چۆن وا لە منداڵ بکەم دەست نەکات بە لووتیدا؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-09-11:17:00 - کۆدی بابەت: 10594
چۆن وا لە منداڵ بکەم دەست نەکات بە لووتیدا؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن وا لە منداڵ بکەم دەست نەکات بە لووتیدا (بە ئینگلیزی: ?How make my child dont put his hand in his nose، بە عەرەبی: كيف اجعل طفل ان لا يضع يده في انفه)، خووی دەستکردن بە لووتدا خوویەکی بەناوبانگە و هۆکاری جیاوازی هەیە، جیا لە هۆکارەکانی ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دایک و باوک بۆ تەرکپێکردنی ئەم خووە، مامەڵەی دروست لەگەڵ منداڵەکە بکەن.

بۆچی منداڵ دەست دەکات بە لووتیدا؟

دەست بە لووتداکردنی منداڵ لە ڕوانگەی کۆمەڵگەوە پەسەند نییە، هەروەها دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی میکرۆب بە دەوروبەردا، دەکرێت ناو لووتی منداڵ برین بێت و ببێتە هۆی هەوکردن، لەکاتی دەستکردن بە لووتدا، میکرۆبەکانی سەر دەستیش دەچنە ناو لووت و لە باشترین جێگا بۆ گەشە خۆیان جێگیر دەکەن. ئەم میکرۆبانە دەتوانن منداڵ تووشی پەتا و ئەنفلۆنزا بکەن، باشترین ڕێگا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم خووە، ڕێگریکردنە لە وشکبوونەوەی لووت و گیرانی. 

هەندێک جار منداڵ بە نائاگایانە دەست بە لووتیدا دەکات و دووبارەی دەکاتەوە، لە هەندێک حاڵەتدا وشکی لووت هۆکارە بۆئەوەی منداڵ دەست بە لووتیدا بکات. لە هەندێک حاڵەتی تردا دەست بە لووتداکردنی منداڵ جۆرێک ڕەفتاری توڕەییە کە بەهۆی ماندوویەتی مێشک یان تەنانەت ماندوویەتی جەستەوە دەبێت. خۆشبەختانە ئەم خووە وەکوو خووی نینۆک جاوین نابێت بە کێشە و بە زۆری پێش ئەوەی منداڵ بگات بە قۆناغی بنەڕەتی، ئەم خووەی نامێنێت. 

هۆکاری دەستکردن بە لووتدا

  • ئەو منداڵانەی زیاتر دەست بە لووتیاندا دەکەن، ئەو منداڵانەن کە هەستیارییان هەیە، لووتی ئەم منداڵانە لینجە ماددەی زیاتر دەردەدات، کاتێک لینجەماددەکە دەگات بە بەشەکانی خوارەوەی لووت، لووت وشک دەکاتەوە و لێرەدایە کە منداڵ دەزانێت شتێک لە لووتیدا هەیە کە دەبێت دەریبهێنێت، ئەم هەستە وا لە منداڵ دەکات واز لە لووتی خۆی نەهێنێت.
  • جووڵەی نائاگایانە، واتا هەندێک جار منداڵ تەنانەت ئاگاداری ئەوە نییە کە دەستی کردووە بە لووتیدا.
  • ڕەنگە لاساییکردنەوەی ڕەفتاری گەورەکان بێت.
  • ڕەنگە لینجەماددەیەکی زۆر لە لووتی منداڵەکەدا کۆبووبێتەوە.
  • منداڵ بەمشێوەیە لە نیگەرانی خۆی کەم دەکاتەوە و ڕەنگە بیەوێت بەم شێوەیە ئارام بێتەوە.

چی بکەم بۆئەوەی منداڵەکەم دەست بە لووتیدا نەکات؟

- منداڵ فێری لووت پاککردنەوە بکەن، منداڵ کاتێک هەست دەکات لووتی گیراوە دەست دەکات بە لووتیدا، فێری بکەن چۆن بە دەمی داخراوەوە یەکێک لە کونەکانی لووتی بگرێت و ئەوەی تریان فین بکات و پاکی بکاتەوە.

- بۆڵەبۆڵکردن یان سەرزەنشتکردنی منداڵەکەتان نابێتە ڕێگری دووبارە نەکردنەوەی خووەکە، بەڵام دەبێتە هۆی ئەوەی شەرم بکات، قسەی لەگەڵ بکەن دەربارەی ئەم خووە، ڕەنگە منداڵ ئاگادار نەبێت لەوەی بەردەوام ئەم کارە ئەنجام دەدات، پێی بڵێن لەبەر چی حەز ناکەن دەست بە لووتیدا بکات و بۆچی دەبێت ئەم کارەی بوەستێنێت. 

- پێی بڵێن کاتێک دەست دەکات بە لووتیدا، لە ئاوێنەوە سەیری خۆی بکات، با بزانێت چەند ناخۆش و سەیر دەردەکەوێت. دەتوانن لەسەر ئاگادارکردنەوەیەکی ئارام ڕێک بکەون کە بە بەکارهێنانی لەو کارەی بوەستێت، بۆ نموونە بەئارامی بکێشی بە دەستیدا یان کلێنسی پێ بدەیت یاخود وشەیەکی نهێنی لەنێوان خۆتان دابنێن.

- سەرنج بدەن و بزانن لەچی بارودۆخێکدا زیاتر ئەم خووەی دەردەکەوێت، بۆ نموونە کاتێک لەناو ئۆتۆمبێلە یان کاتێک سەیری تەلەڤزیۆن دەکات، لەو کاتانەدا شتێک بدەنە دەستی تا پێوەی مەشغوڵ ببێت.

- بەئارامی قسەی لەگەڵ بکەن لەسەر ئەم خووەی، داوای لێ بکەن هاوکارتان بێت، کاتێک ڕازی بوو تا هەوڵ بدات بۆ تەرککردنی، هاندان و بیرخستنەوەی ئێوە ئەنجامێکی زۆر باشتری دەبێت لە سەرزەنشتکردن یان شەرمەزار کردنی منداڵەکە.

- بۆ تەرکپێکردنی ئەم خووە بە منداڵ دیاری دابین بکەن.

- کاتێک منداڵ بەشێوەیەکی دروست لووتی پاک دەکاتەوە، ستایشی بکەن بۆ ئەو ئاگاداری و هەوڵدانەی.

- پەنجەکانی بە باندج بپێچنن، ئەم کارە ڕێگری دەکات لەوەی دەست بکات بە لووتیدا.

- فێری بکەن کلێنس بەکاربهێنێت، بۆ ڕێگریکردن لەوەی دەست بکاتە لووتی، پاکەتێکی بچووکی کلێنسی بۆ بکڕن تا هەمیشە لە گیرفانیدا بێت.

- هانی بدەن بۆئەوەی دەستەکانی بشوات، تاکوو میکرۆبی لەسەر کۆنەبێتەوە.

- دەستەکانی بە سەرقاڵی بهێڵنەوە، چونکە هەندێک جار منداڵ دەست بە لووتیدا دەکات تاکوو کارێک بە دەستەکانی بکات.

- ئەگەر لێی بووە بە خوویەک و ماوەیەکی زۆرە ئەنجامی دەدات، ڕەنگە بە نائاگایانە ئەم کارە بکات، کەواتە هەر کاتێک دەستی کرد بە لووتیدا ئاگاداری بکەنەوە و داوای لێ بکەن دەستی بشوات، بۆی ڕوون بکەنەوە کە ئەمە خوویەکی پاک نییە و دەبێتە هۆی برین و هەوکردنی ناو لووت، چونکە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی میکڕۆب، تەنانەت دەکرێت ببێتە هۆی نەخۆش خستنی کەسای تریش.


سەرچاوەکان



434 بینین