تیووبەکان و بەکارهێنانیان بەپێی پشکنینەکان

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-09-25-23:02:00 - کۆدی بابەت: 10371
تیووبەکان و بەکارهێنانیان بەپێی پشکنینەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تیووبەکان و بەکارهێنانیان بەپێی پشکنینەکان (بە ئینگلیزی: Tubes and their use according to the  tests، بە عەرەبیالأنابيب واستخدامها حسب الاختبارات) تیووبەکانی تاقیگە لە پێکهاتە و ڕەنگدا جیاوازن، گرنگە کە  بزانرێت هەر تیووبێک بۆ چی جۆرە پشکنینێک بەکاردێت. هەندێک پشکنین پێویستییان بە سیڕەمە و هەندێکی تر بە پلازما یان تەواوی خوێن، بەهۆی ئەمەش پێکهاتەکانی ناو تیووبەکانی خوێن جیاوازن. ئەو تیووبانەی کە ماددەی چالاککەری مەیینی خوێنیان تێدایە لەدوای سەنتەرفیوج کردن دەبنە هۆی دروستبوونی سیڕەم. بەڵام ئەو تیووبانەی ماددەی دژە مەیینیان تێدایە لەدوای سەنتەرفیوج کردن دەبنە هۆی دروستبوونی پلازما.  

جۆرەکانی تیووبی خوێن

تیووبی مۆر (Lavender tube or EDTA tube)

ئەم تیووبە لە ماددەی EDTA پێکهاتووە، ئەم ماددەیە بە کالسیۆمی ناو خوێن دەبەسترێت و بەم جۆرەش ڕێگری لە مەیینی خوێن دەکات. بۆ پشکنینی پێکهاتەکانی خوێن (CBC، پشکنینی تێکڕای نیشتنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن ESR) و پشکنینی شەکرەی سێ مانگی بەکاردێت. دوای گواستنەوەی خوێن بۆ ناو تیووبەکە پێویستە هەشت بۆ دە جار تیووبەکە بجووڵێنرێت تاکوو ماددەی دژە مەیینەکە لەگەڵ خوێنەکەدا تێکەڵ ببێت.

تیووبی زەرد

ئەم تیووبە ماددەی چالاککەری خوێن و جێڵی جیاکراوەی سیڕەمی تێدایە. لەدوای سەنتەرفیوج کردن خانەکانی خوێن لە بەشی خوارەوەی تیووبەکەدا کۆدەبنەوە، جێڵی ناو تیووبەکە لە بەشی ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە و سیڕەمی خوێن لە بەشی سەرەوەدا دەبێت. جێڵەکە لەنێوان خانەکانی خوێن و سیڕەمدا دەبێت و بەهۆی ئەمەش خانەکانی خوێن و سیڕەم لە یەکتری جیا دەکرێنەوە. ئەم تیووبە بۆ پشکنینە کیمیایییەکان، پشکنینەکانی تایبەت بە بەرگری، ڤیتامینەکان، هۆڕمۆناتەکان و سیرۆلۆجییەکان بەکاردێت. پێویستە بە ئاگادارییەوە تیووبەکە بجووڵێنرێت، زۆر جووڵاندنی تیووبەکە دەبێتە هۆی تێکشکاندنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و دواتر هەڵە لە ئەنجامی پشکنینەکاندا دروست دەکات. بەو پێیەی زۆربەی پشکنینەکان بە سیڕەم ئەنجام دەدرێن تیووبی زەرد زیاتر بەکاردەهێنرێت.

تیووبی شین

ئەم تیووبە بۆ پشکینەکانی پەیوەندیدار بە توانای خوێن مەیین وەک پشکنینی تێکڕای کاتی خایاندراو بۆ مەیینی خوێن، پشکنینی توانایی و کاتی خایاندراوی مەیینی خوێن و فرمانی پەڕەکانی خوێن بەکار دەهێنرێن. ئەم پشکنینانە پێویستییان بە پلازما هەیە و لە ڕێگەی تیووبی شین پلازما لە پێکهاتەکانی تری خوێن جیا دەکرێتەوە. ئەم تیووبە ماددەی دژە مەیینی تێدایە.

تیووبی سەوز

ئەم تیووبە ماددەی هێپارین (دژە مەیین)ـی تێدایە، ئەم ماددەیە ڕێگری دروستبوونی ماددەی سرۆمبینی خوێن و مەیینی خوێن دەکات. بۆ پشکنینەکانی Renin (پڕۆتینێکە لە گورچیلەدا هەیە و پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە)، پشکنینی ئامۆنیا و ئەڵدۆستیرۆن بەکاردێت.

تیووبی ڕەش

ماددەی ستراتی سۆدیۆم (sodium citrate) تێدایە دەبێتە هۆی دروستبوونی خوێی کالسیۆم. بۆ پشکنینی ESR  (تێکڕایی نیشتنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن) بەکاردێت.

تیووبی خۆڵەمێشی

ماددەی دژە مەیینی کالسیۆم ئۆکزالەیتی تێدایە، ڕێگری لە مەیینی خوێن دەکات. ئەم تیووبە بۆ پشکنینی شەکرە، ترشی لاکتیک و پشکنینی کحولی خوێن بەکاردێت.

تیووبی سوور

تیووبی سوور و تیووبی زەرد بۆ دەستکەوتنی سیڕەم بەکاردێن. تیووبی زەرد جێڵی تێدایە کە سیڕەم و خڕۆکە سوورەکان لە یەکتری جیا دەکاتەوە، بەڵام تیووبی سوور جێڵی تێدا نییە و پێویستە زۆر بە ئاگادارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ڕەنگە جووڵاندنی بە شێوەیەکی نادروست ببێتە هۆی تێکەڵبوونەوەی پێکهاتەکانی خوێن. زیاتر بۆ پشکنینە هۆڕمۆناتییەکان بەکاردێت.

تیووبی پەمەیی

ماددەی EDTA تێدایە بۆ پشکنینی گشتی خوێنی ئەو کەسانەی کە خوێن دەگوازنەوە و بۆ پشکنینی کڕۆس ماچ (crossmatch) بەکاردێت.

پێویستە بە ئاگادارییەوە تیووبەکان بجووڵێنرێن، جووڵاندنی تیووبەکان بە شێوەیەکی خێرا ڕەنگە ببێتە هۆی تێکشکاندنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن. هەروەها کەم جووڵاندن وتێکەڵ نەبوونی ماددەی ناو هەندێک لە  تیووبەکان دەبێتە هۆی مەیینی خوێن.


سەرچاوەکان



1023 بینین