ناوهڕۆك
ناساندن
کەمئەندامی جەستەیی و جووڵەیی (بە عەرەبی: الأعاقة الجسمية والحركة، بە ئینگلیزی: Motor and physical impairment)، جووڵەکردن بە یەکێک لە بنەڕەتە گرنگەکانی مرۆڤ دادەنرێت و مرۆڤ بەبێ جووڵەکردن ناتوانێت بژێت، پەروەردەکردنی منداڵ و گەشەپێدان و نەشونماکردنی توانا جەستەیی و عەقڵی و دەروونییەکانی لەسەر جووڵە وەستاوە.
کەمئەندامی جەستەیی
بەو کەسانە دەوترێت کە دەناڵن بە دەست پەککەوتەیی ئێسک، یان ماسولکە یان لە ڕووی دەماریی، ئەم کەسانە توانایەی سنوورداریان هەیە لە بەکارهێنانی جەستەیان بە شێوەیەکی ئاسایی کە کاریگەری خراپی هەیە لەسەر بەشداریکردنیان لە کردە و چالاکییەکانی ژیان و توانای فێربوونیان، ئەمەش بەرئەنجامی تووشبوون بە نەخۆشییەک یان لەدەستدانی بەشێک لەو ئەندامانەی جەستەیان.
کەمئەندامی جووڵەیی
حاڵەتی تاکەکان پیشان دەدات کە دەناڵێنن بە دەست تێکچوونی توانای جووڵەییان، وەکو ئەمەش کار دەکاتە سەر دیاردەی گەشەکردنی عەقڵی و کۆمەڵایەتی و هەڵچوونی یان کە پێویستی بە پەروەردەی تایبەت هەیە.
هۆکارەکانی کەمئەندامی جووڵەیی و جەستەیی
١- کەمی ئۆکسجین دەربارەی مێشکی منداڵ لە قۆناغی پێش لە دایکبوون یان کاتی لەدایکبوون یان لە دوای لە دایکبوون بەهۆی پێچخواردنی ناوکی لە سکی دایک بە دەوری کۆرپەلەدا.
٢- هۆکاری بۆماوەیی کە پەیوەندی هەیە بە کەم و کورتی کرۆمۆسۆمات.
٣- تووشبوونی دایکی سکپڕ بە پەتا و نەخۆشی گوازراوە وەکو سورێژەی ئەڵمانی یان شڵەژانی درێژخایەن وەکو تەنگە نەفەسی و نەخۆشی دڵ و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.
٤- تووشبوونی منداڵ بە پەتا و نەخۆشی گواستراوە وەکو هەوکردنی پەردەی مێشک و هەوکردنی مۆخ.
٥- ژەهراوی بوون بە ماددەی کیمایی یان دەرمانی پزیشکی.
٦- تووشبوون و بەرکەوتنی سەر لە شوێنی بەرز یان شکان یان سووتان یان سزادان.
٧- ئەستەمی لە دایکبوون لەوانە: لە دایکبوون بە نەشتەرگەری یان کاتێکی زۆری پێ بچێت و بە خاوی ببێت.
٨- تەواو نەبوونی قۆناغی سکپڕی یان لە دایکبوونی منداڵ بە کێشی کەمتر لە ئاسایی.
جۆرەکانی کەمئەندامی جووڵەیی و جەستەیی
ئیفلیجی مێشک
بریتییە لە کۆمەڵێک شڵەژان کە هەریەکە لە جووڵەی لاشەی مرۆڤ و ماسولکەکان ڕوودەدات، بەهۆی زیانی ناوەکی و تێکچوونی مێشک لە کاتی گەشەکردن، واتا پێش لە دایکبوون یان کاتی لەدایکبوون یان لە دوای لە دایکبوون، زۆرجار ئەم نەخۆشییە دەردەکەوێت لەسەر شێوەی ئیفلیجی یان لاوازی یان نەبوونی هاوسەنگی جووڵەیی لە منداڵاندا، ئەم نەخۆشییە نەگوازراوەیە و بۆماوەیی نییە و نابێتە هۆی مردن، زیاتر دەردەکەوێت لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵیدا، ئاماژەکان ئەوە دەلێن مەرج نییە کەمئەندامی عەقڵی لەگەڵدا بێت.
تایبەتمەندییەکانی کەمئەندامی جەستەیی و جووڵەیی
ڕواڵەتەکانی کەمئەندامی جەستەیی و جووڵەیی پلەی جیاوازیان هەیە، هەر بۆیە خاسیەتەکانی رەفتار نواندنی ئیفلیجی مێشکی جیاوازە لە خاسیەتەکانی ئەو نەخۆشانەی تووشبوون بە پەرکەم، بۆ نموونە دەستکەوتی ئەکادیمی خوێندنیان ئاستی جیاوازە لە گروپێکی تووشبووەوە بۆ گروپێکی تر، لێهاتوویی خوێندنەوە و نووسین لەسەر تووشبوانی ئیفلیجی مێشک و تێکچوونی بڕبڕەی پشت و خاوبوونەوەی ماسولکە قورسە و زەحمەتە فێربن، چونکە تووشبوان ئیفلیجی مێشک بە ٪٣٠ دواکەوتووترن لە ڕووی عەقڵییەوە بەهۆی خراپبوونی مۆخیانەوە.