ناوهڕۆك
ناساندن
مێژووی زمانی ژاپۆنی (بە عەرەبی: تاريخ اللغة اليابانية، بە ئینگلیزی: History of the Japanese Language)، زمانی ژاپۆنی زمانێکی نیشتمانیی ژاپۆنە، هەروەها هەندێک ناوچەی و وڵاتی دیکە بە زمانی ژاپۆنی قسە دەکەن. زمانی ژاپۆنی لە ئایدیۆگرام و فۆنۆگرام پێکدێت، هەروەها زمانی ژاپۆنی زمانێکی نیشتمانیی ژاپۆنە و زیاتر لە ١٢٤ ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن، کە شەشەمین زمانە لە جیهاندا کە دانیشتووان قسەی پێدەکەن. جگە لە ژاپۆن هەندێک لە ویلایەتەکانی کۆماری پالاو بە زمانی ژاپۆنی قسە دەکەن و ئەم زمانە لەم کۆمارەدا وەک زمانێکی باو قسەی پێدەکەن، هەروەها خەڵکی هەندێک ناوچەی بەڕازیل زمانی ژاپۆنی بەکاردەهێنن بەهۆی کۆچکردنیان لە بەڕازیلەوە بۆ ژاپۆن. زمانی ژاپۆنی زمانی جۆری SOV یە لە ڕووی ڕیزبەندی وشەکانەوە، لە ڕووی فۆرمیشەوە وەک زمانی ئەگلۆتیناتیڤ پۆلێن دەکرێت.
مێژووی زمانی ژاپۆنی
زمانی ژاپۆنی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ، زۆر شت لەبارەی پێش مێژوو یان سەرچاوەی زمانی ژاپۆنی تۆمار نەکراوە. لە سەدەی سێیەمدا هەندێک لە کتێبەکانی مێژووی چینی چەند وشەیەکی ژاپۆنییان تۆمار کردووە، بەڵام وەسفەکە بەس نییە بۆ ئەوەی بە باشی لە زمانی ژاپۆنی ئەو سەردەمە تێبگەین. پێش هاوردەکردنی پیتە چینییەکان، پێدەچێت زمانی ژاپۆنی ڕێنووسی نەبێت، بەڵام دەوترێت لە سەردەمی کۆفون (سەدەی سێیەم تا چوارەم)دا، پیتە چینییەکان لەگەڵ وشەسازی و فۆنۆلۆژیدا دەستیان بە دروستبوون کردووە. لە سەردەمی هێیان (٧٩٤-١١٨٥)، ژاپۆنییەکان ڕێنووسی هێمای خۆیان داهێنا بە ناوی هیراگانا و کاتاکانا و دەستیان کرد بە پەرەپێدانی خوێندەواری ڕەسەنی ژاپۆنی.
لە ناوەڕاستی سەردەمی سامورای (١١٨٥ – ١٦٠٠)، زمانی ژاپۆنی پەرەی سەند و نزیکتر بوو لە ژاپۆنی مۆدێرن، هەروەها وردە وردە یەکەم دەرکەوتنی وشەی ئەورووپی لە ناو زمانی ژاپۆنیدا ئەزموون کران. دوای کۆتایی هاتنی گۆشەگیریی خۆسەپێنراوی ژاپۆن لە ساڵی ١٨٥٣دا، هاتنە ناوەوەی زمانەکانی تر بەتایبەت زمانە ڕۆژئاواییەکان زیادی کرد بۆ ناو زمانی ژاپۆنی، بە تایبەت زیاتر زمانی ئینگلیزی زۆر بوون هەروەها وشەکانی ژاپۆنی لە ڕەگ و ڕیشەی ئینگلیزییەوە زۆر بوون.
سیستەمی نووسینی زمانی ژاپۆنی
سیستەمی نووسینی چینی لە ژاپۆنی کۆن ناسێندرا، سیستەمی نووسینی چینی بۆ یەکەمجار لە سەدەی پێنجەمدا لە ژاپۆن ناسێندرا، کە دەوترێت ئەمە سەرەتای خوێندەواری ژاپۆنییە. ئیمپراتۆرەکانی ژاپۆن لەو سەردەمەدا زانایانی بەناوبانگی چینی بانگهێشتی ژاپۆنیان دەکرد بۆ ئەوەی سیستەمی نووسینی چینی لێیان فێر ببن.
سەرەتای زمانی نووسراوی ژاپۆنی
دوای هێنانەکایەی پیتە چینییەکان (کانجی)، ژاپۆنیەکان دەستیان کرد بە بەکارهێنانی کانجی لەگەڵ زاراوەی ژاپۆنی کە بە پیتەکانی بەکارهێنراو بۆ واتاکانیان نیشان دەدرێن نەک دەنگەکەیان. لە ماوەی سەدەی حەوتەمدا دەستکرا بە بەکارهێنانی بنەمای فۆنێمی دەنگی چینی بۆ نووسینی شیعر و نووسینی پاکی ژاپۆنی. بەڵام هێشتا هەندێک وشەی ژاپۆنی بە پیتەکان بۆ واتاکانیان نووسرابوون و نەک دەنگی ڕەسەنی چینی.
ئەمەش کاتێکە کە مێژووی زمانی ژاپۆنی وەک زمانێکی نووسراو دەست پێدەکات. ئەم شێوازە جیاوازە تێکەڵاوی نووسینە لە کۆنترین کتێبی مێژووی ژاپۆن بە ناوی “کۆجیکی”دا دەبینرێت کە لە سەدەی حەوتەمدا نووسراوە. پاشان خەڵکی ژاپۆنی دەستیان کرد بە بەکارهێنانی هەندێک کانجی بۆ نووسینی زمانی ژاپۆنی وەک ڕێنووسی بزوێن، بۆ دەنگەکانیان بە مەبەستی نووسینەوەی وشەکانی قسەکردنی ژاپۆنی بزوێن بە بزوێن. ئەم شێوازە نووسینە پێی دەوترێت "مانیۆگانا".
لەدایکبوونی یەکەم ڕێنووسی بزوێن کە (هیراگانا)یە
هیراگانا یەکەم ڕێنووسی ڕەسەنی هێمای ژاپۆن لە مانیۆگانا داهێنراوە. لەبری ئەوەی کانجی بەکاربهێنن بۆ نوێنەرایەتیکردنی بێژەکردنی زمانی ژاپۆنی، ڕێنووسی هیراگانایان پەرەپێدا کە لە شێوازی خەتخەتی کورتی چینییەوە سەرچاوەی گرتووە. هیراگانا کاتێک بۆ یەکەمجار پەرەی پێدرا لەلایەن هەمووانەوە وەرنەگیرا و کەسانی پلە بەرز پێیان باش بوو تەنها کانجی بەکاربهێنن. لە ڕووی مێژووییەوە فۆڕمی ڕێنووسی ئاسایی (کایشۆ)ی کانجی لەلایەن پیاوانەوە بەکاردەهێنرا، لە کاتێکدا فۆڕمی ڕێنووسی کورسیڤ (سۆشۆ) لەلایەن ژنانەوە بەکاردەهێنرا.
ڕێنووسی کۆرسیڤ هیراگانا یەکەمجار لەنێو ژناندا بەناوبانگ بوو، کە بەگشتی ڕێگەیان پێنەدەدرا دەستیان بە هەمان ئاستی خوێندن بگات وەک پیاوان. بەم شێوەیە هیراگانا بۆ یەکەمجار لە نێو ژنانی کۆشکدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ نووسینی پەیوەندییە کەسییەکان و ئەدەبیات بەکارهات. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە هیراگانا هەندێک جار بە "نووسینی ژنان" ناوی بردووە. بۆ نموونە چیرۆکی گنجی و ڕۆمانە سەرەتاییەکانی دیکەی نووسەرانی ژن تەنیا هیراگانایان بەکارهێناوە. دواتر نووسەرانی پیاو دەستیان کرد بە بەکارهێنانی هیراگانا بۆ ئەدەب، پاشان بۆ نووسینی نافەرمی وەک نامەی کەسی بەکارهێنرا، لە کاتێکدا کانجی بۆ بەڵگەنامە فەرمییەکان بەکاردەهێنرا.
لەدایکبوونی ڕێنووسی دووەمی بزوێن کە (کاتاکانا)یە
کاتاکانا لە سەدەی نۆیەمدا (لە سەرەتای سەردەمی هێیان) لەلایەن دەروێشەکانی بوداییەوە پەرەی پێدراوە کە لە کورتکراوەی کانجیەوە سەرچاوەی گرتووە. بە پێچەوانەی هیراگانا تەنها پیاوان کاتاکانایان بۆ بەڵگەنامە فەرمییەکان و بەڵگەنامەکانی هاوردەکراو لە چینەوە بەکاردەهێنا. لە زمانی ژاپۆنی هاوچەرخدا کاتاکانا بە پلەی یەکەم بۆ نووسینی وشەی بیانی و ناوی ڕووەک و ئاژەڵ و بۆ جەختکردنەوە بەکاردەهێنرێت.
تێکەڵبوونی سێ سیستەمی جیاوازی پیت
زمانی ژاپۆنی هاوچەرخ بە تێکەڵەیەک لە سێ سیستەمی سەرەکی نووسراوە: کانجی و دوو ڕێنووسی هێما: هیراگانا و کاتاکانا. هەروەها هەندێک جار ڕێنووسی لاتینی بەکاردەهێنرێت زیاتر لە کورتکراوەی دیکەدا. هەروەها ژمارە عەرەبییەکان وەک ژمارەکانی کانجی بۆ ژماردنی ژمارەکان لە ناو زمانی ژاپۆندا باون.
سیستەمی نووسینی ژاپۆنی لە پەروەردەدا
خوێندکارانی ژاپۆنی لە ساڵی یەکەمی خوێندنی سەرەتاییەوە دەست دەکەن بە فێربوونی کانجی. ڕێنمایییەک کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی ژاپۆنەوە دروستکراوە، لیستی کیۆیکو کانجی ("پەروەردە کانجی")، ئەو ١٠٠٦ کاراکتەرە سادەی کانجی دیاری دەکات کە منداڵ دەبێت تا کۆتایی پۆلی شەشەم فێری بێت. منداڵان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە ١١٣٠ کارەکتەری دیکەی کانجی لە قۆناغی ئامادەیی، کە بە گشتی ٢١٣٦ کارەکتەری جۆیۆ کانجی ("کانجی بەکارهێنانی باو") دەگرێتەوە.
وشەسازی زمانی ژاپۆنی
کراوەیی باوەڕپێنەکراو بەرانبەر بە زمانەکانی تر، زمانی ڕەسەنی ژاپۆن ئەو زمانە بوو کە پێی دەگوترا یاماتۆ کۆتۆبا یان "وشەی یاماتۆ". جگە لەم یاماتۆ کۆتۆبایە زمانی ژاپۆنی هاوچەرخ کۆمەڵێک وشە لەخۆدەگرێت کە یان لە چینییەوە وەرگراون یان لە ڕەگ و ڕیشەی چینییەوە دروستکراون. ئەو وشانە بە کانگۆ ناسراون لە سەدەی پێنجەمەوە تێکەڵ بە زمانی ژاپۆنی دەبن لە ڕێگەی بەرکەوتن لەگەڵ کولتوری چینی. بەپێی فەرهەنگی زمانی ژاپۆنی، ٤٩٪ی وشەسازی لە ژاپۆن لە کانگۆوە سەرچاوەی گرتووە و ٣٠٪ لە یاماتۆ کۆتۆبا و ١٦٪ی دیکەش لە زمانی ڕۆژئاوا و تێکەڵکردنی چەند زمانێکەوە وەرگیراون.
وشەکانی ژاپۆنی بە ڕەچەڵەک جیاواز لە تۆمارە جیاوازەکانی زمانەکەدا بەکاردەهێنرێن. بە شێوەیەکی گشتی کانجی بە بەراورد بۆ وشە فەرمیەکان یان ئەکادیمییەکان بەکاردەهێنرێت، لە کاتێکدا یاماتۆ کۆتۆبا زیاتر لە وشەکانی ڕۆژانەدا بەکاردەهێنرێت. زۆر لە زمانی ئینگلیزی دەچێت کە وشەکانی وەرگیراو لە لاتینی بە شێوەیەکی فەرمی یان ئەکادیمی بەکاردەهێنرێن، هەروەها وشەی سادەتری ئەنگلۆساکسۆن لە گفتوگۆی ڕۆژانەدا بەکاردەهێنرێن.