خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2023-09-06-15:52:00 - کۆدی بابەت: 11230
خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب (بە عەرەبی: جوائز الغولدن غلوب، بە ئینگلیزی: Golden globe awards) کۆمەڵە خەڵاتێکە لە لایەن کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانی بیانیی هۆڵیوودەوە دەبەخشرێت بە باشترین فیلم و بەرهەمە تەلەڤیزیۆنییە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان. ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانی بیانیی هۆڵیوود دامەزراوەیەکە نوێنەرایەتی ئەو ڕۆژنامەنووسە نێودەوڵەتییانە دەکات کە گرنگی بە پیشەسازی ئینتەرتەینمێنتی ئەمریکی دەدەن. لەناو پیشەسازی ئینتەرتەینمێنتدا خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب بە دووەمین گرنگترین خەڵات دادەنرێت لە دوای خەڵاتەکانی ئۆسکار (بۆ فیلم) و خەڵاتەکانی ئێمی (بۆ زنجیرە).

زانیاری گشتی

خەڵاتەکە دەبەخشرێت بە

نایابترین بەرهەم لە فیلم و زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی

وڵات

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

پێشکەش کراوە لە لایەن

کۆمەڵەی پەیامنێرانی بیانیی هۆڵیوود ١٩٤٣-١٩٥٤

پەیامنێرانی بیانیی هۆڵیوود ١٩٥١-١٩٥٤

کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانی بیانیی هۆڵیوود ١٩٥٥-٢٠٢٣

یەکەم خەڵات

١١ی شوباتی ١٩٤٤

وێبسایتی فەڕمی

            goldenglobes.com

تۆڕی پەخشکردن

NBC

مێژوو

کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانی بیانیی هۆڵیوود لە ساڵی ١٩٤٣ لەژێر ناوی کۆمەڵەی پەیامنێرانی بیانیی هۆڵیوود لەسەر دەستی کۆمەڵێك ڕۆژنامەنووسی بیانی دامەزرا، کە لە شاری ڵۆس ئانجڵس دادەنیشتن. ئەم کۆمەڵە ڕؤژنامەنووسە لە هەوڵدا بوون پڕۆسەیەکی باشتر و ڕێکخراوتر گەشە پێ بدەن تا بتوانێت هەواڵە سینەمایییەکان کۆبکاتەوە و بڵاویان بکاتەوە بۆ بازاڕە بیانییەکان. یەکێک لە یەکەمین هەوڵە گەورەکانی ئەم ڕێکخراوە دامەزراندنی ڕێورەسمی خەڵاتێک بوو هاوشێوەی خەڵاتەکانی ئۆسکار بێت بۆ ڕێزلێنان لە دەستکەوتەکانی بواری فیلم.  

یەکەمین ڕێوڕەسمی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب بۆ ڕێزلێنان لە باشترین دەستکەوتەکانی ساڵی ١٩٤٣ی فیلمسازی، لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٤٤ لە ستۆدیۆکانی کۆمپانیای 20th century fox بەڕێوەچوو. بە درێژایی دەیەکانی داهاتوو ڕێوڕەسم و ئاهەنگەکان لە چەندین شوێنی جیاواز بەردەوام بوون وەکوو هۆتێلی بێڤەرلی هیڵز و ڕۆزڤێڵت.  لە ڕێکەوتی ٣٠ی ئاداری ساڵی ١٩٤٦، لە یانەی هۆڵیوود نیکەربۆکەرس بۆ یەکەم جار پەیکەری خەڵاتێک کە پێکهاتبوو لە تۆپێکی خڕی بریقەدار لەسەر پایەیەکی ستوونی بەخشرا بە براوەکان، کە تۆپە خرەکە بە واتای ئەوە دێت هەموو کارە شایستەکان لە هەر کوێیەکی جیهانەوە بێت دەتوانن بگەنە ئەم خەڵاتە بەبێ جیاوازی ئایین و نەتەوە.

کاتەگۆری و یاساکان

بۆ هەر بوارێک، خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب کراون بە چەند کاتەگۆرییەکەوە. خەڵاتەکان لە بواری فیلمدا بریتین لە: باشترین وێنەی جووڵاو، باشترین نواندنکاری پیاو و ژن لە هەردوو ژانەری دراما و کۆمیدی یان مۆسیقی. باشترین نواندنکاری ژن و پیاوی پاڵپشت، باشترین دەرهێنەر، باشترین نووسین، باشترین مۆسیقا،  باشترین فیلمی ئەنیمەیشن و باشترین فیلم بە زمانی بیانیش خەڵاتیان پێ دەدرێت.

خەڵاتەکانی بواری بەرهەمە تەلەڤیزیۆنییەکان بریتین لە: باشترین زنجیرە لە ژانەری درامی، کۆمیدی یان مۆسیقی، باشترین کورتەزنجیرە یان کورتەفیلم هەروەها باشترین نواندنیش بۆ هەردوو ڕەگەز لە هەموو ژانەرەکاندا.

زۆربەی ساڵەکان خەڵاتی سیسیڵ بی. دمیڵیش دەبەخشرێت بەو کەسانەی کە کاریگەرییەکی دیاریان هەبووە بەسەر دنیای ئینتەرتەینمێنتەوە.

ئەندامانی کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانی بیانیی هۆڵیوود، کە بە نزیکەیی پێکهاتووە لە ٩٠ ڕۆژنامەنووسی نێودەوڵەتی و لە پیشەسازی ئینتەرتەینمێنتدا کار دەکەن، پاڵێوراوەکان هەڵدەبژێرن لە فیلم، نواندنکار و کاتەگۆرییەکانی تر و پاشان دەنگیان پێ دەدەن بۆ هەڵبژاردنی باشترین لە نێوانیاندا.

کۆمەڵە زانیارییەک

  • یەکەمین ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب ساڵی ١٩٤٤ بوو، بەڵام تا ساڵی ١٩٥٨ پێشکەشکاری نەبوو.
  • خانمە نواندنکار مێریڵ ستریپ بە هەشت خەڵات، خاوەنی زۆرترین خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبە.
  • هەموو ساڵێک، باڵیۆزی گۆڵدن گڵۆب یارمەتیدەر دەبێت لە بەخشینی خەڵاتەکان. باڵیۆزە هەڵبژێردراوەکە کچ یان کوڕی نواندنکار، دەرهێنەر یان بەرهەمهێنەرێکە.
  • پەیکەری خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب ئاڵتوونی عەیارە ٢٤ـە و کێشەکەی ٢،٥ کیلۆگرامە.
  • نرخی دروستکردنی پەیکەری خەڵاتەکە بە نزیکەیی تێچووەکەی٨٠٠ دۆلارە.
  • خەڵاتەکان بەسەر ٢٥ کاتەگۆری جیاوازدا دابەش دەبن.
  • زۆربەی جار براوەکانی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بەدوایدا خەڵاتی ئۆسکاریش بە دەست دەهێنن.
  • بە زۆری ئاهەنگی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب لە مانگی کانوونی دووەمدا بەڕێوەدەچێت.


سەرچاوەکان



361 بینین