برینی پێست لە نەخۆشانی شەکرە

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-01-16-22:47:00 - کۆدی بابەت: 11861
برینی پێست لە نەخۆشانی شەکرە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

برینی پێست لە نەخۆشانی شەکرە (بە عەرەبی: تقرحات الجلد عند مرضى السكر، بە ئینگلیزی: Skin ulcers in diabetic patientsنەخۆشی شەکرە وا دەکات ئەگەری تووشبوونت بە برین زیاتر بێت، برینەکان کراوەن و کاتێکی زیاتریان پێدەچێت هەتا چاک دەبنەوە. زۆرترین ئەگەری دروستبوونی برین لەسەر پێ و قاچەکان هەیە، بەڵام دەکرێت لە شوێنەکانی دیکەشدا دروست بێت، وەک دەست یان لەسەر چڕچ و لۆچییەکانی پێست لەدەورووبەری گەدەدا.

نەخۆشی شەکرە

نەخۆشی شەکرە حاڵەتێکە کاریگەری لەسەر ئاستی شەکری خوێنی مرۆڤ هەیە بەهۆی چۆنیەتی بەرهەمهێنان یان بەکارهێنانی هۆرمۆنی ئەنسۆلین لە جەستەدا. ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە ناتوانن بە شێوەیەکی کارا ئەنسۆلین بەکاربهێنن یان بەرهەمی بهێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا. ئەگەر ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت ئەوا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە موولوولەکانی خوێن و دەمارەکان. کە دەتوانێت مەترسی ئاڵۆزییەکان زیاد بکات، وەک پەرەسەندن و درەنگ چاکبوونەوەی برینەکان. بەبێ چارەسەری خێرا، دەکرێت ئەم برینانە ببنە هۆی مردنی شانەکان و لە ئەنجامدا بڕینی پەلەکان یان گیان لەدەستدان.

برینی شەکرە

برینی شەکرە بریتییە لە برینێک کە بە هێواشی چاک دەبێتەوە و بە شێوەیەکی باو لەسەر پێیەکان دەردەکەوێت. یەکێک لە ئاڵۆزیەکی نەخۆشی شەکرە کە بریتییە لە کەمی هەستکردن یان ڕۆیشتنی خوێن بۆ ناوچە تووشبووەکە. زۆرجار برینی شەکرە وەک زەبرێکی بچووک دەست پێدەکات، بەڵام بەهۆی یەکگرتنی چەند هۆکارێکەوە ڕوودەدات وەک تێکچوونی دەمارەکان و درەنگ چاکبوونەوە، ڕەنگە کەسەکە هەستی پێ نەکات، هەتا پەرە دەسێنێت و دەبێتە برین (ulcer)، بەبێ چارەسەر و چاودێریکردن دەبێتە هۆی ئاڵۆزی توند. سێ جۆری سەرەکی برینی شەکرە هەیە: 

  • Neuropathic: ئەم برینانە بەهۆی نەخۆشی دەمارەکانی دەوروبەرەوە دروست دەبن، واتە مرۆڤ هەستکردن لەدەست دەدات و ناتوانێت هەست بە ئازار بکات.
  • Ischemic: ئەم برینانە بەهۆی ئیسکیمیا دروست دەبن، لە ئەنجامی باش نەڕۆشتنی خوێن بۆ بەشێکی لەش.
  • Neuroischemic: ئاماژەیە بۆ ئەو برینانەی کە بەهۆی هەردوو نەخۆشی دەمار و ئیسکیمیا گەشە دەکەن.

نزیکەی ١٥-٢٥٪ی  ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە پێیان تووشی برین دەبێ. بەبێ بەڕێوەبردنی دروست، برینی شەکرە دەتوانێت ببێتە هۆی مردنی خانەکان و گانگرین، کە لەوانەیە پێویست بە بڕینی ئەو بەشەی جەستە بکات.

برینی پێ لە نەخۆشانی شەکرە

برینی پێی بریتییە لە برینێکی کراوە لە نزیکەی ١٥٪ی نەخۆشانی تووشبوو بە شەکرە ڕوودەدات، و بە شێوەیەکی باو لە ژێر پێدا دروست دەبێت. ئەو کەسانەی پێیان تووشی برین دەبێ، بە ڕێژەی ٦٪یان بەهۆی هەوکردن یان ئاڵۆزییەکانی دیکەی پەیوەست بە برینی پێ، لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێن.

کێ مەترسی تووشبوونی برینی پێی هەیە؟

هەرکەسێک نەخۆشی شەکرەی هەبێت ئەگەری هەیە تووشی برینی پێ ببێت. خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکی، ئەفریقییە ئەمریکییەکان، ئیسپانیەکان و پیاوانی بەتەمەن زیاتر تووش دەبن. ئەو کەسانەی ئەنسۆلین بەکاردەهێنن ئەگەری تووشبوونیان بە برینی پێ زیاترە، هەروەها ئەوانەی نەخۆشی پەیوەندیدار بە شەکرەیان هەیە وەک نەخۆشییەکانی گورچیلە، چاو و دڵ. زیادبوونی کێش و خواردنەوەی کحول و جگەرە ڕۆڵیان هەیە لە گەشەکردنی برینی پێ.

بۆچی برینی شەکرە درەنگ چاک دەبێتەوە؟

برینی شەکرە بەهۆی تێکەڵەیەک لە هۆکارەکانەوە دروست دەبێت، وەک کەمی هەستکردن، خراپی سوڕی خوێن، شێواوی پێ، ڕووشان، زەبر، هەروەها ماوەی نەخۆشی شەکرە. بەشێوەیەکی سەرەکی هۆکارەکان بریتین لە:

١- بەرزبوونی گلوکۆز لە خوێندا: ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە جەستەیان نازانێت چۆن بە شێوەیەکی کاریگەر گلوکۆزی خوێن، یان شەکری خوێن کۆنتڕۆڵ بکات. ئەگەر ئاستی شەکری خوێنت بەردەوام بەرز بێت، ئەوە دەبێتە هۆی کێشە لە سووڕی خوێن و دەمارەکان و سیستەمی بەرگری لەش هەموو ئەمانە دەتوانن ببنە ڕێگری لە چاکبوونەوەی برینەکان.

٢- نەخۆشی دەمارەکان: ئەو نەخۆشانەی کە ساڵانێکی زۆر نەخۆشی شەکرەیان هەیە، ئەگەری پەرەسەندنی نەخۆشی دەمارەکانیان زیاترە، نەمانی یان کەمبوونەوەی توانای هەستکردن بە ئازاری پێیەکان بەهۆی تێکچوونی دەمارەکانەوە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی گلوکۆزی خوێن بە تێپەڕبوونی کات.  زۆرجار زیانگەشتن بە دەمارەکان بەبێ ئازار ڕوودەدەن و تەنانەت ڕەنگە مرۆڤ ئاگاداریشی نەبێت. پزیشک دەتوانێت بە ئامرازێکی سادە و بێ ئازار کە پێی دەوترێت مۆنۆفیلامێنت، پشکنین بۆ نەخۆشی دەمارەکان بکات. 

٣- لاوازی سووری خوێن: نەخۆشی موولوولەکانی خوێن برینەکان ئاڵۆزتر دەکات، توانای چاکبوونەوەی جەستە کەمدەکاتەوە و مەترسی تووشبوون بە هەوکردن زیاد دەکات. بەرزبوونەوەی گلوکۆزی خوێن، توانای جەستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن کەم دەکاتەوە و هەروەها چاکبوونەوەش دوادەخات.

٤- لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش: هەندێک حاڵەتی پزیشکی کاریگەرییان هەیە لەسەر سیستمی بەرگری لەش. زۆرجار ئەو نەخۆشانەی کە شەکرەیان هەیە، سیستمی بەرگریان ناتوانێت هەوکردنی پێست و برینەکان کۆنتڕۆڵ بکات، چونکە بەرزی شەکری خوێن دەتوانێت کیمیای خوێن بگۆڕێت بە شێوەیەک کە بەرگری جەستەت دادەبەزێنێت و وا دەکات سیستەمی بەرگری لەشت خاوتر کار بکات. 

بەرزبوونی شەکری خوێن کار لە بەرگری لەش دەکات لە ڕێگەی

  • لاوازبوونی بەرگری: شەکرە زیادەکانی ناو خوێن دەشکێن و دەبنە پێکهایەک کە پێی دەوترێت دیکاربۆنیڵ، کە بەرگری لەش لاواز دەکەن.
  • دابەزینی بەرگری سروشتی لەش: بەرزبوونەوەی شەکری خوێن دەبێتە هۆی گلایکەیشنی زیاتر، واتا گەردی شەکر بەبێ یارمەتی ئەنزیم بە گەردێکی پرۆتینەوە دەلکێت. بەم هۆیەوە پێکهاتەکانی خوێن بەباشی کارناکەن لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دابەزینی بەرگری لەش.
  • درەنگ چاکبوونەوە: کاتێک خوێن خەست دەبێتەوە و لە هەمان کاتدا شەکری خوێن بەرزە، خڕۆکە سپییەکانی خوێن کاتێکی زیاتریان دەوێت تا دەگەنە شوێنی برینەکە و بەرەنگاری هەوکردنەکە دەبنەوە، ئەمەش پرۆسەی چاکبوونەوەکە دوادەخات.
  • بەکتریا: بەرزی شەکری خوێن دەتوانێت بەکتریا بەهێزتر بکات بۆیە قورسترە بۆ بەرگریەکی لاواز بەرەنگاری بەکتریا ببێتەوە.

برینی شەکرە چەنێک دەخایەنێت تا چاک دەبێتەوە؟

برینی شەکرە کێشەیەکی درێژخایەنە. تەنانەت بە باشترین چارەسەر نزیکەی ٥٠٪ی نەخۆشەکان لە ماوەی ١٢ هەفتەدا بە تەواوی چاک نابنەوە. لە بنەڕەتدا پێویستە هەفتەی جارێک نەخۆشەکە سەردانی پزیشک بکات پشکنینی برینەکەی و لابردنی شانە تووشبووەکان یان مردووەکان. سەرەرای ئەمە چارەسەرکردنی برینە درێژخایەنەکان، بەتایبەتی برینی شەکرە، کاتێکی زۆری دەوێت. نەخۆشەکان چەندین مانگ سەردانی پزیشکەکانیان دەکەن. تەنانەت کاتێک چاک دەبنەوە، ئەگەری سەرهەڵدانەوەیان زۆرە. لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە برینەکە چاک نەبێتەوە و تووشی هەوکردن ببێت، شانەکانی لەش دەمرن و ئەمەش دەبێتە هۆی گانگرین.

گانگرین

گانگرین کاتێک ڕوودەدات کە شانەکانی جەستە دەمرن، خۆشبەختانە، ئەم حاڵەتە باو نییە. بەڵام لەهەمان کاتدا پێویستە ئاگاداری بین، چونکە ئەگەر زوو پێی نەزانرێت و چارەسەر نەکرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی حاڵەتی مەترسیدار. زۆرجار گانگرین بە برینێکی هەوکردوو دەست پێدەکات. بەزۆری لە شوێنێکی دیاریکراو وەک پەنجەی دەست یان پەنجەی پێ، دواتر بە تێپەڕبوونی کات بڵاو دەبێتەوە. ئەگەر هەوکردنەکە بۆ ماوەیەکی زۆر چارەسەر نەکرا ئەوا شانەکانی دەوروبەری دەمرن. نیشانانەکان بریتین لە:

  • هێڵێکی سوور لە دەوری برینەکە، کە دواتر ڕەش دەبێتەوە
  • لەدەستدانی هەستکردن لە دەوروبەری برینەکە
  • گۆڕانی پێست بۆ ڕەنگێکی نائاسایی وەک سوور، شین، بڕۆنزی یان سەوزێکی مەیلەو ڕەش
  • ئەو برینانەی کە چەندین جار لە هەمان شوێن سەرهەڵدەدەنەوە

ئەگەر پێت وایە تووشی گانگرین بوویت، پێویستە دەستبەجێ یارمەتی پزیشکی وەربگریت. پزیشکەکەت شانە تووشبووەکان لادەبات و شوێنەکە چاک دەکاتەوە، دەکرێت لە ڕێگەی چاندنی پێستەوە بێت. هەوکردنەکەش بە دەرمانی دژە زیندەیی چارەسەر دەکرێت.  بەڵام ئەگەر بە زوویی چارەسەر نەکرێت، ئەنجامەکەی دەبێتە هۆی بڕینی بەشەکانی جەستە. لەوانەیە پزیشک هەستێت بە بڕینی پەنجەی دەست یان پەنجەی پێ بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی گانگرینەکە، ئەگەر شانە مردووەکە زۆر بێت، لەوانەیە پێویست بە بڕینی قۆڵ یان قاچ بکات. لە هەندێک حاڵەتدا دەکرێت گانگرین کوشندە بێت، بۆیە دڵنیابە لە وەرگرتنی چارەسەر لە سەرەتای دەرکەوتن یان هەستکردن بە نیشانەکان.

هەوکردنی ئێسک

برینە هەوکردووەکان دەتوانن ئێسکەکانیش تووشی هەوکردن بکەن و ببنە هۆی حاڵەتێک کە پێی دەوترێت هەوکردنی ئێسک. ئەگەر ئێسکە هەوکردووەکان چارەسەر نەکرێن، ئەوا بەشێکیان دەمرن. گرنگترین نیشانانەکان بریتین لە:

  • تا
  • ئاوسان و سووربوونەوە
  • گەرمبوونی پێست 
  • ئازار
  • دەردانی شلەیەکی زەرد لە ڕێگەی پێستەوە

ئەگەر پێت وایە تووشی هەوکردنی ئێسک بووی، ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکە. چارەسەری کاریگەر هەیە بۆ هەوکردنی ئێسکەکان، بەڵام باشترین کاریگەرییان دەبێت کاتێک زوو بە هەوکردنەکە دەزانرێت.

گرنگی چارەسەرکردنی برین لە نەخۆشانی شەکرەدا

کاتێک هەستت بە برینی جەستە کرد، دەستبەجێ داوای چاودێری پزیشکی بکە. لەبەر چەند هۆکارێک پێویستە برینەکان زوو چارەسەر بکرێن:

  • بۆ کەمکردنەوەی مەترسی هەوکردن و بڕینەوەی پەلەکان
  • بۆ باشتربوونی تەندروستی و توانای کارکردن 
  • بۆ کەمکردنەوەی تێچووی چاودێری تەندروستی

چارەسەرکردن

ئامانجی سەرەکی لە چارەسەرکردنی برین ئەوەیە کە بە زووترین کات چاکبوونەوە بەدەست بهێنرێت. تا برینەکە خێراتر چاک بێتەوە، ئەگەری تووشبوون بە هەوکردن کەمتر دەبێتەوە. 

  • شۆردنی دەستەکان بە ئاو و سابوون
  • شۆردنی برینەکە بە ئاوی شلەتێن
  • وەستاندنی خوێنبەربوون
  • ڕێگریکردن لە هەوکرن
  • لابردنی فشار لە ناوچەکە، کە پێی دەوترێت "off-loading" بە تایبەتی لە پێیەکاندا
  • لابردنی پێست و شانە مردووەکان، کە پێی دەوترێت "debridement"
  • بەکارهێنانی دەرمان یان پێچانەوەی برینەکە
  • چاودێریکردنی گلوکۆزی خوێن و کێشە تەندروستییەکانی تر

هەموو برینێک تووشی هەوکردن نابێت، بەڵام ئەگەر پزیشک هەوکردنێک دەستنیشان بکات، دەتوانێت دژە زیندەیی بەکاربهێنێت، چاودێری برینەکە بکات و لەوانەیە پێویست بە خەواندن بکات لە نەخۆشخانە.

ڕێگریکردن لە هەوکردن

چەند هۆکارێکی گرنگ هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هەوکردنی برین: 

  • کۆنترۆڵکردنی ئاستی گلوکۆزی خوێن
  • پاک ڕاگرتنی برینەکە و پێچانەوەی
  • ڕۆژانە برینەکە پاک بکەرەوە، لەفافی گونجاوی بۆ بەکاربهێنە
  • بە پێی پەتی ڕێ مەکە


سەرچاوەکان



287 بینین