١٠ خوو کە وا دەکەن خەڵکی خۆشیان نەوێیت

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-29-19:55:00 - کۆدی بابەت: 11385
١٠ خوو کە وا دەکەن خەڵکی خۆشیان نەوێیت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

١٠ خوو کە وا دەکەن خەڵکی خۆشیان نەوێیت (بە ئینگلیزی: Ten habits that make people don't like you، بە عەرەبی: عشر عادات تجعل الناس لا يحبونك) هەموومان خووی باش و خراپمان هەیە، بەڵام ئایا دەزانیت کە هەندێک لەو نەریتانە لەوانەیە وا لە خەڵک بکەن کە خۆشیان نەوێیت و نەیانەوێت لێت نزیکببنەوە. زۆربەی کات تەنانەت لەوە تێناگەیت کە چەنێک هەڵسوکەوتەکانمان کاریگەری هەیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە نەریت و خووەکانمان کاریگەرییان لەسەر دەوروبەرمان هەیە، بە شێوەیەک کە لەوانەیە ئێمە مەبەستیشمان لێیان نەبێت.

دیارترین خووەکان لەگەڵ ڕێگاچارەیان

بەردەوام دواکەوتن

دواکەوتن لە چاوپێکەوتنەکان یاخود زانکۆ و کار لەوانەیە بۆ هەموومان ڕووبدات و شتێکی باو و ئاساییە. بەڵام بەردەوام دواکەوتن لە کار، لە چوون بۆ زانکۆ یاخود دواکەوتن لە ئامادەبوون بۆ خوانێکی هاوڕێیانە و چوونە دەرەوەیەک ئاسایی نییە. ئەم دواکەوتنە وادەکات ئەو بیرۆکەیە لەلای دەوروبەری دروست ببێت کە کەسێکی کەمتەرخەمیت و گرنگی بە کات و چاوپێکەوتنەکان نادەیت.
کەواتە دەتوانیت چی بکەیت بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا ئامادە بیت؟
سەرەتا هەوڵ بدە:

  • کاتژمێرەکەت زووتر دابنەیت هەرنەبێ پێنج خولەک زووتر تا ئەگەری دواکەوتنت کەمبکەیتەوە.
  • شەوی پێشوو شتەکانت ئامادەبکە (جلوبەرگ، جانتا، نانی نیوەڕۆ، هتد) 
  • دانانی ئاگادارکەرەوە بۆ ئاگادارکردنەوەت لە کات و بەرواری چاوپێکەوتنەکانت بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا بگەیتە شوێنی مەبەست. 

بەردەوام نەرێنیبوون

نەریتێکی دیکە کە وا لە خەڵک دەکات خۆشیان لێت نەیات ئەوەیە کە بەردەوام سەیری لایەنی نەرێنی ژیان بکەیت. هەندێک جار شتێکی ئاساییە کە نەرێنی بیت، چونکە هەموومان مرۆڤین و ڕۆژگاری خراپمان هەیە. بەڵام ئەگەر بەردەوام تیشک بخەیتە سەر خراپترین سیناریۆکان، لەوانەیە خەڵک لە هاوڕێیەتی و نزیکبوونەوەت دوور بکەونەوە! بەم شێوەیە بیر لەوە بکەرەوە، نەرێنییەکان بڵاودەبنەوە، کاتێک تۆ بە نەرێنی لە شتێک دەڕوانیت وا دەکەیت کەسی نزیکیشت نەرێنی بێت بەرامبەر ئەو ڕووداوە. تەنانەت بەبێ ئەوەی تێبگەیت، دەتوانیت هەستی خەڵکی تر ڕابکێشیت. 
بۆیە جاری داهاتوو کە هەست بە خۆت دەکەیت و تیشک دەخەیتە سەر نەرێنییەکان، هەوڵ بدە بیرکردنەوەکانت دووبارە چوارچێوە بکەیتەوە. هەرورها لەبری نەرێنییەکان بیر لە هەموو لایەنە ئەرێنییەکان بکەرەوە. هەروەها ڕاهێنانی سوپاسگوزاری دەتوانێت یارمەتیت بدات بیرکردنەوەت لە مەزاجێکەوە بگۆڕێت بۆ سوپاسگوزاری بۆ هەموو ئەو شتانە کە لە ژیانتدا هەن. ئەمە بە شێوەیەکی سروشتی وادەکات هەست بە ئەرێنی بکەیت! 

فێڵ و ساختەکردن  

هەروەک چۆن خەڵک حەزیان لەوە نییە کاتێک کەسێک هەمیشە نەریتێکی نەرێنی هەبێت، هەروەها حەزیان لەو کەسانە نییە کە ناڕاستگۆن و ساختەن!  تەنانەت ئەگەر تەنها مەبەستت ئەوە بێت کە خەڵک سەرسام بکەیت، ئەوە کاریگەری خراپی دەبێت. لەبەر ئەوەی ڕاستییەکە ئەوەیە، ئێمە تەنها دەتوانین خۆمان پیشان بدەین بۆ ماوەیەکی کەم پێش ئەوەی ڕەنگە ڕاستەقینەکانمان خۆیان ئاشکرا بکەن.
وە زۆر جار ساختەبوون پەیوەندی هەیە بە ناڕاستگۆیی یان دزیکردنەوە. کەواتە لەگەڵ ئەو قسە کۆنەدا بمێنەوە کە دەڵێت: "تەنها خۆت بە". ڕاستە هەموو کەسێک حەزییان لە هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی تۆ نییە. ئەوە ئاساییە! بەڵام بەوەی کە خۆت بیت، ئەو کەسانە ڕادەکێشیت کە ڕاستگۆن وەک کەسایەتی خۆت، گرنگ نییە کەسایەتیت چەند سەیرە!

خۆپەرستی

یەکێکی دیکە لەو خووانەی کە وا لە خەڵک دەکات خۆشیان نەوێیت ئەوەیە کە خۆت لە سەنتەری خۆتدا بیت، واتا تەنها گرنگی بە خۆت بدەیت. ئاساییە گرنگترین کەسی خۆت خۆت بیت بەڵام ناکرێت گرنگی بە کەسە نزیکەکانت نەدەیت و خۆپەرستانە تەنها گرنگی بە خۆت بدەیت. گرنگی بە هەموو شتێک بدە دەربارەی خۆت! لەگەڵیشیدا گرنگی بە کەسە ئازیزەکانت بدە و وەک پەیوەندییەک بیری لێبکەرەوە کەتۆ هیچ گرنگیەک بە بەرامبەرەکەت و ژیانی ئەو نەدەیت چۆن چاوەڕێ ئەکەیت تۆ بۆ ئەو گرنگ بیت!؟ئەگەر دەتەوێت خەڵک خۆشیان بوێیت، پەیوەندییەکانت ڕێکبخەرەوە. هەردووکتان بەرژەوەندی ئەوی تر نیشان بدەن و هەرگیز هەست بە یەک لایەن نەکەن بە تەنها. ئەمە تاقیبکەرەوە: کاتێک کارێکی چێژ بەخشت بۆ خۆت ئەنجامدا بۆ نموونە چوونە شوێنێکی سەرنجڕاکێش داوا لە کەسە نزیکەکانت بکە جارێکی تر ئەوانیش لەگەڵت بێن و بەیەکەوە تاقیبکەنەوە، ڕای ئەوان وەرگرە و گرنگی بە ویستەکانیان بدە.

چوونە ناو کاروباری خەڵکەوە (خۆ هەڵقورتاندن) 

خۆ هەڵقورتاندن لە کاری دەوروبەر هەرگیز کارێکی دروست نییە. پرسیارکردن و هەواڵپرسی شتێکی ئاساییە و پێویستیشە بەڵام پرسیارکردنی زۆر دەربارەی کار و مووچە و بژێوی ژیان و پرسیارکردن دەربارەی پەیوەندییە تایبەتییەکانی کەسەکە یاخود دەربارەی بابەتە کەسییەکانی ترەوە بە هیچ شێوەیەک جوان نییە. بوونی ئەم خووەش هۆکارێکی دیکەیە کە لەوانەیە وا لە خەڵک بکات کە خۆشیان نەوێیت، تەنانەت ئەگەر لەبەر نیگەرانییەکی ڕاستەقینەش بێت تۆ ئەم پرسیارابە بکەیت، باشترە کە نەیکەیت.
بۆیە باشترین شت کە لەم دۆخەدا بیکەیت ئەوەیە کە بە شێوەیەکی گونجاو بەرامبەرەکەت بناسیت و بزانیت کە ئایا تا چەنێک لای ئاساییە پرسیاربکەیت، کە بەباشی کەسێک ناناسیت ڕاستەوخۆ دەست مەکە بە پرسیارکردن لەگەڵی لەسەر بابەتە کەسییەکان. ئەگەر تازە پەیوەندییەکی هاوڕێیەتیت داناوە بەڵام دەزانیت کەسێکی کراوەیە و دەتوانیت تا ڕادەیەک پرسیاری تایبەتی بکەیت، ئەوکات بپرسە. بەڵام کاتێک هاوپیشەیەکی تازەت دەناسیت و برادەریتان بە ڕادەیەکی نزیک نییە باشترە پرسیاری تایبەتی نەکەیت.

گوێگرێکی خراپ 

یەکێکی تر لەو خووانەی وادەکەن خەڵکی خۆشییان نەوێیت ئەوەیە کە گوێگرێکی خراپ بیت. کاتێک قسەت بۆ دەکەن و باسی بابەتێکت بۆ دەکەن بابەتەکە هەرچەنێک بێت و لای تۆ گرنگ نەبێت باشترە گوێیان بۆ بگریت و قسەکانیان نەپچڕێنیت. دیارترین نیشانەکانی گوێگری خراپ:

  • پچڕاندنی خەڵک لەکاتی قسەکردندا.
  • سەرنج نەدان لە کەسی قسەکەر (سەیرکردنی مۆبایل یان سەیرکردنی شوێنێکی دوور و هتد).
  • بازدان بۆ ئەنجامەکان بەبێ ئەوەی پرسیار بکەیت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە مەبەستی چییە.
  • باوێشکدان یان دەرکەوتنت بە شێوەیەک کە بایەخ بە قسەکردنەکە نادەیت.

کاتێک خەڵک هەست بە بیستن و تێگەیشتن دەکەن، هەست بە باشی دەکەن. ئەوان نایانەوێت هاوڕێیەتی لەگەڵ کەسێک بکەن کە بەهای بۆچوونەکانیان نەزانێت.
ئەگەر تۆ هەستەکەیت هەر یەکێک لەمانەی سەرەوەت هەیە، پێویستە ڕاهێنانی گوێگرتنی چالاک بکەیت. لێرەدایە کە تۆ هەموو سەرنجەکانت تەرکیز دەکەیتە سەر ئەو کەسەی قسە دەکات، پەیوەندی چاو بپارێزە، پرسیار بکە دەربارەی ئەو شتانەی بۆت باسدەکات، و خۆت بەدووربگرە لە پچڕانی قسەکانی. بە ئەنجامدانی ئەم کارە، نەک ئەو کەسانە تۆیان خۆشدەوێت، بەڵکو هەست بە هاندانی زیاتر دەکەن بۆ ئەوەی بێن بۆ لای تۆ کاتێک دەیانەوێت قسەیەک بکەن یان پێویستیان بەوەیە شتێک لە لە دڵ و دەروونیان دەربکەن، بەمەش پەیوەندییەکی نزیکتر دروستدەکەیت.

قسە و قسەڵۆک 

کەسانێک هەن چێژ لە قسە و قسەڵۆک یاخود قسەهێنان و قسەبردن وەرەگرن. لە هەموو شت زیاتر مەراقی ئەوە دەکەن ئەو کەسە بۆ وایکرد، دەبێت لەگەڵ خێزانەکەی ئاشتبێتەوە، دەبێت ئەو کوڕە ئەو کچە بخوازێت یان ئەو ئافرەتە بۆ ناهێڵێت منداڵی ببێت، بۆ زەواج ناکات، بۆ چی لە دەرەوە کارناکات، ئایا مێردەکەی ناهێڵێت ئیش بکات یان ماڵە خەزورانی ناهێڵن و یەک دنیا بابەتی تریش. سەیرکە، ئێمە هەموومان قسە دەکەین، بەڵام لە سنوورێکدا. ئەگەر تۆ لەو کەسانەی خووی بە قسەهێنان و قسەبردنەوە هەبێت و بەردەوام ئەوە بکەیت، بە دڵنیاییەوە خەڵک ڕقیان لێت دەبێتەوە! بە تایبەت لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەی کە ناتوانرێت متمانە بە ئەو کەسانە بکرێت کە قسە دەهێنن و دەبەن، چونکە لە کاتی قسە هێنان و بردنا بابەتەکە دوور نییە گەورەبکرێت و زیادی بخرێتە سەر. هەروەها ئەم کەسە کە ئێستا باسی خەڵکی دەکات سبەی باسی تۆش بۆ ئەوان دەکات. 
بۆیە دڵنیابەرەوە لەوەی خۆت بپارێزیت لە قسەهێنان و بردن و قسە گەورەکردن چونکە ئەمە کاری کەسە ژیرەکان نییە. ژیان و کاری مرۆڤەکانی تر تۆ بە هیچ شوێنێک ناگەیەنن بەڵکو لە شوێنی خۆت ڕاتدەگرن. گرنگە ئەوەش کە تێبگەیت کە تەنانەت قسەکردنێکی سادە و سووک دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر خەڵک هەبێت، لە کاتێکدا تۆ ئەمەت ناوێت و بێ ئاگاییانە ئەم کارە دەکەیت.

بایەخ نەدان بە هەستی خەڵکی

نەریتێکی دیکە کە وا لە خەڵک دەکات ڕقیان لێت ببێتەوە ئەوەیە کە بیرکردنەوە و گرنگیدان بە کەسانی دەوروبەرت نەبێت. ئەمە لەوانەیە بچووک بێت وەک ئەوەی لە دەرگایەکەوە تێپەڕیت و دەرگاکە بە کراوەیی جێنەهێڵیت بۆ ئەو کەسەی خەریکە بە دواتدا لە دەرگاکەوە تێدەپەڕێت. یان ئەوەندە گەورە بێت کە بڕیار بدەیت جلی ڕەنگ سپی لەبەر بکەیت بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری باشترین هاوڕێت. بایەخ نەدان بە هەستی دەوروبەر وا دەکات تایبەتمەندییەکانی ئەوانت لا گرنگ نەبێت، گرنگی نەدەیت بەوەی حەزیان لە چی خواردنێکە، حەزیان لە چی شوێنێکە بۆ نان خوردن، حەزیان لە چی میوزیکێکە و چەندانی تر.
بۆیە ئەگەر هەست دەکەیت کە بەجۆرێک لەم خووەت هەیە و بایەخ بە بەرامبەر نادەیت، چەند ڕێگایەک بۆ چۆنیەتی دەربازبوون لەم خووە خراپە پەیڕەوکە کە بریتین لە:

  • هاوسۆزی نیشاندان لە کاتی بەرکەوتن لەگەڵ کەسانی تر. 
  • بیرخەرەوە لەسەر مۆبایلەکەت دابنێ ئەگەر پێویست بکات بۆ یادکردنەوەی بۆنە تایبەتەکانی وەک ڕۆژی لەدایکبوون.
  • ئەگەر شتێکت بینی کە دەزانیت هاوڕێیەکت حەزی لێیەتی، بەدەستی بهێنە، تەنانەت ئەگەر ڕۆژی لەدایکبوون یان بۆنەیەکی تایبەتیش نەبێت.
  • تەنانەت شتی بچووکی وەک نامە دەتوانێت نیشانی بدات کە تۆ چەند گرنگی بەو کەسە دەدەیت و دەتەوێت بە هەر جۆرێک بێت لێی بپرسیت.

ناڕێکی و ڕێکنەخستنی شتەکان

کاتێک بەیانیان لە ژوورەکەت خۆت ئامادە دەکەیت و دواتر دەچیتە دەرەوە بۆ سەر کارەکەت بێت یان هەر جێیەکی تر، ئایا شتەکانت بە پەرش و بڵاوی جێدێڵیت؟ ئەگەر لەو کەسانەبیت ئەم نەریتەیان هەیە ئەمە لەوانەیە وا لە خەڵک بکات کە خۆشیان لێت نەیا، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵیان کار بکەیت یان لەگەڵیان بژیت. لە شوێنی کارەکەت، کەس نایەوێت کوپە بەتاڵەکانی قاوەکەت ببینێت کە لەسەر مێزەکەیە یان کاغەز لەسەر مێزەکەت بڵاوبوونەتەوە. تەنانەت ئەگەر مێزەکەت تەنها هی خۆت و کەسی بێت. 
لە ژیانی تایبەتیدا ماڵەوە و خێزان و دایک، هاوسەر و تەنانەت منداڵەکانت نیگەران دەبن بەوەی شتەکان بە پەرش و بڵاوی جێدەهێڵیت و بە کەسێکی پنجڵ ناوت دەهێنن. بۆیە باشترە گرنگی بە کۆکردنەوە و ڕێکخستنی شتەکانت بدەیت، وەک ڕێکخستنی سەر مێزی کارکردنەکەت، ڕێکخستنی ژوورەکەت، ڕێکخستنی دۆڵاب و چەکمەجەکانت.  هەموو ڕۆژێک تەنها دە خولەک تەرخان بکە بۆ ڕێکخستنی شوێنەکانت و خۆت لەم خووە ڕزگاربکە.

دەنگ بەرزی

دەنگ بەرزی خوویەکی خراپ نییە، بەڵام دەتوانین بڵێی بە گوێرەی شوێنەکان دەکرێت ببێتە خوویەکی خراپ. کاتێک تۆ لە ماڵی خۆتیت و خێزانەکەت دەزانن تۆ سروشتییەن دەنگت بەرزە کێشە دروست ناکات. بەڵام کاتێک لە شوێنێکی گشتیت جوان نییە بە دەنگی بەرز قسە بکەیت. یان کاتێک لە دانیشتنێکیت جوانترە دەنگ بەرز نەکەیتەوە چونکە کەسانێک دەنگ بەرزی بە هۆکارێک بۆ خۆسەپاندنی بەرامبەر دەبینن و بە خاڵێکی خراپی بەرامبەر دایەنەن. بۆیە وریابە و بزانە کە لە چی شوێن و کاتێکدا ئاساییە دەنگت بەرزبێت. بە خێزانەکەت یاخود هاوڕێیاکانت بڵێ کە ئاگادارت بکەنەوە کاتێک لە شوێنێکی گشتیت و بێئاگاییانە دەنگت بەرزدەکەیتەوە.


سەرچاوەکان



694 بینین