وێناکردن و ڕێزگرتنی خود

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-10-14-21:31:00 - کۆدی بابەت: 11420
وێناکردن و ڕێزگرتنی خود

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

وێناکردن و ڕێزگرتنی خود (بە ئینگلیزی: Self image and respect، بە عەرەبی: تقدیر الذاتیة و الأحترام)، گەشەکردنی هەڵچوونی و کۆمەڵایەتی منداڵ تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە وێناکردن و ڕێزگرتنی خود، واتا ئەگەر منداڵ بۆچوونی باش و ئەرێنی دەربارەی خۆی هەبێت و ڕێزی خۆی بگرێت ئەوا بە باشی لە لایەنی هەڵچوونی و کۆمەڵایەتییەوە گەشە دەکات. 

کۆمەڵێک خاسییەت و نیشانە هەن کە بەڵگەن بۆ بەرز ڕاگرتنی خود 

  • بە ئاسانی بتوانین هاوڕێ بۆ خۆمان پەیدا بکەین. 
  • لە سەرنەکەوتن نەترسین. 
  • بتوانین لە ڕێگەی هەڵەکانمانەوە فێر ببین. 
  • هەوڵ بدەین شتی نوێ فێر ببین و بە ئاکامی بگەیەنین. 
  • بڕوامان بە خۆمان هەبێت. بەڵام ئەگەر منداڵ یان گەورە بە چاوی ڕێز سەیری خۆی نەکات و وێنایەکی باشی خودی خۆی نەکات، ئەوا لە ژیانی کۆمەڵایەتی و هەڵچوونیشدا سەرکەوتوو نابێت. 

کۆمەڵێک خاسییەت و نیشانە هەن بۆ نزم سەیرکردنی خود و خراپ هەڵسەنگاندنی 

  • بە خراپ سەیرکردنی خود.
  • لاوازی یان نەبوونی بڕوا بەخۆبوون. 
  • بە زەحمەت هاوڕێ پەیدا کردن. 
  • نەتوانرێت کار و چالاکی نوێ بە ئاکام بگەیەندرێت. 
  • ترسان لە سەرکەوتن. 

چەمکی خود لە خۆیەوە سەرهەڵنادات و دروست نابێت، بەڵکو دەبێت هەر لە منداڵییەوە لە ناو خێزان و باخچەی ساوایان و قوتابخانە و دامودەزگا کۆمەڵایەتییەکانی تر، ژینگە و بارودۆخی گونجاوی بۆ بڕەخسێندرێت، لەبەر ئەوەی منداڵ لە ڕێگەی کەسانی چواردەورییەوە، بە تایبەتیش دایک و باوک و مامۆستا هەست و تێڕوانین دەربارەی خودی خۆی پەیدا دەکات، واتا کەسانی چواردەوری وەکو ئاوێنەیەک خود و گرنگی و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی بۆ کەسانی چواردەوری منداڵ پێچەوانە دەکەنەوە، هەر لەبەر ئەوەشە کە مامەڵە و ڕەفتاری گەورەکان و کەسانی چواردەوری منداڵ کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر گەشەکردن یان گەشەنەکردنی چەمکی خود و هەڵسەنگاندنی خود هەیە.

دەرئەنجامی توێژینەوە زانستییەکانی ئەم بوارە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە جۆری مامەڵە و شێوەی وەڵامدانەوەی گەورەکان بۆ ڕەفتار و بیرکردنەوەی منداڵ و قسە لەگەڵ کردنیان گرنگییەکی زۆری بۆ گەشەکردنی ئاسایی یان نا ئاسایی چەمکی خودی منداڵ هەیە. لەبەر ئەوە زۆر گرنگە کە دەبێت مامەڵە و ڕەفتاری دایک و باوک و گەورەکان بە شێوەیەک بێت کە منداڵ ئەو هەست و سۆزەی لەلا دروست ببێت کە کەسێکی خۆشەویست و بەنرخ و بەڕێز و خاوەن بەهایە، ئەویش لە ڕێگەی ئەم چالاکی و هەڵسوکەوتانەی لای خوارەوە دەبێت: 
١- هاندان و پاداشتکردنی منداڵ لەسەر کار و چالاکییە سەرکەوتوو و بەسوودەکانی تەنانەت لەسەر هەوڵدانیشی بۆ کردنی کارێک و بە ئەنجام گەیاندنی. 

٢- ڕەخساندنی بواری گونجاو بۆ سەربەخۆبوونی منداڵ و پشت بەستن بە خۆی، واتە دەبێت بەردەوام هانی منداڵ بدرێت بۆ کردنی کار و چالاکی نەک ڕەخنەی لێ بگیرێت و لە بەهای کەمبکرێتەوە، کاتێک هەڵەیەک دەکات. 

٣- ڕەخساندنی کەش و هەوای خۆشی و پڕ لە پێکەنیناوی و دڵنیایی و دوورخستنەوەی منداڵ لە ترس و تۆقاندن و سووکایەتی پێکردن، واتە لەگەڵ منداڵەکانمان پێبکەنین و کاتی خۆش بەسەر ببەین نەک پێیان پێ بکەنین. 

٤- دەبێت ڕاستەقینە بین و بە پێی تەمەن و عەقڵ و توانای منداڵەکانمان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، نابێت داوای شتێکیان لێ بکەین کە نەتوانن جێ بەجێی بکەن و لە ئەنجامیەوە تووشی سەرنەکەوتن و هەست کردن بە کەمی ببن و دواتر بە چاوی سووک سەیری خۆیان بکەن. 

٥- ڕەخساندنی بواری گونجاو بۆ تێکەڵبوونی منداڵ لەگەڵ منداڵانی هاوتەمەنی خۆی.

٦- پێدانی سۆز و خۆشەویستی پێویست بە منداڵ بۆ ئەوەی هەست بکات کە کەسێکی خۆشەویست و بەڕێز و خاوەن بەهایە. 
سەرجەم ئەو هۆکار و چالاکیانەی سەرەوە زامنی گەشەکردنی بۆچوونی دروستن دەربارەی خود، واتە ئەگەر دایک و باوک و مامۆستا و کەسانی چواردەوری منداڵ بەپێی ئەو خاڵانەی سەرەوە مامەڵەیان لەگەڵ منداڵدا کرد ئەوا بێ گومان منداڵ بۆچوونی ئەرێنی و باشی دەربارەی خودی خۆی لەلا گەشە دەکات و بە چاوی ڕێز و بەرز  دەڕوانێتە خودی خۆی و کەسانی چواردەوری و لە ژیانی ڕاستەقینە و کۆمەڵایەتی سەرکەوتوو دەبێت و لە گرفت و نەخۆشی دەروونی دوور دەکەوێتەوە. 


سەرچاوەکان



557 بینین