برایتۆن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-09-03-21:51:00 - کۆدی بابەت: 10141
برایتۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

برایتۆن یان برایتن (بە ئینگلیزی: Brighton، بە عەرەبی: برايتون)، شارۆچکەیەکی کەناری، هاوینەهەوارێکی کەناری و یەکێک لە دوو ناوچەی سەرەکی شاری برایتۆن و هۆڤە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ساسێکس لە ئینگلتەرا. برایتۆن ٧٦ کیلۆمەتر لە باشووری لەندەنەوە دوورە.‌ لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا، ژمارەی دانیشتووانی فەرمی برایتۆن (بە دانیشتووانی هۆڤیشەوە) ٢٧٣٫٤٠٠ کەس بوو. هەروەها ڕووبەری گشتی برایتۆن ٨٢٫٧٩ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

مێژووی برایتۆن

مێژووی یەکەم جێگیرگە لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ٢٧٠٠ بۆ ٣٥٠٠ ساڵ پێش زایین. برایتۆن لە سەرەتادا گوندێکی بچووکی سەکسۆنی بوو، سەکسۆنییەکان لە سەدەی پێنجەمی زایینیدا گەیشتنە ساسێکس و شانشینی ساسێکسیان دامەزراند، کە شارۆچکەی برایتۆنیشی لەخۆگرتبوو. ئەم شارۆچکەیە لە سەرەتادا ناوی (Beorhthelm's tun) بوو و کە بە واتای (کێڵگە یان گوندی بۆرتهێڵم) دێت. برایتۆن دوای سەدان ساڵ گەشەی کرد و بوو بە شاری برایتۆن. لەم ناوچەیەدا جووتیاران لە گوندێکی سەر کەندێک دەژیان و ماسیگرەکانیش لەخوار کەندەکە و لەپاڵ دەریاکەدا نیشتەجێ بوون. برایتۆن لە سەدەی ١٤ـدا شارۆچکەیەکی بازاڕی پڕ جموجۆڵ بوو. پاشان فەڕەنسییەکان لە ساڵی ١٥١٤ـدا شارۆچکەکەیان سووتاند و دووبارە لە ساڵی ١٥٤٥ـدا شارۆچکەکەیان سووتاندەوە، بەڵام بەخێرایی ئاوەدانکرایەوە، بوو بە شارۆچکەیەکی گەشەسەندوو و ژمارەی دانیشتووانەکەی لەزیادبووندا بوو. برایتۆن لە ساڵی ١٧٠٣ بەهۆی زریانێکی توندەوە وێران بوو و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانەکەی ناوچەکەیان چۆڵکرد و تەنیا دانیشتووە هەژارەکان لە شارۆچکەکەدا مانەوە. هەتا کۆتایی سەدەی ١٨ دۆخی شارۆچکەکە نەهاتەوە سەرخۆی. پاشان و لە سەدەی ١٩ـدا ژمارەی دانیشتووانی برایتۆن بەخێرایی زیادی کرد. لە ساڵی ١٨٠١ـدا ٧٫٣٣٩ کەس لە شارۆچکەدا نیشتەجێبوون و لە ساڵی ١٨٣١ـدا گەیشتە ٤٠٫٦٣٤ کەس.

گرنگی شارۆچکەکە

برایتۆن شوێنێکی مۆدێرنی گەشتیارییە و بە کولتوور، مۆسیقا، دیمەنی هونەری، ناوچە بازرگانییە سەیروسەمەرەکەی و کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی بەناوبانگە. برایتۆن لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ـدا ٧٫٥ ملیۆن سەردانیکەری هەبووە و لە نێویاندا ٤٫٩ ملیۆنیان شەو لە شارۆچکەکەدا ماونەتەوە. هەروەها شارۆچکەکه بەناوبانگترین هاوینەهەواری کەناری شانشینی یەکگرتووە بۆ گەشتیارانی بیانی.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی برایتۆن لە ساڵی ٢٠١٨ـدا نزیکەی ٢٨٠٫٠٠٠ کەس بوو، چڕی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٣٫٤٨٠ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ئەوە دەرکەوت کە ڕێژەی نێر و مێ لە برایتۆندا یەکسانن. برایتۆن دانیشتووانێکی زۆری هاوڕەگەزخواز (LGBT)ـی تێدایە و بە "پایتەختی نافەرمی هاوڕەگەزخوازانی بەریتانیا" ناوزەند کراوە.

پێکهاتەی نەتەوەییەکانی برایتۆن

سپی پێست ٨٩٫٠٨٪
سپی پێستی بەریتانی ٨٠٫٤٨٪
سپی پێستی ئێرلەندی ١٫٣٨٪
سپی پێستی نەتەوەکانی دیکە ٧٫٢١٪
ئاسیایی ٤٫١٣٪
چینی ١٫١٠٪
هیندی ١٫١٠٪
بەنگلادیش ٠٫٥٠٪
ئاسیایی دیکە ١٫٤٣
ڕەش پێست ١٫٥٣٪
عەرەب ٠٫٨٠٪

ئایین

زۆربەی دانیشتووانی برایتۆن خۆیان بە مەسیحی داوە لە قەڵەم، کە بە ڕێژە ٤٢٫٩٠٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن، هەروەها ٤٢٫٤٢٪ـی دانیشتووان بێ ئایینن و پەیڕەوی هیچ ئایینێک نین. ئایینە کەمیینەکانی تری نێو دانیشتووانی برایتۆن بریتین لە، مسوڵمان ٢٫٢٣٪، بوودی ١٪ و ٠٫٩٨٪ جوولەکە، لە کاتێکدا ١٫٦٦٪ـی دانیشتووان پەیڕەوی ئایینێکی تر دەکەن و ٨٫٨١٪ـی دانیشتووان ئایینی خۆیان نەخستووەتەڕوو. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە، لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠١ـدا، نزیکەی ٣٣٠٫٠٠٠ کەس خۆیان بە پەیڕەوکەرانی ئایینی جێدی ناساند، کە ئەمەش زۆرترین ژمارەی دانیشتووانە لە نێوان هەموو ناوچەکانی ئینگلتەرا و وێڵزدا.

کەشوهەوا

شارۆچکەی برایتۆن کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت. بەڵام کەنارەکانی باشووری ئینگلتەرا کە برایتۆنی لێیە، کەشوهەوایەکی ناوچەیی مامناوەند و خۆرەتاویی هەیە، بە بەراورد بە باقی بەریتانیای مەزن. هەروەها تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی شارۆچکەکە لە نێوان ٥٫٥ پلەی سەدی و ١٧٫٢ پلەی سەدییدایە.

زستانی ئەم شارۆچکە زۆر سارد نییە، بەڵام ئاسمانی شارۆچکەکە زۆربەی کات هەوراوییە و ڕێژەی شێ بەرزە و باراناوییە. دابارینی بەفر دەگمەنە و دەشێت جاروبار بەفر ببارێت. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی بۆ نزیکەی ٥- پلەی سەدی دادەبەزن، هەروەها هەندێک جار بۆ خوارتر لەو پلەیەش دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ـدا تۆمارکرا کە پلەی گەرمی بۆ ٩٫٧- پلەی سەدی دابەزی.

بە شێوەیەکی گشتی کەشی شارۆچکەکە لە وەرزی هاویندا مامناوەند یان فێنکە. هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت، بەڵام کەمتر لەو ڕێژەیەی کە لە وەرزی زستاندا دەبارێت. بەهۆی شوێنە کەنارییەکەی شارۆچکەکەوە، برایتۆن کەمێک زیاتر لە شەپۆلەکانی گەرما پارێزراوە کە هەندێک جار دەتوانێت کاریگەری لەسەر باشووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا هەبێت. هەروەها ڕێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و شەپۆلەکانی گەرما ناگیرێت، بەڵام کورتخانەینن، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی ئابی ٢٠٢٢ـدا گەشتە ٣٣ پلەی سەدی.

ساڵانە ٨٥٠ مللیمەتر باران لەم شارۆچکەدا دەبارێت، ئەم بڕەش زیاترە لە شاری لەندەن. باراناویترین وەرز، وەرزی پاییزە لەگەڵ بەشی یەکەمی وەرزی زستان. لە مانگی شوباتدا، بارانبارین کەمێک کەم دەبێتەوە، لە هاویندا دەگاتە کەمترین ئاستی ڕێژەیی. هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٫٩٠٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارۆچکەکە دەدرەوشێتەوە.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی برایتۆن وەرزی هاوینە، لە مانگی حوزەیرانەوە تا مانگی ئاب، چونکە گەرمترینی وەرزی ساڵە. مانگی حوزەیران کەمێک فێنکترە، بۆیە ڕەنگە مانگی تەممووز و ئابت پێ باشتر بێت. هەروەها مانگی ئەیلوولیش مانگێکی خۆشە، کەمێک باراناویترە لە مانگەکانی هاوین، بەڵام کەشی شارۆچکەکە هێشتا خۆشن، بەتایبەتی لە بەشی یەکەمی مانگەکەدا.

هەندێک لە شوێنە بەناوبانگە گەشتیارییەکانی شارۆچکەکە

١. کۆشکی شاهانە

۲. ڕاڕەوەکان

۳. هێڵی ئاسمانی بەریتانی ئای ٣٦٠

٤. کەناردەریای برایتۆن

٥. نۆرس لەین

٦. ڕێڕەوی ژێر لاپاڵەکە

۷. شانۆی دەوم

٨. هێڵی ئاسنینی کارەبایی فۆڵک


سەرچاوەکان

37 بینین