چۆن باسی مردن بۆ منداڵ بکەین؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-15-03:17:00 - کۆدی بابەت: 10661
چۆن باسی مردن بۆ منداڵ بکەین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن باسی مردن بۆ منداڵ بکەین؟ (بە ئینگلیزی: ?How do we talk about death to a child، بە عەرەبی: كيف نتحدث عن الموت لطفل؟مردن بەشێکی جیانەکراوەیە لەژیان، ڕووبەڕووبوونەوەی مردنی ئازیزان ئەزموونێکی قورسە، کاتێک لەناو خێزانەکە منداڵێکمان هەبێت ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە و ڕوونکردنەوەی بۆ منداڵان هەندێکجار دەبێت بە کێشە، چونکە لەلایەکەوە نازانین چۆن ئەم کارەساتە بۆ منداڵەکەمان ڕوون بکەینەوە تا کەمتر زیانی پێ بگات و لەلایەکی تریشەوە کاردانەوەی ئەو چۆن دەبێت و چۆن خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ ئەم بابەتەدا و قبوڵی دەکات.

منداڵ لە تەمەنی پێش قوتابخانە

منداڵانی خوار ٦ ساڵ تا ڕادەیەک لە مردن تێدەگەن، لەبری ئەوەی زیاتر لەوەی لەناو خێزانەکەیاندا ڕووبەڕووی ئەم بابەتە ببنەوە، لە ڕێگای بەرنامەکانی تەلەڤزیۆن و چیرۆکەکانەوە دەربارەی مردن بیستوویانە. لەوانەیە مێروویەکی مردوویان بینیبێت یان ماسییەکی سووریان هەبووە کە دواتر مردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان لەو تەمەنەدا ناتوانن درک بەوە بکەن کە مردن ڕووداوێکی هەمیشەییە و کەسێک کە دەمرێت هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ ژیان.  

- زمانێکی سادە و ڕاستەوخۆی گونجاو لەگەڵ ئاستی تێگەیشتنی ئەوان بەکاربهێنن: منداڵان لەم تەمەنەدا پێویستییان بە ڕوونکردنەوەی ئاشکرا و زۆر سادە هەیە، ئێمە ناتوانین بە منداڵ بڵێین کەسێکمان لە دەست داوە، چونکە لەوانەیە بەتەواوی لە مەبەستەکەمان تێنەگات، هەروەها دەربڕینەکانی وەکوو  بابە گەورەمان ون کردووە یان دایە گەورە ڕۆیشتووە بۆ شوێنێکی تر یان خەوتووە، ئەمانە دەتوانن بۆ منداڵ هۆکاری سەرلێشێوان و گێژبوون بن. تەنانەت ڕەنگە منداڵەکەتان نیگەرانی ئەوە بێت  خەوتنی لە شەودا مانای وایە ئەویش دەمرێت.

- باشترە بە نەرمی و لەسەرخۆیی قسە لەگەڵ منداڵ بکەن و دەستەواژەی وەکوو مردووە، گیانی لە دەستداوە بەکاربهێنن، بەکارهێنانی دەربڕینی گونجاو یارمەتی منداڵ دەدات باشتر لە بابەتەکە تێبگات.

- باشترە لە جێگایەکی ناسراودا قسە لەگەڵ منداڵ بکەن، لە شوێنێک کە یارییە دڵخوازەکەی لەبەردەستیدا بێت، زیاتر هەست بەئاسوودەیی دەکات، لە کاتێکدا خەریکی یاریکردنە، بەڕاستگۆییەوە بابەتەکەی پێبڵێن. دەتوانن بڵێن، بەداخەوە بابەگەورە مردووە، هەمووان ئاواتەخواز بوون نەمردایە و خۆزگە ساڵانێکی زیاتر دەژیا. کاتێک مرۆڤەکان دەمرن، چیتر جەستەیان کار ناکات و ناتوانن نان بخۆن، بەڕێگادا بڕۆن و یاری بکەن، ئێمە چیتر ناتوانین ئەو ببینین. ئێوە دەتوانن ڕستە و دەستەواژەی تر بەکاربهێنن، گرنگ ئەوەیە پەیڕەوی ئەو بنەمایە بکەن کە باسمان کردووە. 

چەند دەربڕینێکی پێشنیارکراو بۆ ڕوونکردنەوەی مانای مردن بۆ منداڵان

  1. ئێمە دەزانین هەموو بوونەوەرە زیندووەکان ڕۆژێک دەمرن، گوڵەکان، ئاژەڵەکان، درەختەکان، پەپولەکان، هەموو مرۆڤەکان لە کۆتاییدا دەمرن، ئەگەر منداڵ پێشتر ئاژەڵێکی مردووی لە سەر شەقام بینیبێت یان ماسی سووری هەبووبێت و لەدەستی دابێت، دەتوانن ئەوانەی بەبیربهێننەوە یان لە وێنەدا گەڵای زەردی درەختەکانی نیشان بدەن و دەربارەی ئەم بابەتە قسەی بۆ بکەن.
  2. زۆربەی کەسەکان کاتێک پیر دەبن، دەمرن. هەندێک جار، هەندێک مرۆڤ پێش پیربوون دەمرن بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ یان نەخۆشییەکی کوشندە.
  3. کاتێک کەسێک دەمرێت، جەستەی دەوەستێت و چیتر کار ناکات، واتا ناتوانێت بجوڵێت، قسە بکات، کەسێک لە ئامێز بگرێت یان یاری بکات. 

چاوەڕێی ئەوە بکەن منداڵەکەتان بە بەردەوامی دەربارەی مردن پرسیارتان لێ بکات

لەوانەیە منداڵەکەتان بەردەوام لە ئێوە بپرسێت چی ڕوویداوە یان ئەو کەسەی کە مردووە کەی دەگەڕێتەوە وابیر مەکەنەوە ئەو بەدوای وەڵامێکی قووڵەوە بێت، چونکە وانییە، ئەو پێویستی بە ئێوەیە بۆ ئەوەی بە بەردەوامی ئەم بابەتەی بۆ ڕوون بکەنەوە، وەڵامی پرسیارەکانی بدەنەوە، چونکە ئەمە یارمەتی دەدات باشتر لە مردن تێبگات.  

لەوانەیە ئەو بەردەوام هەمان پرسیار دووبارە بکاتەوە، دەبێت بە ئارامگری و تاقەتەوە وەڵامی بدەنەوە، پێویست بە ڕوونکردنەوەی دوور و درێژ ناکات، دەتوانن بەم جۆرە دەست بە وەڵامدانەوەی بکەن: ڕای تۆ چییە، پاشان لەسەر بنەمای وەڵامی منداڵەکە بەردەوامی بە گفتوگۆکە بدەن. ئەگەر پرسیارێکت لێ دەکات وەڵامەکەی نازانیت، ڕاستگۆیانە پێی بڵێ نازانم. لە میانەی گفتوگۆکاندا دڵنیاببنەوە کە منداڵەکەتان بزانێت ئەم ڕووداوە تاوانی ئەو نییە، چونکە منداڵ لە تەمەنەکانی پێش قوتابخانە خۆی بە چەقی دونیا دەزانێت و وابیردەکاتەوە جیهان بەدەوری ئەودا دەخولێتەوە، لەبەرئەوە ڕەنگە بە هۆی مردنی ئازیزانەوە سەرزەنشتی خۆی بکات، منداڵ دڵنیابکەنەوە ئەو تاوانبار نییە و هیچ کەسێک ناتوانێت ڕێگە لە مردن بگرێت. 

منداڵان لە تەمەنەکانی قۆناغی سەرەتایی

دەربارەی منداڵانی تەمەن ٦ بۆ ١١ ساڵ، بابەتەکە جیاوازە لەم تەمەنانەدا بەزۆری منداڵان زۆر بەپەرۆشن بۆ بیستنی ڕوونکردنەوەکان، ئەم منداڵانە دەتوانن لەو شتە تێبگەن کە بۆتە هۆی لە دەستدانی ئازیزەکانیان، هەندێک کات دەتوانین وەڵامی پرسیارەکانیان بدەینەوە، بەڵام هەندێکجار وەڵامەکەی نازانین، ئەمەش زۆر قورسە بۆ منداڵ.

دەربارەی هەرزەکاران، بابەتەکە ئاڵۆزترە، چونکە لەگەڵ گەورەبوونیان هەستەکانیان بەهێزتر دەبێت، دەکرێت منداڵانی ٦ تا ١١ ساڵ و هەرزەکاران تووشی شۆک ببن یان باوەڕ بەوە نەکەن کەسێکی نزیکیان لە دەستداوە و نکۆڵی لێبکەن، تەنانەت ڕەنگە بۆ چەند ساتێک لەیادی بکەن چی ڕوویداوە، ئەمەش حاڵەتێکی بەرگری زۆر ئاساییە و تەندروستە کە مێشک پشوویەکی کورت لەبەرانبەر هەواڵێکی زۆر ناخۆش وەردەگرێت، ئەم حاڵەتانە کاتین و تێدەپەڕن و لەوانەیە هەست و سۆزێکی زۆریان لەگەڵدا بێت. بەدرێژایی ئەو کاتەی هەرزەکار هەوڵ دەدات لە مێشکیدا مردنی ئەو کەسەی خۆشیدەویست شیبکاتەوە و ڕاستییەکە قبوڵ بکات، پێویستی بە هاودڵی و خۆڕاگرییەکی زۆر هەیە. 

مەڕاسیمی پرسە

منداڵەکەتان لەو شتانەی کە ڕوودەدەن، ئاگاداربکەنەوە. منداڵەکەت ئامادەبکە بۆ ئەو ڕووداوانەی کە لە مەڕاسیمی پرسەکەدا ڕوودەدەن، پێی بڵێ کە بڕیارە چی ببینيت، کێ لەوێ دەبێت، خەڵکەکە هەستیان چۆنە و چی دەکەن، بۆ نموونە دەربارەی ڕەنگی جلوبەرگی کەسەکان لەو مەراسیمەدا، چۆنیەتی میوانداری کردن، گریانی هەندێک لە کەسەکان قسە بکەن. پێش ئامادەبوونتان لە پرسەکەدا لەگەڵ منداڵەکەتان جلێکی گونجاو ئامادە بکەن و پێی بڵێن ئەگەر پێی خۆش بێت دەتوانێت وەکوە ئەوانی تر جلی مات بپۆشێت. پێویست ناکات هەستەکانی خۆتان لە منداڵەکەتان بشارنەوە یان وای نیشان بدەن هەموو شتێک باشه.

کاتێک لە مردنی کەسێکی خۆشەویستتان دڵتەنگن لەڕاستیدا کاردانەوەیەکی دروست نیشان دەدەن لە کاتێکی دروستدا و گرنگە ئێمە نموونەیەکی گونجاو بین بۆ منداڵ بۆئەوەی لە هەستی ناڕەحەتی و دڵتەنگی تێبگات و ڕابێت لەگەڵی، تەنانەت ئەگەر زۆریش بەئازار بێت. دەرفەتێک دروستبکەن بۆ ئەوەی منداڵەکەتان دەربارەی ئەوەی ڕوویداوە قسەتان بۆ بکات. گوێ لە هەستەکان، نیگەرانییەکان و یادەوەرییەکانی بگرن و هانی بدەن هەمیشە هەستەکانی خۆی بۆ ئێوە باس بکات.


سەرچاوەکان



327 بینین