازهێنان لە چوونە دەرەوە لەگەڵ هاوڕێکانت و خێزانەکەت، ئەمەش بۆ دووربوون لە شەڕکردن لەگەڵ هاوسەرەکەت یان ڕوونکردنەوەی بارودۆخت بۆ کەسانی تر، هەروەها نەبوونی کات بەهۆی هەوڵدان و سەرقاڵبوون بە پەیوەندییەکەتەوە لەگەڵیدا.
  • پشتگوێخستنی خۆت: گرنگینەدان بە خۆت و تەندروستیت و کشانەوە لە خەون و ئارەزووەکانت و بەختکردن و دابینکردنی کاتە بەتاڵەکانت بۆ هاوسەرەکەت، ئەمە بەهۆی خۆلەبیرکردن یان لەدەستدانی وزە بۆ ئەنجامدانی چالاکی و گرنگیدان بە خۆت ڕوودەدات.
  • ئاواتخواستن بۆ باشبوونی هاوبەشەکەت: لەوانەیە لە سەرەتادا زۆر دڵخۆش بووبیت و پێت وایە بە خۆبەختکردن و گۆڕینی خۆت و ڕەفتارەکانت هاوبەشەکەت وەک پێشتری لێدێتەوە.

ئایا پەیوەندی ژەهراوی دەتوانرێت چاک بکرێتەوە؟

هەندێک لە خەڵکی وا بیر دەکەنەوە کە ئەم جۆرە پەیوەندییە چارەسەری نییە، بەڵام بە هەوڵدانی هەردووکیان دەشێت سوودبەخش بێت و پەیوەندییەکە لە کۆتاییهێنان ڕزگار بکات، ئەم هەنگاوانە دەشێت یارمەتی چاککردنەوەی پەیوەندی بدات:

  1. پەسەندکردن و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی: ئەگەر هەر دوو کەسەکە هەستیان کرد پەیوەندییەکە کێشەی تێدایە و پێویستی بە چارەسەر هەیە زۆر گرنگە ئەو ڕەفتار و هەڵانە ئەنجام نەدەن کە یەکتر بێزار دەکەن، هەروەها پەسەندکردنی ئەوەی کەسەکە و ڕەفتارەکانی پەیوەندییەکەی ژەهراوی کردووە و پێویستی بە گۆڕینی خۆی هەیە.
  2. هەوڵدانی بەردەوام و هۆشیاربوون لەو ڕەفتارانەی ئەنجام دەدرێت: بۆ ئەوەی پەیوەندییەکە بەرەو باشی بڕوات.
  3. وازهێنان سەرزەنشتکردن و تۆمەتبارکردنی هاوبەشەکەت: پێویستە هەوڵ بدەیت لێی تێبگەیت و وشەکانت بگۆڕیت بۆ نموونە لەبری ئەوەی بڵێت "ئەمە هەڵەی تۆیە" دەتوانیت بڵێیت "تۆ بە هەڵە تێگەیشتوویت و دڵگرانیت، چۆن پێویستە چارەسەر بکەین؟" بۆ ئەوەی بە دووربن لە دڵگرانکردنی یەکتر.
  4. داواکردنی یارمەتی دەرەکی: لە ڕێگەی بینینی توێژەری کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکان کە یارمەتیتان دەدات و گفتوگۆتان لەگەڵ دەکات، هەروەها پێشنیاری ئەنجامدانی هەندێک کار و ڕەفتار دەکات لەگەڵ یەکتر کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ چاککردنی نێوانتان.
  5. باسنەکردنی ڕابردوو: لەبیرکردن و باسنەکردنی ڕەفتارەکان لە ڕابردوودا زۆر گرنگە و پەیوەندییەکە بەرەو پێش دەبات.
  6. لەسەرخۆیی و نەرم و نیانی: لەگەڵ هاوبەشەکەت و هاندانی بۆ سەرکەوتن دڵخۆشبوون و پاڵپشتیکردنی.
  7. پێویستییەکانتان بە یەکتر بڵێن: لە کاتێکدا لە ڕەفتاری هاوبەشەکەت بێزاریت پێویستە ئاگاداری بکەیتەوە و ئەویش بە تێگەیشتوویی پەسەندی بکات و دووبارەی نەکاتەوە و نەبێتە هۆی بێڕێزیکردن پێت، هەروەها هۆشیارکردنەوەی لەوەی چیت دەوێت و دەتەوێت چۆن مامەڵەت لەگەڵدا بکات.
  8. دوورکەوتنەوە لە یەکتر بۆ ماوەیەک: پێدانی کات و دوورکەوتنەوە لە یەکتر بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک یارمەتیدەرە و وادەکات گرنگی بوونی هاوبەشەکەت بزانیت لە ژیانتدا.
  9. لەکاتی سەرنەکەوتنی ئەم هەنگاوانە لەپاش هەوڵدانێکی زۆر وا باشترە لە یەکتر جیاببنەوە بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی خراپتربوون و توندوتیژی لێنەکەوێتەوە.

جیاوازی پەیوەندیی ژەهراوی و توندوتیژی چییە؟

بوونی کەسێک لە پەیوەندییەکی ژەهراویدا ئازاری هەستی کەسەکە دەدات بەبێ ئەوەی هاوسەرەکەت توندوتیژی بەکاربهێنێت، هەروەها بێڕێزیکردن و پشتگوێخستن بە مەبەست ئەنجام نادات، بەڵام دەشێت ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەکرێت و کێشەکان چارەسەر نەکرێن لەوانەیە پەیوەندی ژەهراوی ببێتە سەرەتایەک بۆ دروستبوونی توندوتیژی و ئازاردانی جەستەیی، لە گێچەڵکردن و توندوتیژیدا زیادەڕۆیی دەکرێت لە متمانەنەکردن و ئیرەیی و تەنانەت ئازاری جەستەیی و تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێی بەردەوام و وات لێدەکات بە بچووکی سەیری خۆت بکەیت و نرخ بۆ خۆت دانەنێیت، هاوبەشی توندوتیژ بەتەواوی لە خێزان و هاوڕێکانت دوورت دەخاتەوە و هەندێک جاریش بەندت دەکات لە ماڵەوە و چاودێری تەلەفۆنەکەت دەکات، هەروەها هەڕەشەکردن بە خۆکوشتن بۆ ئەوەی کارێکت پێ ئەنجام بدات یان لای خۆی بتهێڵێتەوە و بەردەوامە لە خراپ مامەڵەکردن لەگەڵتدا.


سەرچاوەکان



350 بینین