ناوهڕۆك
ناساندن
پۆلێنکردنی گرفتە ژینگەییەکان (بە عەرەبی: تصنيف المشاكل البيئية، بە ئینگلیزی: Classification of environmental problems)، لە ئەنجامی فراوانبوونی ژینگەی مرۆیی و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و زیادبوونی چالاکییە پیشەسازییەکان گرفتە ژینگەییەکان زیادیانکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش زۆربەی توێژەران گرنگییەکی زۆریان بە پۆلێنکردنی گرفتە ژینگەییەکان داوە لەسەر بنچینەی چەندین پێوەر گرفتە ژینگەییەکانیان پۆلێنکردووە.
پۆلێنکردنی گرفتە ژینگەییەکان
١- پۆلێنی کۆنگرەی ستۆکھۆڵم (Stockholm)
ئەم کۆنگرەییە لە ساڵی ١٩٧٢ لە ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید بەسترا، بە بەژداریکردنی (١١٣) وڵات کە یەکەمین کۆنگرەی تایبەت بوو بە ژینگە لەو کاتدا. ئەم کۆنگرەییە گرفتە ژینگەییەکانی بەم جۆرە پۆلێنکردووە:
- تێکدان و لەناوبردنی دەرامەتە سروشتییەکان
- تێکچوونی ھاوسەنگی سروشتی
- گرفتی پیسبوونی ئاو و ھەوا و بوونەوەرە زیندووەکان بە پلەیەکی مەترسیدار
٢- پۆلێنی کۆنگرەی لوتکەی زەوی (Earth Summit)
ئەم کۆنگرەییە لە شاری (ریۆ دی جانیرۆ)ی بەڕازیل بەسترا لە ساڵی ١٩٩٢ (١٨٧) وڵات بەژداربوون کە (١٠٨) وڵات نوێنەر و سەرۆکەکانیان بەژداریان کردبوو، ٢٤٠٠ نوێنەری ناحکوومی بەژداربوون لەم کۆنگرەییە. ئەم کۆنگرەییە بە گەورەترین کۆبوونەوەی سەرکردە جیھانییەکان دادەنرا لە مێژوودا، کۆنگرەکە گرفتە ژینگەییەکانی بەم جۆرە پۆلێنکرد:
- گرفتی پیسبوونی کەنار دەریاکان
- گرفتی گۆڕانی ئاو و ھەوا (Climate Chnge)
- گرفتی بە بیابانبوون و خراپ بوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان
- گرفتی کەمبوونەوەی جۆرایەتی بیۆلۆژی (لەناوچوونی زۆرێک لە تەرزەکانی ڕووک و ئاژەڵەکان)
٣- پۆلێنی کۆنگرەی لوتکەی جیھان (Word Summit) بۆ گەشەپێدانی بەردەوام
ئەم کۆنگرەییە لە شاری جۆھانسبێرگ لە باشووری ئەفریقا لە ساڵی ٢٠٠٢ بەسترا کە نزیکەی ٢٠٠ دەوڵەت بەژداربوونە، بە ئامانجی دەستنیشانکردنی پلان و پرۆگرامی گونجاو بۆ بەدیھێنانی گەشەپێدانی بەردەوام. گەشەپێدانی بەردەوام بریتییە لە گەشەپێکردنێک کە ژینگە بپارێزێت و پێداویستییەکانی نەوەی ئەمڕۆ دابین بکات بێ ئەوەی سازش بکات لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانی نەوەکانی ئایندە). ئەم کۆنگرەییە گرفتە ژینگەییەکانی بەپێی بوارە جۆراوجۆرەکان پۆلێنکردووە:
- بواری ئاو گرنگترین گرفتەکانی بریتین لە پیسبوونی ئاو و سەرچاوەکانی و کەمبوونەوەی ئاوی پاک بە تایبەتی.
- بواری وزە گرنگترین گرفتەکانی بریتین لە نەبوونی وزەی نوێ، گرفتی پیسبوون لە ئەنجامی سووتانی سووتەمەنییەکان و ئامرازەکانی گواستنەوە.
- بواری تەندروستی گرنگترین گرفتەکانی بریتین لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمییەکان و بەدخۆراکی و زیادبوونی ڕێژەی مردنی منداڵان.
- بواری کشتوکاڵ گرنگترین گرفتەکانی بریتین لە بەبیابانبوون و کەمبوونەوەی ماددە ئەندامی و نائەندامییەکانی خاک.
- بواری جۆراییەتی بیۆلۆژی وەکوو کەمبوونەوەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان و لەناوچوونی سامانی ماسی.
٤- پۆلێنی گرفتەکان لەسەر بنچینەی چەندییەتی و چۆنییەتی (Quantitative and Qualitative)
- گرفتە چەندییەتییەکان گرنگترین گرفتە ژینگەییەکانی ئەم بوارە بریتین لە لەناوچوونی کانزاکان، سەرچاوەکانی وزە، دارستانەکان و کرداری ڕاماڵینی خاک و بەبیابانبوون و کەمبوونەوەی ئاوی سازگار.
- گرفتە چۆناییەتییەکان گرنگترین گرفتە ژینگەییەکانی ئەم بوارە بریتین لە پیسبوونی توخمە سروشتییەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەرگە ھەوا و داخورانی چینی ئۆزۆن.
٥- پۆلێنی گرفتەکان لەسەر بنچینەی ئەو زیانانەی کە بە مرۆڤی دەگەیێنن.
- ئەو گرفتانەی زیانی ڕاستەوخۆیان ھەیە وەکوو کارەساتە سروشتییەکان، بوومەلەرزە، لافاو و تەقینەوەی گڕکانەکان و خۆڵبارین.
- ئەو گرفتانەی زیانی ناڕاستەوخۆیان ھەیە ئەو گرفتانە دەگرێتەوە کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر ژیانی مرۆڤ ھەیە، نموونە وەکوو بەکارھێنانی ئاوی پیس و ھەوای پیس کە مرۆڤ دووچاری چەندەھا نەخۆشی دەکات.
٦- پۆلێنی جوگرافیاناسان (Classification of geographers)
تاکوو ئێستا زۆرینەی جوگرافیاناسان بۆچوونیان وایە، کە گرفتە ژینگەییەکان بەسەر سێ کۆمەڵەی سەرەکی پۆڵێندەکرێن کە بریتین لە:
- گرفتی لەناوبردنی سەرچاوە سروشتییەکان
- گرفتی پیسبوون
- گرفتی گۆڕینی لاندسکێبی سروشتی بۆ لاندسکێبی مرۆیی یان گۆڕینی هەرێمی سروشتی بۆ هەرێمی مرۆیی.