بەرازی هیندی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-09-03-22:32:00 - کۆدی بابەت: 11195
بەرازی هیندی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرازی هیندی (بە ئینگلیزی: Babirusa، بە عەرەبی: بابیروسا)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە و نشینگەکەی دەکەوێتە کیشوەری ئاسیاوە، لە دارستان و زۆنگاو و نزیک ڕووبارەکاندا دەژی، واتە لە ناوچە شێدار و خولگەییەکان، تەنها سێ جۆری سەرەکی هەیە، لە ڕابردوودا و هەتاکوو سەردەمی نوێ و هاوچەرخیش چەندین زانیاری نەزانراو هەیە لەسەر ئەم گیانەوەرە، بەڵام بە گشتی باوەڕ وایە کە ئەو بەرازە هیندییانەی لە ڕابردوودا ژیاون قەبارەیان گەورەتربووە لە ئەوانەی ئێستا. لە سروشتدا ژمارەی هەموو جۆرەکان زانراو نییە بەڵام جۆرێکیان تەنها چەند هەزار دانەیەکی ماوە و هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە، گەورەترین مەترسی بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی تاکەکانی لەدەستدانی نشینگەکەیەتی، یاخود مرۆڤەکان هۆکارن کە هەندێکجار بەمەبەستی خواردن ڕاویاندەکەن یاخود بێچووەکانیان دەگرن بۆ ئەوەی بیانکەن بە ئاژەڵی ماڵی. لە قوڕاودا خۆیان خلۆردەکەنەوە بۆ فێنککردنەوەی جەستەیان و لەهەمان کاتدا ئەمە ڕێگایەکی کاریگەرە بۆ کوشتنی ئەو مشەخۆرانەی کە لەسەر پێستیان کۆدەبنەوە، ڕەفتارێکی تری سەرنجڕاکێشی ئەم جۆرە بەرازە ئەوەیە کە نێرینەکان خۆیان دەکەونە سەر ئەژنۆو و بە لووتیان پاڵ بە خۆڵی جێگەکەوە دەنێن، دەمیان دەکەنەوە و لیکی دەمیان دەکەنە خۆڵەکەوە، هەتاکوو ئێستا زاناکان بەتەواوەتی هۆکارەکەی نازانن، بەڵام باوەڕ وایە کە بۆ دیاریکردنی ناوچە و سنوورەکەی بێت بە بەکارهێنانی بۆنی تایبەتی خۆی.

شێوەی دەرەوەی

تاکە گیانەوەری مەمکدارە کە دوو کەڵبەی بە شێوەی قولاپ و بەچەماوەیی بۆ سەرەوە گەشەیانکردووە، جەستەی بە موو داپۆشراوە و ڕەنگەکەشی قاوەیی یان ڕەساسییە، قەبارەیەکی گەورەی هەیە و کێشی بە نزیکەیی لە نێوان ٩٠-١٠٠ کیلۆگرامە، بەرزییەکەی لە نێوان ٦٠-٩١ سانتیمەترە و درێژی جەستەشی دەگاتە ٩٠-١٠٠ سانتیمەتر، بەڵام قاچەکانی باریکن و هەندێکجار بەهۆی شێوەی قاچەکانییەوە پێی دەوترێت ئاسک. دیارترین جیاکەرەوەی هەبوونی دوو کەڵبەکەیەتی، چەند بەڵگەیەک هەیە کە هەندێکجار کەڵبەکان بە ڕادەیەک درێژدەبن دەکرێت ببنە هۆی کونکردنی ئێسکی سەری و لە ئەنجامدا ببنە هۆی مردنی، لە بەشی خوارەوەی لمۆزیان هەردوو نێرینە و مێینەکان کەڵبەیان هەیە، بەڵام بەشی سەرەوە تەنها نێرینەکان کەڵبەی درێژیان هەیە و مێینەکان نییانە یاخود هەیانە بەڵام کورت و بچووکن. بەرازی هیندی لە هەر چوار پەلەکەیدا سمی بەهێزی هەیە کە بۆ هەڵکۆڵین بەکاردێن، گیانەوەرێکی خێرایە و دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا زیاتر لە ٤٨ کیلۆمەتر ببڕێت، مەلەوانێکی لێهاتووە و دەتوانێت لە دوورگەیەکەوە بە مەلەکردن بچێت بۆ دوورگەیەکی تر.   

خۆراک

گیانەوەرێکی هەمووشتخۆرە و ژەمە سەرەکییەکانی بریتین لە تووی کێوی، گەڵا، میوە، قارچک، لاکی تۆپیو، گژوگیا و مێرووەکان، دەتوانێت لەسەر پەلەکانی دواوەی بوەستێت بۆ ئەوەی دەمی بگات بە چڵی نزمی دارەکان و گەڵاکانی بخوات، بەهۆی سمە بەهێزەکانییەوە خۆڵ هەڵدەکۆڵێت و مێروو و کرم و ڕەگ دەردەکات و دەیخوات، مرۆڤ و گیانەوەرە کێوی و ڕاوکەرەکان تاکە ڕاوچین بۆ گرتنی بەرازە هیندییەکان، بەڵام بەهۆی خێرایی و ڕەنگی تاریکی جەستەیانەوە کاتێک تووشی مەترسی دەبنەوە، ئەوا ڕادەکەن و خۆیان حەشاردەدەن لەناو زەلکاو و ناوچە دارستانەکاندا.  

یەکگرتن و زۆربوون

شێوازی ژیانکردنی دەکرێت بە تەنهابێت یاخود چەند دانەیەک پێکەوە کۆمەڵەیەک دروستبکەن، نێرینەکان زیاتر بە تەنها دەژین، بەڵام مێینەکان کۆمەڵایەتین و کۆمەڵەکەیان ٨٠ دانە یان زیاتر لە مێینەی بەرازی هیندی و بێچووەکانیان لەخۆدەگرێت، بۆ پەیوەندیکردن بە یەکترییەوە پرخاندن و مڕەمڕ یان دەنگ دروستدەکەن بە ددانەکانیان. لە وەرزی زۆربووندا کاتێک نێرینەکان پێشبڕکێ دەکەن لەگەڵ یەکتریدا بۆ بەدەستهێنانی مێینەکان ئەوا بە سمەکانیان لە یەکتری دەدەن و شەڕدەکەن، دوای پێشبڕکێکە بەهێزترین نێرینە کە ژمارەیەکی زۆر نێرینەی تر دەبەزێنێت، واتە پێشبڕکێکە دەباتەوە و دەتوانێت لەگەڵ چەندین مێینە یەکگرتن ئەنجامبدات. دوای یەکگرتن ماوەی سکپڕی مێینەکەی ١٥٥-١٥٨ ڕۆژ دەخایەنێت و پاشان بە گشتی ١-٢ بێچوو لەدایکدەبن، لەسەرەتادا زۆر بچووکن و کێشیان بە نزیکەیی لە نێوان ٤.٥-٧ کیلۆگرام دەبێت، شیردەخۆن هەتاکوو تەمەنی ٦-٨ مانگی دواتر لە شیر دەبڕدرێنەوە، هەرچەندە هەندێکیان لە دوای نزیکەی دوو هەفتە خواردنیتریش دەخۆن، دوای لە شیربڕینەوە دەبنە تاکی سەربەخۆ و لە تەمەنی دوو ساڵیدا دەگەنە قۆناغی توخمە پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت، سوڕی ژیانی بەرازی هیندی لە سروشتدا دەگاتە نزیکەی ١٠ ساڵ، بەڵام  بە ماڵیکراوی زیاتر لە ٢٤ ساڵ دەژی.

جۆرە سەرەکییەکان

لە ڕابردوودا زاناکان هەموو جۆرەکانی بەرازی هیندییان بە یەک ڕەگەز زانیوە، بەهۆی ئەوەی کە شێوەی دەرەوەیان وەک یەکترییە، بەڵام دواتر جیاکرانەوە بۆ سێ جۆری سەرەکی، لەسەر بنەمای جیاوازی لە قەبارەی جەستە، ددان، چڕی و درێژی موو لە جەستە و کلکی لەگەڵ ئێسکەکانی کەلەی سەری، هەروەها جۆرەکان بە ناوی جێگەکانیانەوە ناونراون و بریتین لە ئەمانە:

  • بەرازی هیندی سیلاویزی باکوور
  • بەرازی هیندی بورو
  • بەرازی هیندی تۆگیان


سەرچاوەکان



188 بینین