گرنگی ڕووەک لە ماڵدا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-10-05-11:17:00 - کۆدی بابەت: 11403
گرنگی ڕووەک لە ماڵدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گرنگی ڕووەک لە ماڵدا (بە ئینگلیزی: Importance of plants at home، بە عەرەبی: اهمیة النبات في المنزل)، زۆرینەی ماڵەکان بە ڕووەکی هەمەڕەنگ دەڕازێنرێنەوە کە هەبوونی لە ڕاڕەوی چوونە ژوورەوە و دەرەوەی ماڵەکاندا دەبێتە هۆی پێدانی جوانییەکی زیاتر بە جێگەکە، لە هەمان کاتدا ڕەونەقێکی دەبێت کە دەروونی مرۆڤەکان ئارەزووی دەکات، بەڵام ڕووەک و گوڵەکان تەنها دیکۆر و هۆکاری ڕازاندنەوە نین، بەڵکو چەندین سوودی تری هەیە وەک باشتر کردنی شێوازی ژیان کردنی مرۆڤەکان لەگەڵ باشترکردنی فرمانەکانی هەستکردن و بیرکردنەوە.

سوودەکانی ڕووەک لە ماڵدا

باشکردنی کرداری هەناسەدان

پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ڕووەکەکان بۆ هەڵمژینی گازەکانی هەوا پێچەوانەیە، بەمەرجێک ڕووەکەکە لەبەر ڕووناکی خۆردا بێت، شێوازی بەکارهێنانی هاوبەشیان وەک پەیوەندییەکی سوودگۆڕکێیە، مرۆڤەکان ئۆکسجین هەڵدەمژن و دوانە ئۆکسیدی کاربۆن دەردەکەن، لە کاتێکدا ڕووەکەکان دوانە ئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژن و ئۆکسجین بەرهەم دەهێنن و دەیخەنەوە هەوا، بەڵام بە هاتنی شەو و تاریکبوونی جێگەکەی ئەوا ڕووەکەکەش هاوشێوەی مرۆڤ ئۆکسجین هەڵدەمژێت بۆ هەناسەدانی، لەبەر ئەوە ئامۆژگاری خەڵکی دەکرێت کە گوڵ لە ژووری نوستن و جێگەی تاریکدا دانەنێن.

دابینکردنی شێ

ڕووەک لە کاتی کرداری هەناسەدانیدا بڕێکی کەم بەهەڵمبوون دەکەن و ئاو لەسەر گەڵاکانیان جێ دەمێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی شێداربوونی هەوای جێگەکە، لە ئەنجامدا هاوکاری کۆئەندامی هەناسە دەکات و ڕێگری دەکات لە وشک بوونەوەی پێست لەگەڵ پاراستنی قوڕگ لە هەوکردن و کۆکەی وشک.

پاککردنەوەی هەوا

ڕووەکەکان دەتوانن هەوا پاکبکەنەوە بە هەڵمژینی ئەو ژەهرانەی کە دەکرێت لە هەوادا هەبن، باوترین نموونەش ئەو گاز و دووکەڵەیە کە لە ئەنجامی جگەرە کێشانەوە دروستدەبێت، لەگەڵ پاککردنەوە و هەڵمژینی چەندین ماددەی ئەندامی و ژەهراوی ناو هەوا وەک فۆرمالدیهاید، فینیل، بەنزین، سیانە کلۆرید، مرەکەب، ماددەی ناو بۆیە و ڕەنگەکان لەگەڵ ئەو ماددانەی کە لە ئەنجامی شیبوونەوەی نایلۆنەوە دروست دەبن.

زیادکردنی ڕێژەی سەرنجدان

بەگوێرەی یەکێک لە ئەو توێژینەوانەی کە لەسەر خوێندکاران کراوە، دەرکەوتووە کە ئەو خوێندکارانەی ڕووەک لە ژوورەکانیاندا هەبووە بە لایەنی کەمەوە ڕێژەی سەرنجدانیان گەشتووەتە ٧٠%، بەڵام ئەو خوێندکارانەی کە گوڵ لە ژوورەکانیاندا نەبووە ڕێژەی سەرنجدانیان کەمتربووە.

هاندانی هەستی دڵخۆشی

هەبوونی ڕووەک لە ناوەندی ماڵەکاندا هەستەکانی دوودڵی و ڕاڕایی کەم دەکاتەوە، لەگەڵیدا هەستی هێمنی بەرز دەبێتەوە، ئەمەش لە ئەنجامدا بڕوابەخۆبوونی کەسەکە لەو جێگەدا بەرز دەکاتەوە، واتە گەشبین بوون و خۆش گوزەرانی زیاد دەبێت لەبەرانبەردا هەستەکانی بێتاقەتی و بیرکردنەوەی نەرێنی کەم دەبێتەوە.


سەرچاوەکان



490 بینین