بەرەوپێشبردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-10-26-20:24:00 - کۆدی بابەت: 11532
بەرەوپێشبردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرەوپێشبردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی (بە عەرەبی: تطوير مستوى الكتابة في اللغة انكليزية، بە ئینگلیزی: Improve your english language skills)، چەندین ڕێگا هەیە کە دەتوانیت ئاستی زمانی ئینگلیزیەکەت بەرەو پێش ببەیت. وەک ئاشکرایە زمانی ئینگلیزیش وەک هەر شتێکی تر پێویستی بە ڕاهێنان و بەرەو پێشبردن هەیە، بۆ ئەوەی هەمیشە لە باشترین ئاستی خۆیدا بمێنێتەوە. 

چەند ڕێگایەک بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی زمانی ئینگلیزیەکەت بە خێرایی

زۆرجار یەکێک پرسیارت لێ دەکات کە چۆن بتوانم بە خێرایی ئاستی زمانی ئینگلیزیم لە ماوەی یەک دوو هەفتەدا بەرەوپێش ببەم، ئایا بە لاتەوە شتێکی نامۆیە؟ بێگومان دەتوانیت نەک لە ماوەی دوو هەفتەدا، بەڵکو لە ماوەی هەفتەیەکیشدا ئاستی زمانی ئینگلیزیت بەرەوپێش ببەیت. ئەم ٦ تەکنیکە بە تەواوی لە بەرەوپێشبردنی ئاستی زمانی ئینگلیزیت هاوکارت دەبێت: 
١- سەیرکردنی فیلم بە زمانی ئینگلیزی 
٢- سەیرکردنی هەواڵەکان بە زمانی ئینگلیزی
٣- دروستکردن بە نوسینی وشەکان. 
٤- دروستکردنی پەیوەندی بە زمانی ئینگلیزی
٥- ڕاهێنانکردن. 
٦- چێژبینین لە پڕۆسەی فێربوون. 

لە ڕێگەی ئەم ٦ تەکنیکەوە لە ماوەی هەفتەیەکدا دەتوانیت کاریگەریی بەرچاو لەسەر ئاستی زمانی ئینگلیزیەکەت دروست بکەیت و بەرەوپێش ببەیت. 

تەکنیکی یەکەم: سەیرکردنی فیلم بە زمانی ئینگلیزی
تەکنیکی سەیرکردنی فیلم تەکنیکێکی زۆر باوە، هەم لە جیهاندا و هەم لە نێو کوردا، لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەم جۆرە تەکنیکەوە فێری هەندێک وشەی پێویست بە تایبەتی وشە نافەرمییەکان دەبیت، کە لە زمانی ئینگلیزیدا لە لایەن گەنجانەوە زۆر بەکاردەهێنرێت. 

تەکنیکی دووەم: سەیرکردنی هەواڵەکان بە زمانی ئینگلیزی
ئەگەر لە پێشوودا بە زمانی کوردی چ لە ڕێگەی تەلەفزیۆن یان سۆشیال میدیاوە سەیری هەواڵەکانت کردووە، ئەوا بۆ زمانی ئینگلیزی بیگۆڕە، کە بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە سوودی بۆ فێربوونی ئەو وشانە دەبێت کە بۆ بوارەکانی وەرزش، ئابووری، سیاسەت بەکاردێت، یان ئەگەر حەز ناکەیت سەیری تەلەفزیۆن بکەیت، ئەوا دەتوانیت سوود لە ماڵپەڕەکانی بی بی سی، سی ئێن ئێن، فۆکس نیوس، ئەی بی سی نیوس ببینیت. 

تەکنیکی سێیەم: دەستکردن بە نوسینی وشەکان 
لە مۆبایلەکەت یاخود لە دەستنووسی تێبینییەکانتدا ئەو وشانە بنووسە کە لە لات نوێن یاخود ئەو وشانەی لە فیلمێک یاخود هەواڵێک، ئەنیمەیشنێک وەرتگرتووە بیاننوسە، بەڵام چۆن لەو وشانە تێبگەم کە نوێن یاخود یەکەم جارمە کە گوێم لێی دەبێت؟ بۆ ئەم حاڵەتە هەوڵبدە هاوواتاکەی بدۆزیتەوە، بەم شێوەیە دەتوانیت لە واتای وشەکە تێبگەیت و بە ئاسانی لە ژیانی ڕۆژانەتدا دەتوانیت بەکاریبهێنیت. 

تەکنیکی چوارەم: دروستکردنی پەیوەندی بە زمانی ئینگلیزی
دروستکردنی پەیوەندی بە زمانی ئینگلیزی یاخود لەگەڵ ئەو کەسانەی خوازیاری فێربوونی زمانی ئینگلیزین، سوودێکی زۆر باشی بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی قسەکردن و نوسینت بە زمانی ئینگلیزی دەبێت، بە تایبەتی ئەگەر بە ڕێگای ئۆنلاین بێت، ئەوا تۆ سوودێکی تریش لەم تەکنیکە دەبینیت، چۆن؟ هەندێکمان کاتێک دەنوسین، نایخوێنینەوە و بە بیرکردنەوە دەنوسین، بەڵام کاتێک تۆ بیکەیت بە نوسینی ئینگلیزی، ئەوا دووبارە بیرکردنەوەی تۆ بە زمانی ئینگلیزی دەبێت و بەم شێوەیە دەتوانیت چێژ لەو کاتە ببینیت کە لە ڕێگای دروستکردنی پەیوەندی بە زمانی ئینگلیزی بەسەری دەبەیت. 

تەکنیکی پێنجەم: ڕاهێنانکردن 
بەردەوامی و ڕاهێنان بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی زمانی ئینگلیزیت هۆکارێکی گرنگە، هەوڵبدە هەفتانە بەو وشە و زاراوانەدا بچیتەوە کە لە هەفتەکەدا فێریان بوویتە، بەم شێوەیە بۆ ماوەیەکی زۆر لە یادگەتدا دەمێنێتەوە، لە پڕۆسەی بیرکردنەوە بە زمانی ئینگلیزی تەنها فێربوون و گەڕان و بە دواداچوون گرنگ نییە، بەڵکو بەردەوامی و ڕاهێنان و پێداچوونەوەی ئەو شتانەش کە فێریان بوویتە، گرنگن. 

تەکنیکی شەشەم: چێژبینین لە پڕۆسەی فێربوون 
وەکو ئاشکرایە کە ئەگەر هەر شتێک چێژ و دڵخۆشیمان پێ نەبەخشێت ئەوە بە ماوەیەکی کورت کۆڵی لێدەدەین، چونکە وا هەست دەکەین کە ئێمە ئاستێکی وەهامان نییە، بتوانین چێژ لە پڕۆسەی فێربوونەکەمان وەربگرین، بۆ ئەوەی بتوانیت چێژ ببینیت، ئەوا لە شتە بچووکەکانەوە دەست پێ بکە. 


سەرچاوەکان



412 بینین