گەورەترین شارەکانی جیهان لەڕووی دانیشتوانەوە

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-10-28-14:35:00 - کۆدی بابەت: 11542
گەورەترین شارەکانی جیهان لەڕووی دانیشتوانەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گەورەترین شارەکانی جیهان لەڕووی دانیشتوانەوە (بە ئینگلیزی: The largest cities in the world by population، بە عەرەبی: أكبر مدن العالم من حيث عدد السكان)، دوای ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە 15ی تشرینی دووەمی 2022 گەیشتە هەشت ملیار، پێشبینی جۆراوجۆر دەکرێت سەبارەت بە ژمارەی مرۆڤەکان لەسەر زەوی و زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە کە لە ساڵانی داهاتوودا ئەم ژمارەیە زیاتر دەبێت.

لیستی دە گەورەترین شارەکانی جیهان لە ڕووی دانیشتوانەوە

١٠: ئۆساکا، ژاپۆن، ژمارەی دانیشتوانی ١٩.٢ ملیۆن کەسە، بەمەش بووە بە دەیەم گەورەترین شار لە جیهاندا کە زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی هەیە. ئەم شارە لە ڕووی مێژووییەوە گرنگیەکی زۆری هەیە  بەهۆی ئەوەی ناوەندێکی بازرگانی و پیشەسازییە، لەهەمانکاتدا شارەکە ناوەندێکی داراییە بەهۆی ئەوەی شوێنی زۆرێک لە کۆمپانیا گەورەکانی ژاپۆنە. هەروەها ئۆساکا بە کلتور، خواردن و تەلارسازی مۆدێرن بەناوبانگە، ئەمەش وایکردووە کە ئەم شوێنە لەلایەن گەشتیارانەوە بەناوبانگ بێت.

٩: پەکین، چین، ژمارەی دانیشتوانی ١٩.٤ ملیۆن کەسە، نۆیەم گەورەترین شارە لەجیهاندا کە زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی هەیە. یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان، هەروەها شوێنی زۆربەی بازرگانییە گەورەکانی وڵاتەکەیە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی دانیشتووان و سامانی نەتەوەی دانیشتوانەکەی و وڵاتەکە لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا.

٨: مۆمبای، هیندستان، ژمارەی دانیشتوانی ٢٠.١ ملیۆن کەسە و هەشتەم گەورەترین شارە بۆ زۆری دانیشتوان لە جیهاندا. مۆمبای نیشتیمانی سینەمای بۆلیودە و شارێکە پڕە لە کلتوری جیاواز و هونەر، لە هەمووی گرنگتر پایتەختی بازرگانی و دارایی هیندستانە.

٧: دەکا، بەنگلادیش، ژمارەی دانیشتوانی ٢٠.٢ ملیۆن کەسە و حەوتەم گەورەترین شارە لەڕووی دانیشتوانەوە. دەکا پایتەختی بەنگلادیشە و بە خێرایی گەشە دەکات بەهۆی ئەوەی پیشەسازی لە شارەکەدا تەواو بڵاوبووەتەوە و گەشەی سەندووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە شوقە و بینای بەرز و بەرفراوان لە سەرانسەری ئەم شارە گەورەدا دروستبکرێن.

٦: قاهیرە، میسر، ژمارەی دانیشتوانی ٢٠.٤ ملیۆن کەسە و خاوەنی شەشەم زۆرترین دانیشتوانە لە جیهاندا. قاهیرە بە تەلارسازییە مێژووییەکەی زۆر بەناوبانگە و بەهۆیەوە بووە بە گرنگترین شارەکان لە جیهاندا کە خاوەنی یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرە کۆنەکانی جیهانە، کە هەرەماکانی میسرن.

٥: مەکسیکۆ سیتی، مەکسیک، ژمارەی دانیشتوانی ٢١.٦ ملیۆن کەسە، خاوەنی پێنجەم زۆرترین دانیشتوانە لە جیهاندا. یەکێکە لە کۆنترین پایتەختەکان لە وڵاتانی ئەمریکای باشور و ٢٢٤٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، ئێستا ناوەندێکی بازرگانییە و هەروەها شارێکی گەشتیاری بەناوبانگە.

٤: ساوپاولۆ، بەڕازیل، ژمارەی دانیشتوانی ٢١.٨ ملیۆن کەسە و چوارەم گەورەترین شارە لەجیهاندا کە زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی هەیە. ساوپاولۆ یەکێکە لەو شارانەی کە هەژارییەکی زۆر لەگەڵ سامان و دەوڵەمەندیەکی زۆردا یەکدەگرنەوە.

٣: شەنگەهای، چین، ژمارەی دانیشتوانی ٢٦.٣ ملیۆن کەسە، سێیەم گەورەترین شارە لەجیهاندا کە زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی هەیە. چەندین ساڵ لەمەوبەر شارێکی بچووکبووە کە دانیشتوانەکەی بە ماسی گرتنەوە خەریک بوون، بەڵام بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی شارەکەوە ئێستە بووەتە یەکێک لە گەورەترین شارەکانی چین و هەروەها جیهانیش.

٢: دەلهی، هیندستان، ژمارەی دانیشتوانی ٢٩.٣ ملیۆن کەسە، خاوەنی دووەم گەورەترین دانیشتوانە لە جیهاندا. پایتەختی هیندستانە و یەکێکە لە قەرەباڵخترین شارەکان کە ئەمەش وایکردووە هەوا و ژینگەی شارەکە دوچاری پیسبوونێکی زۆر ببێتەوە.

١: تۆکیۆ، ژاپۆن، ژمارەی دانیشتوانی ٣٧.٤ ملیۆن کەسە، یەکەم گەورەترین شارە لە جیهاندا لەڕووی دانیشتوانەوە. تۆکیۆی ژاپۆن گەورەترین شاری سەر زەوییە و ژمارەی دانیشتووانی ٣٧.٤ ملیۆن کەسە کە چوار هێندەی ژمارەی دانیشتوانی شاری نیویۆرکە لە ئەمریکا. لە تەواوی شارەکەدا بە تێکڕا لە هەر کیلۆمەترێکدا ٢٦٤٢ کەس دەژین.


سەرچاوەکان



306 بینین