ناوهڕۆك
ناساندن
چارەسەری وەڵامدانەوەی سەرەکی (بە ئینگلیزی: Pivotal response treatment) کورتکراوەی PRT ڕێگایەکی ڕەفتارییە بۆ منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم (ASD) ئەم شێوازە تیشک دەخاتە سەر بەهێزکردنی ڕەفتارە کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی منداڵ بە بەکارهێنانی بەرژەوەندی و خاڵە بەهێزەکانی.
PRT چییە؟
شێوازێکی چارەسەری نەرمە کە دەتوانرێت بۆ منداڵان لە هەر تەمەنێکدا و بە هەر ئاستێکی سوک و توندی ASD بەکاربهێنرێت. بەگشتی بەشێوازی تاک یان بە گرووپی ئەنجام دەدرێت و بەزۆری لە دانیشتنەکانی ٣٠ بۆ ٦۰ خولەک دەخایەنێت. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە PRT دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، لە باشترکردنی توانا کۆمەڵایەتی و پەیوەندیکردن و ڕەفتارییەکانی منداڵانی تووشبوو بە ASD ئۆتیزم. هەروەها ئەم شێوازە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی کوالیتی ژیان بۆ منداڵان و خێزانەکانیان.
ئامانجەکانی PRT
- زیادکردنی پاڵنەر و هاندانی منداڵ بۆ فێربوون.
- کەمکردنەوەی بەرگری منداڵ لە کاتی چارەسەرکردندا.
- باشترکردنی پەیوەندی کاریگەرانەی دایک و باوک و منداڵ.
- دروستکردنی توانا و لێهاتوویی پێشکەوتووی زارەکی و پەیوەندیکردن لە منداڵاندا تەنانەت لە حاڵەتە چالاکەکاندا.
- چاندنی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و هاوڕێیەتی یەکتر بەتایبەت پەرەپێدانی پەیوەندی هاوتەمەنەکان.
میکانیزمی کارکردنی PRT
- چارەسەرکەر بەدوای ڕەفتارە سەرەتاییەکان یان ناوەندییەکانی منداڵدا دەگەڕێت، کە ئاماژەن بۆ ئارەزوو یان لێهاتوویی کۆمەڵایەتییەکەی.
- چارەسەرخواز هانی منداڵ دەدات بۆ ئەنجامدانی ئەم ڕەفتارانە و لە بەرامبەردا ئەو ڕەفتارانە بەهێزی دەکات.
- بە بەهێزکردنی ئەم ڕەفتارانە منداڵ پاڵنەرێکی زیاتری دەست دەکەوێت بۆ ئەنجامدانیان و ئەم ڕەفتارانە وردە وردە دەگۆڕدرێن بۆ ڕەفتارێکی باشتر لەو ڕەفتارەی پێشووتری.
چەند نموونەیەک دەریدەخات کە PRT چۆن دەتوانێت بۆ چارەسەرکردنی منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم (ASD) بەکاربهێنرێت:
ڕاهێنەر دەبێت بە باشی شارەزای پرۆتۆکۆڵی ئەم ڕاهێنانە بێت و بزانێت چۆن دەست پێدەکات و چۆن سازگاری دەکات بۆ منداڵەکە.
- منداڵێکی تووشبوو بە ئۆتیزم لەوانەیە ئارەزووی ئۆتۆمبێلی هەبێت چارەسەرخواز یان ڕاهێنەر دەتوانێت ئەم حەزە بەکاربهێنێت بۆ فێرکردنی تواناکانی پەیوەندیکردنی منداڵ، بۆ نموونە: چارەسەرخواز یان ڕاهێنەر دەتوانێت یارمەتی منداڵ بدات بۆ ئەوەی ناوی ئۆتۆمبێلەکان بزانێت و باسی بکات بۆی. ئەمەیان بۆ بەرزکردنەوەی توانای مەعریفی منداڵەکەیە.
- منداڵێکی تووشبوو بە ASD لەوانەیە کێشەی پەیوەندی لەگەڵ منداڵانی تردا هەبێت، چارەسەرخواز دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی منداڵەکە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی یارمەتی بدات بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ منداڵانی تر. بۆ نموونە: چارەسەرخواز دەتوانێت هانی منداڵەکە بدات کە لەگەڵ منداڵانی تر باسی ئارەزووەکانی بکات. ئەمەیان تایبەتە بەزیادکردنی خەیاڵی منداڵەکە.
- منداڵێکی تووشبوو بە ASD لەوانەیە ڕەفتاری دووبارەبووەوە و یەکڕێچکەیی هەبێت، چارەسەرخواز دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی منداڵ بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی یارمەتی بدات بۆ کەمکردنەوەی ئەم ڕەفتارانە. بۆ نموونە: چارەسەرخوزا دەتوانێت یارمەتی منداڵەکە بدات کە یارییەکانی پەیوەست بە ئارەزووەکانی بە شێوازی نوێ بەکاربهێنێت. ئەمەیان کار لەکارلێکی کۆمەڵایەتی منداڵەکە دەکات.