ڕووداوی کوشتن لە زانکۆی سەڵاحەدین (٢٠٢٢)

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-09-25-23:18:00 - کۆدی بابەت: 10372
ڕووداوی کوشتن لە زانکۆی سەڵاحەدین (٢٠٢٢)

ناوه‌ڕۆك

ڕووداوی کوشتن لە زانکۆی سەڵاحەدین

کوشتن لە زانکۆی سەڵاحەدین (بە ئینگلیزی: Murder at Salahaddin University) ڕۆژی سێشەممە ٢٨ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ خوێندکارێکی پێشووی زانکۆی سۆران بەهۆی بەڕێنەکردنی مامەڵەی گواستنەوەی لە زانکۆی سۆران بۆ زانکۆی سەڵاحەدین بووە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی، بە چەک هێرشی کردە سەر دوو مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین، لەئەنجامدا هەردووکیان کوژران و کەسێکی تریشی بریندارکرد، هەمان ڕۆژ تاوانبار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکرا.

زانیاری گشتی

کات ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
شوێن ھەولێر
ناوچە
  • ماڵی دکتۆر ئیدریس حەمەخان
  • ئۆفیسی دکتۆر کاوان ئیسماعیل
جۆر کوشتن
ھۆکار
  • کێشەی یاسایی
  • نەگواستنەوەی تاوانبار لە زانکۆیەک بۆ زانکۆیەکی تر

پێشینەی خوێندکار

تاوانباری ڕووداوەکە ناوی ئاراس مەهدییە دانیشتووی ناحیەی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێرە، خوێندکاری بەشی یاسای زانکۆی سۆران بووە لە شاری سۆران لە باشووری کوردستان. تاوانبار قۆناغی یەکەمی زانکۆی تەواوکردووە لە قۆناغی دووەم بەهۆی گزیکردن بە کەوتوو هەژمارکرا، بەهۆی ئەوەی مامۆستاکەی کە ناوی نیشتیمان بووە گزییەکەی لێ گرتووە، کێشەی لەگەڵ دروستکردووە و هەڕەشەی لێ کردووە، بەو هۆیەوە هاوسەری نیشتیمان کە ناوی ئیدریس حەمەخان بووە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکردووە، بەهۆی چارەنەبوونی کێشەکەی تاوانبار داوای گواستنەوەی لە زانکۆی سۆران بۆ زانکۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێر کردبوو، بەڵام ڕاگری کۆلێجی یاسای زانکۆی سەڵاحەدین ڕەزامەندی لەسەر گواستنەوەکە دەرنەبڕیووە، تاوانبار هەڕەشەی لە مامۆستاکانی خۆی کردبوو، پێشتریش بەم هۆکارە بۆ ماوەی حەفتەیەک دەستگیرکرابوو.

کاتی ڕووداوەکە

کاتژمێر ٨:٣٠ بەیانی ڕۆژی سێشەممەی ٢٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢، خوێندکار دەچێتە کۆلێجی یاسا بەسەر دیواری پشتەوەی کۆلێجەکە دەچێتە ناو بەشەکەوە لەوێ دەچێتە ئۆفیسی دکتۆر کاوان ئیسماعیل ڕاگری کۆلێجی یاسا لە زانکۆی سەڵاحەدین، پێنج گولەی لێدەدات و بە سەختی بریندار دەبێت بەڵام پاش ئەوەی دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات، پارێزکای هەولێر هەواڵی مردنی لەکاتی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە ڕووداوەکە ڕاگەیاند.

دواتر تاوانبار ڕوودەکاتە ماڵی نیشتیمان عوسمان کە ١٠٠ مەترێک لە کۆلێجی یاسا دوورە، بەڵام نە خۆی و نە منداڵەکانی لەوێ نابن و تەنیا دکتۆر ئیدریس حەمەخانی هاوسەری لە ماڵ دەبێت، بەهۆی ئەوەی نیشتیمان عوسمان لە شاری هەولێر بەڕێ دەکەوێت بۆ شاری سۆران بەهۆی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی خوولی دووەمی قوتابیانی زانکۆی سۆران، دکتۆر ئیدریس پاش ئەوەی دەرگای ماڵەکەی بۆ دەکاتەوە و دەزانێت تاوانبار مەبەستی کوشتنیەتی بەرەو سەربانی ماڵەکە هەڵدێت، لەوێ تا سەربانی ماڵی دراوسێکەیان ڕادەکات بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ ڕێگایەکی دەربازبوونی نابێت هەوڵدەدات لەگەڵ ئاراس قسە بکات، بەڵام هەر پاش ئەوەی دەگاتە لای چەند فیشەکێک بە ئاڕاستەی دەتەقێنێت و دەستەبەجێ دکتۆر لە شوێنی ڕووداواکە گیان لەدەست دەدات، ئاراس پاش ئەنجامدانی تاوانەکەی ڕادەکات بەڵام هێزەکانی هەولێر خوێندکارەکەیان لە نزیک گوندی کانی بزرە و مورتکە دەستگیرکرد کە هەوڵیداوە لە سنووری هەولێر بچیتە دەرەوە. براکەی ئاراس بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە براکەی کێشەی دەروونی هەیە.

پاڵنەرەکانی ئەنجامدانی تاوانەکە

پاڵنەرەکانی ئەنجامدانی ئەم تاوانە تا ئێستا لەلایەن پۆلیسی هەرێم بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەشێکی میدیاکان و کەس و کاری تاوانبار بۆ کێشەیەکی سێ ساڵ پێشووی نێوان ئاراس مەهدی، نیشتیمان عوسمانی مامۆستای دەگەڕێننەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئاراس لە وانەی نیشتیمان لە کاتی تاقیکردنەوەکان هەوڵی گزیکردن دەدات، ئەمەش وا دەکات کاغەزی تاقیکردنەوەی لێ وەربگیرێتەوە و ئەو ساڵەی بە کەوتوو بۆ هەژماربکرێت، دواتر تاوانبار لە ڕێگای پەیوەندیکردنەوە هەڕەشە لە نیشتیمان عوسمان و بەرپرسانی تری زانکۆ دەکات، بۆیە بڕیاری دەرکردنی لە زانکۆی سۆران دەدرێت.

بنەماڵەی تاوانبار هەوڵدەدەن لەڕێگای دوور لە یاسا کێشەکە چارەسەر بکەن بەڵام نەیانتوانی. داوای گواستنەوەی دەکەن بۆ کۆلێجی یاسای زانکۆی سەلاحەدین بەڵام بەهۆی کێشەی یاسایی لە دۆسیەکەی ڕێکاری وەرگرتنی قورس دەبێت، کاوان ئیسماعیل ڕاگری کۆلێجەکە ڕەزامەند نابێت لەسەری داوادەکات بەهۆی ئەوەی ئەم کەسە دووساڵە لە خوێندن دابڕاوە دەبێت یاسایەک یان ڕێنماییەک بۆ کۆلێج بێت بۆ ئەوەی خوێندکارەکە وەربگیرێت، یاداشتەکەی بۆ خوێندنی باڵا ناردووەتەوە، خوێندنی باڵا نوسراوێک دەردەکات بۆ ئەوەی خوێندکار لە هەمان زانکۆی خۆی یاخود زانکۆی سەلاحەدین درێژە بەخوێندن بدات ئەمەش بەپێی سەرچاوەکان ئاراسی ڕەزامەند نەکردووە و نەچووەتەوە بۆ خوێندن.

بەپێی وتەی قاسم مەهدی برای تاوانبار ئاراس بەهۆی ئەم کەیسەوە تووشی نەخۆشی خەمۆکی بووە، ئەمەش بە پاڵنەرێکی سەرەکی ڕووداوەکە دادەنێن.

قوربانییەکان

قوربانییەکان هەردووکیان نازناوی دکتۆرایان هەبوو، لە زانکۆی سەڵاحەدین مامۆستا بوون، دکتۆر کاوان ئیسماعیل ڕاگری کۆلێجی یاسا بووە، دکتۆر ئیدریس حەمەخان لە کۆلێجی ئەندازیاری مامۆستا بووە، خاوەنی دوو کچە و هاوژینی نیشتیمان عوسمانە، ئەم دوو مامۆستایە پەیوەندی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ یەکدا هەبووە و هاوڕێی یەکتربوون.

لەکاتی ڕووداوەکە یەکێک لە کارگوزارانی کۆلێجی یاسا لەلایەن تاوانبار بریندار دەکرێت بەڵام دۆخی تەندروستی جێگیرە. تەرمی دکتۆر کاوان لە هەولێر و تەرمی ئیدریس حەمەخانیش لە سلێمانی بەخاک سپێردران.


سەرچاوەکان



412 بینین