مۆنتانا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-09-22:37:00 - کۆدی بابەت: 10865
مۆنتانا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مۆنتانا (بە ئینگلیزی: Montana، بە عەرەبی: مونتانا)، یەکێکە لە گەورەترین ویلایەتەکانی ئەمریکا، دەکەوێتە بەشی باکووری ڕۆژاوای وڵاتەکەوە، لەسەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە ١٫٠٨٥٫٤٠٧ کەس بوو، لەڕووی ڕووبەرەوە چوارەم گەورەترین ویلایەتە، لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە هەشتەم ویلایەتە کە کەمترین دانیشتووی لێیە و لەڕووی چڕی دانیشتووانەوە سێیەم ویلایەتە کە چڕی دانیشتووانەکەی بەپێی ڕووبەرەکەی کەمترینە. هێلێنا پایتەختی ویلایەتەکەیە.

ویلایەتی مۆنتانا هیچ نازناوێکی فەرمی نییە بەڵام چەندین نازناوی نافەرمی هەیە، دیارترینیان "وڵاتی ئاسمان گەورە"، "ویلایەتی گەنجینە"، "ویلایەتی زنجیرە چیا درەوشاوەکان" و "دواین باشترین شوێن"ـن. ئابووریی ویلایەتەکە بە پلەی یەکەم پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت و سەرچاوە ئابوورییە بەرچاوەکانی تر بریتین لە نەوت، گاز، خەڵووز، کانسازی و تەختەی خاو. هەروەها چاودێری تەندروستی، خزمەتگوزاری و کەرتە حکوومییەکان گرنگن بۆ ئابووری دەوڵەت. گەشتیاری خێرا گەشەسەندووترین کەرتە و ساڵانە ١٢٫٦ ملیۆن گەشتیار سەردانی ویلایەتەکە دەکەن.

ڕووی جوگرافییەوە

ویلایەتی مۆنتانا یەکێکە لە هەشت ویلایەتە شاخاوییەکانی ئەمریکا، دەکەوێتە باکووری ئەو ناوچەیەی کە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ڕۆژاوا ناسراوە. لە ڕۆژاوا لەگەڵ ویلایەتی ئایداهۆ، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ داکۆتای باکوور و داکۆتای باشوور، لە باشوورەوە لەگەڵ ویلایەتی وایۆمینگ و لە باکوورەوە لەگەڵ پارێزگاکانی ئالبێرتای کەنەدا، بریتیش کۆڵۆمبیا و ساسکاچواندا هاوسنوورە.‌‌ بەمەش دەبێتە تاکە ویلایەتە کە هاوسنوورە لەگەڵ سێ پارێزگای کەنەدا. ڕووبەری ویلایەتەکە ٣٨٠٫٨٠٠ کیلۆمەتر دووجایە و کەمێک گەورەترە لە ژاپۆن. لە دوای ویلایەتەکانی ئالاسکا، تەکساس و کالیفۆرنیاوە چوارەم گەورەترین ویلایەتی ئەمریکایە، هەروەها گەورەترین ویلایەتی بە زەوی دەورەدراوە. مۆنتانا یەکێکە لە ساردترین ناوچەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تێکڕای پلەی گەرمی بەرزی ڕۆژانە ١٤ پلەی سەدییە. کەشوهەوا لە گۆڕاندایە و بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا زستانی تووند و هاوینی گەرم.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

فەرمانگەی سەرژمێری ئەمریکا لە ١ـی نیسانی ٢٠٢٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی مۆنتانای بە ١٫٠٨٥٫٤٠٧ کەس خەمڵاند. ئەم ژمارەیەش بە بەرارود به ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکا کە ٩٨٩٫٤١٥ کەس بوو ٩٫٧٪ زیادی کردووە. بەپێی هەمان سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠، ٨٨٫٩٪ـی دانیشتووانی مۆنتانا سپی پێست بوو (لەو ڕێژەیەش ٨٧٫٨٪ـیان سپی پێستی ناهیسپانی بوون)، هەروەها ٦٫٧٪ـی دانیشتووان لە هیندییە ئەمریکییەکان و ئالاسکاییە ڕەسەنەکان پێکهاتبوو، بەدوای ئەمانیشدا هیسپانییەکان و لاتینییەکان دێت کە ٤٫١٪ـی دانیشتووان، ئاسیاییەکان ٠٫٩٪، ڕەش پێست یان ئەفریقییە ئەمریکییەکان ٠٫٦٪، هاوایی ڕەسەن و دوورگەنشینەکانی تری زەریای هێمن ٠٫١٪ و ئەوانەی دوو یان زیاتر لە دوو ڕەگەزیان هەیە ٢٫٨٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنابوو. گەورەترین گرووپی بنەچە ئەورووپییەکانی مۆنتانا لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ئەڵمانی بوو کە ٢٧٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەی پێکهێنابوو، بەدوای ئەویشدا ئێرلەندی بە ڕێژەی ١٤٫٨٪، ئینگلیز ١٢٫٦٪، نەرویجی ١٠٫٩٪، فەڕەنسی ٤٫٧٪ و ئیتاڵی ٣٫٤٪ـی بوون.

ویلایەتی مۆنتانا خاوەنی ژمارەیەکی گەورەی دانیشتووی ئەمریکی ڕەسەنە، کە هەم لەڕووی ژمارە و هەم لەڕووی ڕێژەی سەدییەوە زیاترە لە زۆربەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠، لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە لە پلەی ٤٥ و لەڕووی دانیشتووی ڕەسەنەوە لە پلەی ١٩ـدا بوو کە دەکاتە ٦٫٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە و شەشەم بەرزترین ڕێژەی نێو پەنجا ویلایەتی وڵاتەکەیەتی. ڕێژەی گەشەی دانیشتووی ئەمریکی ڕەسەنی ویلایەتەکە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠ـدا ٢٧٫٩٪ بوو بەڵام ئەم ڕێژەیە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ و ٢٠١٠ـدا بۆ ١٨٫٥٪ دابەزی. لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا، زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەو ئەمریکییە ڕەسەنانەی کە لە ویلایەتەکەدا بوون لە ناوچە شارستانییەکاندا دەژیان.

سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی دانیشتووی چینی لە ئێستادا لە ویلایەتەکە کەمە، بەڵام لەڕووی مێژووییەوە ئامادەیییەکی گرنگیان هەبووە. لە ساڵی ١٨٧٠ـدا نزیکەی ٢٫٠٠٠ بۆ ٣٫٠٠٠ کانگەری چینی لە ناوچە کانسازی مۆنتانا بوون و لە ساڵی ١٨٩٠ـدا ژمارەیان ٢٫٥٠٠ کانگەر بوو. بەڵام لە ساڵانی ١٨٩٠ـدا زیاتر گەشەیان نەرێنی بوو و تا ساڵی ١٩٠٠ نزیکەی نیوەی دانیشتووانی ئاسیایی ویلایەتەکەیان جێهێشت. ئەمڕۆ ناوچەی میسۆلا دانیشتووانێکی زۆری همانگی و نزیکەی ٣٫٠٠٠ مۆنتانای لێیە کە ڕەچەڵەکی خۆیان بە فلیپینی دەدەن لە قەڵەم و پێکەوە گەورەترین گرووپی ئەمریکی ئاسیاین لە ویلایەتەکەدا.

لە خەمڵاندنەکانی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٥ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، ویلایەتی مۆنتانا لە دوای ویلایەتی ئالاسکاوە دووەم ویلایەت بوو کە زۆرترین ڕێژەی کۆنەسەربازە ئەمریکییەکانی لێ دەژیا. نزیکەی لە سەدا ١٤ـی دانیشتووانی ئالاسکا و نزیکەی لە سەدا ١٢ـی دانیشتووانی مۆنتانایان پێکهێنابوو.

زمانەکان

زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمی ویلایەتی مۆنتانایە، بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٠، ٩٤٫٨٪ـی دانیشتووی پێنج ساڵ یان گەورەتر لە ماڵەوە بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن. بە دوای ئینگلیزیدا زمانی ئیسپانی دێت کە لە ساڵی ٢٠١١ـدا نزیکەی ١٣٫٠٤٠ قسەکەری هەبوو، بە ڕێژە ١٫٤٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە دەکات. هەروەها ١٥٫٤٣٨ کەس کە دەکاتە ١٫٧٪ـی دانیشتووان بە زمانە هێندۆ ئەورووپییەکان دەدوێن، ١٠٫١٥٤ کەس (١٫١٪ـی دانیشتووان) بە زمانی ئەمریکی ڕەسەن، ٤٫٠٥٢ کەس (٠٫٤٪ـی دانیشتووان) بە زمانێکی ئاسیایی یان زمانی دوورگە نشینەکانی زەریای هێمن قسە دەکەن. سەرەڕای ئەمانەش، چەند زمانێکی تری کەمیینە لەلایەن دانیشتووانەوە قسەیان پێ دەکرێت.

وەزارەتی پەروەردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا مەزەندەی کردووە کە ٥٫٢٧٤ خوێندکار لە ویلایەتی مۆنتانا لە ماڵەوە بە زمانێک قسەیان کردووە کە زمانی ئینگلیزی نەبووە، ٦٤٪ـیان بە زمانێکی ڕەسەنی ئەمریکی، ٤٪ بە زمانی ئەڵمانی، ٣٪ بە زمانی ئیسپانی، ١٪ـیان بە زمانی ڕووسی و کەمتر لە ٠.٥٪ـیان بە زمانی چینی قسەیان دەکرد.

ئایین

بەپێی سەنتەری توێژینەوەی پیو، لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ئایینی سەرەکی دانیشتووانی ویلایەتی مۆنتانا مەسیحییە و لەلایەن ٦٥٪ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت. لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا توێژینەوەیەکی ئایینی گشتی ئەوەی دیاریکرد کە ٦٧٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە مەسیحین و کاسۆلیکی ڕۆمانی گەورەترین گرووپی ئایینی بوو.

لە لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای توێژینەوەی ئایینی گشتی ساڵی ٢٠٢٠ـدا دەرکەوتووە کە ٥٧٪ـی دانیشتووانی ١٨ ساڵ یان سەرووی ١٨ ساڵ مەسیحی بوون. سەرەڕای ئەوەی ئایینی کاسۆلیکی ڕۆمانی تاکە گەورەترین گرووپی مەسیحی بوو لە ویلایەتەکەدا، بەڵام ڕێژەی پەیڕەوکەرانی پرۆتستانتی کۆنەپارێز و ئینجیلی پێکەوە زیاتر بوون لە مەسیحی. لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ٣٠٪ـی دانیشتووان بێ ئایین بوون و لە توێژینەوەیەکی جیای ساڵی ٢٠٢٠ـدا ئەم ڕێژەیە بەرزبوویەوە بۆ ٣٤٪ـی دانیشتووان. ئایینە پەیڕەوکراوەکانی ویلایەتەکە بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

  • پرۆتستانت: ٤٧٪
  • كاسۆلیکی: ٢٣٪
  • بێ ئایین: ٢٠٪
  • ئەوانەی وەڵامی پرسیارەکەیان نەدایەوە: ٦٪
  • مۆرمۆن: ٥٪
  • گەواهی یهوا: ٢٪
  • بوودی: ١٪
  • جوولەکە: ٠٫٥٪
  • هیندۆس: ٠٫٥٪
  • مسوڵمان: ٠٫٥٪


سەرچاوەکان



222 بینین