پاریس هیڵتن

له‌لایه‌ن: - دیاکۆ سامان دیاکۆ سامان - به‌روار: 2022-09-11-22:30:00 - کۆدی بابەت: 10221
پاریس هیڵتن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پاریس ویتنی هیڵتن (بە ئینگلیزی: Paris whitney hilton، بە عەرەبی: باریس هیلتون)، خانمە بازرگان، مۆدێل، گۆرانیبێژ، ئەکتەر و نووسەری ئەمریکی و میراتگر و خاوەنی کۆمەڵە ئوتێل و میوانخانەکانی هیڵتنە.

زانیاری گشتی

ناو پاریس ویتنی هیڵتن
بەرواری لەدایکبوون ١٧ی شوباتی ١٩٨١
شوێنی لەدایکبوون شاری نیویۆرک
پیشە خانمە بازرگان، مۆدێل، گۆرانیبێژ، ئەکتەر، نووسەر
هاوسەر کارتەر ڕیم
ناوی دایباب ڕیچارد هیڵتن، کەیسی هیڵتن

ژیانی تایبەتی

لە ١٧ی شوباتی ١٩٨١ له شاری نیویۆرک لەدایکبووە و لە بێڤەرلی هیڵز لە کالیفۆڕنیا گەورە بووە، پاریس هیڵتن کچی کچەزای کەنراد هیڵتنە کە دامەزرێنەری ئوتێلەکانی هیڵتن بووە، باوکی ناوی ڕیچارد هیڵتنە و بازرگانە، دایکیشی ناوی کەیسی هیڵتنە خانمە ئەکتەر بووە و خانمێکی بەناوبانگیشە، هەروەها یەک خووشکی هەیە بە ناوی نیکی هیڵتن و دوو برا بە ناوەکانی بێرن هیڵتنی دووەم و کەنراد هیوز هیڵتن، ڕەگەز و بنەچەی پاریس دەگەڕێتەوە بۆ نەرویجی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، بەڕیتانی، ئێرلەندی و سکۆتلەندی و خێزانەکەی خانەوادەیەکی کاسۆلیکین، ژیانی پاریس لە قوتابخانە لە لۆس ئەنجلس خوێندوویەتی و هەر لەوێش چووەتە ئامادەیی، بەڵام کاتێک ساڵێکی ئامادەیی خوێندووە خێزانەکەی ڕۆیشتوون بۆ ئیست کۆست دواتر بۆ ماوەیەک ڕۆیشتە ئامادەییەک بۆ ئەو هەرزەکارانەی کێشەی سۆزدارییان هەیە و لە ئەنجامدا لە خوێندنگا وازی هێنا، بەڵام پاریس هەر لە منداڵییەوە خولیای بۆ مۆسیقا هەبووە و پیانۆژەنێکی لێهاتوو بووە و هەروەها لە ژەنینی کەمانیشی زانیووە.

پاریس هیڵتن بە خۆشەویستی بۆ بێچووە سەگەکان ناودارە و سەگێکی هەیە بە ناوی تینکەربێڵ و لەگەڵ چەندین ئاژەڵی تری ماڵیدا و لە زۆربەی بانگهێشتکردنەکانیدا لەگەڵ تینکەربێڵدا دەردەکەوێت.

هاوڕێیەتی پاریس هیڵتن لە منداڵییەوەی دەست پێدەکات کە هاوڕێیە لەگەڵ چەندین کەسی ناوداری وەکوو ئیڤانکا ترەمپ، نیکۆڵ ڕیچی و کیم کارداشیان، پاریس هیڵتن لەگەڵ نیکۆڵ ڕیچی بەگژداچوونەوەیەکیان هەبوو بەڵام وا دەردەکەوێت کە ئێستا لەگەڵ یەکتر قسەیان هەبێتەوە، دەربارەی کارداشیانەکانیش پاریس هەمیشە وتوویەتی کە شانازی بە کیم و خانەوادەکەی دەکات و هیوای دڵخۆشییان بۆ دەخوازێت، هەروەها سەبارەت بە ئیڤانکا ترەمپ سەرەڕای ئەوەی چەند ساڵێکە چاویان بە یەک نەکەوتووە بەڵام پاریس دەڵێت کە پەیوەندییەکەیان هەر بە بەهێزی ماوەتەوە.

پاریس لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستگیرکرا و خرایە ژێر چاودێرییەوە بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە و دوای چەند مانگێک دادگایی کرایەوە بەهۆی ئەوەی سەرپێچی کرد لەو ڕێنمایییانەی بۆی دانرابوو بە شۆفێری کردنی بەبێ مۆڵەت، سزای بەسەردا سەپێنرا بە بەندکردن بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ، بەڵام دواتر کەم کرایەوە بۆ ٢٣ ڕۆژ، لە ٣ـی حوزەیرانی ٢٠٠٧ ڕاستەوخۆ لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی فیلم دەرکەوت کە ئازاد کرابوو تەنها دوای ٣ ڕۆژ بەهۆی چەند هۆکارێکی تەندروستییەوە کە هەندێک سەرچاوە دەڵێن تووشی نیگەرانییەکی زۆر و ترس و دڵەڕاوکێیەکی دەروونی بووە، بەڵام دوابەدوای ئەوە بانگ کرایەوە بۆ دادگا تا ئەو ماوەیەی مابووی لە بەندینخانە تەواوی بکات.

پاریس لەگەڵ چەندین ئەکتەر و مۆسیقاژەنی بەناوبانگدا خۆشەویست بووە، لە ساڵی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٣ دەسگیراندار بوو لەگەڵ کوڕە مۆدێل جەیسن شاو، دواتر بووە دەسگیراندار لەگەڵ میراتگری یۆنانی پاریس لاتسیس بەڵام هەر دوای چوار مانگ جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاند، له کانونی دووەمی ٢٠١٨ بۆ جاری سێیەم بووە دەسگیراندار لەگەڵ کوڕە ئەکتەر کریس زالکا کە ئەنگوستیلەی مارەبڕینەکەیان بە بەهای دوو ملیۆن دۆلار بوو بەڵام هەر لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ جیابوونەوە.

پیشە

یەکەم دەرکەوتنی لەسەر بەرگی ڕۆژنامەکانی نیویۆرک بوو لە کۆتایی نەوەدەکان کاتێک بووە ئەندامێکی ناسراوی نێو کۆمەڵگە و بووە مۆدێل لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا و گۆرانی وتنی لەگەڵ جێگری دۆناڵد ترەمپ، دوای ئەوەی وێنەگری ناودار دەیڤد لەچەپال وێنەی خۆی و نیکی خوشکی گرت له مانگی نۆی ٢٠٠٠ بۆ گۆڤاری ڤانێتی فێر ئیتر دەرکەوتنەکانی پاریس وەک خانمە مۆدێلێک زیاتر بوو، دەرکەوتنەکانی دواتری لە زنجیره تەلەفزیۆنییەک بوو بەناوی ژیانە سادەکە (the simple life) لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٧.

پاریس هیڵتن یەکەم کتێبی بڵاوکردەوە بە ناوی دانپیادانانەکانی کچە میراتگرێک (confessions of an heiress) لە ساڵی ٢٠٠٤ کە بوو بە یەکێک لە پڕفرۆشترین و باشترینەکانی نیویۆرک و یارمەتیدەریش بوو لە بوون بە ئەکتەر لە فیلمی ترسناکی خانووی مۆم (House of wax) لە ساڵی ٢٠٠٥، دواتر یەکەم ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکردەوە بە ناوی پاریس (Paris) لە ساڵی ٢٠٠٦ کە لە بیلبۆرد ٢٠٠ پلەی شەشەمی بەدەستهێنا و توانی سەرکەوتووانە یەکەم ڤیدیۆ گۆرانیش بڵاوبکاتەوە بە ناوی ئەستێرەکان کوێرن (Stars are blind)، دوابەدوای ئەمانە زنجیرە تەلەفزیۆنییەکی بڵاوکرایەوە بە ناوی پاریس هیڵتن باشترین هاوڕێ نوێیەکەمە (Paris hilton's my new BFF) لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ٢٠١١، دواتر چێشت لێنان لەگەڵ پاریس (Cooking with paris) لە ساڵی ٢٠٢١ و پاریس لە خۆشەویستیدا (Paris in love) لە ساڵی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٢، هەروەها فیلمە بەڵگەنامەییەکانی بریتین لە:

  • پاریس نەك فەڕەنسا (Paris, not France) ساڵی ٢٠٠٨
  • میمە ئەمریکییەکە (The american meme) لە ساڵی ٢٠١٨
  • ئەمە پاریسە (This is Paris) لە ساڵی ٢٠٢٠

داهات

سامانەکەی پاریس هیڵتن دەگاتە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، هەرچەندە پاریس میراتگری ئوتێلەکانی هیڵتن بووە بەڵام توانیوویەتی ببێتە خاوەن داهاتی خۆی و خاوەن بەرهەمی بەناوبانگی خۆی، بەرهەمەکانی لە تەواوی جیهاندا دەفرۆشرێن هەر لە جل و بەرگ، جانتای دەستی، بۆن و چەندەها شتی تر کە تەنها بە بۆنەکانی کە ١٧ بۆنی جیاوازی دەرکردووە توانیوویەتی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بەدەست بهێنێت، لەڕاستیدا زۆرینەی داهاتەکانی پاریس هیڵتن بەهۆی بۆنە شاهانەییەکانیەتی.


سەرچاوەکان



276 بینین