سیاسەتی دراو

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-01-15-21:21:00 - کۆدی بابەت: 10912
سیاسەتی دراو

ناوه‌ڕۆك

سیاسەتی دراو چییە؟

سیاسەتی دراو یان ڕامیاری دراو (بە ئینگلیزی: Monetary policy، بە عەرەبی: سياسة نقدية) بریتییە لە کۆمەڵێک ئامراز کە بانکی ناوەندی وڵاتێک بۆ کۆنترۆڵکردنی تێکڕای خستنەڕووی پارە و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابووری بەکاریدەهێنن، بەکارهێنانی ستراتیجییەکانی وەکوو پێداچوونەوە بە ڕێژەی سوود و گۆڕینی پێداویستییەکانی یەدەگی بانکی.

هەروەها سیاسەتی دراو بریتییە لە کۆمەڵێک چالاکی بۆ کۆنترۆڵکردنی تێکڕای خستنەڕووی پارەی نەتەوەیەک و گەیشتن بە گەشەی ئابووری.

پێناسە و نموونەی سیاسەتی دراو

سیاسەتی دراو پارەی نەختینەیی بۆ دروستکردنی گەشەی ئابووری زیاد دەکات. هەروەها پارەی نەختینەیی بۆ ڕێگریکردن لە هەڵاوسان کەمدەکاتەوە. بانکە ناوەندییەکان ڕێژەی سوود و مەرجەکانی یەدەگی بانکی و ژمارەی بۆندەکانی حکوومەت کە بانکەکان دەبێت هەڵیانبگرن بەکاردەهێنن. هەموو ئەم ئامرازانە کاریگەرییان لەسەر ئەوە هەیە کە بانکەکان دەتوانن چەند قەرز بدەن. قەبارەی قەرزەکان کاریگەرییان لەسەر خستنەڕووی پارە هەیە.

خستنەڕووی پارە جۆرەکانی دەرفەت، پارەی نەختینەیی، چەکەکان و سندووقی هاوبەشی بازاڕی پارە لەخۆدەگرێت. هەروەها دەرفەتەکان قەرز و بۆند و گرێبەستی خانووبەرە لەخۆدەگرێت.

لە کاتی بێبازاڕیدا، ڕەنگە بانکە ناوەندییەکان بە پێدانی پارەی زیاتر بە بانکەکان بەرەنگاریی ڕێژەی بەرزی بێکاری ببنەوە. بانکەکان لە بەرانبەردا ڕێژەی سوود کەم دەکەنەوە، ئەمەش ڕێگە بە بازرگانەکان دەدات کارمەندی زیاتر دابمەزرێنن. ئەمەش نموونەی سیاسەتی دراوی فراوانبوونە.

تێگەیشتن لە سیاسەتی دراو

سیاسەتی دراو بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی بڕی پارەی بەردەست لە ئابوورییەکدا و ئەو ڕێگایانەی کە پارەی نوێیان پێ دابین دەکرێت.

ئامارە ئابوورییەکانی وەک تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)، ڕێژەی هەڵاوسان، ڕێژەی گەشەی تایبەت بە پیشەسازی و کەرتەکان کاریگەرییان لەسەر ستراتیجی سیاسەتی دراو هەیە.

ڕەنگە بانکی ناوەندی پێداچوونەوە بەو ڕێژەی سوودەدا بکات کە بۆ قەرزکردنی پارە بۆ بانکەکانی میللەت وەریدەگرێت. لەگەڵ بەرزبوونەوە یان دابەزینی ڕێژەکان، دامەزراوە داراییەکان ڕێژەکان بۆ کڕیارەکانیان وەکوو بازرگانی یان کڕیارانی خانوو ڕێکدەخەن.

سەرەڕای ئەوەش، لەوانەیە بۆندەکانی حکوومەت بکڕێت یان بیفرۆشێت، نرخی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی بکاتە ئامانج و پێداچوونەوە بەو بڕە پارەیە نەختینەیەدا بکات کە بانکەکان پێویستە وەک یەدەگ بیپارێزن.

مێژووی سیاسەتی دراو

سیاسەتی دراو پەیوەندی بە ڕێژەی سوود و بەردەستبوونی قەرزەوە هەیە. ئامرازەکانی سیاسەتی دراو بریتین لە ڕێژەی سوودی کورتخایەن و یەدەگی بانکی لە ڕێگەی بنەمای دراوەوە.

بۆ چەندین سەدە تەنیا دوو شێوەی سیاسەتی دراو هەبوو کە گۆڕینی دراو یان چاپکردنی پارەی کاغەزی بوون.

لەگەڵ هاتنی تۆڕە بازرگانییە گەورەکان توانای دیاریکردنی بەهای دراو لەڕووی زێڕ یان زیوەوە هاتە ئاراوە، هەروەها نرخی دراوی ناوخۆیی لەڕووی دراوی بیانییەوە هاتە ئاراوە. ئەم نرخە فەرمییەش دەتوانرێت بە یاسا جێبەجێ بکرێت، تەنانەت ئەگەر لە نرخی بازاڕیش جیاواز بێت.

پارەی کاغەزی لە بەڵێننامەکانەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە سەدەی حەوتەمی چیندا بە "جیاوزی" ناودەبرێت. جیاوزی جێگەی دراوی کانزایی نەگرتەوە، بەڵکوو شانبەشانی دراوە مسییەکان بەکاردەهێنران.

شانشینی یوان کە دواتر هاتە پێشەوە یەکەم حکوومەت بوو کە دراوی کاغەزی وەک ئامرازێکی باڵادەستی هەڵسوڕان بەکارهێنا. لە ڕەوتی دواتری شانشینەکەدا، کە ڕووبەڕووی کەمیی دراو بووەوە بۆ دابینکردنی بودجەی جەنگ و پاراستنی دەسەڵاتەکەیان، بەبێ سنووردارکردن دەستیان بە چاپکردنی پارەی کاغەز کرد، لە ئەنجامدا هەڵاوسانی زۆری لێکەوتەوە.

لەگەڵ دروستکردنی بانکی ئینگلتەرا لە ساڵی ١٦٩٤ کە دەسەڵاتی چاپکردنی پارەی کاغەزی بە پاڵپشتی زێڕ پێدرا، بیرۆکەی سیاسەتی دراو دەستی بە دامەزراندن کرد.

ئامانجی سیاسەتی دراو بریتی بوو لە پاراستنی بەهای دراوەکان، چاپکردنی دراوێکی کاغەزی کە بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ دراوەکاندا بکات و ڕێگری لە هەڵسوڕانی دراوە کانزاییەکاندا بکات. 

بانکە نیشتمانییەکان وەک بەشێک لە ستانداردی زێڕ دەستیان بە دانانی ڕێژەی سوود کرد، کە هەم لە قەرزوەرگرەکانی خۆیان و هەم لە بانکەکانی تر کە پێویستیان بە پارەی نەختینەیی بوو. پاراستنی ستاندارتی زێڕ پێویستی بە دەستکاریکردنی مانگانە بوو لە ڕێژەی سووددا.

ستانداردی زێڕیش سیستمێکە کە نرخی دراوی نیشتمانی لە بەرانبەر بەهای زێڕدا جێگیر دەکات، هەروەها بە بەڵێنی حکوومەت بۆ کڕین یان فرۆشتنی زێڕ بە نرخێکی دیاریکراو لە ڕووی دراوی بنەڕەتییەوە بە بەردەوامی دەهێڵرێتەوە. 

لە ماوەی ساڵانی ١٨٧٠ بۆ ١٩٧٠، گەلانی پیشەسازی سیستەمی بانکی ناوەندییان دامەزراند، یەکێک لە دواهەمینیان سیستمی یەدەگی فیدراڵی (بانکی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) بوو لە ساڵی ١٩١٣ دامەزرا. وردە وردە ئامڕازەکانی سیاسەتی دراو زیاتر دەرکەوت و پەرەی پێدرا.

جۆرەکانی سیاسەتی دراو

سیاسەتە دراوییەکان بەپێی ئاستی گەشەکردن یان چەقبەستوویی لەناو ئابووریدا وەکوو فراوانبوون یان بچووکبوونەوە سەیر دەکرێن.

سیاسەتی گرژبوونەوە: گرژبوونەوە (سیاسەتی بچووکبوونەوەی بریتییە لە ڕێوشوێنێکی دراوی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت یان ڕێژەی فراوانبوونی دراوی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە. ئامرازێکی ئابووریی گەورەیە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بەکاردێت.) ڕێژەی سوود زیاد دەکات و ڕێژەی خستنەڕووی پارەی نەدراو سنووردار دەکات بۆ خاوبوونەوەی گەشەکردن و کەمبوونەوەی هەڵاوسان، کە تێیدا نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە ئابوورییەکدا بەرز دەبێتەوە و هێزی کڕینی پارە کەمدەکاتەوە.

سیاسەتی فراوانبوون: فراوانکردن (جۆرێکە لە سیاسەتی ئابووریی هەمووەکی کە هەوڵدەدات هاندەری گەشەی ئابووری بێت. سیاسەتی فراوانخوازی دەتوانێت لە سیاسەتی دراو یان سیاسەتی دارایی یان تێکەڵەیەک لەم دووانە پێکبێت.) لە کاتی خاوبوونەوە یان بێ بازاڕیدا، سیاسەتی فراوانخوازی گەشە بە چالاکی ئابووری دەدات. بە دابەزاندنی ڕێژەی سوود، پاشەکەوتکردن کەمتر دەبێت و خەرجییەکانی بەکاربەر و قەرزکردن زیاد دەکات.

ئامانجەکانی سیاسەتی دراو

ئامانجە سەرەکییەکانی سیاسەتە دراوییەکان بریتین لە بەڕێوەبردنی هەڵاوسان یان بێکاری و پاراستنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو.

هەڵاوسان: سیاسەتە دراوییەکان دەتوانن ئاستی هەڵاوسان بکەنە ئامانج. ئاستی نزمی هەڵاوسان بۆ ئابووری بە تەندروست دادەنرێت. ئەگەر هەڵاوسان زۆر بێت، سیاسەتێکی گرژبوونەوە دەتوانێت ئەم پرسە چارەسەر بکات.

بێکاری: سیاسەتی دراوی فراوانکردن دەتوانێت کاریگەری لەسەر بێکاری هەبێت، بێکاری کەمدەکاتەوە چونکە ڕێژەی پارەی زیاتر و ڕێژەی سوودی باش هاندەری چالاکییە بازرگانییەکان و فراوانبوونی بازاڕی کارە.

نرخی دراو: نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە نێوان دراوی ناوخۆیی و بیانی دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیاسەتی دراو هەبێت. لەگەڵ زیادبوونی خستنەڕووی پارە، دراوی ناوخۆ لە ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیدا هەرزانتر دەبێت.

ئامرازەکانی سیاسەتی دراو

بانکە ناوەندییەکان بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی دراو، ئامرازی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن. ئامرازەکانی سیاسەت کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێن بریتین لە:

دەستکاریکردنی ڕێژەی سوود: بانکی ناوەندی دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕێژەی سوود هەبێت بە گۆڕینی ڕێژەی داشکاندن. ڕێژەی داشکاندن (ڕێژەی بنەڕەتی) بریتییە لەو ڕێژەی سوودە کە بانکی ناوەندی بۆ قەرزی کورتخایەن لە بانکەکانی وەردەگرێت.

بۆ نموونە ئەگەر بانکی ناوەندی ڕێژەی داشکاندن زیاد بکات، ئەوا تێچووی قەرزکردن بۆ بانکەکان زیاد دەکات. دواتر بانکەکان ئەو ڕێژەی سوودەی لە کڕیارەکانیانی وەردەگرن زیاد دەکەن. بەم شێوەیە تێچووی قەرزکردن لە ئابووریدا زیاد دەکات، هەروەها ڕێژەی پارە کەم دەبێتەوە.

گۆڕینی پێداویستییەکانی یەدەگ: بانکە ناوەندییەکان بەزۆری کەمترین بڕی یەدەگ دادەنێن کە دەبێت لەلایەن بانکی بازرگانییەوە هەڵبگیرێت. بە گۆڕینی بڕی پێویست، بانکی ناوەندی دەتوانێت کاریگەری لەسەر خستنەڕووی پارە لە ئابووریدا هەبێت. 

ئەگەر دەسەڵاتدارانی دراو بڕی یەدەگی پێویست زیاد بکەن، بانکە بازرگانییەکان پارەی کەمتر دەخەنە بەردەستی کڕیارەکانیان بۆ قەرزکردن بەم شێوەیە ڕێژەی پارە کەم دەبێتەوە. بانکە بازرگانییەکان ناتوانن ئەو یەدەگانە بۆ پێدانی قەرز یان پارەدان بە وەبەرهێنان لە بازرگانی نوێدا بەکاربهێنن. بەو پێیەی دەرفەتێکی لەدەستچوو بۆ بانکە بازرگانییەکان پێکدەهێنێت، بانکە ناوەندییەکان سوودی یەدەگەکانیان پێدەدەن.

کارەکانی بازاڕی کراوە: بانکی ناوەندی دەتوانێت یان ئەو زەمانەتنامانە بکڕێت یان بیفرۆشێت کە لەلایەن حکوومەتەوە دەرچووە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر خستنەڕووی پارە هەبێت. بۆ نموونە بانکە ناوەندییەکان دەتوانن بۆندەکانی حکوومەت بکڕن. لە ئەنجامدا بانکەکان پارەی زیاتر بەدەست دەهێنن بۆ زیادکردنی قەرز و خستنەڕووی پارە لە ئابووریدا.

سیاسەتی دراو و سیاسەتی دارایی

سیاسەتی دراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ بەردەوامبوونی ئابوورییەکی ئاست بەرز، کەمکردنەوەی بێکاری، پاراستنی بەهای دراو و پاراستنی گەشەی ئابووری دادەنرێت. بە دەستکاریکردنی ڕێژەی سوود یان پێداویستییەکانی یەدەگ، یان لە ڕێگەی کارەکانی بازاڕی کراوە، بانکی ناوەندی کاریگەری لەسەر قەرزکردن و خەرجکردن و ڕێژەی پاشەکەوتکردن هەیە.

سیاسەتی دارایی ئامرازێکی ترە کە حکوومەتەکان بەکاریدەهێنن نەک بانکە ناوەندییەکان. بۆ نموونە لە کاتێکدا سیستمی یەدەگی فیدراڵی (بانکی ناوەندی ئەمریکا) دەتوانێت کاریگەری لەسەر خستنەڕووی پارە لە ئابووریدا هەبێت، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەتوانێت پارەی نوێ دروست بکات و سیاسەتی نوێی باج جێبەجێ بکات. بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پارە بۆ ناو ئابووری بۆ زیادکردنی خەرجییەکان و هاندانی گەشەکردن دەنێرێت.


سەرچاوەکان



764 بینین