چەند ڕێگایەک بۆ دڵخۆش بوون

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2023-09-03-21:17:00 - کۆدی بابەت: 11190
چەند ڕێگایەک بۆ دڵخۆش بوون

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چەند ڕێگایەک بۆ دڵخۆش بوون (بە عەرەبی: بعض الطرق لتكون سعيدا، بە ئینگلیزی: Some ways to be happyبەختەوەری و دڵخۆشی لە ناوەوەی جەستەی مرۆڤەوە دێت، لە کاتێکدا ڕووداوەکانی ژیان بە دڵنیاییەوە کاریگەرییان لەسەر باری دەروونیمان هەیە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە نزیکەی ٤٠٪ی توانای دڵخۆشی و بەختەوەری لە چوارچێوەی هێزی گۆڕانکاری مرۆڤ خۆیدایە. ڕۆژانە بە پراکتیزەکردنی چەندین خووی سادە و ئەرێنی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەختەوەری و دڵخۆشیت. 

هەندێک ڕێگا بۆ دڵخۆش بوون

دەربڕینی سوپاسگوزاری
هەر چالاکییەک کە ئێمە ڕۆژانە ئەنجامی دەدەین شایەنی ئەوەیە کە سوپاسی بکرێت چی لەلایەن خۆمانەوە بێت یاخود ئەو کەسەی کارەکەی بۆ ئەنجام دەدەین ئەمەش کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر بەختەوەریمان هەیە. دەتوانیت بیرکردنەوەت بگۆڕیت بە تەرخانکردنی تەنها چەند خولەکێک لە ڕۆژێکدا بۆ بیرکردنەوە لەو شتانەی کە تایبەت بە خۆت و کەسایەتیتن بۆ نموونە وەک تەندروستی باش، خۆشەویستان، دەستکەوتەکان، ئەزموونە خۆشەکان، یان ئاسوودەییەکی سادە...چەندانی تر. 

ڕۆژانە وەرزش بکە و بجووڵێ
وەرزشکردن ئەندۆرفین و هۆرمۆنەکانی هەستکردن بە باشی دەردەدات کە بە شێوەیەکی سروشتی باری دەروونی ئارام دەکەنەوە. هەروەها چالاکیی جەستەیی بەردەوام یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی فشار و دڵەڕاوکێ. هەوڵدان بۆ ماوەی ١٥٠ خولەک لە هەفتەیەکدا لە چالاکییە مامناوەندەکان وەک ڕۆیشتنێکی خێرا، مەلەکردن، یان پاسکیلسواری دەتوانێت بەس بێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسودەیی ڕۆحی و دەروونیت. پاشان هەوڵبدە ئەو جۆرە وەرزشانە بدۆزەرەوە کە بەڕاستی حەزت لێیە وەک بەشداریکردن لە تیپێکی وەرزشی یان وەرگرتنی کلاسێکی سەما تەنانەت چالاکییە سادەکانی وەک گرتنەبەری پلیکانەکان یان وەستانی ئۆتۆمبێل لە دوورترەوە بۆ ئەوەی بە پیادە ڕێ بکەیت، بە گشتی ئەمانە دەتوانن یارمەتیت بدەن بۆ کەڵەکەکردنی جوڵەی ڕۆژانەی زیاتر. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە جەستەت چالاک بکەیت بە شێوەیەک کە هەست بە باشی بکەیت بە بەردەوامی.

مەشق بە وردبینی بکە
ئامادەبوونمان بۆ ئەنجامدانی هەر کارێکی باش کە لە مێشکماندایە یاخود هەر پلانێک کە دامان ڕشتووە، یارمەتیدەرمانە بۆ قەدرزانینی هەر ساتێک لەبری ئەوەی لەسەر ڕابردوو بمێنینەوە یان لە خەمی داهاتوودا بین. هەوڵبدە ڕۆژانە ١٠ خولەک تەرخان بکەیت بۆ مێدیتەیشنێکی سادە بە بەکارهێنانی ئەپێکی وەک Calm. هەروەها لەکاتی ئەنجامدانی مەشق یاخود ئەنجامدانی کارەکانت ئارامی بە خۆت ببەخشە بە ئەنجامدانی هەناسەدانی قوڵ و چاودێریکردنی باشی خۆت. هەروەها مەشقکردنی وردبینی لە کاتی کارەکانی ڕۆژانەدا ئاستی ئارامی و دڵخۆشی بەرز دەکاتەوە. بۆ نموونە کاتێک ژەمێک دەخۆیت هەستەکانت لەسەر تام و چێژ و پێکهاتەکان چڕ و ورد بکەرەوە، یاخود کاتێک لە شوێنێکدا دەڕۆیت سەرنجی بۆن و دەنگەکانی دەوروبەرت بدە. ئەمەش وا دەکات کە زیاتر ڕازی بیت بەو شتانەی کە هەتە.

وەبەرهێنان لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی
گرنگیدان بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە مانادارەکان و ئەزموونە هاوبەشەکان بەشدارێکی گەورەن لە بەختەوەریدا. بەسەربردنی کاتەکانی خۆت لەگەڵ کەسانی گرنگ لە ڕێگەی چالاکییە هاوبەشەکان، گەشتەکان، پەیوەندی تەلەفۆنی و چاتی ڤیدیۆیی لە پێشینەدا دابنێ کە ئەمانە دەبنە هۆکاری ئارام بوونەوەی دەروونت و دڵخۆشت دەکەن و کاتێکی ئاسوودەت پێدەبەخشن. پاشان خشتەیەک دابنێ بۆ کەسانی ئاسایی لەگەڵ ناسیاو و کەسە دوورەکانت، هەروەها بەشداری یانەیەکی کتێب بکە، هەفتانە با شەوی فیلم یان شەوی یاری لەگەڵ هاوڕێکانت هەبێت کە ئەمانەش لە پێویستن بۆ دڵخۆشی و بەختەوریت. 

فێربە و گەشە بکە
فێربوونی بەردەوام لە ڕێگەی خوێندنەوەی کتێب، وەرگرتنی وانە، یان گوێگرتن لە کەسە بەتوانا و ناودارەکان هەست بە پێشکەوتنت پێدەبەخشێت و مێشکت سەرقاڵ دەکات و هەوڵی گەشەکردنی خۆت دەدەیت. تۆ دەتوانیت بۆ فێربوون و گەشەکردنی خودی خۆت چەندین کار ئەنجام بدەیت بۆ نموونە بەشداری یانەیەکی کتێب بکە یاخود هوڵبدە خۆت فێری چێشتلێنانێکی نوێ بکەیت، هەمیشە فێربوونی بەردەوام  و گەشەسەندنی خودی خۆت لە پێشینەی هەموو شتێکدا دابنێ. 

هەمیشە میهره‌بان به‌
یارمەتیدانی کەسانی دیکە لە ڕێگەی کردەوەیەکتەوە دەیسەلمێنێت کە کەسێکی میهرەبانیت کە ئەمەش سوودی بۆ باری دەروونی و دڵخۆشیت هەیە. کردارە بچووکەکانی وەک ڕاگرتنی دەرگایەک بۆ کەسێکی بەتەمەن یاخود کەسێکی کەم تەمەن، ناردنی کارت بۆ کەسێک کە پێویستی پێ بێت، یان کڕینی قاوەیەک بۆ ئەو کەسەی کە لەگەڵی دانیشتووی، دەتوانێت ماددە کیمیاییەکانی هەستکردن بە باشی وەک ئۆکسیتۆسین، دۆپامین و سیرۆتۆنین بەرز بکاتەوە. هەمیشە هەوڵبدە بەدوای دەرفەتەکاندا بگەڕێی بۆ ئەوەی ڕۆژی کەسێکی تر گەشاوە بکەیت بە دەستی خۆت و کردەوە میهرەبانەکانت. یاخود دەتوانیت ناوت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی خۆبەخشانە لە کۆمەڵگاکەتدا کار بکەیت. میهرەبانی بەرانبەر بە ئەوانی تر دیدگاکان دەگۆڕێت و زۆرجار ئەو کارە میهرەبانیانەی کە ئەنجامت داوە دەگەڕێتەوە بەردەمی خۆت لە کاتێکدا کە پێویستت بە یارمەتیدانە.

خەوێکی تەواو بکە
کەمخەوی، واتا نەبوونی خەوێکی باش و پێویست کە کاریگەری زیانبەخشی بەرچاوی لەسەر باری دەروونی و جەستەیی مرۆڤ هەیە. هەموو مرۆڤێک لانیکەم پێویستی بە ٧-٩ کاتژمێر خەوتن هەیە لە شەوێکدا  کە دەبێتە هۆی باشی و بەهێزی تەندروستی جەستەیی و دەروونی. هەوڵبدە هەمیشە کاتی خەوتن و لە خەو هەڵسانت دیاریکراو بێت و زۆر بەباشی بخەوە کە ئەمەش یارمەتیدەرت دەبێت بۆ ڕێکخستنی ڕیتمەکانی ڕۆژانەت هەروەها یارمەتی باشترکردنی کوالیتی خەوت دەدات.


سەرچاوەکان



322 بینین