ئەو خووە خراپانەی زیان بە چاوەکان دەگەیەنن

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-12-23-23:30:00 - کۆدی بابەت: 10761
ئەو خووە خراپانەی زیان بە چاوەکان دەگەیەنن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چاوەکان (بە ئینگلیزی: Eyes، بە عەرەبی: عيون) ئەندامی سیستمی بینینن، بینین بۆ زیندەوەرەکان دابین دەکەن، بەشەکانی چاو پێکەوە بۆ ناردنی زانیاری بینراو بۆ مێشک کاردەکەن، چەند بارێک و برینداربوونێک دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە بینایی چاودا، بۆ ئەوەی ئاگاداری تەندروستی چاوەکانت بیت پێویستە پشکنینی بەردەوامی چاوەکانت بکەیت.

ئەو خووە خراپانە چین کە زیان بە چاو دەگەنن؟

زۆرجار خەریکی خووی خراپ و بەردەوام دەبین کە دەکرێت زیان بە بینایی چاوەکانمان بگەیەنێت و ئاستی بینینمان لاوازبکات. بە گۆڕانکاریش لە بەشێک لە خووە خراپەکان دەکرێت تەندروستی چاوەکانت بۆ باشتر بگەڕێتەوە، کە بریتین لە: 

بەکارهێنانی مۆبایل و کۆمپیتەر و ئامێرە زیرەکەکان بۆ ماوەیەکی زۆر: ڕەنگە گرنگیدان بە خوێندنەوەی ئەو دەقە بچووکە لە مۆبایلە زیرەکەکەتدا یەکێک بێت لە هۆکارەکانی ئازاری چاوەکانت، بەتایبەتی لە ئەگەری ئەوەی زۆرجار بۆ چەند کاتژمێرێک ئەم کارە بکەیت. هەروەها ئەمەش دەبێتە هۆی تەڵخبوونی بینین، سەرگێژخواردن، وشکبوونەوەی چاو و دڵ تێکەڵهاتن.

پێویستە ٢٠ خولەک جارێک مۆبایلەکەت دابنێیت تا چاوەکانت پشوویەک وەربگرن. هەروەها باشترە فۆنتی مۆبایلەکەت گەورەتر بکەیت تا کەمتر سەرنج لە نووسینە وردەکان بدەیت بۆ خوێندنەوە. 

بە هەمان شێوە سەیرکردنی شاشەی کۆمپیوتەر بۆ ماوەیەکی زۆر زیان بە چاوەکانت دەگەیەنێت. بەسەربردنی هەموو ڕۆژێک لەبەردەم کۆمپیوتەرەکەتدا دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی چاوەکان. هەوڵبدە دوای هەر ٢٠ خولەک جارێک پشوویەک بە چاوەکانت بدەیت.

سەیرکردنی تەلەفزیۆن لە شەودا: لە ڕاستیدا سەیرکردنی هەر جۆرە شاشەیەک، لەوانە تەلەفزیۆن، مۆبایل، خوێندنەوەی ئەلیکترۆنی و کۆمپیوتەرەکەت پێش خەوتن لە تاریکیدا بۆ چاوەکانت خراپە، دەکرێت کاریگەری خراپ و بەردەوام لەسەر چاوەکانت بەجێ بهێڵێت ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت.

لە تاریکیدا ئاستی ڕووناکی بە خێرایی دەگۆڕێت، بۆیە چاوەکانت دەبێت زیاتر کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم گۆڕانکاریانە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئازار، گرژبوونی چاو، سەرئێشە، سووربوونەوە، وشکبوونەوەی چاوەکان و تەنانەت دەتوانێت کاریگەری لەسەر خشتەی خەوتنت هەبێت.

خوێندنەوە لە ڕێگادا: زۆر کەس هەمیشە گۆڤارێک یان کتێبێکیان هەیە بۆ ئەوەی لە کاتی ڕۆیشتن یان گەشتکردن بە پاس یان ئۆتۆمبێلێکی جوڵاودا بیخوێننەوە. لە ڕاستیدا خوێندنەوە لە کاتی گەشتکردندا دەتوانێت سەرنجدانیان قورس بکات. هەروەها ئەم چالاکییە لەوانەیە ببێتە هۆی نەخۆشی جووڵە (کاتێک ڕوودەدات کە ئەو جوڵەیەی کە دەیبینیت جیاواز بێت لەوەی گوێی ناوەوەت هەستی پێدەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرگێژخواردن و دڵ تێکەڵهاتن و ڕشانەوە.)، سەرئێشە، سەرگێژخواردن، بێ هێزی و ڕشانەوە.

گوشینی چاوەکان: زوو زوو گوشین و پاڵپێوەنانی چاوەکانت لەوانەیە زیان بە خوێنبەرەکانی ژێر پێڵووی چاوت بگەیەنێت، ئەگەر دەتەوێت چاوەکانت ئارام بکەیتەوە پێویستە شەڵتەی سارد، خاولییەکی تەڕی سارد بۆ ماوەی یەک بۆ دوو خولەک لەسەر چاوت دابنێیت یان دڵۆپی شێدارکەرەوەی چاو بەکاربهێنیت. بەڵام نابێت هیچ شەڵتەیەکی گەرم بەکاربهێنیت، چونکە گەرما دەتوانێت دەردانی هیستامین زیاد بکات و دۆخەکە خراپتر بکات.

ئەگەر ناچار بوویت بە دەست چاوەکانت بگوشیت پێویستە دەستەکانت بشۆیت و پاک بن، بە هێواشیش دەست لە چاوەکانت بدەیت.

بەکارهێنانی لینز (هاوێنە) لە کاتی خەودا: کاتێک لە کاتی خەوتندا لینز لە چاوتدایە، مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی چاو زیاد دەکات و دەبێتە هۆی زیانێکی هەمیشەیی. بۆیە لەبیرت بێت پێش خەوتن دەریانبهێنیت و دڵنیابە لەوەی دەستەکانت پاکن لەکاتی ئەنجامدانی ئەو کارەدا.

زیاد بەکارهێنانی دڵۆپی چاو: لە کاتێکدا دڵۆپی چاو بۆ ماوەیەکی کاتی وشکبوونەوەی چاوەکان ئاسان دەکات، بەڵام بەکارهێنانی دڵۆپی چاو زۆرجار دەبێتە هۆی خورانی چاوەکانت. پزیشکان هۆشداری دەدەن لەوەی کە دڵۆپی چاو بەبێ ڕەچەتە لە ڕاستیدا تەندروستی چاوەکانت باشتر ناکات، تەنها چاوەکانت کەمتر سوور دەکەنەوە. لەبری ئەوەی زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی بکەیت، پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پێویستە بۆ ماوەیەکی کورت دڵۆپی چاو بەکاربهێنیت.

لە ئەگەری بەکارهێنانی دڵۆپی چاو، لەبیرت بێت ڕێنماییەکانی پزیشکەکانت جێبەجێ بکەیت و دواتر بەکارهێنانی ڕابگریت ئەگەر بووە هۆی خورانی چاو، پەڵەی چاو یان هەریەکێک لە کاریگەرییە لاوەکییە نەخوازراوەکانی تر.

هەبوونی سیستمی خۆراکی ناهاوسەنگ: لەڕاستیدا هەندێک سەوزە و میوە گرنگن بۆ تەندروستی چاو بەتایبەت ئەوانەی ڤیتامین E، ڤیتامین C، ترشی چەوری ئۆمیگا 3 و زینکیان تێدایە. شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن تا دەتوانیت زەیتی ڕووەکی، لیمۆ، گوێز، سەوزەی گەڵادار، دانەوێڵەی تەواو و ماسی بخەیتە ناو سیستمی خۆراکی ڕۆژانەتەوە.

لەوەش گرنگتر پێویستە بڕێکی زۆر ئاو بخۆیتەوە. مانەوەی جەستەت بە ئاوداری کلیلی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی فرمێسک و هێشتنەوەی چاوەکانت بە تەندروستی. جگە لەوەش هەوڵبدە ئەو خۆراکانە زۆر نەخۆیت کە ڕێژەیەکی زۆر سۆدیۆمیان تێدایە چونکە دەتوانن جەستەت وشک بکەنەوە.

خراپ بەکارهێنانی ئارایشت بۆ چاو: ئەو ئارایشتانەی لە نزیکی چاوەکانتە، لەوانە ماسکارا، سێبەری چاو، ئایلاینەر و کرێمی چاو هەموویان مەترسییەکی ئەگەرییان هەیە. بۆیە دڵنیابە لەوەی کە ئارایشت لە نزیک هێڵی برژانگەکەت نەدەیت بۆ ئەوەی ڕژێنە چەورییەکان نەگیرێت، چونکە دەبێتە هۆی هەوکردن. جگە لەوەش پێویستە دوای هەر ٣ مانگ جارێک ئارایشتەکانی چاوت بگۆڕیت و ئارایشتی نوێ بەکار بهێنیت. 

هەروەها کاتێک ئارایشتی هەرزان بۆ چاو بەکاردەهێنیت، لەوانەیە زیان بە چاوەکانت بگەیەنیت. ڕەنگە هەندێک لە پێکهاتەکانی ناو بەرهەمە کەم نرخەکان بۆ چاوەکانت باش نەبن. هاوکات دڵنیابە هەموو شەوێک پێش خەوتن ئارایشتی چاوەکانت لاببەیت.

بەکارنەهێنانی چاویلکەی سەلامەتی: بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک نزیکەی ٤٥٪ـی برینداربوونی چاو لە ماڵەوە ڕوودەدات و باوترین باریش بەرکەوتنی ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکانی ناو بەرهەمەکانی ناوماڵەکان، پڕۆژەکانی چاککردنەوەی ماڵ، ڕژانی ڕۆن و چەوری گەرم لەکاتی چێشت لێنان و بەکارهێنانی ئامێرە گەرمەکانی قژ ڕێکخستنە. بۆیە ئەگەر تەندروستی چاوەکانت لا گرنگە پێویستە چاویلکەی سەلامەتی لە کاتی کارکردن لەگەڵ ئەم کاڵایانەدا بەکاربهێنیت. 

بە هەمان شێوە ئەو ماددە کیمیاییانەی لە حەوزەکاندا هەن زیان بە چاوەکانت دەگەیەنن. لەوانەیە تووشی خوران، بینینی تەمومژاوی یان لە هەندێک باری تونددا، تووشی کوێربوونی کاتی بیت. بەم شێوەیە کاتێک دەچیتە مەلەکردن، دەبێت کە پارێزەری چاو بەکاربهێنیت یان چاوەکانت بە توندی دابخەیت.

جگەرەکێشان: وەک ڕوونە جگەرەکێشان کێشەی تەندروستی لەسەر سییەکان و دڵ دروست دەکات، بەڵام هەموو کەسێک نازانێت پەیوەندی بە تەندروستی چاوەوە هەیە. جگەرەکێشان زیان بە ڕیشاڵەکانی چاوت دەگەیەنێت. جگە لەوەش کاتێک جگەرە دەکێشیت ئەگەری تووشبوونت بە نەخۆشییەکانی چاو زیاترە، لەوانە ئاوی سپیی چاو، تێکچوونی بۆرییەکانی خوێن، هەوکردنی چاو و لەدەستدانی بینین. ڕەنگە وازهێنان لە جگەرەکێشان قورس بێت، بەڵام بۆ تەندروستی گشتی و چاوەکانت باشترە. 

بەکارنەهێنانی چاویلکە: کاتێک لەبەر تیشکی خۆردا دەچیتە دەرەوە، لەبیرت بێت چاویلکەی خۆرەکەت تەنانەت لە ڕۆژانی هەوریشدا بەکاربهێنە. دەتوانێت یارمەتی ڕێگریکردن لە تیشکی سەروو بنەوشەیی بدات کە زیان بە چاوەکانت دەگەیەنن، تەنانەت دەبێتە هۆی ئاوی سپی چاو و تێکچوونی چاو. منداڵان مەترسی زیاتریان لەسەرە لە چاو گەورەکان، وا باشترە منداڵی خوار شەش مانگ خۆری ڕاستەوخۆ لێی نەدات. هەروەها چاویلکەی خۆر دەتوانێت لە کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڕووناکی یارمەتیت بدات، وەک تەڵخبوونی بینین و سەرئێشە و سووربوونەوەی چاوەکان.

نەبوونی خەوی تەواو: وەک ڕوونە کەمخەوی دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشەی تەندروستی لەوانەش زیان بە چاوەکانت دەگەیەنێت. هەندێک لە نیشانە باوەکان بریتین لە وشکبوونەوەی چاو، چرچبوون، ئازار و تەڵخبوونی بینین. ئەگەر تووشی ئەم نیشانانە بوویت، یان ئەگەر چاوەکانت سوور بوون، قورس بوون یان ئازاریان هەبوو، ئەوا پێویستە چەندین شەو خەوتنێکی باشی شەوانەت هەبێت بۆ ئەوەی چاوەکانت پشوو بدات. بەم شێوەیە دڵنیابە لەوەی کە گەورەکان لایەنی کەم حەوت کاتژمێر و منداڵان لایەنی کەم نۆ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا دەخەون، هەروەها پێش خەوتن تا دەتوانن ئامێرە زیرەکەکان بەکارمەهێنن.

ئەنجام نەدانی پشکنینی چاوی بەردەوام: سەردانی پزیشکی چاو بە بەردەوامی زۆر گرنگە. بە شێوەیەکی گشتی گەر کێشەکانی چاوت نییە دەتوانیت ساڵێک یان دوو ساڵ جارێک پشکنینی چاو بکەیت. پزیشکەکەت دەتوانێت کێشە جددیەکانی چاو دەستنیشان بکات، هەروەها دەتوانێت پێشبینی نیشانەکانی هەندێک لە نەخۆشیەکانی تر بە بینینی چاوەکانت بکات.


سەرچاوەکان



572 بینین