مێروولەی سوور

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-10-26-19:29:00 - کۆدی بابەت: 11530
مێروولەی سوور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مێرولەی سوور (بە ئینگلیزی: Red imported fire ant، بە عەرەبی: النمل الناري, ناوی زانستی: Solenopsis invicta) سەر بە خێزانی Formicidaeـیە و سەر بە ئۆردەری Hymenopteraـیە کە هەمان ئۆردەری هەنگ و زەردەواڵەیە، جەستەیان دابەش دەکرێت بۆ سێ بەش و درێژییان لە نێوان ١،٦ مم بۆ ٥ مم دەکرێت بگۆڕدرێت ئەم ژمارەیە.

ئەم مێروولانە بەوە ناسراون کە بە مرۆڤ و ئاژەڵەکانی ترەوە دەدەن و شەڕانگێزن، ڕەنگە قاوەییە کاڵەکەی ئەم مێروولە ئاگرینانە هۆکارە بۆئەوەی بە مێروولەی سوور بناسرێن، هەروەها ئەم مێروولانە بە ڕەگەز لە ئەمریکای باشووردا بوون و دواتر بڵاوبوونەتەوە بۆ وڵات و ناوچەکانی تر.

پێکهاتەی نێو شارە مێروولەکان

یەک شارە مێروولە سەدان یان هەزاران مێروولە لەخۆ دەگرێت، شارەکانیان لەلایەن شاژنێک یان چەند شاژنێکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، شاژنەکان هەزاران هێلکە دادەنێن بۆ دڵنیابوون لە مانەوەی ژیان لە شارەکەیاندا لەداهاتوودا، لە هەندێک جۆردا مێروولە نێرەکان تەنها یەک ئەرکیان هەیە کە ئەویش جووتبوونە لەگەڵ شاژن تاکوو بتوانێت گەرای هێلکەکان دابنێت، زۆرجار دوای ماوەیەکی کەم لە ئەرکەکەیان دەمرن. مێروولەی کرێکار کە دیارترین ئەندامانی شارە مێروولەکەن مێینەکانن کە هەرگیز زاوزێ ناکەن، بەڵکوو لەجیاتی ئەوە خۆراک بەدەست دەخەن و چاودێری نەوەکانی شاژن دەکەن و کار لەسەر شارەکە دەکەن و دەیپارێزن، هەندێک لە کرێکاران دەتوانن ٥٠ هێندەی کێشی جەستەی خۆیان هەڵبگرن.

ئەو ژینگانەی مێروولەی سوور تێیدا دەژی

مێروولە سوورەکان بارودۆخی گەرم و خۆریان پێ باشترە بۆ ژیانیان و زیاتر لەو ناوچانەدا دەبیندرێن، حەز بە کێڵگە وشکەکان دەکەن و لە شوێنە سێبەر و ساردەکان دوور دەکەونەوە. 

شێوازی ژیانکردنیان

ئەم مێروولانە بە شێوەیەکی گشتی ڕووەک و گۆشتیش دەخۆن لەبەر ئەوە پشت بە ڕووەک، مێروو و تۆوی ڕووەکەکان دەبەستن بۆ خۆراکەکانیان و مانەوەیان لە ژیان.

تەمەنی مێروولە سوورەکان

مێروولە کرێکارەکان تەمەنیان بەندە بە قەبارەیانەوە و بەنزیکەی لەنێوان ٣٠ بۆ ١٨٠ ڕۆژ دەژین، لە کاتێکدا شاژنەکەیان نزیکەی ٢-٦ ساڵ لە ژیاندا دەمێنێتەوە. هێلکەکانیشیان بە نزیکەیی ٢٢ بۆ ٣٠ ڕۆژیان پێویستە تاکوو ببنە مێروولەیەکی تەواو.

کەی بە ئاژەڵەکانی ترەوە دەدەن

مێروولە ئاگریە سوورەکان شەڕانگێزی خۆیان نیشاندەدەن کاتێک نزیک شارەکەیان بکەویتەوە یاخود خۆیان بوروژێنیت. لە نزیک ناوچەی سکیانەوە چزووی پێوەدانیان هەیە کە ژەهری ئەلکالۆید دەردەدات، کاتێک نێچیرەکانیان ڕاو دەکەن سەرەتا ئاژەڵەکە دەگرن و قەپی لێدەگرن، دواتر ژەهری ئەلکالۆید لەڕێگەی چزوەکەیانەوە بۆ جەستەی ئاژەڵەکە دەگوازنەوە و پێوەی دەدەن. 


سەرچاوەکان



362 بینین