جەنگی قادسییە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-01-09-21:55:00 - کۆدی بابەت: 10864
جەنگی قادسییە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەنگی قادسییە (بە عەرەبی: معركة القادسية، بە ئینگلیزی: Battle of al-Qadisiyyah) لە گرنگترین جەنگە ئیسلامییەکانی سەردەمی عومەری کوڕی خەتتابە و تێیدا چەندان ناوچەی گرنگی وڵاتی عێراق فەتح کران. لە ڕۆژی ١٣ـی شەعبانی ساڵی ١٥ـی کۆچی بەرانبەر بە ڕۆژی ١٩ـی تشرینی دووەمی ساڵی ٦٣٦ زایینی ئەم جەنگە ڕوویداوە.
جەنگەکە لەنێوان موسڵمانان بە ڕابەرایەتی هاوەڵ سەعدی کوڕی ئەبوو وەقاس و ئیمپراتۆرییەتی فارسی بە سەرکردایەتی ڕۆستەم فەرخزاد لە ناوچەی قادسییە لە عێراق ڕوویداوە. دەرەنجامی جەنگەکە بە سەرکەوتنی موسڵمانان کۆتایی هات و ئەم جەنگە بە یەکێک لە گرنگترین جەنگەکانی فەتحکردنی وڵاتی عێراق دادەنرێت.

هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە

دوای ئەوەی فارسەکان لە جەنگی بووەیب لەگەڵ موسڵمانان شکستیان هێنا و دەسەڵاتیان لە ناوچەکانیان کەم بووەوە، هۆکاری شکست و دۆڕانەکەیان خستە ئەستۆی سەرکردە و دەسەڵاتدارەکانیان، بۆیە گۆڕانکارییان لە دەسەڵاتدار و فەرمانڕەواکانیان کرد و کۆبوونەوە و کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە جەنگ دژی موسڵمانانی نیمچەدوورگەی عەرەبی ڕابگەیەنن و پلانی جەنگ و تۆڵەسەندنەوەیان بە نهێنی داڕشت. موثەننای حاریثەی شەیبانی کە سەرکردەیەکی باڵای ناوچەکە بوو، بە پلانی جەنگەکەی زانی و ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی نامەیەکەوە عومەری کوڕی خەتتابی لە حیجاز ئاگادار کردەوە، عومەریش لەگەڵ هاوەڵان کۆبووەوە و ڕاوێژی پێکردن و بڕیاریاندا ئەوان دەسپێشخەربن پێش ئەوەی فارس هێرش بکات پێویستە موسڵمانان جەنگ دژی فارسەکان ڕابگەیەنن و هێرش بکەن.

سەرکردە و ژمارەی جەنگاوەرە موسڵمانەکان

سەرکردە و ژمارەی جەنگاوەرە موسڵمانەکان سەعدی کوڕی ئەبوو وەققاس ڕابەر و سەرکردەی موسڵمانان بوو لەم جەنگە، لە سەرەتای بڕیاردان بۆ جەنگ عومەری کوڕی خەتتاب ویستی خۆی سەرکردایەتی جەنگەکە بکات، بەڵام هاوەڵان پێشنیاریان کرد کە سەعدی کوڕی ئەبوو وەققاس بکرێتە سەرکردەی موسڵمانان و بوونی عومەری ئەمیری موسڵمانان بە سەرکردەی جەنگ لە بەرژەوەندی گشتی موسڵمانان نابێت، بۆیە عومەر پێشنیارەکەی پەسەند کرد و سەعدی وەکوو سەرکردەی گشتی سوپای موسڵمانان هەڵبژارد. لە حیجازەوە سەعد بە سوپایەکی چوار هەزار جەنگاوەرەوە بەرەو عێراق کەوتنەڕێ، دوای گەیشتنی بە شوێنی جەنگەکە لەگەڵ سوپاکەی موثەننای حاریثەی شەیبانی ژمارەی جەنگاوەرانی موسڵمان گەیشتنە نزیکەی سی هەزار بۆ چل هەزار جەنگاوەر، لە بەرانبەردا ڕۆستەم فەرخزاد ڕابەرایەتی ٢٠٠ هەزار جەنگاوەری فارسی کردووە و فارسەکان لە جەنگەکەدا لە ڕێگەی سواری فیلەوە هێرشیان کردووەتە سەر موسڵمانان ژمارەی فیلەکان لە نێوان ١٣ بۆ ٣٣ فیل بوونە، بەکارهێنانی فیل لە جەنگە فارسەکان تەکتیکێکی جەنگی بووە و فارسەکان بەکاریانهێناوە، چونکە جەنگاوەرانی بەرانبەریان زۆرجار ئەسپیان بەکارهێناوە، بۆیە فیلەکان دەبوونە هۆی تۆقاندن و ترساندنی ئەسپەکان و کەوتنی سوارەکان.

شوێنی جەنگەکە و هۆکاری ناونانی

جەنگی قادسییە لە پارێزگای قادسییەی عێراق ڕوویدا و بە دیاریکراوی لە ناوچەی دیوانییەی ئێستای وڵاتی عێراق. قادسییە دەکەوێتە نێوان نەجەف و ناوچەی حییرە لە باکووری ڕۆژاوای کووفە و باشووری کەربەلاوەیە، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە ڕووباری فوڕات دەوری داوە. بەهۆی ئەوەی لە ناوچەی قادسییە جەنگەکە ڕوویدا بۆیە جەنگەکە هەر بە ناوی شوێنەکەوە ناونرا جەنگی قادسییە.

هەڵگیرسانی جەنگەکە

دوای گەیشتنی سوپای سەعد و یەکگرتنی لەگەڵ سوپاکەی موثەننای حاریثەی شەیبانی بۆ ناوچەی قادسییە نوێژی نیوەڕۆ کرا و سەعد خۆی پێشنوێژی بۆ موسڵمانان كرد. جەنگی قادسییە سێ ڕۆژی خایاند و سوپای موسڵمانان دەسپێشخەری هێرشیان کرد، لە چوارەم ڕۆژدا زریان و بایەکی بەهێز دروست بوو و موسڵمانان سەرکەوتن و ڕۆستەمی سەرکردەی فارسەکان کوژرا، بۆیە دوای کوژرانی سەرکردەکەیان سوپای فارس هەڵوەشایەوە و بەرەو شاری مەدائین هەڵهاتن. ژمارەی کوژراوانی سوپای فارس لەم جەنگە بە بیست هەزار کەس خەمڵێندراوە و لە بەرانبەردا ژمارەی کوژراوانی سوپای موسڵمانان بە ١٥٠٠ کەس خەمڵێندراوە.

دەرەنجامی جەنگەکە

جەنگی قادسییە بە ڕابەرایەتی سەعدی کوڕی ئەبوو وەقاس و سەرکەوتنی موسڵمانان کۆتایی هات و بە شکستی فارسەکان و کوژرانی ڕۆستەمی سەرکردەیان جەنگەکە تەواو بوو. ئەم جەنگە بووە دەسپێکی فەتحی ناوچەکانی عێراق و لاوازبوونی دەسەڵاتی فارس و دروستبوونی دووبەرەکی لەنێوان ڕیزەکانی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەواکانیان، هەر دوای ئەم جەنگە بە ماوەیەک جەنگی نەهاوەندیش هەڵگیرسا و بە هەمان شێوە فارسەکان لەو جەنگەش شکستیان هێنا. دوای ئەم جەنگە دەسەڵاتی موسڵمانان لە نیمچەدوورگەی عەرەبی باڵاتر و فراونتر بوو، هاوکات دوای جەنگی قادسییە زۆرێک لە هۆزە فارسەکان موسڵمان بوون و هاتنە نێو ئایینی ئیسلامەوە و دەسەڵاتی فارس لە ناوچەکە بەرەو لاواز بوون چوو و شکستیان هێنا.


سەرچاوەکان



373 بینین